میسر لە بەردەم  تەواو كردنی شۆڕشە كۆمەڵاتیەكەیدایە ئەگەر نەیكا ڕەنجی شۆڕش بە فیڕۆ دەڕوات !

سەردار عەبدوڵا حەمە 

 ئیرادەی خەڵكی میسر ئەوەندە بەھێز بوو توانی لە ماوەی كەمتر لە ٢٠ رۆژدا دیكتاتۆرێكی ٣٠ ساڵەی وەك حوسنی موبارەك بڕوخێنی ، ئەو دیكتاتۆەری  كە گەورەترین زلھێزی دنیا وەك ئەمەریكای لە پشت بوو . ئەمریكا ھەموو توانای خۆی بە گەڕ خست بۆ ئەوەی حوسنی موبارەك  بە ھێز بكا چ وەك ئەوەی كۆمەكی ماددی پێ بكا چ وەك ئامۆژگاری كردنەكانی ئۆباما بۆ دەست بردنی حكومەتی موبارەك بۆ ریفۆرم چاكسازی و بوار دان بە ئەحزابی ئۆپزسیۆن كە بەشدار بن  لە دەسەڵاتدا، ئەمەش بە كەڵكی رژێمەكەی میسر نەھات و ئیرادەی خەلك لەمەش بەھێزتر بوو پاش ئەوەی سەدان كەس گیانیان بەخت كرد و ھەزاران كەس بریندار بوون سەرەنجام حوسنی مبارەك وە دەر نراو ناوی فڕێ درایە ناو زبڵدانی مێژووەوە .

 شۆڕشی خەلكی میسر ئەو ڕاستیەی نیشاندا كە دیموكراتی و بازاری ئازادەكەی ئۆباماش ناوەڕۆكێكی دژ ئینسانی ھەیە ھیچ پەیوەندیەكی نیە لەگەڵ ئازادی و مافە بنەرەتیەكانی ئینساندا . ئەمەریكا یەكەمین پشتیوانی دیكتاتۆری  حوسنی موبارەك ورژێمەكەی بوو لە كاتێكا ئەو  ئیدیعا دەكا كار دەكا بۆ رووخانی رژێمە دیكتاتۆریەكان .  ئێستا ئەمەریكا لە ھەوڵی ئەوەدایە رژێمی داھاتووش بكاتە نۆكەری خۆی ئەویش بە وەعدەی گەیاندنی كۆمەكی ماددی بە خەڵكی میسر . وە لە لایەكی ترەوە ئیسلامی سیاسی و بە تایبەت جمھوری ئیسلامی ئێران و قاعیدە لە ھەوڵی ئەوەدان ئەم شۆڕشە بە شۆڕشیكی ئیسلامی ناوزەد بكەن  اخوان مسلمین بنێنە سەر كار . ھەردوولا واتە چ ئەمریكاو غەرب وە چ ئیسلامی سیاسی  دەیانەوێ شۆڕش لە بار بەرن . خەلكی میسر دەبێ لەوە ھۆشیار تر بن كە ئۆباما و سەرمایەداری رۆژئاوا و ئیسلامی سیاسی بە ناوی دیموكراتیەوە یا بە ناوی ئیسلامەوە دەیانەوێ ئیحتوای شۆڕش بكەن.

شۆڕش ھەر لە سەرەتای دەست پێ كردنیەوە شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی بوو لە پێناو نان و كار و ئازادیدا بووە و لە پێناو نەمانی ھەژاری و برسیەتی و بێكاریدا  بووە ، لە پێناو نەمانی سەركوت و پێشێلكردنی حورمەتی ئنسانیدا بووە و لە پێناو نەمانی حوسنی مبارەكدا بووە كە ٧٠ ملیار دۆلاری لە سامانی كۆمەڵگا بۆ خۆی كەڵەكە كردوە ،وە لە پێناو یەكسانیدا  حكومەتێكی نە دینی و نەتایفیدا بووە وە لە پێناو حكومەتێكی عەلمانیدا بووە كە دین لە دەوڵەت جیا بێتەوە و مافەكانی ژنان لەگەڵ پیاواندا یەكسان بن  و مافە مەدەنیەكانی خەلك دابین بكرێن ، شۆڕشەكە ھەر لە سەرەتاوە ئامانجی بە دی ھێنانی كار و زەمانی بێكاری و بیمەی كۆمەڵایەتی و دەرمانیەكان بووە ، شۆڕش ئامانجی بە دەست ھێنانی مافەكانی لاوان و منداڵان و خوێندكاران بووە ، كردنی خوێندن بە خۆڕایی بووە . ئەگەر شۆڕشەكە ئەم ئامانجانەی ھەبێ ئەو كاتە  نە حكومەتی لایەنگری ئەمریكا نە حكومەتی لایەنەگری  ئیسلامی سیاسی  ناتوانن ئەم ئامانجانە بە دی بھێنن بەڵكو بە دوای ھەمان ئامانجەوەن كە حوسنی موبارەك دەیویست. باشترین نموونە ش عێراق و ئێرانن . لە عێراق گوایا دوای رووخانی دیكتاتۆریەتی سەدام ئەمریكا قەڵای دیموكراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ دادەمەزرێنی كە چی بە پێچەوانەوە بارودۆخی ئێستای خەڵكی عێڕاق لە بارودۆخی خەڵكی میسر ی سەردەمی مۆبارەك باشتر نیە بەڵکو زۆر خراپتریشە ، بێكاری و بێكارەبایی و برسیەتی و ھەژاری و كوشتن و تیرۆر وسەركوت ھەیە ،. لە ئێرانی دوای ڕووخانی شاە و لە سەردەمی  جمھوری ئیسلامیدا بارو دۆخی خەڵكی ئێران زۆر خراپترە جگە لەوەی لە باری ئابوری وسیاسی كۆمەڵایەتیەوە خەلكی لە ئەوپەڕی خراپیدا ژیان بە سەر دەبەن كە ھەموو رۆژێكیان مردنە كەچی ئەو رژێمە سەدان ھەزار كەسیشی ئیعدام كردوەوە بەردەوامیشە لە سەر ئەم رەفتارە دژی ئنسانیەی . ئەم دوو نموونەیە دەبێ دەرسێكی جیددی بێ بۆ خەلكی میسر

شۆڕش لە میسر توانی  لە فازی یەكەمدا قەڵای زۆرداری بە سەقف و دیواریەوە بروخێنێ بەڵام  مەخا بن ھێشتا بناغەكەی ماوە بڕوخێنرێ دەكرێ لە سەر ئەو بناغەیە قەڵای زۆردارێكی تر بنیات بنرێتەوە ، بۆیە ئەركی شۆڕش بووەتە رووخانی سەرجەم بناغەی زۆرداری .لە ریشە ھەڵکیشانی زۆرداری ، بۆیە شۆرش دەبێ بەردەوام بێ تا بە دەست ھێنانی ئامانجەكانی . سوپای  میسر پارێزەری ئەو بناغەیە ئێستا ، ئەو سوپایەی كە دەستی تاوانی درێژ كرد بۆ خۆپیشاندەرانی ناڕازی و قەتل عامی كردن ، ئەو سوپایەی كە نەك ٣٠ ساڵە وەسیلەی سەركوتی حكومەتەكەی موبارەك  بووە لە میسر بەڵكو زۆر لەوەو پێشتریش ھەر ئامرازی سەركوت و دیكاتۆرەكانی تر بووە لە میسر بۆیە  دەبێ خەلك داوای ھەلوەشاندنەوەی ئەو سوپایەش بكەن وە ھێزی چەكدای شوراكانی خۆیانە دەتوانی  ئەمن و ئاسایشی كۆمەڵگا بپارێزێ.

خەڵك دەبێ دەسەڵاتی خۆیان بە دەست بێنن ، دەسەڵاتی ئەوان نە حكومەتی ئیسلامیە نە حكومەتی بە ناو دیموكراتیە كە ھێزەكانی بورژوازی لە میسر دەیانەوێ دایمەزرێنن  بەڵكو دەسەڵاتی خەڵك دەسەڵاتی شوراییە ، كە لە گوند و گەرەك و شارو كارگانەوە پێك دێ و نوێنەرانی ئەمانە دەسەڵاتی مەركەزی پێك دێنن وە ھەر ئەم شورایانە دەكرێ چەكدار بكرێن، ئەم شورایانە دەكرێ دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیان ھەبێ وە تەنھا ئەم دەسەڵاتە دەتوانێ عەدالەت و یەكسانی و ئازادی بۆ خەڵك بینێ .

١٥/٢/٢٠١١