ئۆقیانوسێك لە تاوان دژ بە ژنان بەردەوامە!!!
ئەوەی کە جێگەی ڕەخنەو بێزاری و نەفرەت کردنە لە دەسەڵات و حکومەتێك. کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٢ سالە لە ژیر سایەی ئەم دەسەڵاتانەدا بە (مالکی و یەکیتی و پارتی یەوە) ئامارەکانی کوشتنی ژنان بە داخەوە نەك هەر ڕولە زیاد بوونە بەڵکو زۆر ترسناك و راچڵەکێنەرە بۆ وژیدانی هەر کەسێك کە دڵی بۆ ئازادی و یەکسانی و مافەکانی ژنان لی دەدات. وە رۆژانە ئەم مەرگەساتانە یەخە بە ژنان و کچانی ئە م ووڵاتە دەگرێت .
وە توندووتیژی یەکان لە روی فزیکی و دەرونی یەوە لە هەر چرکەیەکدا دڵ و دەرونینان بریدار دەکات وە لە هەر ساتیکدا ئیسك وپروسکیان ووردوخاش دەکرێن، کەسایەتی و کەرامەتیان دەروشێنرێت .ئەمڕۆ ئاستی خەتەروترسناکی ئە م دیاردەیە لە وەدایە کوشتنی ژنان لە تاکەوە بۆتە کۆمەڵ،هەر کاتی چاو بە ڕۆژنامە وگۆفاروسایتەکاندا دەگیرن دەبێ دڵودەرونمان بە یەكێ لە م هە واڵانە بگوشرێ هە موو ڕۆژێك گوێبیستی لە جۆرە هەواڵانە بین بۆ نموونە( لە فڵانە شار چوار ژن کوژران وتەرمەکەیان لە قەراخ شار فرێدراون، چوار ژنی تر لە ماڵە کەی خۆیان خنکێنراون ، لە و شارۆچکەیەدا دوو خوشك و دایکێك کوژراون ، کچ و دایکێکی تر لەو قەزایە، لە و شارەی تر دوو خۆشکی تر کوژران هەر لەو ماوەیەدا ژمارەیەك لە مامۆستای ژن کوژران ، کچێکی ١٦ ساڵ خۆی خنکاند... هتد. هەر ئێستا لە نەخۆشخانەکانی هەولێر وسلیمانی ودهۆك کۆمەڵێك کچ و ژن کە مەجبور بە خۆسوتاندن بوونەتەوە بە دەست ئیش وئازارەوە دەناڵێنن ولە هەر سات و وەختێت ئاوات بە مەرگی خۆیان دەخوازن. تاوانبارانی ئەم دیاردانەش زۆربەیان نزیکترین کەسی قوربانی یەکانن کە باوك و برا و مێرەکانیانن یاخود ئاموزا و خاڵوزا.ئەم هەلو مەرجە بۆ دەبێت هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە؟. كێ؟ وە چ دامودەزگایەك بەرپرسیارە لە ئاست ئەم تاوان وجینایەت کاریانە؟
زۆر جار ئە م پرسیارانە کراون،وە لە لایەن زۆر کە سیشە وە وەڵامی وەرگرتۆتەوە. کە چی کێشەکان نەك هەر چارەسەر نەکراون بەڵکو زیادیشی کردوە؟ بەشێکی دەگێرمەوە بۆ ئە وەی کە کۆمەڵگای کوردستان و عێراق ئەقڵیەت و کلتورێکی پیاوسالاری سایەی بە سەردا کێشاوە، کە هەر لە سەرەوە پیادە دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە وە هە میشە ڕێگە خۆشکەر بوون بۆ کەسانیك کە پەروەردەکراوی عقڵێتی سەدەکانی ناوەراست و لە لایەن هەڵگرانی پەیام و بیروباوەڕێک کە دوورە لە هەموو پرنسپێکی ئینسانی و ئەخلاقی، وە چاویان بە ژن و هونەر ومۆزیقا و جوانییەکانی ژیان هەڵنایەت ،کە بتوانن زۆر بێشەرمانە لە ژێر سایەی ئەو وەزعیە تە دا کە دەسەڵاتدارنی کورد وئیسلامی سیاسی بۆ کۆمەڵگای کوردستان و عێراقیان خوڵقاندوە بەرببنە گیانی ژنان ولە مینبەری مزگەوتەکانیانەوە باوك و برا و مێردەکانیان لێ هان بدەن، وەعێراق وکوردستانیان کردۆتە مەزارگەی مەرگی ژنان و کچانی ناڕازی بە و داب و نەریت و ئەقڵێتە دواکەوتوە..وە بە قانون و یاسا مافەکانی ژنان پیشیل دەکەن.وە بە دارشتنی تەواوی ئەو بەندانە تایبەت بە ژنانن لە سەر ئەساسی پلە دوویی وجیاکاری و شەرعیەت بە کوشتنی ژنان دەدات وە دینیش رەسمیەتی پێ دەدات. وە بە شەکە ی تریشی لە لایەکەوە نە بوونی دام و دەزگایەكی دادپەروەری کە دیفاعی سەرسەختی ژنان بێت. لە لاکەی تریشەوەپاشەکشەپێکردن و پرش و بڵاوی بەرەی یەکسانیخوازی وئازادیخوازی کۆمەڵگا کە ئە مەش دەردێکی ترە.
ئەوە ماوەی ٢٢ سالە ئەوەی ناعەدلەتی و نادادپەروەریە لە دامو دەزگا حکومی و ئیداری یەکاندا دژ بە خەڵکی کریکارو زەحمەتکێش و ژنان بەڕێوە دەچێت . وە تاوان باران و ئەوانەی کە دەستیان بە خوێنی ژنان سوربووە وەك بەرزەکی بانان بۆی دەردەچوون ئەوە تەنها ژنانن کە دەبنە قوربانی .
دەسەڵاتدارانی قەومی و دینی لە پێناو مانەوەی خۆیان و کورسییەکانیانش بە یاسای ئیسلامی و دینی پشتیوانی لە کۆمەڵ کوژی یەی ژنان دەکەن. کوشتن و خۆسوتاندن ورفاندن و دەستدرێژی کردنە سەر ژنانی عێراق و کوردستان بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەکە بۆتە دیاردەیەك. ڕۆژ نییە گوێبیستی هەواڵکی لە جۆرە نەبین و تاوانەکانیش هەتا دیت زیاتر دەبێت. کە بە داخەوە بە پێ ی ئەو ئامارانەی کە تۆمار کراون لە ماوەی ئەم ٢٢ ساڵەی ژێر حاکمێتی یەکێتی و پارتی و نوری مالکی ڕێژەی کوشتنی ژنان زۆر زیاترە،وە مەرگی ژنان لەم دەڤەرەدا بۆتە جینۆساید بە بیانوی شەرف وناووس و پابەند نەبوونی ژنان کچانی یاخی بەو دابو نەریتە خێلەکی یەوە کە سەپێنراوە بە سەریاندا.
ئە م کوشتارگەلی یەی ژنان بەم شێوە بێشومارە بۆ نادەربەستی دەسەڵاتداران دەگەرێتەوە کە خۆیان لە بەرامبەر ئە و تاوانکاری و کۆمەڵ کوژییەی ژنان نەك هەر بە بەرپرسن نازانن بەڵکو خۆیان بەشێکن لێی،وە بۆ ساتێکیش وویژدانیان ناجولێت لە بەر ئەوەی خۆیان خوڵقێنەری ئەو نەهامەتییانەن کە بەسەر ژناندا دێت و پایەکانی دەسەڵاتیان لەسەر ئەم بێمافیانە ڕاگرتوە ،وە دەستی بکوژان ئاوەڵا دەکەن بە دەرکردنی( یاسای لێبوردنی گشتی) کە تەنها ژنان تیدا دەبنە قوربانی و تاوانباران لێپرسینەوەیان نییە وە زیندانی ناکرێن وە ئەگەر زیندانیش بکرێن پاش چەند ڕۆژێك ئازاد دەکرێن. کە ئە مەش وا دەکات کە هەر کەس بیەوێ لە هەر کاتێکدا لە سەر سادەترین شت دەستی بچێتە کوشتنی ژنێك. لە بەر ئەوەی پشتیان قایمە بە و دەسەڵاتە ژن کوژە ،بەم شێوەیە ئەم تاوانانە هەر بەردەوامە.
ئەوەی کە دەسەڵاتداران کلتوریان ئاوایە لە بەرامبەر کوشتنی ژنان و بێمافیەکانیاندا ،ئیتر نە بە نامە ناردن و یاداشنامە وپرۆژە خستنە بەردەم پەرلەمان و کاری دیبلۆماسی کێشەکانمان چارەسەر نابێت و ،دەسەڵاتداران نەك هەر گوێ بۆ داواکاریەکانی میلەت ناگرن بەڵکوهەر لە سەرەتای نەوەدەکان و دەست بەکاربونیان دکتاتۆری خۆیان ڕاگەیندووە. وە ئەمرۆژ زیاتر لە هەر سەردەمێکی تر ئەو حقیقەتە لای خەڵك ئاشکرا بووە،هەر لە سەرۆکایەتی یەوە هاتا پەرلەمان ودامو دەزگ ئیداری یەکانیان ئەگەر قسەکان لە خزمەتی ئەحزابی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) نەبێت ئەوە زۆر بێشەرمانە پەنا بۆ هەموو شتێك دەبەن کە ئەو دەنگە سەرکوت کەن.
وە ئەوەی بۆ ئەو کاروچالاکی و هەنگاوانەی سەرەوە دەگەڕێتەوە لە چەشنی( یاداشنامە وپرۆژە یاسا...هتد)کاری زۆر باشن، بەڵام ئەمانە کاتێك ماعنا پەیدا دەکەن کە هێزێکی لە پشتەوو بێت ،ئەو هێزەش دەبێت لە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری خۆی ببینێتەوە کە تەواوی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازپێوەی پەیوەست بن کە لە ناوخۆو دەرەوەدا کاری جدی لەسەر بکەین. نەفرەت و بێزاری و ڕقە کانمان لە دژی ئەم زاڵمانە توندتر بکەینەوە، وەبا بە هەموومان ئەم لێشاوی ژن کوژییە ڕابگرین وە نەهێلین ، جەستەی کوژراوی هاورەگەزەکانمان لە کوچەوکۆڵان و قەراغ شارەکان فڕێ بدرێن ،ئە م قوربانیانە! کچان و ژنانی ووڵاتەکەی ئێمەن،دانیشتوی شارو شاروچکە و گوندەکانی ئێمەن، دراوسێی ئێمەن، کەسی ئیمەن، ئە مانە لە فەلەکێکی ترەوە نە هاتوون تا کاری ئێمە نەبێت وکێشەمان نەبێت ئەمانە هاوڕەگەزی ئیمەن، ئێمە بەشێکن لەوان، سبەینێ ئیخەی تۆش دەگرێتەوە. با هەنگاوەکانمان خێراترکەین دەست لە ناو دەستی یەکتروبە یەکرتووی هەمومان لە دژی ئەو دەستورو یاساو سستەمەی کە بە ڕیوە دەچێت پلاتفۆرمی خۆمان بسەپێنین، پلاتفۆرمێك کە ماف و حورمەت و کەسایەتی یە ئینسانییەکانمان ببپارێزێت ،یەکسانی ژنو پیاو بە رەسمیەت بزانێت ...
سەرگوڵ سەلمە
June 30,2013