با ٨ی مارسی ئەمساڵ بکەینە دەستپێکی قۆناغێکی  نوێ بۆ خەبات کردن

ژنان و پیاوانی ئازادی خواز .

دایکان باوکانی بەشمەینەت

مامۆستایان ،کارمەندان

هەروەکو دەزانن ئەمڕۆ کوردستان و عێراق بۆتە جەهەنمێك بۆ ئێوەی بەشمەینەت و ستەم لێکراو. کەهەرڕۆژەی جەستەی یەکێکتانی پێ دەسوتێنرێت .بۆتە گۆرستانێکی گەورە وبە شێنەیی گیانی ئازیزانمانی تێدا دەنێژین. بۆتە زیندانێك وشوێنێکی بێزارکەربۆ گەنجەکانمان کە  ناچاردەبن ووڵات بە جێ بهێڵن  وژیانی خۆیان  بخەنە بەردەم مەترسی و  کۆچ دەکەن بەرەو هەندەران تا کوو هیچ نەبیت  لەو وەزعیەتە ڕزگاریان ببێ بەڵام بەداخەوە  هەموومان دەیبینن ودەیبیستین ، کە چۆن ڕۆژانە  بە تاك و بە کۆمەڵ هەواڵی گیانلەدەست دان و خنکاندنن و وون بوون بێسەروشوێن بوونی هاوڵاتیان  لەگەڵ  نقوم بوونی کەشتی و بەلەمەکان. سەرباری ئەو هەل و مەرجە تاڵ و دژوارە چاوەروانی هینانەوەی مەیتی ئازیزەکانمانین .

 ئەمە  چ کارەساتێکە ؟ کە  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی  قوربانی یەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات . سەرباری ئەو هەل و مەرجە ئاڵۆزو دژوارە کە یەخەی بە خەڵکی کوردستان گرتوە لە  نەدانی مووجەو نیوە موچە، برسیکردنی مناڵەکان، بایکۆت و داخستنی دەرگای خوێندنگاکان، بێبەش بوونی خوێندکاران لە پەروەردەوخوێندن.ترس ودڵەڕاوکێ ی کرێچیتی لە خاوەن ماڵ کەوتنە سەرچادەو شکاندنی شەخسەیەت و کەرامەتی ئینسانیان ، کە کار گەشتۆتە ئەو ڕادەیەی ئێوە وەك  دایکان و باوکان بۆکرینی شیر بۆ مناڵە کانتان یان دانی کرێ ی خانووی  چەند مانگێک بۆ  ئیدامە دان  بەو  ژیانە سەرکوت و  کولەمەرگییە تان پەنا بەرن بۆ فرۆشتنی بەشێك لە ئەندامەکانی لەشتان .

 ئایا ئیوە پێتان وایە پەنابردن بۆ خۆکوشتن و خۆ سوتاندن و فرۆشتنی گورچیلەکانتان ، لە  ئەم هەموو ماڵ وێرانی و کارەساتانە کە یەخەی بە خۆتان وماڵ ومنڵداتان گرتوە هیچ شتێك دەگۆرێت ؟ یان ئەو ئەحزابانەی کە بوونەتە هۆکاری ئەو قەیران و ڕۆژە ڕەشی یە مێشێك میوانیان دەبێت ؟

٢٥ ساڵە ئەحزابی قومی ودینی لە کوردستان و عێراق دا ژەهراوی مەرگ دەرخواردی ئێوەی کرێکاران ، زەحمەت كێشان ، ژنان ، فەرمانبەران ،مناڵان دەدەن .حکومەتێك و پەرلەمانێك و سەرۆکێک کەهەموو پیوەرێکی یاسایی یان لەدەست داوە لە فەسادی وگەندەڵی دا خەرق بوون ، وە بونەتە مەترسی یەکی گەورەی سەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی سیاسی ئێوە مێژووی چەند ساڵەیان شاهیدی ئەوە دەدات کە ئەوەی ڕژێمی هارو درندەی بەعس نەیتوانی بیکات .ئەم ئەحزابانە بە ناوی دیموکراسی بە خەڵکی عێراق و کوردستانیان کرد .وە ئەو هەرێمە یان  کردە تراتێنی دەوڵەتانی ناوچەکەو هەر لایەنێکیان کلکیان بە ناوچەیەکەوە گرێداوە.

ساڵانی  نەوەدەکان بە هەمان شێوە خەڵکیان توشی ئەم وەزعیەتە کرد بەهۆی دابەشکردنی سەروەت و سامانی خەڵکی لە نێوان خۆیاندا شەری ناوخۆیان هەڵگیرساند . بە قەبارەی هەڵەبجەو ئەنفال تاوانیان  کرووە و خەڵك بووە قوربانی سیاسەت چەوتیان. ئەمڕۆش بیانووی شەری داعشیان کردۆتە چەکێك بۆ خۆ دزینەوە لە خواست و داواکاری یەکانی خەڵك. ئاخر ئەو شەرەش هەر بە خەڵکی فەقیرو هەژار وپێشمەرگە بێ مووچەکان دەکەن ، ئەگینا بۆ خۆیان و کورو کورەزاکانیان لەوپەری خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەتدا دەژین .

ئەمانە بەشێکی زۆر کەمن لە دێژەی هەموو ئەو ناعەدالەتی و زوڵ و زۆرەی کە بەرامبەر ئێوەی  فەرمانبەران ،مامۆستایان، خەڵکی کرێکارو زەحەمەت کێش و ژنان دەکرێت .کە ڕۆژانە لە تۆرە کۆمەڵایەتیکانەوە  ڕق و تورەیی خەڵك لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە  پەخش دەکرێت.

لە پاڵ هەموو ئەو وەزعیەتە کارەساتبارە کە بزووتنەوەی کوردایتی هێناویانە  کایەوە ، ژنانیش بەردەوام بونەتە قوربانی لە پێناو مافەکانیاندا . لە دریژەی ئەو ٢٥ سالە و دەستگرتن بەباڵای کۆنەپەرستی وعەقڵێتی خێڵەکی و داعشی  لە ڕێگەی مزگەوت و خوتبەکانیانەوە  بەریان داونەتە گیانی ژنان . کوشتنی ژنان  لە ناو ماڵ گەرەك پارکەکان ،بەردەبارانکردنی کچان و ژنان تاڕادەی مردن بەبەرچاوی  خەڵکی یەوە .

لە ماوەی ئەو٢٥ ساڵەدا  هەڵسوڕاوانی ژنان وبزووتنەوی یەکسانی خوازی  ژنان لەلایەکەوە لە ڕووبەروبونەوەو کیشمەكێش وشەڕدان لەگەڵ دەسەڵاتداران و پەرلەمان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە مەسەلەی ژنان . بەردەوام لە هەوڵ وکۆشش وخەباتی بێ ووچاندان بۆ گۆڕنی ئەو هە ل ومەرجە کە یەخەی بە ژنان گرتوە و وە جێخستنی یاسای  یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان. لە لایەکی تریشەوە لەبەرامبەرعەقڵێتی  پیاوسالاری  کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی وەستاونەتەوە.

زۆر کار کرا زۆر هەنگاوی جدی نرا  بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی ژنان وژیانی دەیان ژن لە هەرەشەی کوشتن پارێزرا ،کۆرو سیمنارو کۆبوونەوە ی ڕێکخراوەکان و بەڕێکخستنی کەمپین و یاداشتنامە و دانیشتن لەگەڵ پەرلەمان دا لەسەر دۆسیەی ژنان و ئاڵوگۆری قانوونەکانی باری کەسێتی .بەڵام لەچاو ئەوهەموو کارانە دەستکەوتەکان زۆر کەمن یان هەر نین .

هەر بۆیە ئەوەی کە پێویستە بکرێت . ژنان و کجان لەگەڵ باقی چین وتوێژەکانی کۆمەڵمەڵگا بێنە مەیدان و دژ بەو پەرلەمان و حکومەت ودەسەڵاتە بوەستنەوەو دووبارە خەباتی خۆیان جۆشکەن و خۆیان بۆ شۆڕشێکی تر ئامادە بکەن   چاو لە ژنانی ئەفخانستان وکانتۆنی  کوبانی بکەن کە چۆن لەبەرامبەر وەحشیترین گروپی تیرۆرستی ئیسلامی هێزو ئیرادەی خۆیان  خستەگەرو بوون بە ڕەمزی خۆڕاگری لە هەموو دنیا ، گورزێکی دانشکێنیان دا بە ڕوی ئەوانەی کە ژنان بە کەم و ناقس عەقل  یان  پلە دوو سەیر دەکەن . ئێوەی ژنان پێش هەرکەسێ دەبێ باوەری تەواتان بە هێزو ئیرادەی خۆتان هەبێت .

ئیوەش تواناکانتان بە هەمان شێوەی تواناکانی ژنانی کوبانی یە  ئەگەر ئیرادە لە خۆتان نیشان بدەن،     ،ڕیزی ڕێکخراوەیی خۆتان ڕێکخەن و لە گەرەك و قوتابخانەو ناوەندەکانی کارکردن نوێنەری ڕستەقینەی خۆتان دیاری بکەن بۆ دواڕۆژێکی باشتر . هەر وەکو ژنانی ئەفخانستا ن کوشتنی ژنان و تەرمی ژنان بەڕێ وڕەسی ڕێزلێنانەوە بەڕێ بکرێت تا تاوانبارەکانیان ئاشکرا دەکرێن و بەسزای خۆیان دەگەن. نەوەکو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەدزی یەوە بکرێنە ژێر گڵەوە . خواستەکانی ژنان  ئیتر دەبێت  لەوە دەرچێت  کە تەنها فشاردانان بێت لەسەر دەسەڵاتداران بەڵکو دەىێت کارلەسەر ئەوە بکرێت کە لە ناو کۆمەڵگادا چێگیر بکرێت و ببێتە عەقڵێتی کۆمەڵگا .

ژنان و پیاوانی ئازادی خواز ،دایکان وباوکان

لە ڕۆژی هەشتی مارس وەرنە دەرەوەو واز لە خۆکوشتن و کۆچکردن و خۆسوتاندن بهێنن، گورچیلەکانتان مەفرۆشن بۆ چارەسەی کاتی وەرن داوای مافەکانی خۆتان بکەن ،داوای قەرزەکانتان بکەنەوە لە دەسەڵاتداران . ئەو ماف و قەرزانەی ئێوە هەر خۆتان دەتوانن بەدەستی بهێننەوە  ڕیزی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران  بەهێز بکەن خواست و داواکاری یەکانتان بەرزکەنەوە و کارلەسەر ئەوە بکەن کە دەبێت ئەو دەسەڵاتە کۆتایی پێ بێت . خۆتان ئامادە بکەن کە بۆ دەورەی داهاتوو کە خۆتان نوێنەرایەتی جین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەن  دەسەڵاتێکی مەدەنی و غەیرە قەومی و دینی لەسەر دەستی خۆتان دابمەزرێت.

بژی ئازادی یەکسانی

بژی هێزی ڕاپەریوی جەماوەر

٤/مارس/٢٠١٦

سەرگوڵ سەلمە