شه‌ڕی ناوخۆی دوێنی و هاوپه‌یمانی ئه‌مڕۆیان بۆ یه‌ک ئامانجه‌!

 سه‌ردار عه‌بدولا حه‌مه‌

  

گرنگترین ئامانجێ که‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ درێژایی مێژووی بوونی سته‌می میللی هه‌یانبووه‌ ، کۆتایی داگیریکاری بووه‌. خه‌ڵكی له‌ هه‌ریه‌ک له‌ به‌شه‌کانی کوردستاندا مێژوویه‌کیان له‌ ماڵوێرانی و گیان له‌ده‌ستدان  له‌ پێناو ئه‌م ئامانجه‌دا تۆمار کردووه‌ . به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌م  ئامانجه‌ به‌ دی نه‌هاتووه‌ . هۆی سه‌ره‌کی ئه‌مه‌ش ته‌نها ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ته‌ مه‌رکه‌زیه‌ داگیر کاره‌کان به‌لکو هاوشانی ئه‌وان حیزبه‌ کانی کوردایه‌تیش ده‌گرێته‌وه‌ . وه‌ ئه‌م حیزبانه‌ یارمه‌تی ده‌رێکی باشی ئه‌م حکومه‌تانه‌ بوون له‌م راستایه‌دا ، ئاورێكی کورت و خێرا بده‌ینه‌وه‌ له‌ مێژووی ئه‌م حیزبانه‌ ئه‌م راستیه‌مان بۆ ده‌ر ده‌که‌وێ . ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی 1961 وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین واته‌ له‌و کاته‌وه‌ به‌ ناو شۆڕشی ئه‌یلول هه‌ڵگیرسا له‌ کوردستانی عێراق  به‌ سه‌رۆکایه‌تی پارتی دیمومکراتی کوردستان و موسته‌فا بارزانی  و هێزی پێشمه‌رگه‌ پێکهات  له‌ خه‌لكی کرێکار زه‌حمه‌تکێش و جوتیارانی ده‌سته‌نگ  به‌ ئامانجی رزگار بوون له‌ سته‌می میللی و کۆتایی داگیر کردن ئاماده‌ بوون گیانیان له‌ ده‌س بده‌ن ، که‌چی پارتی و بارزانی به‌ پشتیوانی ئاغاوده‌ره‌به‌گ و مه‌لاو شێخ و بورژوازی ئه‌م ئامانجه‌یان گۆڕی و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی شای ئیران و ئه‌مه‌ریکا وئیسرائیڵیان له‌ جێگه‌یان دانا وه‌ کوردستانیان کرده‌وه‌ جێگای ململانێ ی  دوو قوتبی ئیمپیریالیستی جیهانی ئه‌مه‌ریکاو یه‌کیتی سۆڤیه‌ت ، چونکه‌ له‌م نێوه‌دا حکومه‌تی شاه‌ له‌گه‌ل ئه‌مه‌ریکا بوو وه‌ حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کان له‌ عێراقدا که‌م و زۆر له‌ گه‌ڵ سۆڤیه‌ت بوون ، تا سه‌ره‌نجامه‌که‌ی به‌ ئاشبه‌تاڵه‌که‌ی 1975 گه‌یه‌نرا ، چاره‌نوسی به‌ ناو شۆڕشی  ئه‌یلول درایه‌ ده‌ست رێکه‌وتینی هه‌ردوو حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عێراق و ئێران.

به‌ دوای ئه‌مه‌دا خه‌ڵکی کوردستان هاته‌وه‌ مه‌یدانی خه‌بات بۆ ده‌رباز بوون له‌ سته‌می میللی جارێکی تر  . گه‌رچی له‌ سه‌ره‌تاکانی 1976 و 1977 ئه‌م خه‌باته‌ له‌ به‌شێکی کوردستاندا سه‌ربه‌خۆ ئه‌نجام ئه‌درا  ودوور له‌ ده‌ستێوردانی حکومه‌ته‌ مه‌رکه‌زیه‌کان بوو به‌ڵام هه‌رچی زووتر هه‌وڵی ئیحتواکردنی درا له‌ لایه‌ن حکومه‌تی فاشتستی سوریا و ئیرانه‌وه‌ .تاله‌بانی و نه‌وشیروان موسته‌فا وه‌ک نوێنه‌ری سوریا له‌م به‌شه‌ی کورستان و مه‌سعود بارزانی و ئێدریس بارزانی له به‌شه‌که‌ی تر بوونه‌ نوێنه‌ری به‌رژوه‌ندی جمهوری ئیسلامی ئێران ، زۆری نه‌برد ئه‌م دوو هێزه‌ به‌ ناوی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان  له‌ ‌شه‌ڕێکی ناوخۆییدا  هه‌زاران که‌سیان له‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ کوشت دا . جگه‌ له‌وه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ به‌ ناوی قیاده‌ موه‌قته‌وه‌ ناسرابوو به‌ پێشله‌شکری سۆپای پاسدادرانی ئێران هێرشێکی به‌رفروانیان له‌ دژی خه‌ڵکی کوردستانی ئێران ئه‌نجام دا درێغیان نه‌کرد له‌ کوشتاری ئه‌م خه‌ڵکه‌و له‌ ئۆپوزسیونی ئێرانی ، له‌ کاتێکا خه‌لکی کوردستانی ئێران راپه‌ریبوون بۆ نه‌مانی داگیر کاری به‌ڵام ئه‌م حیزبه‌ی مه‌یدانی کوردایه‌تی ده‌ستی له‌ ناو ده‌ستی داگیرکه‌ران نابوو.

ده‌یه‌ی هه‌شتاکان ده‌یان خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی خه‌لکی کوردستان  له‌ دژی حکومه‌تی به‌‌عس ئه‌نجام درا . یه‌کی له‌وانه‌ ‌ مانگرتن و خۆپیشاندان له‌ زانکو وخویندنگاکاندا و شاره‌کانی کوردستاندا به‌ رابه‌ری ئازدایخوازان و چه‌په‌کانی ئه‌وکاته‌ له‌ دژی حکومه‌تی به‌عس ڕووی دا و خوێندکاران و خه‌لک چاو نه‌ترسانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هێزه‌کانی حکومه‌تی فاشی به‌عسدا راوه‌ستان و زۆربه‌ی جێگا گشییه‌کانی شاره‌کان و شارۆچکه‌کان ئازاد کرابوون له‌ ژێر ده‌ستی خه‌لكیدا بوون  ئه‌و کاته‌ مفاوه‌زات بوو ، چه‌ندین جار یه‌کێتی نیشتمانی له‌ سه‌نگه‌ری حکومه‌تی به‌عسه‌وه‌ ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه‌یان به‌ ئاژاوه‌ دژی حکومه‌تی نیشتمانی ناو ده‌برد ،  کاتێ حکومه‌تی به‌عس هیچ به‌هایه‌کی بۆ مفاوه‌زاته‌که‌یان دا نه‌‌نا ده‌تۆران و خۆیان با ده‌دایه‌وه‌ به‌ لای خه‌لکد ریاکارانه‌ خۆیان به‌ دۆستی خه‌لک نیشان ده‌دا.                           

پێش له‌شکریه‌کانی هه‌ردوو ئه‌م حیزبه‌ بۆ له‌شکری تورکیاش بۆ سه‌ر خه‌لکی کوردستانی تورکیا و په‌که‌که‌  له‌ بیر ناکرێ و ئه‌لقه‌یه‌کی تره‌ له‌ به‌ستنه‌وه ی به‌رژوه‌ندیه‌کانی ئه‌م حیزبانه‌ به‌ حکومه‌ته‌ مه‌رکه‌زیه‌کانه‌وه‌ و وه‌ به‌لارێدا بردنی بزووتنه‌وه‌ی هه‌قخوازانه‌ی خه‌لکی کوردستان بوو  بۆ لابردنی سته‌می میللی و کۆتایی داگیر کاری .                          

کاتێ ئه‌مه‌ریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی په‌لاماری عێراقیان دا له‌ ساڵی 1991 خه‌لكی کوردستان توانیان سوود له‌م فرسه‌ته‌ وه‌رگرن و کۆتاییان به‌ داگیر کاری به‌عس هێناو وه‌ شاره‌کان که‌وتنه‌وه‌ ده‌ست خه‌لک به‌ دوای ئه‌وه‌دا هێزه‌ کانی ئه‌م دوو حیزبه‌ی کوردایه‌تی خێرا له‌ هه‌وڵی ئیحتوا کردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی خه‌لکدا بوون ، یه‌که‌م کارێ که‌ کردیان دژایه‌تی کردنی شوراکانی کرێکاران و خه‌لکی سته‌مدیده‌ی کوردستان بوون . چونکه‌ ده‌یان زانی به‌ بێ له‌ ناو بردنی شوراکان ناتوانن ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی خه‌لک ئیحتوا بکه‌ن ، یه‌که‌م هه‌نگاوێ که‌ نایان له‌م پێناوه‌دا له‌ رادیۆو راگه‌یاندنه‌کانایه‌وه‌ ده‌ستیان دایه‌ بوختان وناونۆتۆره‌ بۆ سه‌ر شوراکان و ئه‌نجا هه‌ره‌شه‌ و په‌لاماردانیان ، به‌مانه‌ش شوراکانیان بۆ له‌ ناو نه‌برا   ئه‌نجا بوونه‌ پالپشتی پیلانه‌ گلاوه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا و به‌عس و ئیران . پیلانه‌که‌ش له‌وه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد ئه‌مه‌ریکا نۆفلای زۆنی له‌ سه‌ر حکومه‌تی به‌عس لا برد و توانی فرۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی بنێرێته‌ سه‌ر خه‌لکی کوردستان بۆردومان ده‌ستی پێ کرد و له‌شکرکێشی کرده‌ سه‌ر کوردستان و حیزبه‌ کانی کوردایه‌تیش  بڕیاریان دابوو شه‌ر له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی نه‌که‌ن و پاشه‌که‌شه‌یان کرده‌وه‌ بۆ سنووره‌کانی ئێران ، ئه‌وه‌ی که‌ مایه‌وه‌ به‌رگری له‌ خه‌لكی کوردستان کرد و له‌ شاره‌کانی سلێمانی هه‌ولێر له‌ گه‌ڵ ده‌بابه‌کانی به‌عسدا شه‌ری ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ده‌کرد ئه‌وه‌ هێزی چه‌کداری شوراکان بوون وه‌ چه‌ندین که‌س له‌م دوو شاره‌دا گیانیان له‌ ده‌ستدا ،  به‌ هۆی ئه‌م پیلانه‌وه‌ حکومه‌تی به‌عس کوردستانی داگیر کرده‌وه‌ ،. ئنجا له‌و دیو سنوره‌کانه‌وه‌ هه‌ردوو سه‌رکرده‌ی پارتی و یه‌کێتی چوونه‌ به‌غدا و ئه‌ملاو ئه‌ولای سه‌دامیان ماچ کرد و له‌ سه‌ر مێزی سات وسه‌ودا به‌ یه‌که‌وه‌ دانیشتن وه‌ک ئه‌لقه‌یه‌کی تری پیلانه‌که‌ . به‌لام خه‌ڵکی کوردستان گه‌رچی شۆراکانیان له‌ ده‌ستدا به‌ڵام هێشتا به‌ داگیر کاری رازی نه‌بوون جارێکی تر راپه‌رین و  حکومه‌تی به‌عسیان له‌ کوردستان وه‌ ده‌ر نایه‌وه‌ و کوردستان ئازاد کرایه‌وه‌ . ئه‌نجا ئه‌م دوو حیزبه‌ خۆیان گرێدایه‌وه‌ به‌ به‌رژوه‌ندیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و بوونه‌ دوو هێزی سه‌ره‌کی  له‌ پێکهێنانی سیناریۆی ره‌ش له‌ عێراقدا وه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ک فرسه‌تێکی گونجاو بیقۆزنه‌وه‌ بۆ جیا کردنه‌وه‌ی کوردستان پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ زیاتر له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون کوردستان ببستنه‌وه‌ به‌ عێراقه‌وه‌ .به‌ دوو میلیشیاوه‌ به‌ ناوی( پێشمه‌رگه‌) ده‌سه‌ڵاتیان پێ درا له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه  توانیان به‌ته‌واوی ئیحتوای ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی خه‌لک بکه‌ن . زۆری نه‌بر‌‌د که‌وتنه‌ وێزه‌ی یه‌کترو له‌ سه‌ر به‌ تاڵان بردنی سامانی خه‌لک شه‌ڕێکی ناوخۆیان ئه‌نجام دا که‌ ناوماڵه‌کان و شوێنی کارو ژیانی خه‌لک کرایه‌ مؤڵگاو سه‌نگه‌رگرتن له‌ یه‌کتر له‌ چه‌ندین شارو شاورۆچکه‌دا،  یه‌کتریان راو ده‌ناو له‌ یه‌کتریان ده‌کوشت و ته‌نانه‌ت درێغیان له‌ کوشتینی ئه‌سیری یه‌کتر  نه‌کردو ره‌حمیان به ژن و مناڵی یه‌کتر نه‌کردو تا ئێستاش به‌ ده‌یان که‌س نادیارن و که‌س وکاریان به‌ دوایاندا ده‌گه‌ڕێن و داوای داداگایی تاوانبارانی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌که‌ن‌،                                  

 

31ی ئابی 1996 ئه‌و رۆژه‌ بوو که‌ له‌ درێژه‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا خرایه‌ سه‌ڕ په‌ره‌ی‌ مێژووه‌ ڕه‌شه‌که‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌ . پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ هێزی خۆیانه‌وه‌ نه‌یانده‌توانی هه‌وڵیر و شاره‌کانی تری کوردستان له‌ ده‌ست یه‌کێتی نێشتمانی کوردستان وه‌رگرنه‌وه‌ . ئه‌مجاره‌ به‌ پیلانێکی هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی فاشی به‌عس په‌لاماری شاری هه‌وڵیر و پاشان هه‌ندێ شارۆچکه‌و ئه‌نجا په‌لاماری سلێمانیانداو له‌ ده‌ست یه‌کێتی و ئۆپۆزسیۆنی ئه‌وکاته‌یان وه‌رگرته‌وه‌ قوربانیه‌کی زۆر درا له‌م هێرشه‌ هۆلاکۆیانه‌ی پارتی و به‌عسدا بۆ سه‌ر هه‌وڵیرو شارو گونده‌کانی کوردستان. پاش ماوه‌یه‌کی کورت زۆربه‌ی شاره‌کان ئازاد کرانه‌وه‌ له‌ پارتی وه‌رگیرانه‌وه‌ ته‌نها هه‌وڵیر نه‌بێ  .پاکانه‌ی پارتی بۆ پیلانه‌ی هاوبه‌شه‌که‌ی له‌ گه‌ڵ به‌عسدا‌ زۆر بی مانا  و زه‌عیف بوو  ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ یه‌کێتی سۆپای  ئێرانی هێناوه‌ته‌ کوردستان بۆیه‌ ئه‌مانیش ده‌بابه‌وله‌شکری به‌عس ده‌هێننه‌ کوردستانه‌وه‌،  ‌( مێژووی ئه‌م دوو هێزه‌ی کوردایه‌تی ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری  کردن بووه‌ له‌ نێوان  حکومه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان و ئیسراێل و ئه‌مه‌ریکا  . ده‌یه‌ی شه‌سته‌کان جه‌لال تاله‌بانی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق بوو ،که‌چی بارزانی له‌گه‌ل ئێران بوو ، له‌ سه‌ره‌تای هه‌فتاکاندا تاهه‌فتاوچوار بارزانی هاته‌وه‌ لای حکومه‌تی به‌عس راوی شۆعیه‌کان و خه‌لکی ئازادیخوانیان ده‌کرد ، له‌ نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاکانه‌وه‌ تا ده‌یه‌ی هه‌شتاکان بارزانی دووه‌م و سێه‌م ( مه‌سعود و ئێدریس ) لایاندایه‌وه‌ به‌لای حکومه‌تی ئێراندا ، ئه‌نجا تاله‌بانی و نه‌وشیروان به‌ لای سوریا و پاشان چوونه‌وه‌ به‌غدا لایاندایه‌وه‌ به‌لای حکومه‌تی به‌عسدا ، ئه‌نجا جاریکی تر هه‌ردوولایان پێکه‌وه‌ چونه‌وه‌ ئیران و دواتر هه‌ردووکیان پێکه‌وه‌ چوونه‌وه‌ به‌غدا و دواتر شه‌ری ناوخۆێ که‌ ده‌ستی پیکرده‌وه‌ تاله‌بانی و حیزبه‌که‌ی چوونه‌وه‌ لای ئێران  ، پارتی چوویه‌وه‌ به‌لای به‌عسدا پیکه‌وه‌ کاره‌ساتی 31 ئابیان خۆڵقاند.  گه‌وره‌ترین تاوانێک له‌ شه‌ره‌دا کرا ئه‌وه‌ نه‌بوو که‌ خه‌ڵکێکی زۆر له‌م هێرشه‌ وه‌حشیگه‌ریه‌دا کوژرا یا سه‌قه‌ت کرا یا ئاواره‌ بوو له‌وه‌ گه‌وره‌تر ئه‌وه‌ بوو دژی خواستی نه‌مانی داگیرکاری بوو له‌ لایه‌ن خه‌لکی کوردستانه‌وه‌ ،‌ خه‌ڵکی کوردستان  که‌ به‌ خه‌بات و قوربانییه‌کی زۆر به‌عسیان له‌ کوردستان وه‌ ده‌ر نابوو که‌چی پارتی ده‌ستیان گرتن هێنانیانه‌وه‌ ، داگیرکردن کۆتایی هاتبوو پارتی بۆ به‌عسی داگیر کرده‌وه‌ ، واته‌ ئه‌م خواسته‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ ژێر پی نرا.                   

ئامانج له شه‌ڕی ناوخۆیان وه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مرۆیان چی بوو ؟  هێشتنه‌وه‌ی سته‌می میللی و  ده‌ست گرتن به‌ سه‌ر سامان و سه‌روه‌تی خه‌لکی کوردستان و پیاده‌ کردنی یاساکانی حکومه‌تی به‌عس و سه‌رکوتی ئازادی سیاسی و ئازادی بیرورا وئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و تیرۆری که‌سانی سیاسی موخالیف و رۆژنامه‌نوسان ، نا ئارام کردنی فه‌زا  بۆ ده‌ربرینی بیرورا و خۆیشاندان و مانگرتن و رێکخراو بوون  و بواردان به‌ ئێران و تورکیا به‌ ئاره‌زووی خۆیان بێنه‌ ناوخاکی کوردستانه‌وه‌ ،به‌ تۆپ و ته‌یاره‌و له‌شکریانه‌وه‌ په‌لاماری کوردستان بده‌ن ،‌له‌ ساڵی 91ه‌وه‌ بگره‌  تا ئه‌مرۆ هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفال هه‌ر له‌ جی ی خۆیه‌تی  ، خه‌لکی کوردستان له‌ سه‌ره‌تایی ترین خزمه‌تگوزاری که‌ کاره‌باو ئاوه‌ بێ به‌شن ، بێکاری و هه‌ژاری ئاواره‌ بوونی سه‌دان هه‌زار که‌س، کوشتنی ژنان ،بێ مافی لاوان، مناڵان، کریكار،  خه‌لکی زه‌حمتکێش  ، به‌رتیل ، واسته‌ ، ته‌زکیه‌ی حیزبی ، کۆنه‌په‌رستی ملیارده‌ری سه‌رکرده‌کان و هه‌لپه‌رسته‌کان ، له‌ به‌رهه‌مه‌کان و کاریگه‌ریه‌کانی  شه‌ری ناوخۆ و هاوپه‌یمانی و هاوده‌ستی پارتی و یه‌کێتیه‌  ، به‌ کورتی  چ له‌ شه‌ری ناوخۆیان و چ له‌کاتی هاوپه‌یمانی ئه‌مرۆیان ئه‌وانه‌ دۆژمنایه‌تی   ئامانج و به‌رژوه‌ندیه‌کانی خه‌لکی کوردستانیان کردووه .                               

 

1/9/2010‌

 

 ‌