سه‌باره‌ت به خۆ پیشاندانی ناوچه‌کانی ناوه‌ڕاستی عێراق و سه‌رنجێک له سه‌ر چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی عوسمانی حاجی مارف له بڵاو کراوه‌ی " ئۆکتۆبه‌ر"دا
سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ناکۆکیه‌کان له کۆمه‌ڵگادا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کێشمه‌کیشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی نێوان چینه‌کان به تایبه‌ت له ناو کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ناکۆکیه چینایه‌تیه‌ی نێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریا. (ده‌بێ له ڕواڵه‌تی دیارده‌کان بچینه ناواخانیان تا بزووتنی دیارده‌که بناسین و دیاری بکه‌ین ئه‌و کات پراکتیکی دیاری کراوی بۆ ئه‌نجام بده‌ین ) ئه‌مه بنچینه‌ی لێکدانه‌وه‌ی مارکسیستانهیه بۆ هه‌موو دیارده‌کان له کۆمه‌ڵگادا. جیاوازی لێکدانه‌وه‌ی دیارده‌کان له‌وه‌دایه که به‌شێکیان له ته‌فسیری ڕواڵه‌تیانه‌ی دیارده‌که تێ ناپه‌ڕن هه‌ربه‌و جۆره‌ی ده‌بینن که وێنه‌که‌ی دیاره به‌شێکی تریان ده‌چن ده‌گه‌ڕێن بۆ بزووتنی ناوه‌وه‌ی دیارده‌که ئه‌نجا لیکدانه‌وه‌ی له سه‌ر ده‌که‌ن . .
له به‌رانبه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌کانی ئه‌نبار و سه‌لاحه‌دین و سامراو موسل و دیاله و که‌رکوک هه‌ردوو لێکدانه‌وه‌کان وههلوێستگیریهکان خۆیان ده‌رده‌خه‌ن .
کؤمه‌ڵگای عێراق به‌شێکی دانه‌بڕاوه له جیهانی سه‌رمایه‌داری و ناکۆکیه چینایه‌تیه‌کان تێدا به‌رده‌وامه که هه‌ر جاره‌ی به جۆریک سه‌رهه‌لده‌داته‌وه . له عێراقدا به‌شێکی که‌م ده‌وڵه‌مه‌ندو زۆربه‌ش هه‌ژاره. زۆربه‌ی کۆمه‌لگا بێ به‌شه له ژیانیکی ئینسانی و له سه‌ره‌تای ترین مافی ئینسانی و پێداویستیه‌کانی رۆژانه‌ی مه‌حروم کراوه ، له عێراقدا نا ئه‌منی و تیرۆر و بێ‌کاری و گرانی و برسیه‌تی وبی خزمه‌ت گوزاری و سه‌رکوت و ئیعدام وزیندانی سیاسی هه‌ر له زیاد بووندان . ده‌ه‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و که‌مایه‌تیه بکا پێویستی به داسه‌پاندنی سه‌رکوت و زیندان وئیعدام هه‌یه . له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌لاتیشدا هێز گه‌لێکی کۆنه‌په‌رست که نه‌یانتوانیوه ده‌سه‌ڵات بگرن ناکۆکی یان هه‌یه له سه‌ر کورسی ده‌سه‌لات ئه‌م هێزه کۆنه‌په‌رستانه هه‌ول ئه‌ده‌ن خۆیان بخزێنه ناو ناره‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کان ته‌نانه‌ت مۆرکی تایفه گه‌ری خۆیان له ناره‌زایه‌تیه‌کان بده‌ن و خۆیان بکه‌نه خاوه‌نی ، تا مه‌سه‌له که وای لێ دێ میدیای بۆرژوازی جیهانی دێت ئه‌وانه به خاوه‌نی شۆڕش و ناره‌زایه‌تیه‌کان له قه‌ڵه‌م بده‌ن له‌وه‌ش خراپتر به‌شێک له چه‌پی کۆمه‌لگا خوێندنه‌وه‌ی خۆی ده‌کا له سه‌ر ئه‌و مۆرک پێدانه و لێکدانه‌وه‌کانی له ئاستی ڕواڵه‌تی مه‌سه‌له‌کان تی ناپه‌ڕێ.
راسته‌کان دوو به‌شن به‌شکیان ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه به ده‌سکردی القاعیده و به‌عسیه‌کان ده‌زانن بۆیه ده‌بێ له دژیان بوه‌ستنه‌وه ، به‌شێکی تریان پێیان وایه هۆی ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ مالیکی که شه‌ڕی تایفی ڕاگه‌یاندووه وه وسونه‌کان سه‌رکوت ده‌کا بۆیه پشتیوانی له خۆپیشاندانه‌کان ده‌که‌ن وهداواکانیان به‌ره‌وا ده‌زانن دیاره ئه‌م به‌شه‌یان خۆیان ناکۆکیه‌کی پێشووتریان هه‌یه له سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌شکردنی سامانی کۆمه‌ڵگا. لێکدانه‌وه‌یه‌کی تر و ته‌فسیریکی تر که خۆی به چه‌پ و کۆمۆنیست ده‌زانێ ئه‌م دیارده‌یه هه‌روا ده‌بینێ که باڵه‌کانی بۆرژوازی ته‌فسیری بۆ ده‌که‌ن که گوایا ئه‌وه ته‌نها ناکۆکیه‌کی نێوان باڵه قه‌ومی و تایفیهکانه پاڵپێوه‌نه‌ری ئه‌م نارهزایهتیانهیه و بار‌و دۆخه‌که‌ی به‌م جۆره مه‌ترسیداره گه‌یاندوه. ئه‌وه نابینن سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه ئه‌و ناکۆکیه چینایه‌تیه‌یه که رۆژانه هه‌یه له سه‌ر ئه‌و مه‌سائیلانه‌ی پێشتر ناوم بردن ، ئه‌سڵی کێشه‌که له نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدایه به‌ڵام هه‌ر جاره‌ی به جۆرێک سهرههڵدهداو هیزگهلێکی کۆنه‌په‌رست دهیقۆزنهوهو ده‌یانه‌وێ به قازانجی خۆیان بیشکێنهوه . ئه‌مرۆ ده‌ڵێن ئه‌وه شه‌ڕی شیعه و سوونه‌یه نه‌ک شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک ، کاتێ( شه‌هرستانی) که سه‌ر به لیستی سونیهکانه واته لیسی عێراقیه‌یه چووه لای خۆپیشانده‌رانی ئه‌نبار بهرداباران کرا و به هه‌زارحاڵ پاسه‌وانه‌کانی له ده‌ستی خه‌ڵکی توڕه رزگاریان کرد ، ئه‌و پێی وابوو ڕێزی لی ده‌گرن چونکه سونه‌یه به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه بوو وه ئه‌وه نیشانی دا که ناره‌زایه‌تیه‌کان له دژی ده‌سه‌ڵاته نه‌ک له دژی شیعه‌کان. به ده‌یان هه‌زار که‌س دێنه سه‌ر جاده داوای ئازادی زیندانه‌کان و نه‌مانی ڕه‌شبگیری و ماده‌ی 4 تیرۆر ده‌که‌ن و داوای خزمه‌ت گوزاری ده‌که‌ن و داوای ده‌ست هه‌لگرتن له چه‌وساندنه‌وه‌ی سونه‌کان ده‌که‌ن ، ئه‌مانه هه‌موو خواستی ئینسانی و بهرههقن، ئه‌مانه خواستی ئینسانی مه‌حرومن . ئه‌وه‌ی چاوی رواڵه‌ت بینه‌کانی کوێر کردوه ئه‌وه‌یه که ئه‌مانه ده‌ڵین : له گرتنی پاسه‌وانه‌کانی وزیر مالیه رافع العیساوی خه‌لک ده‌ستیان دایه ناره‌زایه‌تی وه له سه‌ر بانگه‌وازی مه‌لاکانی سونه له خوتبه‌کانی جمعهوه سه‌ریان هه‌ڵدا. ئه‌گه‌ر وادابنێن ئه‌م خۆپیشاندانانه بۆ یه‌ک مه‌به‌ستیشه ئه‌ویش له به‌ر ئه‌وه‌یه سوونه‌کان به ده‌رجه دوو چاو لێ ده‌کرێن بۆیه نارازین و هاتونه‌ته سه‌ر جاده وه‌کو که‌سانێک رێزیان لێ ناگێری له به‌ر ئه‌وه‌ی بیر‌و رای جیاوازیان هه‌یه سه‌رکو ت ده‌کرێن ئێعدام ده‌کرین و زیندانی ده‌کرێن به بڕوای من ئه‌مه جێگای پشتیوانیه با من ئیسلام نه‌بم و سونه‌ش نه‌بم هه‌روه‌ک چۆن پشتیوانی له هه‌ر نارهزاتیهک دژی کوشتنی به کۆمه‌ڵی موسلمانه‌کانی بۆرما ده‌که‌م . پشتیوانی له هه‌ر نارهزاتیهک ده‌که‌م که‌دژی کۆمه‌لکۆژی جوله‌که‌کانه له لایه‌ن هیتله‌ره‌وه له سه‌ده‌ی پێشوودا ، پشتیوانی له‌نا ره‌زایه‌تی ره‌ش پێسته‌کان ده‌که‌م له دژی سیاسه‌تی ره‌گه‌ز په‌رستی ، یا پشتیوانی له هه‌ر ناره‌زایه‌تیه‌ک ده‌که‌م له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تورکیا سه‌باره‌ت به بێ مافی خه‌لکی کوردستانی ئه‌و وولاته ، ئه‌گه‌ر چی من موسلمان یا جوله‌که یا ره‌ش پیست و قه‌وم په‌رستیش نیم هه‌ر ئاواش ده‌بێ ئه‌مرۆ پشتیوانی له‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ی عێراق بکه‌م... که‌وایه ئێمه‌ێش ده‌بێ پشتیوانی له نا رهزایهتییهکانی ئه‌مرۆ بکه‌ین به‌ڵام نه‌ک هه‌مان شعار و هه‌مان ئاڵایه‌ک به‌رز کراوه‌ته‌وه ئێمه‌یش به ده‌ستیه‌وه بگرین. ئێمه ده‌بێ له هه‌موو ڕه‌وته سیاسیه‌کانی تر به ڕۆشنتر داوای ئازادی بکه‌ین داوای یه‌کسانی بکه‌ین.
من به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌کانی سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان (عوسمانی حاجی مارف)م که له گفتوگۆکه‌ی له گه‌ڵ بڵاو کراوه‌ی( ئۆکتۆبه‌ری ژماره 114) دایه که ده‌ڵێ:" پێویسته ئاگاداری ئه‌وه‌بین ناوی ئه‌وه‌ی خرۆشانی خه‌لک له‌و شارانه‌دا هه‌ندێ خواستی به‌رهه‌قی تێدایه نه‌مانخاته ناو ته‌ڵه‌ی هه‌ڵوێستی پشتیوانی له خۆپیشاندانه‌کان " واته ئه‌م خۆپیشاندانانه جێگای پشتیوانی لێ کردن نین وه له ئاکامدا به‌وه ده‌گا که خه‌لک له ماڵه‌وه دانیشن وبه‌شداری نه‌که‌ن له‌و ناره‌زایه‌تیانه چونکه مه‌ترسیداره. یه‌که‌م جار له روسیا له ساڵی 1905 قه‌شه‌یه‌ک بانگه‌وازی خه‌ڵکی روسیای کرد بۆ خۆپیشاندان له دژی قه‌یسه‌ر که 200.000 که‌س به‌شداریان تیدا کرد ئه‌و کات حیزبه تازه‌که‌ی لینین پشتیوانی لێ کرد و به‌شداریشی تێدا کرد ، شۆرشی 1905 له‌وێوه ده‌ستی پێ‌کرد ئیتر درێژه‌ی کێشا تا سه‌رکه‌وتنی شۆرشی سۆسیالیستی له سالی 1917 دا. ته‌نها بلیخانۆف په‌شیمان بوو له‌و پشتیوانی کردنه‌ی حیزبه‌که‌ی له‌و خۆپیشاندانه‌و له‌و شۆڕشه‌دا .
ئایا ئه‌رکی حیزبی شۆڕشگێری کۆمۆنیستی ئه‌وه‌یه به خه‌لک بڵێن مه‌چن و پشتیوانی مه‌که‌ن چونکه هێزی کۆنه‌په‌رستی له پشته‌وه‌یه؟. یا ئه‌رکی ئه‌و ده‌بێ ئه‌وه‌بێ به خه‌لک بڵین ئه‌م خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تیانه په‌ره پێ بده‌ن به‌ره‌و نه‌مانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌ی سه‌رمایه‌داری یه که سه‌رچاوه‌ی هه‌موو کێشه‌و ناکۆکیه‌کانه ، به‌رن وه به‌و خه‌ڵکه بڵێ ته‌نها به‌دیلم ده‌وڵه‌تێكی عه‌لمانیه و وهسۆشیالیزمه نه‌ک به‌دیله کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئیسلامی و به‌عسیه‌کان ، وه ده‌بێ به‌و خه‌لکه بڵین خۆتان رێک خه‌ن و شورای گه‌ره‌ک و کارگه دامه‌زرێنن له ده‌وری حیزبی ئێمه کۆبنه‌وه واته ئاسۆیه‌کی سیاسی رۆشن بدا وه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابێ ده‌ستی ئه‌و کۆنه‌په‌رستانه ببڕی که له‌پشتی ئه‌و نارهزایهتیانهوهن وه ئه‌یانه‌وێ ئیحتوای بکه‌ن وه‌ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شی بۆ نه‌کرا هه‌ر ده‌بێ به‌رده‌وامی بدا به خه‌باتی خۆی له‌م پێناوه‌دا ده‌بی کۆمۆنیسته‌کان له پێشه‌وه‌ی خۆپیشادانه‌کاندا بن . کۆمۆنیسته‌کان پشتیوانیان له شۆڕشی میسر کرد گه‌رچی شۆڕش که‌وته ده‌ست ئیسلامیه‌کانی ئیخوان موسلمین به‌لام هێشتا شۆڕش بهردوهامه وه هیشتا کۆمۆنیسته‌کان پشتیوانی له‌و شۆڕشه‌و له‌و جه‌ماوه‌ره ده‌که‌ن. سوریاش هه‌ر وایه ئایا ئه‌وه دروسته ئێستاله به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئیسلامی و تایفی سووکانی شۆڕ‌شیان به ده‌سته‌وه گرتووه ئیتر بڵێی ی شۆڕش پاشه‌کشه‌ی پێ کراوه ئیتر شۆرش نه‌ماوه له سوریا ؟خه‌ڵکینه برۆن دانیشن ئه‌وه‌ی ئێستاجێگای پشتیوانی نیه ! ئه‌وه له بیر بکه‌ی که ئه‌سڵی ئه‌م شۆرشه بۆ چی بوو وه له پێناو چیدا بوو ؟ خه‌لک هاتن وتیان " الشعب یرید اسقاط النظام" خه‌لک له پیناو ئازادی و نان و که‌رامه‌ی ئینسانی ده‌ستیان دایه شۆڕش کردن . ئایا ڕه‌وایه به خه‌لک بڵێی واز له‌و شیعاره بێنن چونکه شۆڕش له ده‌ستی دژه شۆڕشدایه؟! یا ده‌بێ بڵێی بڕۆ شۆرش له ده‌ستی ئه‌وان وه‌رگرنه‌وه خۆتان به‌رێوه‌ی به‌رن ئه‌مه‌یه ئه‌رکی حیزبی شؤڕشگێر.
ئه‌مرۆ گه‌رچی له ناوچه‌کانی ناوه‌راست و باکوری عێراقدا ناره‌زایه‌تی هه‌یه ده‌کرێ حیزبی شۆرشگێر له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابێ سه‌راسه‌ری بکاته‌وه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابێ شؤڕش رابگه‌یه‌نێ ، بزووتنه‌وه‌ی عه‌فه‌وی بگورێ به بزووتنه‌وه‌ی سیاسی شۆرشگێڕنه وه‌ک لینین کردی ئه‌مرۆش حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری له ئیران و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پ له عێراقدا ده‌یکات. ده‌ڵێم به‌ڵێ ئازادی بۆ سه‌رجه‌م زیندانه سیاسییه‌کان به ژن و پیاوه‌وه ،سزای ئیعدام ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه ، دین له ده‌وڵه‌ت جیا بێته‌وه،ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی باشترین ئه‌لته‌رناتیڤه ، واته ده‌چمه ناو هێزه‌که‌وه بۆ گورینی ریشه‌یی وه له هه‌مان کاتدا هه‌ول ئه‌ده‌م فه‌زاکه بگۆرم و هه‌وڵ ئه‌ده‌م بۆ رادیکال کردنه‌وه‌ی به هێنانه مه‌یدانی ئیراده‌ی یه‌کگرتوانه‌ی کرێکاران زه‌حمه‌تکیشان و خه‌لکی به‌شخوراو ئه‌مه‌یه ئه‌رک و وه‌زیفه‌ی من . ئه‌مه هیچ کات نابێ به هیچ بیانوویه‌که‌وه دوا بخرێ بۆ کاتێکی تر . ئه‌مرۆ سه‌رده‌می شۆڕشه له هه‌موو دونیاله دژی سه‌رمایه‌داری ره‌وا نیه بۆ حیزبێک که خۆی به کۆمۆنیزمی کریکاری ناساندووه ( مه‌به‌ست له هه‌ردوو حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانه) سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه‌ی ئه‌مرۆ له عێراقدا گرێ نه‌داته‌وه به‌م هه‌لومه‌رجه‌ی جیهانه‌وه .
سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه
23/1/2013