با رۆژی 8ی مارس بکه‌ینه رۆژی خه‌بات له پێناو یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژنان له گه‌ڵ پیاوان
هه‌موو ساڵێک خه‌ڵکانی موته‌مه‌دین له جیهاندا یادی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژنان به‌رز ڕاده‌گرن . 8ی مارس رۆژی خه‌باتی ژنانه له سه‌رتاسه‌ری دونیادا . له‌م رۆژه‌دا ژنان چالاکی و هه‌لسواران ده‌نوێنن و بانگه‌وازی ئازادی ویه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌که‌ن. ملیونه‌ها که‌س ده‌رژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ پشتیوانی کردن له خواستی یه‌کسانی ژن و پیاو وه هه‌روه‌ها شیعاری کردنی 8ی مارس به ڕۆژی پشووی ره‌سمی راده‌گه‌یه‌نن . لایه‌ن ورێکخراوه ئازادی خواز و یه‌کسانی خوازه‌کان له سه‌رانسه‌ری دونیا دا ووتار ئه‌ده‌ن و شیعاری خۆیان ده‌ده‌ن و داوای چاککردنی هه‌ل مه‌رجی ژنان ده‌که‌ن وه داوا ده‌که‌ن نابێ چیتر چه‌وساندنه‌وه و بی به‌ش بوون وهه‌لاواردن له سه‌ر ژنان بمێنێ. ئه‌م رۆژه یادێکی زیندووه که تێی دا ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نرێ یه‌کسانی ته‌واوی ژن وپیاو خواستی سه‌ره‌کی ژنانه له جیهاندا. وه ئه‌مه هیشتا ئامانجیکی زیندوه بۆ خه‌لکی موته‌مدینی دونیا به هه‌موو رێکخراوه رزگاری خواز و سکۆلاریست و رادیکاله‌کانیه‌وه.
له کاتێکدا خه‌لک له دونیادا به هه‌موو لایه‌نه رادیکال و ئینسانی ویه‌کسانی خوازه‌کانیه‌وه داوای زیاتر له یه‌کسانی و باشکردنی هه‌لومه‌رجی ژنان ده‌که‌ن که چی ژنانی عێراق روو به‌رووی بارودۆخیکی زۆر ناهه‌موار ده‌بنه‌وه وبه‌ره‌و دواوه‌یان ده‌گێرنه‌وه و سته‌م له سه‌ر ژنان له عێراقدا زۆر زیاتر بووه به هۆی زاڵ بوونی لایه‌نه‌کانی ئیسلامی سیاسی و لایه‌نه‌کانی پیاو سالار و کۆنه‌په‌رست که ئه‌مانه وایان کردوه کۆیله کردنی ژن زیاتر بی وئاستی ژیانی ژنان له رووی کۆمه‌لایه‌تی و له رووی تاکه‌وه دابه‌زێ . له زۆربه‌ی شاره‌کانی عێراقدا ده‌ستدرێژی کردن بۆ سه‌ر ژنان زۆر زیادی کردوه به تایبه‌تی له ناو شه‌قامه‌کان و ماڵ و ده‌زگا ئیداریه‌کان و کارخانه‌کان . چوونه ده‌ره‌وه‌ی ژنان له مال به‌ره‌و سه‌ر جاده‌کان به ترس وله‌رزێکی زۆره‌وه بووه‌ته کابوسێک به سه‌رسه‌ریانه‌وه. هێرشی خوێنریژیانه‌ی لایه‌نه‌کانی ئیسلامی سیاسی بۆ سه‌ر ژنانی شاری به‌سره به‌لگه‌یه بۆ ناله‌باری هه‌لومه‌رجی ئێستای ژنان له عێراقدا . وه له لایه‌کی تره‌وه ژنان رووبه‌رووی کوشتن و قه‌تل عام ده‌بنه‌وه له شاره‌کانی هه‌ولێر وسلیمانی وبه‌غدا و ئه‌نبار و شاره‌کانی تری باشوری عێراق. کوشتنی ناموسی که له‌لایه‌ن که‌سانی عه‌شایه‌ری و ئیسلامی یه‌وه ئه‌نجام ده‌دری ، ده‌سه‌لاتداران له‌بکوژانی ناپرسنه‌وه وسزایان ناده‌ن. نه‌خۆشخانه‌کانی شاره‌کانی کوردستان له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌لاتی ناسیونالیسته‌کانی کوردستاندا پر بوون له‌و ژن و کچه گه‌نجانه‌ی که خۆیان سوتاندوه به ناچاری وه‌ک ته‌نها رێگای ده‌رباز بوون له‌و ژیانه سه‌خته‌ی به‌ره‌و روویان بووه‌ته‌وه به هۆی بوونی سته‌می ژن بوون و پیاو سالاری له سه‌ریان فه‌رز کراوه . ده‌سه‌لاتدارانی قه‌ومی له کوردستاندا سکالا ده‌که‌ن له‌وه‌ی که نه‌خۆشخانه‌کان پڕن له‌و ژنانه که‌چی بێده‌نگن له به‌رانبه‌ر دیارده‌ی خۆکوشتنی ژنان.
له سایه‌ی ده‌سه‌لاتی سیاسی ئێستای عێراقدا ژن دوور خراوه‌ته‌وه له ژیانی گشتی و خراوه‌ته حاشیه‌وه ئه‌مه له هه‌موو بواره‌کانی ژیان دا که بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ژنان ئاستیان بیته خواره‌وه له باری خویندن و کار و ده‌ست راگه‌یشتنیان به هۆیه‌کانی به‌ره‌و پێش بردنی ژیانی خۆیان وه‌ک ئینسان . ژنان ناچار بوون زیاتر کاری ناومال بکه‌ن له ترسی چوونه ده‌ره‌وه‌یان به هۆی زال بوونی باری نائه‌منی و پیاوسالاری و به‌ربه‌ریه‌تی ئیسلامی سیاسی و وه‌حشیگه‌ری لایه‌نه قه‌ومی وکۆنه‌په‌رسته‌کان وسوننه‌ته عه‌شایه‌ریه‌کانیان .ژنان به‌هۆی ئه‌م دابرین و له حاشیه کردنیان و مۆراقه‌به کردنیان و سوکایه‌تی پێکردنیان ، بوونه‌ته قوربانی کاری ناومال. وه له‌ویشدا رووبه‌روی لێدان و سوکایه‌تی و جنێودان ده‌بنه‌وه وه‌له زۆرحاله‌تدا ژنان ناچار ده‌بن بریار بده‌ن مێرد بکه‌ن به که‌سانی که له‌سه‌ر خواستی خۆیان نین وه‌به‌م هۆیه‌وه بێ به‌ش ده‌کرێن له هه‌موو ئازادیه‌کانیان ومافه‌کانیان ،ته‌نانه‌ت ئازادی جل وبه‌رگ پۆشینیان بۆ به‌ره‌وا نابینن و ناچار ده‌کرێن به زۆره‌ملی حیجاب بپۆسن.
باری ناهه‌مواری ژیانی ژنان له عێراقدا به‌شێکه له باری ناهه‌مواری ژیانی سه‌رجه‌م ژنان له و ولاتانه‌ی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیزم وعه‌شایه‌ری به راده‌ی جیاجیا بالا ده‌ستن تیایاندا ، ئه‌ویش به پێ ی راده‌ی کۆنه‌په‌رست بوونی ده‌سه‌لاته‌کان وه‌ک چۆن له سعودیه و ئیران و هه‌ندێ وولاتی تر گولی سوور له رۆژی خۆشه‌ویه‌ستیدا قه‌ده‌غه کرا له باری یاسایه‌وه چونکه ئه‌و گوله په‌یوه‌ندی ژن و پیاو نزیک ده‌کاته‌وه له یه‌کتر که ئه‌مه به‌لای ئه‌م رژیمانه‌وه تاوانه . له زۆربه‌ی ولاتاندا به پێ ی ئاماره‌کان زۆربه‌ی ژنان له ناومالاندا لێ یان ده‌درێ و مافی یه‌کسانیان نیه و بی به‌ش ده‌کرێن له گشت مافێکی یه‌کسانی و رێگای خوێندنیان لی ده‌گیری و له زۆر رووی تره‌وه بی ماف ده‌کرێن.
سته‌م له سه‌ر ژنان و سوکایه‌تی پێکردنیان نه‌ک هه‌رئه‌وه به‌لکو کوشتنیان چه‌کێکی به‌رچاوی ئیسلامی سیاسیه له زۆربه‌ی ئه‌و ولاتانه‌ی که له ژیر سایه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه به‌ربه‌ریه‌دان . هه‌ندێ له ده‌سه‌لاتداران و حکو‌مه‌ته‌که‌یان هه‌مان ئه‌ندازه به‌ربه‌ریه‌ت له دژی ژنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن بۆ ئیسلامی سیاسی که توانای زوڵم وسته‌میان هه‌یه له سه‌ر ژنان وه پابه‌ندن به سونه‌ته‌کانی دین وئیسلامه‌وه. به جۆرێک وای لی هاتووه کۆشتنی ژنان له سه‌ر ناموس له ولاتانی رۆژئاوای وه‌ک که‌نه‌داو سوید‌و به‌ریتانیاش ئه‌نجام بدرێ.له کۆمه‌لگاکانی رۆژئاوادا توانراوه هه‌ندێ ماف بۆ ژنان به ده‌ست بێت به‌هۆی تیکۆشانی خۆیانه‌وه وه‌ک هه‌ندێک ئازادی و مافه‌کانی تریان که ئه‌مه مه‌ترسیه بۆ ئیسلامی سیاسی بۆیه کوشتنی ژنان له لایه‌ن باوک براو مێرد ه‌وه ئه‌نجام ده‌درێ تا نیشانی بده‌ن که پابه‌ندن به دینه‌که‌ی خۆیان و ناموسی خۆیان و سونه‌ته‌کانی پیاوسالاری وعه‌شایه‌ری و ئیسلامی وه به‌مه وه‌فادری خۆیان بۆ ئیسلامی سیاسی دووپات بکه‌نه‌وه.
ته‌نها رێگا بۆ ده‌ربازبوونی ژنان له‌م هه‌موو باره ناهه‌مواره و سته‌می ژن بوون و پیاو سالاری وسونه‌ته‌کانی ئیسلامی سیاسی و عه‌شایه‌ری وه بۆ گه‌یشتنیان به ژیانێکی یه‌کسان و ئازاد و به‌خته‌وه‌ر ، هاتنه مه‌یدانیانه شان به‌شانی لایه‌نه پێش که‌وتوه‌کان و ئینسانیه‌کان که له سه‌راسه‌ری جیهاندا تێده‌کۆشن بۆ به‌ده‌ستهینانی یه‌کسانی له نێوان ژنان و پیاواندا. زۆرن ئه‌و ریکخراوانه‌ی که رادیکال ئازدیخواز ویه‌کسانی خوازن وه خه‌بات ده‌که‌ن له پێناو یه‌کسانی ژن وپیاودا . رێکخراوی رزگاری ژن له عێراقدا باوه‌ری وایه که مه‌سه‌له‌ی ئازادی ویه‌کسانی ژنان جیا ناکرێته‌وه له مه‌سه‌له‌ی خه‌بات بۆ رزگاری ئینسان له ژێر سته‌م و به‌ش مه‌ینه‌تی و بی مافیدا . رێکخراوی رزگاری ژن له عێراقدا له ریزی پێشه‌وه‌دا یه بۆ خه‌بات له پێناو گه‌یشتن به یه‌کسانی و ئازادی ژنانی عێراق. له هه‌مان کاتدا ئه‌م ریکخراوه‌یه بانگه‌وازی ملیونه‌ها ئینسان له ژن وخه‌لکی ئازادیخواز و سۆسیالیست و یه‌کسانی خواز و عه‌لمانی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ریان به ئازادی ویه‌کسانی ژنان هه‌یه ده‌کا بۆ په‌یوه‌ست بوون به‌م ریزه له خه‌باتی پیشره‌وانه وه بۆ به‌هێز کردنی و بۆ هاوپشتی کردنی. با پێکه‌وه تی بکۆشین بۆ به‌دی هینانی دونیایه‌کی یه‌کسان بۆ ژنان و پیاوان . له رۆژی جیهانی ژناندا رێکخراوی رزگاری ژن له عێراقدا ئه‌م داخوازیا‌نه راده‌گه‌یه‌نی:
1- یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژنان له‌گه‌ل پیاوان له‌عێراقدا.
2- بیمه‌ی کۆمه‌لایه‌تی بۆ سه‌رجه‌م ژنانی بێکار.
3- جیاکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وله‌ت و په‌روه‌رده فێر کردن .
4- هه‌شتی مارس ده‌بێ ببێته پشووی ره‌سمی له عێراقدا .
5- راگرتنی ده‌ست به جێ ی کوشتن و توند وتیژی له دژی ژنان له لایه‌ن ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیسته‌کان وه دادگای کردنی تاوانبارانی ئه‌م کرده‌وه چه‌په‌ڵانه .
بژی یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژن و پیاو
بژی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژنان
رێکخراوی رزگاری ژن له عێراق
18/2/2008