تەوەر .. یەکێتی دوای تاڵەبانی .. سه‌ردار عه‌بدوڵا

 

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه : یه‌کێتی بێ هێز ده‌بێ به‌ڵام نارووخێ

نوچەنێت: تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:
ئەم تەوەرەی نوچەنێت فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان، بە شیکاری و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیار کەوتون و بە رەچاوکردنی کێشە لەمێژینەکانی یەکێتی. بۆیە نوچەنێت لە ئێوەی بەڕێز دەپرسێت.
ئێستا تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیە، دیار نیە کە ئاخۆ تاڵەبانی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە یان نا، دیار نییە ئاخۆ لە ئەگەری چاکبونەوەی، تاڵەبانی توانای ئیدارەدانی سەرۆکایەتی کۆمار یان یەکێتی دەبێت یان نا؟. بەبڕوای تۆ یەکێتی لەدوای تاڵەبانی بەکام ئاراستە دەڕوات؟ وەک ئێستای دەمێنێتەوە؟. عاتیفەی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ یەکێتی، بەهۆی کۆچی تاڵەبانی؟ رێکخستنەکانی پەرش و بڵاو دەبن؟ روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟. یان چی؟ بەپێی خوێندنەوەکانی خۆت چی ئایندەیەک بۆ یەکێتی چاوەڕوان دەکەیت ؟. بۆچی حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی، گرفتی هەبێت لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، بەبێ گرفت سێ سەرۆکی گۆڕی؟.

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه : سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ بڵیم که‌ من هیچ کاتێ، هیوای مه‌رگ بۆ هیچ که‌سێک ناخوازم، ئه‌گه‌ر مه‌زڵوم بێ یا زاڵم، ئه‌گه‌ر تاوانبار بێ، یا بێ تاوان، من ئه‌گه‌ر چی هاورا نیم له‌ گه‌ڵ یه‌کیتی، خۆشحال نیم به‌ مه‌رگی سه‌رکرده‌که‌شی، به‌ڵکو مردنی ئه‌و ژانێک به‌ ویژدانی منیش ئه‌گه‌یه‌نێ. من ئه‌گه‌ر چی یه‌کێتی به‌ حیزبێکی بۆرژوازی کورد ئه‌زانم، هیج جۆره‌ نزیکایه‌تیه کی نیه‌ له‌ گه‌ل به‌رژوه‌ندی خه‌لکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشی کوردستان، ئه‌گه‌ر چی یه‌کێتی په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ ئازادی ویه‌کسانی له‌ کۆمه‌لگای کوردستاندا، به‌ڵکو خۆی راسته‌وخۆ له‌ دژی ئه‌مانه‌یه‌ و به‌ کرده‌وه‌ش له‌ مێژووی سیاسی ئه‌و حیزبه‌دا ئه‌وه‌ نیشان دراوه‌، له‌ هه‌مان کاتدا مه‌رگی جەلال تاڵه‌بانی وه‌ک ئینسانێک جێگای نیگه‌رانی منیشه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌فکاری حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی که‌ ئاوات به مه‌رگی سه‌رکرده‌ی نه‌یاره‌کانی خۆی و ته‌نانه‌ت ئینسانه‌ ساده‌کانی نه‌یاری خۆی ده‌خوازێت به‌ تایبه‌تی کۆمۆنیسته‌کان، به‌ڵام کۆمۆنیسته‌کان ئاوا بیر ناکه‌نه‌وه. ئه‌مه‌شیان به‌ کرده‌وه‌ نیشان داوه‌و ته‌نهاده‌ربڕینێکی ڕوواڵه‌تی نیه‌.

ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بێ یه‌کێتی دوای مه‌رگی تاڵه‌بانی چی له‌ دێت. من پێم وایه‌ یه‌کێتی بێ هێز ده‌بێ، به‌ڵام نارووخێ، چونکه‌ بۆرژوازی کورد و ده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌رستی وه‌ک جمهوری ئیسلامی ئێران، پێویستیان به‌ یه‌کێتی ده‌بێ له‌ به‌رانبه‌ر پارتی و تورکیادا. وه‌ من پێم وایه‌ گۆران و یه‌کێتی یه‌ک ده‌گرنه‌وه،‌ ستراتیجی پارتی و یه‌کێتی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه،‌ یه‌کێتی وه‌ک حیزبێکی منافسی پارتی دیته‌ ئاراوه،‌ یا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بێ، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌لبژرادندا ده‌نگ بهێنی، یا ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن. هه‌ر ئێستا نیشانه‌کانی دیارن، وه‌ک هه‌ڵوێستی یه‌کێتی له‌ سه‌ر ده‌ستورو شێوه‌ی حوکمرانی و هه‌ڵوێستی یه‌کێتی له‌ به‌رانبه‌ر تورکیا حیزبه‌ قه‌ومیه‌کانی کوردستانی تورکیا.. ‌هتدا.

ئه‌گه‌ر شتیک له سه‌ر سۆشیال دیمۆکراتی یه‌کێتی بڵێم. سۆشیال دیمکراته‌کانی ئه‌مرۆ هیج به‌رژوه‌ندیه‌کیان نه‌ماوه‌ به‌ چینی کرێکارو خه‌لکی سته‌مدیده‌ی دونیا، ئه‌گه‌ر چی له‌ به‌رنامه‌کانیاندا داوای ریفۆرم ده‌که‌ن، به‌ڵام ریفۆرمه‌کانیان بۆ به‌فریاکه‌و‌تنی نیزامی سه‌رمه‌یادرییه‌ له‌ قه‌یرانه‌ ئابوری و فیکری و سیاسیه‌کانی و له‌ گیاندان رزگاری ده‌که‌ن، زیاتر کۆمه‌ک به‌و سیسته‌مه‌ ده‌که‌ن که‌ بمینێته‌وه. به‌ڵام یه‌کێتی له‌م باره‌وه‌ دواکه‌وتووتره‌ نه‌ ئه‌و ریفۆرمانه‌ی ده‌وێ که‌ سوشیال دیموکراته‌کان ده‌یانه‌و‌ێ، نه‌ ئه‌و دیموکرایسه‌یان ده‌وێ که‌ سۆسیال دیمۆکراته‌کان ده‌یانه‌وێ . سۆسیال دیمۆکراته‌کان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار بن، خۆپێشاندان ئازاد ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت مۆڵه‌ت وه‌رگرتن بۆ خۆپیشاندان نیه،‌ به‌ڵام یه‌کێتی تا ئێستا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ کاری کردووه‌، ئازادی بیرورا لای سۆشیال دیمکرات مه‌ودایه‌کی زۆر فراونتری هه‌یه‌ له‌وه‌ی یه‌کێتی‌. سه‌رکرده‌ لای سۆسیال دیموکرات پیرۆز نیه،‌ هه‌موو جاریک به‌ هه‌ڵبژاردن سه‌رۆک دیار دیاری ئه‌که‌ن که‌ بۆ2 ساڵ، یا4 ساڵ، یا ئه‌وپه‌ری بۆ 8 ساڵ ده‌یگۆرن، به‌ڵام سه‌رۆک لای یه‌کێتی زۆر پیرۆزه‌. له‌وەتە‌ی یه‌کێتی هه‌یه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆکه،‌‌ نزیکه‌ی 37 ساڵ ده‌کات، که‌ دیاره‌ میژووی سه‌رۆک بوونی تاڵه‌بانی ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ 10 پێشتریش ئه‌گه‌ر له‌ سالی 66 وه‌ حساب بکه‌ین. به‌ڵام کامه‌ سه‌رۆک له‌ حیزبه‌کانی سۆسیال دیمکرات به‌ جۆره‌ بووه‌؟. هه‌ر بۆیه‌ ناکرێ بڵێین یه‌کێتی وه‌ک حیزبه‌کانی سۆسیال دیمۆکراته،‌ به‌ڵکو پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن له و بارانه‌وه‌. به‌ڵام بۆچی هێشتا سۆسیال دیموکراتی جیهانی یه‌کێتی به‌ ئه‌ندامی خۆی ده‌زانێ، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یانه‌وێ له‌ هاوکیشه‌ سیاسیه‌کانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستا، نه‌خشیان هه‌بێ، وه‌ک کۆنسه‌رڤه‌تیڤه‌کان و لێبراله‌کانی جیهان ده‌یانه‌وێ سه‌نگ و قورسیایه‌ک به‌ خۆیان بده‌ن له‌ هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ . ئه‌گه‌ر چی یه‌کێتی حیزبێکی کۆنه‌په‌رست و گه‌نده‌ڵێش بێ، سۆسیال دیموکراته‌کان هه‌ر پێی ڕازی ده‌بن. رازی بوونی سۆسیال دیمۆکرات به‌شێکیشی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی که‌ تووشی خۆیان هاتووه،‌ له‌ زۆربه‌ی ووڵاتان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا پاشه‌کشه‌یان پێ کراوه‌، له‌ هه‌لبژاردنه‌کاندا ده‌نگیان نه‌هێناوه،‌ ده‌یانه‌وێ هێز په‌یدا بکه‌ن و له‌ ئاستی دونیادا رووبه‌رووی قه‌یرانه‌کانی خۆیان ببنه‌وه‌.

له‌ده‌ستدانی سه‌رکرده‌ له‌ حیزبه‌ سۆسیال دیموکراته‌کان، کاریگه‌ری نابێ له‌ سه‌ر به‌ده‌نه‌و باڵای حیزبه‌که‌ . حیزبی سۆشیال دیموکراتی که‌نه‌دا که‌ ئێستا به‌ ناوی( ئێندیپی) واته‌( حیزبی دیموکراتی نوێ) کار ده‌کات، له‌ 2011 سه‌رکرده‌که‌ی ( جاک له‌یتۆن )به‌ نه‌خۆشی شیرپه‌نجه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا، که‌چی کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ له‌ سه‌ر حیزبه‌که‌ ، حیزبه‌که‌ هه‌ر وه‌ک جاران حیزبی سێیه‌مه،‌ له‌ په‌رله‌مان درێژه‌ به‌ کاره‌کانی خۆی ده‌دات. به‌ڵام پێم وانیه‌ مردنی جەلال تاڵه‌بانی کاریگه‌ری نه‌بێ له‌ سه‌ر حیزبه‌که‌ی، چونکه‌ تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆکی عه‌شیره‌ته‌، نه‌ک سه‌رۆکی حیزبیکی مۆدیرن، له‌ سیسته‌می عه‌شیره‌تدا ئه‌گه‌ر سه‌رۆک مرد و که‌سێکی لێ هاتوو وه‌ک سه‌رۆک ده‌ست نه‌که‌وێ، ئه‌وا عه‌شیره‌ته‌که‌ لاواز ده‌بێ، یه‌کێتیش به‌مجۆره‌ی لێ دیت.