ده‌نگ هه‌ڵبڕن له دژی برسی کردن ومه‌رگی به شێنه‌یی مناڵانی عێراق
پاش ده‌رکه‌وتنی هه‌واڵ و وێنه‌ی دڵته‌زێنی ناو خانه‌ی به ناو پاراستنی منالانی بێ سه‌ر په‌رشت له شاری به‌غدا له لایه‌ن په‌یامنێرێکی ئه‌مه‌ریکیه‌وه به ناوی (لارا لۆغان) له که‌نالی سی بی ئێسه‌وه. ویژدانی هه‌مووکه‌سێکی ئینسان دۆست و پارێزه‌ری مافه‌کانی منالا نی له ناخه‌وه هه‌ژا ند.
راستی ئه‌م رووداوه و وێنه دلته‌زێنه‌کان هێنده راچلکێنه‌ره ویژدانی ئینسانی ناتوانێ بۆ له حزه‌یه‌کیش بێ ده‌نگ بێت و نه‌فره‌ت له خولقێنه‌رانی ئه‌م تاوانه گه و‌ره‌یه نه‌کا . تاوانه‌که‌ش ئه‌وه‌یه که چه‌ند خانه‌یه‌کیان کردوه‌ته‌وه به ناو بۆ به خێو کردن و سه‌رپه‌رشتی کردنی منالانی بێ دایک و باوک ، بۆدجه‌یه‌کیان له وه‌زاره‌تی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ دیاری کراوه که پیداویسته‌کانی ئه‌م منالانه ی پێ دابین بکرێ که‌چی به پێچه‌وانه‌وه منالانی ئه‌م خانانه له ساده ترین مافی ژیان که جل و به‌رگ و خۆراکه مه‌حروم کراون، له به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگدان له به‌ر برسیه‌تی و نه‌خۆشی و نه‌بوونی جێگای حه‌وانه‌وه و پێداویستی یه ته‌ندرستی یه‌کان. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێته ئه‌و جێگایه‌ی ژیانی تێدا به سه‌ر ده‌به‌ن له زیندان ئه‌چێ. دونیا‌یه‌ک له هاوار ی هه‌ست و سۆزی ناسکی لاشه‌ی رووت و برسی منالانی ناو ئه‌م زیندانه هه‌ست پێ ده‌کرێ و داوامان لی ده‌کرێ که به هانایانه‌وه بچین . منالانی بێ به‌ش له به‌خێو که‌رانیان ، منالانی تۆراو له بزه‌و خه‌نده‌و ده‌م و چاوی خۆلاوی فرمێسک له چاوان قه‌تیس ما‌و ، منالانی برسی و رووت و ره‌جال ، منالانی بێ به‌ش له په‌روه‌رده‌و خوێندنی ئینسانی دوور له هه‌ر هه‌ستێکی ئینسانی نزیک له چه‌وساندنه‌وه و ئازاری رۆحی و جه‌سته یی . جگه له مانیش مناڵانی بار‌هێنراو به وانه‌ی دینی ترس و تۆقاندن ، منالانی سه‌ر جاده ناچار به کاری قورس و تاقه‌ت پروکێن ، منالانی به‌ر شالاوی تۆڕی مافیایی و بار هێنراو به ماده بێ هۆش که‌ره‌کان منالانی بێ به‌ش له هه‌موو پێداویستیه‌کی ته‌ندروستی، مناڵانی قوربانیانی ده‌ستدرێژی جنسی، ئه‌م بێ مافیانه‌و سه‌رجه‌م بێ مافاکانی تری مناڵانی عێراق سه‌ره‌نجامی نه‌بوونی یاسایه‌کی مه‌ده‌نی و سکۆلاریزمه که تیایدا مافه‌کانی ئینسان به‌ره سمی بناسێ و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی له به‌رامبه‌ر مناڵاندا نه‌خوڵقێنرێت وتاوان باران به توندی سزا بدرێن.له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوادا که مافه‌کانی مناڵان وژنانی تێدا به‌ره‌سمی نه‌ناسراوه ئاماره‌کانی مناڵانی سه‌رجاده و کۆڵانه‌کانی ڕوو له زیاد بونه ،ژن کوژی و به‌رده‌بارانکردن ده‌بێته کاری ئاسایی به‌شه‌ره درنده‌کان ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و جدی یان له‌به‌رانبه‌ردا ناکرێت وه کاتێک ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی جیهانی له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌کانی به‌رگری له‌مافه‌کانی مناڵانه‌وه وه له لایه‌ن خه‌لک ورێکخراوی ئینسانی و سیاسی و ئه‌حزابی ڕادیکا‌ڵ وکه‌سانی ئازادی خوازه‌وه به‌روویاندا به‌رزده‌بێته‌وه‌و ڕیسوا ده‌بن کاربه‌ده‌ستانی مه‌سول له‌م تاوانه و به تایبه‌ت وه‌زیری کار‌و باری کۆمه‌لایه‌تی ده‌که‌ونه پاساو هێنانه‌وه‌ی بێ ناوه‌رۆک وه‌ک کاری هه‌میشه‌یان ده‌لێن : مناڵه‌کان شێت ونه‌خۆشن و بۆیه خۆیان رووت ده‌که‌نه‌وه وخۆیان پیس ده‌که‌ن ده‌ست ده‌خه‌نه ناو پیسایی خۆیان!! له کاتێکا مناڵانی نه‌خۆش ده‌بێت ئاوا رفتاری یان له‌گه‌ڵ دا بکرێت؟ئاشکرایه که ئه‌مه ماهیه‌تی و پێوه‌ری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه که ده‌سه‌ڵاتداران وحاکمانی هه‌ڵگری په‌یامێکن که هیج نزیکایه‌تی یه‌کی له‌گه‌ڵ خواست وداواکاریی یه‌کانی مناڵاندا نی یه،ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه‌ی که به دژی ئه‌م مناڵانه کراوه به‌شێکی بچوکی تاوانه‌کانه.له کاتێکدا که ئه مه شانسی مناڵانی ناو خانه به‌ناو پاریزگاری یه‌کان بێت ،ئه‌بێ ژیان وچاره‌نوسی ئه‌و هه‌زاران مناڵانه به‌ره‌و کوێ بڕوات که که له سه‌ر جاده و کوچه‌و کۆڵانه‌کانی شاره‌کانی عێراق ڕۆژانه له به‌رده‌می هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگ دان له‌هه‌موو ژیانێکی مناڵیان بێ به‌شن.ئه‌مه ڕاستی یه‌ک و وه‌زعیه‌تێکی تاڵ و پڕ مه‌رگه ساته که سایه‌ی به سه‌ر منالانی عێراق دا کێشاوه، ئه‌مه زاده‌ی ئه‌و هه‌ل مه‌ر‌جه‌یه که داگیراکه‌رانی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی بۆ خه‌لکیان به دیاری هێناوه وه ئه‌مه به‌شێکه له‌و سیناریۆ ره‌شه‌ی که به‌ر بینی به ژیانی خه‌لکی ئه‌م وولاته گرتووه . ئێمه زۆر جار ئه‌وه‌مان راگه‌یا‌ندوه که ئه‌مریکا ناتوانێ ئازادی و رفاه و خۆش گوزارنی دابین بکا له رێگای داگیر کاریه‌وه.
ئێمه وه‌ک رێکخراوی به‌رگری له مافه‌کانی منالانی عێراق را ده‌گه‌یه‌نین که ده‌سه‌لاتێکی قه‌ومی و تایفی ودینی ناتوانێ له گه‌ل ئاره‌زوو ژیانی مۆدیرنی ئینساندا بێ. ئه‌مریکا له‌م جۆره ده‌سه‌لاته‌ی داسه‌پاندوه به سه‌رعێراقدا هه‌ر ئه‌مه‌ش ئاکامه‌کانی ده‌بێ ،ڕێگا چاره‌ی سه‌ره‌کی بۆ ئازاد کردنی منالانی عێراق گه‌یشتن به ژیانیکی شیاوی خۆیان وه‌ک مندال وه‌ک نه‌وه‌ی دوا رۆژ ته‌نها و ته‌نها سۆشیالیزمه که چیتر منال نابینی له کۆمه‌لگادا پێیان بووترێ هه‌تیو یا بێ سه‌ر په‌رشت ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه ئه‌م بێ ماف بوونه‌ی منالان و ئه‌م تاوانانه‌ی ئه‌مرۆ ئه‌یبنن ده‌رهه‌ق به منالان بۆ هه‌تا هه‌تایه کۆتایی دیت. له گه‌ل ئه‌مه‌شدا ده‌بێ هه‌ر ئه‌مرۆ ده‌ست به‌جێ خوازیاری ئه‌وه بین که وه‌زیری به ناو کار‌و باری کۆمه‌لایه‌تی نه‌ک هه‌ر ده‌رکرێ له سه‌ر کاره‌که‌ی ده‌بێ دادگایی بکرێ له دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆدا وه هه‌ر وه‌ها کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و هه‌تیوخانانه ده‌بێ بدرێنه دادگا. منالانی مه‌حروم ده‌بێ له هه‌موو پیداویستیه‌کانی خۆیان به هره مه‌ند بکرێن. وه ئێمه رای ده‌گه‌نینه‌وه که هه‌ول ده‌ده‌ین زۆر کاری تر بکه‌ین تا فشار له سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌لاته میلیشا تایفی و دینی و قه‌ومیانه‌ی ئه‌مرۆی عێراق دابنێن بۆ چاککردنی هه‌لومه‌رجی منالانی بێ سه‌رپه‌رشت وسه‌رجه‌م منالانی مه‌حرومی عێراق.
سه‌رگوڵ ئه‌حمه‌د
سکرتێری
ڕێکخراوی به‌رگری له مافه‌کانی منالانی عێراق
26/6/2007