" مافی چارەی خۆ نوسین " و "یەكگرتوویی عێراق " لە ووتارەكەی سەرۆكی پارتیدا دوو ستراتییجی دژ بە یەكن !
سەردار عەبدوڵا حەمە
لەم رۆژانەدا زۆربەی میدیاكان گرنگیان دا بە ووتارەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشكەشی كرد لە كۆنگرەی سیانزەی پارتی دا. ئەم كۆنگرە كە لە ھەولێر ساز درا خەرجەكەی بە دەیان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێ كە دیارە لە داتەكەندنی گیرفانی خەلكی ھەژار ئەم برە پارە بە دەست ھاتووە. لەم كۆنگرەدا سەرۆكی پارتی ووتارێكی پێشكەش كرد . لەووتارەكەیدا وتی: مافی چارەی خۆ نوسین بۆ كورد ھەوێنی ئەم كۆنگرەیەی دەبێ . ئەگەر مانای چارەی خۆنوسینی ھەوێنی كۆنگرە مانای ئەوە بێ مافی دیاری كردنی چارەنوسی خەلكی كوردستان بە رەسمی بناسڕێ ئەوا مانای ئەوەیە دەبێ خەلكی كوردستان لە دەنگدانی ئازادانەدا دەتوانێ بریار بدات جیا بێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ھەبێ . بەڵام پێ ناچێ سەرۆكی پارتی ئەم مەبەستەی ھەبێ . چونكە لە ھەمان وتاردا باس لە كاركردن دەكات بۆ یەكگرتوویی و یەك پارچەیی خاكی عێڕاق وە باس لەفیدرالیزم دەكا كە ھۆكارە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكگرتویی و پێشكەوتوویی .
لە دەستوری ئەو عێراقەی سەرۆكی پارتی دەیەوێ یەكگرتوو بێ بە ھیچ جۆرێك مافی جیابوونەوی كوردستان لە ڕێگای راپرسیەوە " ریفراندۆمەوە " بە رەسمی نەناسراوە ، لە كاتێكا ئەم مافە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە لەلایەن دەوڵەتانی تری سەرمایەداری جیھانی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە بە رەسمی ناسراوە . وە زۆر دەوڵەتی سەربەخۆش بەم ھۆیەوە پێك ھاتووە . ئەگەر سەرۆكی پارتی بیەوێ ئەم عێراقە ی ئێستا یەكگرتوو بكا ئیتر چۆن دەكرێ كار بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆ نوسین بكات. یەكگرتوو كردنی عێراق ستراتیجێكی سیاسیە بۆ لایەنێ خۆی بە عێراقی بزانێ ھەتایە ھەتایە و لە ھەموو سەردمێك و لە ھەر ھەلومەرجێكابێ . مافی چارەی خۆنوسین یا مافی جیابوونەوەش ، ستراتیجی لایەنێكە كە لە بەرژوەوندی خەلکێكی بن دەست و دەرەجە دووە . لێردە پارتی لە كامیانە ؟ سەرۆكی پارتی دەیەوێ بڵێ ھەردووكیانە . ئەم دوو ستراتیجە ناكۆكن لە یەگەڵ یەكتر و ھاو تەریبن ، ئەگەر بتەوێ عێراق یەكگرتوو و یەك پارچە بێ ،نابێ جیابوونەوەی تیا روو بدات.
رابووردوی پارتی ئەم راستیەی نیشان داوە لە كاتێكا لە چەندین شوێنی جیا جیای كوردستان راپرسی كرا بۆ جیابوونەوەی كوردستان زیاتر لە سەدا نەوەدی خەلكی كوردستان دەنگیان بە جیا بوونەوە دا كەچی پارتی نەك ھەر حسابی بۆ ئەم راپرسیە نەكرد بەلكو دژایەتیشی كرد . یا ئەو حیزب لایەنانەی خواستی جیابوونەوەیان ھەیە پارتی و حكومەتی ھەرێم لە بەر ئەم خواستە مۆڵەتی كاركردنیان پێ نادەن . كەوایە پارتی و سەرۆكەی بۆچی ئەم ئیدیعایە دەكەن ؟ قسە لە سەر مافی چارە خۆنوسین دەكەن لە بەر ئەوەیە زۆربەی خەلكی كوردستان ئەم مافەی دەوێ ، پارتییش بە ھۆی كارە سەركوتگەریەكانەوە لە بەرچاوی ئەو خەلكە تاڵ بووە دەیەوێ خۆی شیرین بكاتەوە ، وە بۆچی باس لە سەر فیدرالی و یەكگرووتی دەكات چونكە بەرژەوەندیەكانی بورژوازی كورد لەم كەناڵەوەیە و ناتوانێ دەست بەرداری بێ . دەبێ خۆی ھاو ئامانج بكات لەگەڵ ھێزە ناسیونالیست و دینی و تایفیە كۆنەپەرستەكانی عێراق ، تەنانەت لە گەڵ دەوڵەتانی كۆنەپەرستی ناوچەكە وەك توركیا و ئێران و سوریا وە خۆی بە دۆستیان نیشان بدات . كە ئەمەش نیشاندانی ھەلپەرستی ناسیونالیزمی كوردو حیزبەكانیەتی بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان .
ئەمڕۆ تەنھا كۆمۆنیزمی كرێكاری و ئازادیخوازانی كوردستانن دەتوانن مافی جیابوونەوەی كوردستان بە دەست بھێنن و بە سەر بورژوازی عەرەب و ھێزە قەومی و دینی یەكاندا دایسەپێنن ، مێژووی ١٩ ساڵی رابووردوش شاھیدی ئەو ڕاستیەیە كە تەنھا ئەمانە بوون لەم مەیدانەدا زۆر بە جیدیی و لێبراوانە خەبات و تێكۆشنیان ئەنجام داوە . وە ئەمە بەشیك بووە لە ستراتیجییان بە تایبەت ستراتیجی سەرەكی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری چەپی عێراق بووە .
١٤/١٢/٢٠١٠