پەیامی( سەردار عەبدوڵا حەمە ) بۆ خەڵكی ئازادیخوازی ھە ڵەبجە و ھۆرامان

 

ئازیزانم !

 

خۆپیشاندانەكانی ئێوە لە ھەڵەبجە دووبارە ئەو ڕاستیەی سەلماندەوە كە ئێوە ھەروەك چۆن  زوڵم وسەركوت و ناعەدالەتیتان لە حكومەتی بەعس قبوڵ نەكرد  ھەروا لە دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و ڕاوڕووتكەری پارتی و یەكێتیشی قبوڵ ناكەن . ساڵانی  حەفتاكان وھەشتاكان ئێوە چەندین خۆپیشاندان ناڕەزایەتیتان ئەنجام دا لە دژی حكومەتی بەعس ئەو كاتە كە منیش لە گەڵتان بووم وە شانبەشانی ئێوە دەچوینە سەر جادەكانی كانی قوڵکە و پاشا و پیر محمد و كانی عاشقان و سەراو ناوەڕاستی بازار ، ھیچ سڵمان نە ئەكردەوە لە  گووللە ودەبابەو تەیارەو سەمتیەكانی ڕژێمی فاشیستی بەعس ، دڵنیام ئێوە ونەوەكانی ئەمرۆی ھەڵەبجە بە ھەمان شێوە سڵ ناكەنەوە لە دستڕێژی گووللەو لە چەقۆ بەدەستەكانی  دسەڵاتدارانی ئەمڕۆ كە بە ناوی كوردایەتیەوەو بە ناوی دیموكراتیەوە ھەمان زوڵم ستەمیان لە سەر ئێوە ھێشتوەتەوە .

بیست ساڵە تاڵاوو ژەھراوی ئەم دەسەڵاتەی كوردایەتی ئەچێژن ، بیست ساڵە ئێوە جێگای دونیا نەما پڕی نەكەن لە ھاوارو ناڵەی خۆتان سەبارەت بە ئاوەدان نەبوونەوەی شار و نەبوونی خزمەت گوازاریەكان و  بە فریانەكەوتنی  برینداران و كەس وكارانی كیمیا باران. بەڵام كاربەدستانی دەسەڵاتی كوردایەتی نەك  ھەر گوێ پێ نەداون و خواستەكانی ئێوەی ھەڵداوەتە ناو زبڵدانەوە لە ھەمان كاتدا لە سەر حیسابی ئێوە خۆیان كردوەتە ملیاردەرو ملیۆنەر بەوەوە نەوەستاون كە چەندین كۆشك و تەلاری ڕازاوە لە كوردستان بۆ خۆیان بنیات بنێن بەڵكو پارەكانیان لە بانكەكانی دەرەوەدا دەخەوێنن . دیارە ئێوەش ئەم ڕاستیانە چاك دەزانن بۆیە ئەمڕۆ ھاتوونەتە سەر جادە وداوای كۆتایی ھێنانی ئەم نا عەدالەتیە و ئەم  بارو دۆخە دەكەن.

من پشتیوانی خۆم بۆ داواكانتان را دەگەیەنم لە ھەمان كاتدا داوا دەكەم تەنھا بەخواستەكانی خۆتان ڕازی نەبن جگە لە خواستە مەحەلەیەكانتان خواستەكانی مەیدانی ئازادی سلێمانیش بكەنە خواستی خۆتان ،ئێوە بەشێكن لە خەڵكی كوردستان ھەموو پێكەوە یەك ئامانجتان ھەیە ئەویش نەمانی نایەكسانی و بە دی ھێنانی ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی و كۆبوونەوەو خۆپیشاندانە ، ھەموو دەتانەوێ دسەڵاتی حیزب بە سەر ھاوڵاتیانەوە نەمێنێ ، تاوانباران و بكوژانی خەڵكی بێ دیفاع دادگایی بكرێن و بە سزای خۆیان بگەن .

ھەرەوھا داوام لە خەڵكی ھۆرامان ئەوەیە پشتیوانی لە خەڵكی ھەڵەبجە و سەرجەم خەڵكی كوردستان بكەن ، لە ناو مەیدانەكانی شارۆچكەی تەوێڵەو بیارەو خۆرماڵ  كۆببنەوە و كۆبوونەوە خۆپیشاندانی ھەزاران كەسیتان ئەنجام بدەن . تەماشا بكەن چۆن دسەڵاتدارانی یەكێتی و پارتی پشتیوانی لە  شێخ وبەگ و سەرمایەدارەكانی ھەورامان دەكەن و ئێوە فەرامۆمش دەكەن ، دەبێ ئێوەش ھاوپشتی بكەن لە كرێكاران و زەحمتكێشان وژنان و لاوانی كوردستان  تا بەدی ھێنانی خواستەكانتان.

خەڵكی ئازادیخوازو یەكسانی خوازی ھەڵەبجە ؛

درۆ وبوختان چەواشە كاری وتۆمەتەكانی دسەڵاتداران  لە ڕێگای میدیاكانیانەوەو لە ڕێگای كەسانێكی بە ناو رۆشنبیری خەلكی ھەڵەبجەو بە تایبەت  كەسانێكی ھەلپەرستی وەك( ئازاد تۆفیق) ساردتان نەكاتەوە لە خۆپیشاندان و كۆبوونەوەكانتان.

 خۆشەویستانم

 ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆ لە كورردستان  نایەوێ خواستەكانی ئێوە  دابین بكا چونكە بە دیھێنانی خواستەكانی ئێوە  ھاوتایە لە گەڵ مەرگی خۆیان ، تەمەن و ژیان و دەسەڵاتی ئەوان ھاوتایە لەگەڵ سەركوت و ناعەدالەتی و نایەكسانی . ژیانێكی مۆدێرن و سكولاریست  بۆ خەلكی كوردستان لە قازانجیان نیە، نایانەوێ بێكاری و گرانی و برسیەتی بنبڕ بكرێ ، نایانەوێ ئازادی بێ قەیدو شەرتی سیاسی ھەبێ و دین لە دوڵەت جیا بێ ، ئازادی خۆپیشاندان وبیرو ڕا ھەبێ و نایەنەوێ ژنان لەگەڵ پیاوان یەكسان بن ، نایانەوێ منداڵان ومێرد منداڵان و گەنج و لاوەكان ژیانێكی ھاوچەرخیان ھەبێ . بۆیە دەبێ (" نا " بۆ ئەم دەسەڵاتە) ئامانجتان بێ وە بەدیھێنانی  دەسەڵاتی راستەوخۆی خۆتان لە ڕێگای شوراكانەوە بە دوور لە دەسەڵاتی حیزبی ئامانجتان بێ . لەم رێگایەوە دەكرێ دەسەڵاتی حزب بە سەر ھاوڵاتیانەوە كۆتایی پێ بێ ، دەسەڵاتی شوراكان ئەو دەسەڵاتەیە كە ئیرادەی خۆتان دەھێنێتە مەیدان و ئینسانی بوونی ئێوە دەسەلمێنی . بە كۆبونەوەتان لە گەڕەك و كارگاو ئیدارەكان و ھەڵبژاردنی نوێنەری خۆتان دەتوانن دەسەڵاتی شاروناوچەكانی خۆتان بگرنە ئەستۆ وە نوێنەری ئێوە دەتوانێ لە دەسەڵاتی مەركەزیدا بێ ، دەسەڵاتی شورایی ئەوەیە ھەر كات نوێنەرەكانتان نەیانتوانی ئامانج و خواستەكانی ئێوە دابین بكا دەتوانن لایان ببەن نوێنەری تر دابنێن.

 

سەركەوتوو بێ شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان

بژی ئازادی یەكسانی  

بژی دەسەڵاتی راستەقینە و راستەوخۆی خەڵك

 

 

٢٥/٣/٢٠٠١١