٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان،
من ئەمڕۆ پێش هەموو شتێك کە ٨ی مارسە. ڕۆژی جیهانی ژنان ،پر بەدڵ پیرۆزباییەکی گەرمتان لێ دەکەم وە پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی ژنان و پیاوانی ئازادی خواز لە عێراق وکوردستان هەموو دنیا دەکەم.
ئامادەبوانی بەرێز،ئەگەر فرسەت بدەن ئەوا دەمەوێت لە چەند دەقەیەکدا قەسەوباسی خۆمتان پێشکەشبکەم بەم بۆنەیەوە. وە لە هەمان کاتدا دەمەوێت نارەزایەتی و دژایەتی خۆم بەرامبەر بە نیزامی زالمانەی سەرمایەداری و کە هەتاوەکو ئیستاش ژنان بەدەست کرێی کەم و بێکاری و نەبوونی بیمەی بیکارییوە دەناڵێنن . دژایەتی خۆم بەرامبەر بەو قانوون و ویاسا دواکەوتوانە ی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی وحکومەتی بەغداد کە ٢٢ساڵە ڕەسمیەت بە پلەدوویی ژنان دەدات، شەرعیەت بە هاوسەرگیری لەگەڵ مناڵانی کچی تەمەن ٩ساڵاندا دەدات لە چەشنی ( قانونی فرەژنی ، جەعفەری و وە جۆرەها زەواجی ئیسلامی .نیکاح ،مسیارجۆری تر )
. وە دژایەتی خۆم بەرامبەر بە دین بە فەرهەنگ وبە کلتوری ئەوکۆمەڵگایە کە هۆکاری سەرەکین بۆ بێ مافییەکانی ژنان و کوشتنی ژنان کە لە سەر عیشق و خۆشەویستی دوعاو هەزارەها ژنی تربوونە قوربانی .. هەروەها دژایەتی خۆم بەرامبەربە بێدەربەستی و شەریك بوونی دەسەڵاتداران لە بەرامبەرکوشتن وهەڕەشە بۆ سەرگیانی ڕۆژنامە نووسان وهەڵسوڕاوانی ژنان کە نموونەی زیندوو بەهار مونزیرە کە هەڵسوڕاوی گروپی ژیانە.
لەم بۆنەدا دژیەتی خۆم بەرامبەر بە دادگایەك کە تەنها دەست بەباڵی تاوان بارانەوە دەگرێت و وە لە بەرامبەری هەموو دەنگە ناڕازییەکاندا چەکوشەکەیان بە کارە کە لە چاوتروکندنێکدا دەیاندەنە دادگاو زیندانی دەکرێن ،هەر ئێستا زیندانەکان پڕن لە ژن و مناڵی بێتاوان . لە هەمان کاتدا دژایەتی خۆم بەرامبەر بە بەشێك لە ئەدیبان و نوسەران و ڕۆژنامەنووسانی بێ هەلوێست و پەردەپۆشکەری تاوان و گەندەلییەکانی دەسەڵات. وەدژایەتی خۆم بەرامبەر بە بەشێك لە ڕێکخراوەکانی بە ناودیفاع لە مافەکانی ژنان بکەم کەکارەکانیان تەنها لە چوارچێوەی ئەو سنوورە دەرناچێت کە دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزیزۆن بۆی داناون. ئێمە ئەمڕۆ دەبێت قسە لەسەر چ دادگایەك چ دەسەڵاتیك وچ دەوڵەتێک و بیرکردنەوەیکی دواکەوتووقسە بکەین.
بۆ ئێمە٨ی مارس ڕۆژێکی پرشنگدارە لە مێژووی بزوتنەوەی ژنانی کرێکارو کۆمۆنیست ،وە ٨ی مارس بەرهەمی هەوڵ وتێکۆشان و خەباتی ژنانی کرێکارو کۆمۆنیستە بە ڕابەرایەتی کلارازتکین ، ئەوا لە هیچ کات و سەردەمێکدا ئەگەر یادی ئەم ڕۆژە بکەینەوە ناتوانین ناوی ئەم ژنە شۆرشگێرو کۆمۆنیستە( کلارازتکین) نەهێنین. کلارازتکین دەوری سەرەکی هەبووە لە بەرەسمیەت ناساندنی ٨ی مارس وەك ڕۆژی جیهانی ژنان. وە وە ڕابەرانی ئەو بزوتنەوەیە قوربانی زۆریان دا لە پێناو بەشێك لەو مافانەی کە ئەمڕۆ ژنان لێی بەهرەمەندن لە ووڵاتانی پێشکەوتوو . هەر بۆیە هەموو ساڵێك ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێ.
هەر لێرەوە دەمەوێت ڕوی دەمم بکەمە ژنانی کوردستان و عێراق ، کە دەبێت ئەوە بزانن کە چارەنوسی خۆتان و منداڵەکانتان بەرەو باشی ناروات ئەگەر زوو لەو زەلکاوی دواکوتویی و کۆنەپەرستیی یە خۆتان و منداڵەکانتان ڕزگار نەکەن . دەبێت چاوەروانی دڵ شکان وقرچەی سوتانی چگەرتانبن. ئەوە ڕاستییەکی تاڵە بەداخەوە. ئەم شاڵاوی کوشت وکوشتارگەلەی ژنان ئەمڕۆ بێ یان سبەی پرشی دەگاتە ئێوەش جا ئەگەر خۆتان ،خوشکتان، کچەکانتان،جا کچ و ژنی دراوسێکانتان بێت یان خزم و ناسراوتان بێت.هیچ فەرق ناکات ئە مە ئەنفالی ژنانە و بەرێوەیە لە ژێردەسڵاتی ئەحزابی قەومی و دینییدا. ٢٢ساڵە ژن دەکوژرێت هەتا ئەمڕۆش . بۆچی ئە م تاوانانە ڕاتان ناچڵەکێنێ ؟ هەتا کەی بێدەنگیتان هەڵبژاردووە؟ بیربکەنەوە ببینن کە بۆچی ئەو مافە سەرەتایانەی دوێنی بۆخۆتان ئاسایی بوو ئەمڕۆ دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر خۆتان و کچەکانتاندا . بەشێکی زۆرتان تەنها ئاوڕ لە ڕابووردوی خۆتان بدەنەوە، لە کاتێکدا لە حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان کە مەدی مۆدێرن زاڵ بوو بەسەر کۆمەڵگادا، کەخەڵکی کوردستان و ژنان و کچان دینیان تەنها وەك کاری شەخسی سەیر دەکرد وە دین بەجۆرێك تەداخولی ژیانی شەخسی ئینسانەکانی نەدەکرد حیجاب و سەرپۆش بۆشین نەك هەر نەگەشتبووە ئەم ڕادەیەی ئیستا بەڵکو زۆر پەراوێز بوو ، ئەگەرجلی کوردی و سەرپۆش و دەزماڵێکی لە گەڵدا بوبێت تەنها بۆ جوانی بووە و بۆنەو موناسەبەتەکان لە بەردەکران جلێکی ئاسایی دایك ونەنك و داپیرەمان بووە ، نەوەکو وەك ئەمڕۆ سەرپۆش بۆتە ڕەمزی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی.
لەو سەردەمانەدا ژنان تاڕادەیەك ئازاد بوون بەدەست ئەم کێشانەوە نەیاندەناڵاند. کوشتن و تیرۆری ژنان بە پەنجەی دەست دەژمێران . سەیری چواردەوری خۆتان بکەن سەیری دراوسێکانتان بکەن ،گوێبیستی هەوالەکان بن کە بۆچی ئەو کوردستانە بۆتە تابوتێك بۆ ژنان ؟ بۆژمارەی قوربانییەکان رولەزیدبوونە؟، هەتا کەی دەبێت ئەم تاوانکاری و کوشتوکوشتارە درێژەی هەبێت؟. خۆتان دوور مەگرن وئەو ووتەیە فڕێ بدەن لە کاتێکدا کچێك یان ژنێك دەکوژرێت . زۆر سادەو ڕاحەت دەڵێن ( خۆ لە خۆرایی نەکوژراوە) خۆ لە خۆرا نەکوژراوە !!!. ئەی بۆ کەس دەنگ بەرز ناکاتەوە بڵێ کوا بکوژەکان ، دەبێ دەستگیر بکرێن و بە ئاشکرسزای خۆیان وەرگرن. ئێوەی ئەی ژنانی ژێردەسەڵاتی ئەقڵێتی پیاوسالاری ئەگەر شەنستان بووبێت و جەستەتان دوربووە لە ئازارو ئەشکەنجەدانی دەستی مێردو باوك و برا و ئامۆزاو خاڵۆزا ئەوا بێبەش نین لە ئازارو ئەشکەنجەی دەرونی ، ئەگەر هەست بە خۆتان ناکەن ئەوا ڕۆژانە دەکەونە بەرئازارو تیرۆری دەرونی وە زۆرێك لە هاوڕەگەزەکانتان لە ژێر ئە م فشارە دەرونییەدا ناچار بە خۆسوتاندن کران و دەکرێن.
ئەی ئەوانەی کە خۆتان بە باوك و برا و هاوسەر دەزانن کە دڵنیام ئەگەر تۆزێك بیر بکەنەوە ئەو فەرهەنگە دواکەوتوە فڕێ بدەن ،وە ئەو ئەقڵێتە داڕزیوە بخەنە زبڵدانەوە ، وە گوێڕایەڵی مەلای مزگەوتەکان نەبن .ئەوا کەستان دەستان بە خوێنی کەسە ئازیزەکانتان سور نابێت ، ئەو کاتە وەکو کەسێکی ئاسایی و چیت بۆ خۆت و کورەکەت پێ خۆشە بۆ کچ خوشك و و هاوسەرەکەشت بە هەمان شێوە.
ئەوە ئەو یاساو دین و کلتورەیە کە جەندین ساڵە کە هەر لە دایك بوونتانەوە ئە و جیاوازییەتان فێر دەکاتلە بەرامبەر خوشکەکانتان ، پاشان بە شێوەکی درندە پەروەردەتان دەکات لە بەرامبەر دایك و ژن و کچەکانتان وە مێشکتانیان قاودەدات بەوەی کە ژن نامووس و شەرەفی ئێوە ، ئیوە حاکم و سەروەری ماڵن ، وە هانتان دەدەن کە خۆتان زبر پیشان بدەن دەنگ بەرزکەنەوە بەسەریاندا، بێدەنگیان بکەن، چاویان لێ سورکەنەوە، لێان بدەن و بیان کوژن لە بەرامبەر هەر کارێکی ئاسایی کە بیانەوێت بیکەن.
ژنیش ئینسانەو وەکوتۆ مافی خۆیەتی کە زۆر ئازادانە نمایشی ژیانی خۆی بکات.
. ئێوە ئەی پیاوانی ووڵاتی ژن کوژان لە جیاتی ئەوەی لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی مفتەخۆر و گەندڵکار ودز وجەردەکان بوەستنەوە کە ماوەی ٢٢ ساڵە ئەوەی ڕژێمی بەعس فریای نەکەوت پێمان بکات ئەوا ئەم دەسەڵاتی کوردی قەومی و دینییە زۆر بێشەرمانە ئەنجامی دەدەن ، ئەوە بۆ ماوەی چەند مانگێك لە چاوەڕوانی نەدانی موچەدا ئیوەیان هێشتۆتەوە نوزەتان لێوە نایەت بەڵام دەچنە ماڵەوە ڕق و قینەکانتان بە کچ وژنەکانتان دەڕژن وەتیڵا هەڵگرن بۆیان . دە بۆ تەنها جارێک بیر بکەنەوە. لە پاش کوشتنی کچەکانتان یان ژنەکانتان پەشیمانی دادتان نادات ئەگەر ئێوە تۆزێك هۆش بەبەرخۆتانا بکەنەوە،ئەوا لە بەرامبەر ئەم هەموو کوشت وکوشتارو ئەنفالی ژنانەدا کەمێك ڕادەچڵەکێن! هەر بۆیە هەوڵدان لە پێناوئازادی و یەکسانی شۆڕش و قوربانی دەوێت. هاتنە مەیدانی بەرەی یەکسانی خوازوئازادیخوازی کۆمەڵگای دەویت. هەر بۆیە پێویستە ئەم جارە ژنان و دایکانی ماڵەوە لە ماڵکانیان بێنە دەر ، خوێنکارو مامۆستایان لەقوتابخانەو زانکۆکاندا مان بگرن ، کرێکاران لە گارگەو شوێنی کاریان مان بگرن ، دەستفرۆش و کاسپ کاران، ڕۆشنبیران و نوسەران و ڕۆژنامەنوسانی ئازاو بوێر بێنە دەر. بۆ بەر گرتن بەم مەرگەسات وکوشتارگەیەی ژنان ، بۆ بەرگرتن بەم کوشتارگایە و پێشێلکردنی ئازادییەکانمان پێویستە بەرەی ئازادیخواز وبەرەی کۆمۆنیست لە دەوری یەك کۆببنەوە و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز پێك بهێنن .
بژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهان ژنان
بژی خەبات لە پێناو ئازادی و یەکسانی ژنان دا
سەرگوڵ سەلمە
٤/٣/٢٠١٤