سیناریۆكانی پارتی كەڵكی نەماوە ئەوەی ئەگوزەرێ لە كوردستان ئاژاوە نیە و بەڵكو ڕاپەڕینە !
سەردار عەبدوڵا حەمە
ھیج لایەنێ ئەوەندەی پارتی سیناریۆ دروست ناكا ،بەڵام سیناریۆكانیشی بۆ خەڵكانی سەردەمی سەدەی بیست ویەك بە كەڵك نایەن ،چونكە خەڵكی ئەم سەردەمە زۆر لە سیناریۆكانی پارتی ھۆشیار ترن . پارتی خەریكە ئەوە بە خەڵكی كوردستان بڵێ ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە ھیچ شتێك نیە جگە لە گێرە شێوێنییەك نەبێ كە (گۆڕان )لە پشتیەتی . گۆڕان بۆ خۆشی دەڵی من نیم ، رووداوەكانیش ئەو راستیەیان سەلماندووە . لە راستیدا ئەوە جەماوەری ئازادی خوازی كوردستانە ئاڵای خەباتیان ھەڵكردووە بۆ چاك كردنی باری ژیانیان بۆ ئازادی و یەكسانی ، ئەمرۆ ھاتوونەتە سەر جادە و دەیانەوێ وەك میسر و تونس قەڵای ستەم و زۆرداری برووخێننن .
لەسەرەتای شۆڕشەكەی میسردا حوسنی موبارەك ووتی ئەم گێرە شێوینی و ئاژاوەیە ئیخوان مسلمین لە پشتیەتی دەیەوێ دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ اخوان مسلمینیش لە بەیاننامەیەكیاندا ڕایان گەیاند كە ئەوان ھیچ پەیوەندیەكیان بەو رووداوانەوە نیە . ڕاستیەكەشی ھەروا بوو ھەر لەسەرەتای شۆڕشەوە تا سەركەوتنیشی اخوان بانگەوازێكیان نەبوو بۆ شۆڕش، لەوانەیە تاك تاكی ئەندامەكانی بەشداریان كردبێ بەڵام بەشێوەی رێكخراوەیی بەشدار نەبوون تەنانەت لە تەرحی حكومەتە ئیئتلافیەكەدا كە موبارەك تەرحی كرد ئامادەی خۆیان پیشاندا بچنە ناو حكومەتەوە ، خەڵك ھەر وازی نەھێنا ساحەتحریریان چۆڵ نەكرد وتیان (شۆرش تا سەركەوتن) كرێكاران لە كارگاكان دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان ئەنجا بە تەواوی بۆ موبارەك وبۆ جیھان دەركەوت ئەمە شۆڕشی خەڵكە برسیەكانە ، ئیتر ئەو سیانۆریەش كەڵكی نەما كە موبارەك دەیویست ئەم شۆڕشە بە ئاژاوەی اخوان مسلمین نیشان بدات و پروپاگەندەی بۆ بكا. ھەر ئێستا پارتی و بارزانی لە سەرەتای كێشەكەدان دەیانەوێ ئەم رووداوانە بە سیناریۆی ئاژاوەچێتی گۆڕان نیشان بدەن ، لەوانەیە تاك تاك لە ئەندامەكانی گۆڕان بەشدار بن بەڵام گۆڕان وەكو گروپەكەی بەشدار نین بانگەوازێكیشیان نیە بۆ خۆپیشاندان وبۆ شۆڕش . ھەر ئەو رۆژەی خۆپیشاندانەكە كرا لە ١٧/٢ دالە دوای كۆبەنوەیەكی گشتی بوو كە تۆڕی بەرگری لە ماف و ئازادیەكانی خەلك بانگەوازیان بۆ كردبوو نەك( گۆڕان) . ئیتر خەڵكی توڕەوبێزار لە گەندەڵیەكانی دەسەڵات و لاوانی بێكار ، كرێكاران و خەڵكی بێ دەرامەت درێژەیان بەم خۆپیشاندانە دا و بەرەو ڕووی لقی چواری پارتی رۆشتن لەو مۆڵگەیەوە وەك مۆڵگەكانی بەعس ئاسا ئەو خەڵكەیان بەر دەست رێژی گوللەداو لاوێكی تازە پێگەیشتوو لە خانوادەیەكی كرێكاریان كوشت بە ناوی (ڕێژوان) و ٥٧ كەسی تریشیان بریندار كرد .
پارتی سیناریۆیەكی ساز كرد گوایا خەڵك بە چەكەوە پەلاماری ئەوانیان داوە و ئەوانیش بە چەك وەڵامی خەڵكیان داوەتەوە بەڵام ئەسڵی مەسەلەكە ئەوە بووە كە خەلك بێ چەك وستویەتی دەست بە سەر بارەگاكەدا بگرن وەك ھەنگاوی یەكەمی شۆڕش ئەنجا بنكەودامو دەزگاكانی تر بگرن ، خەلك بێ تەقە چوونەتە پێشەوە بەڵام میلیشیاكانی پارتی بە چەك وەڵامی خەلكیان داوەتەوە خەلكیش بەردبارانی ئەو بارەگایان كردووە. لەوانەیە چەند كەسێكێش چەكیان بەكار ھێنابێ، ئەم كارەی پارتی زۆر ترسنۆكانە بوو . چونكە تەقە كردن لە خەڵكی خۆپیشاندەر ھیچ ئازایەتیەكی تیا نیە ، پارتی بەوەشەوە ناوەستێ زریڤانیش دەبا بۆ قەتل وعامێكی زیاتری خەلك.
سیناریۆیەكی تر كە زۆر ئاشكرا دیارە ئەویش بەیاننامەكەی لقی ٤ ی پارتیە لە گەڵ ھەڵوێستی حیزبەكەی لە ھەولێر ودھۆك و سۆران وشەقلاوە ، لقی ٤ دەڵێن كەترخەمی ئاسایشی سلێمانیە كە نەیانتوانی ئەمنیەتی مقەرەكی ئەوان بپارێزن ، ئەی دەبێ سووتاندنی بارەگای گۆڕانیش لە ھەولێر و دھۆك وسۆران كەمترخەمی ئاسایشی پارتی بووبێ كەدەڵین خەلك سووتاندوونی ؟؟،ئەی پۆلیس وئاسایشی پارتی لە كوێ بوون ؟ كەواتە یا ئەبێ بە دەستی خودی پارتی ئەم كارە كرابێ یا ئاسایش وپۆلیسەكەی ژێر دەسەڵاتی پارتیش كەمترخەمەە ( ئەمەیە نممونەی دیموكراتی دەسەلاتەكەی پارتی )
.پارتی زۆر جار لە بەرانبەر رەخنەی نەیارەكانیدا ئەوە دووپات دەكاتەوە ئەوان لە ھەڵبژاردندا زۆرینەیان بە دەست ھێناوە بۆیە ئەو دەسەڵاتە بە جێ ناھێڵن تەنھا بە ڕێگای ھەڵبژاردن نەبێ . من زۆر لە سەر سیناریۆی گاڵتەجاری ھەڵبژاردن قسەم كردووە و بابەتم نوسیوە كە ئەم ھەڵبژاردنانە گاڵتە جاڕی بووە ، بەڵام ئەگەر مەسەلە ھەڵبژاردنی لەم جۆرە بێ ، حیزبەكەی حوسنی موبارەكیش لە سەدا نەوەدی كورسیەكانی پەرلەمانی بە دەست ھێنابوو كەچی ئەوە خەڵك بوو بریاریان داكە ئەو رژێمەیان ناوێ و سەلماندیان ئەو ھەڵبژاردنە گاڵتە جاریە ناخوات ( جەماوەر دەیەوێ رژێم بروخێ) . ئێوەش دڵتان بەو ھەڵبژاردنە گاڵتە جاریە خۆش نەبێ سیناریۆی ھەڵبژاردنیش بە كەڵكتان نایەت ، ئەمرۆ زۆربەی خەڵكی كوردستانیش ئێوەی ناوێ . ئەگەر دەتانەوێ ھێز بە كاربێنن و میلیشیاكانتان بخەنە گەڕ لە دژی خەڵكی كوردستان ئەوا موبارەك ئەم كارەشی كرد بە كەڵكیشی نەھات ،پێشتریش رژێمی بەعس ھەمان كاری ئەنجام داوە بە كەڵكی نەھات ، بە كەڵكی ئێوەش نایەت ، ھەموو ھێزو چەكدارەكانتان لە بەرانبەر ئیرادەی خەلكدا سفرە ، ئیرادەی خەلكی میسر لە ھەموو ئەم جۆرە وەسیلانە بە ھێز تر بوو و ئەمەریكای زلھێزی دۆنیاشی لە پشت بوو بەڵام سەرەنجام رژێمەكەی بە كوێ گەیشت ! . زریڤان و ھێزی دژە تیرۆرو ئاسایش و پۆلیستان بەرگەی شەپۆلی توڕەیی خەڵك ناگرێ .
ئەم تاوانكاریەی پارتی لە سلێمانی ، پارتی وەك حیزبێكی فاشیشت پیشاندا ، سەدام و خومینییش ھەر ئاوا تەقەیان لە خەڵك كردوە لە كاتی نارەزایەتی دەربریندا لە دژیان .ئەم ڕووداوە بە تەواوی خەڵكی كوردستانی جیا كردەوە لە پارتی وەك دوو دوژمنی بەرانبەر بەیەك دەركەوتن . ئەم كێشەیە وا بە ئاسانی كۆتایی نایەت ، سەركەوتنیش ھەر بۆ خەڵكی كوردستان دەبێ . تازە خەڵكی شۆڕشگێڕی كوردسان مەیدان چۆڵ ناكەن
١٨/٢/٢٠١١