نه له‌ ‌لای دیمستۆرا نه‌لای ناسیونالیزمی کورد رای خه‌ڵک گرنگ نیه!

سه‌ردار عه‌بدوللا حه‌مه                                                

کاتی ستیڤن دیمستۆرا به‌شی یه‌که‌می پێشنیاره‌که‌ی خسته‌ به‌ر ده‌سه‌ت یه‌کسه‌ر بووه‌ جێگای هات و هاواری ناسیونالیزمی کورد ، گوایه‌ ئه‌وه‌ دژ به‌ خه‌ڵکی کوردستانه‌ و دیمستۆرای به‌رژه‌وندی ئه‌م خه‌لکه‌ی له‌ به‌ر نه‌چاو نه‌گرتووه‌  .وه‌به‌دوای ئه‌مه‌دا ژما‌ره‌یه‌ک نوسه‌ری ناسیونالیستیش به‌ شێوه‌ی جۆراو جۆر نارازی بوونی خۆیان دژ به‌و پێشنیاره‌ نیشان دا. بێ ئه‌وه‌ی هیچکام له‌مانه‌ حیسابێک بۆ ئیراده‌ی خه‌لکی بکه‌ن ..

دیمستۆرا به‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ئه‌م پیشنیاره‌ی کردوه‌ بۆیه‌  ئیتر ئه‌وه‌ به‌ رێگا چاره‌ی ئه‌م رێکخراوه‌یه‌ دائه‌نرێ بۆ چاره‌سه‌ی کێشه‌کان له‌ نێوان حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا. دیاره‌ پێشنیاره‌که‌ی ‌هێشتا ماویه‌تی ده‌یه‌وێ پاش بینینی هه‌ڵوێسته‌کان ئه‌نجا به‌شی دووه‌می بخاته‌ روو ئه‌گه‌ر چی دیمستۆرا  قسه‌یه‌کی روونی نه‌کردوه‌ له‌ سه‌ر که‌رکوک که‌ ئه‌سڵی کێشه‌کانیش له‌وێ یه‌ یه‌ به‌لام وا بروا رێگا چاره‌که‌ی بۆ ئه‌ویش له‌وه‌ باشتر نیه‌.

به‌ پێ ی پێشنیاری یه‌که‌می دیمستۆرا هه‌ریه‌ک له‌ مه‌نده‌لی  وخه‌راج و حه‌مدانیه‌  ده‌خرێنه‌ ژێر رکێفی حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عێراق و ئاکرێ و مه‌خموریش بۆ هه‌رێمی کوردستان ! له‌ولاوه‌ ناسیونالیزمی کورد ده‌ڵێ : ئاکرێ و مه‌خمور هه‌ر له‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بووه‌ له‌م نێوه‌دا مه‌نده‌لی و خه‌راج و حه‌مدانیه‌ی له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن بۆیه‌ ئه‌مه‌ ناعادیلانه‌یه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوولا کام پێوه‌ریان پێ یه‌ بۆ عادل بوون یا نه‌بوونی ئه‌م چاره‌سه‌ره‌؟

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان 17 ساله‌ خه‌لکی کوردستانیان به‌ چاره‌نوسێکی نادیاره‌وه‌ ‌هێشتوه‌ه‌ته‌وه‌ و لێ گه‌راون حیزبی به‌عس و ولاتانی کۆنه‌په‌رست هه‌رچیان ویستبێ ئه‌نجامی بده‌ن لێ گه‌راون ئه‌حزابی ناسیونالیزمی کورد هه‌رچی سه‌ر‌وه‌ت سامانی خه‌لکی کوردستان  به‌ تاڵان ببه‌ن هیچ حسابێک بۆخه‌لک  نه‌که‌ن . ده‌بوو نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان سه‌ره‌تا بهاتنایا ده‌نگدانێکیان ئه‌نجام بدایه‌ بزانن خه‌ڵکی کوردستان چی یان ده‌وێ ؟ ده‌یانه‌وێ جیا ببنه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆ بن یا له‌ گه‌ل عێراق بن ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره‌ بکرایه‌ له‌ رێگای ریفراندۆمێکه‌وه‌ کار نه‌ ئه‌گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ماده‌ی 140 دابنێن پاشان لێ ی دوو دڵ بن دواتر ڕێگای پێچاو پێچی تر بگرنه‌ به‌ر و کێشه‌کان ئاڵوزتر بکه‌ن . جارێ وه‌رن بریار بده‌ن کوردستان چی لێ ده‌که‌ن ئه‌وجا وه‌رن باس له‌م کێشانه‌ی تر بکه‌ن .حیسابێک بۆ ئیراده‌ی خه‌لک بکه‌ن. پرۆژه‌ پێشنیاره‌ عه‌مه‌لیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان نه‌ک هه‌ر دوورن له‌ رێگا چاره‌ی واقیعی بۆ کێشه‌کان به‌ڵکو دوورن‌ له‌و بریار و به‌ر‌نامانه‌ی خۆشیان که‌ ده‌یان  سال له‌وه‌و پێشتر دایانرشتوه‌ وه‌ک له‌ یه‌کێ له‌ به‌نده‌کانی به‌رنامه‌ی خۆیدایه‌ که‌ ده‌ڵێ (ریفراندۆم بۆ جیابونه‌وه‌ یا پێکه‌وه‌ ژیانی    میلله‌تانێ که‌ کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ ڕێگا چاره‌یه‌) ، که‌چی ئه‌وان ئێستا ئه‌م جۆره‌ رێگایه‌ هه‌ر باس ناکه‌ن له ‌ کوردستان و  عێراقدا . هه‌ر گوێ ی خۆشیان که‌ر کردوه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م داوایه‌دا که‌ 17 ساله‌ خه‌لکی کوردستان و خه‌لکی کۆمۆنیست و ئازادیخواز رایانگه‌یاندووه‌ که‌ ده‌بێ له‌ کوردستان ریفراندۆمێک بکرێ و کوردستان جیا بێته‌وه‌ ئه‌مانه‌ی ئێستا پێشنیاری ده‌که‌ن خۆی نه‌ک چاره‌سه‌ر نین به‌لکو رێگا خۆش ده‌که‌ن بۆ هه‌لگیرسانی شه‌ری قه‌ومی و تایفی  زیاتر ..وه‌.ته‌نانه‌ت له‌مرۆشدا که‌  باس له‌وه‌ ده‌که‌ن فڵان ناوچه‌ بۆ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی فلان ناوچه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌ بێ وه‌رگرتنی ده‌نگی خه‌لک و رای خه‌لک ، ناوه‌رکێکی به‌تاڵه‌!! کێ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ده‌نگدان بکرێ له‌و ناوچانه‌دا سه‌ره‌نجامه‌که‌ی وا ده‌بێ که‌ ئه‌مرۆ دیمستۆرا و ریکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کرگرتوه‌کان پێشنیاری ده‌که‌ن یا کێ ده‌ڵێ وا ده‌بێ که‌ ناسیونالیزمی کورد ده‌یه‌وێ ؟  جارێ وه‌رن رای خه‌لک وه‌رگرن ریفراندوم بکه‌ن بزانن خه‌لکێک هه‌یه‌ وئینسانن له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژین هه‌قی ئه‌وه‌‌یان هه‌یه‌ چۆن ژیانی خۆیان دیاری بکه‌ن و له‌ گه‌ل کێ بژین ‌؟ .

ئه‌وه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای عێراق حیزبه ‌قه‌ومیه‌ عه‌ره‌بی و تورکمانه‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان هه‌ریه‌که‌یان پێشبرکێ ی ئه‌وه‌یانه‌ زیاترین ناوچه‌ و زۆرترین شار و زۆرترین خه‌لک له‌ ژیر رکێفیان بێ بۆ ئه‌وه‌ی زیاترین سه‌روه‌ت و سامان بکه‌وێته‌ ژیر چنگیان کێشه‌ی ئه‌وانه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م هه‌ده‌فه‌یه‌. بۆ راستی ئه‌م قسه‌یه‌ش چاوێ بگه‌ڕێن به‌ سه‌روه‌ت و سامانی ده‌سه‌لاتداران که‌ له‌ماوه‌ی چه‌ندین سالی ده‌سه‌لاتیاندا کۆیان کردۆته‌وه‌ به‌هۆی خه‌لکی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ژیر ده‌سه‌لاتیاندا بووه‌ ئێستاش هه‌ر به‌ دوای ئه‌م ئامانجه‌وه‌ن  و  هه‌ر بۆ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ده‌یانه‌وێ شاری که‌رکوک و هه‌ندێ ناوچه‌ی تر  بکه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتیان.

ئه‌وه‌ی که‌ باس ناکرێ له‌م کیشانه‌دا مه‌سه‌له‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و رای خه‌لکه‌ و به‌رپاکردنی ریفراندۆمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ک چاره‌نوسی خه‌لکی کوردستان و خه‌لکی ئه‌و شارانه‌ی کێشه‌یان له‌ سه‌ره‌ دیاری بکرێ . هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ به‌ دوای به‌رژوه‌ندی خه‌لک و‌ ژیانێکی باشتر و چاره‌نوسێکی باشتر بۆ خه‌لکی کوردستان و عیراق بێ ، ئه‌وه‌ نه‌ دیمستۆرا و نه‌ ئه‌مه‌ریکا و نه‌حکومه‌تی تایفی ودینی عێراقه‌ و نه‌ ئه‌حزابی ناسیونالیستی کورده‌ ئه‌وه‌ کۆمۆنیسته‌کان و به‌ تایبه‌ت حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراقه که‌ شێلگیرانه‌ تێ ده‌کۆشن بۆ به‌ دی هێنانی ریفراندۆمێک له‌ کوردستان وله‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ کێشه‌یان له‌ سه‌ره‌ وبۆ به‌ دیهێنانی چاره‌نوسێکی رۆشن و ژیانێکی باشتر بۆ خه‌لکی کوردستان .

18/6/2008