ئه‌گه‌ر ژنان ئازاد نه‌بن کۆمه‌ڵگای کوردستان ئازاد نابێ
سه‌ردار عه‌بدوللا حه‌مه
کوشتنی ژنانی کورد له کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ماوه‌یه‌که به راده‌یه‌ک په‌ره‌ی سه‌ندوه که ده‌سه‌ڵاتدارانیش چیتر وه‌ک پێشوو ناتوانن بێ ده‌نگه‌ی لی بکه‌ن ، وه ئه‌م به ده‌نگه‌وه هاتنه به هۆی فشاری بوون و گه‌شه‌سه‌ندنی ناره‌زایه‌تی یه‌کانی ژنان و خه‌لکی ئازادیخواز و سۆشیالیست و کۆمۆنیسته‌کانه . سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم " نێچیروان بارزانی " داوای له په‌رله‌مان کرد یاسای " غسل العار" واته سزای کوشتنی ژنان له سه‌ر ناموس بگۆڕن ، جا گۆرینه‌که‌ی چۆنه ئه‌وه خۆیان ده‌یزانن.
هه‌روه‌ها ئه‌م فشاره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رادیکالیزمی کۆمه‌ڵگا توانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانیش بێنێته قسه ( هه‌رچه‌نده ئه‌م ڕێکخراوه ناتوانێ له به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حکومه‌ته‌که‌ی یه‌کێتی و پارتی لا بدات ) داوایان له حکومه‌تی هه‌رێم کرد سنوورێک بۆ ئه‌م ره‌شه‌کوژیه‌ی ژنان دا بنرێ وه ئه‌وه‌یان راگه‌یاند که له‌ماوه‌ی 1 هه‌فته‌دا 5 ژن کوژراون.
به پێ ی ئاماری ساڵه‌کانی پێشوو تر وه به پێ ی ناوی ئه‌و ژنانه‌ی که کوژراون یا خۆیان سوتاندوه یا سۆتێنراون و گه‌یه‌نراون به نه‌خۆشخانه‌کانی سلێمانی و هه‌ولێر له هه‌ر 24 سه‌عاتدا ژنێک قوربانی کاره‌ساتی جه‌رگ بری ناموس په‌رستیه له کوردستاندا.
ئه‌حزابی ناسیونالیستی کوردی خۆیان لایه‌نگری سه‌ره‌کی کوشتنی ناموسی ژنانن وه‌ک درێژه پێده‌ری هه‌مان سیاسه‌ت که له شاخ پیاده‌یان ئه‌کرد مه‌فرزه‌ی چه‌کداری پێشمه‌رگه‌ی تایبه‌تیان ده‌نارده شاره‌کان بۆ کوشتنی ژنان بۆ پاراستنی ناموسی پیاوی کورد وه ئه‌مه به‌شێک بوو له خه‌باتی کوردایه‌تیان. ئیستاش هه‌مان سیاسه‌ته له‌ژێر ناوی ئه‌وه‌ی کوردستان نابێ وه‌ک ئه‌وروپا بێ ، نابێ ژنان به‌ره‌ڵا بن و ئه‌وه فه‌ساده . هه‌زار و یه‌ک ته‌وهین ده‌کرێ به‌و ژنانه‌ی له ژێر یاسا‌و کۆلتۆری باو‌و لا ئه‌ده‌ن وه‌ک ژنانی ئه‌وروپا هاورێ ی کور و هاوسه‌ر بۆ خۆیان به دڵ و خواستی خۆیان دیاری ده‌که‌ن ، به ناو‌و ناتۆره و بی حۆرمه‌تی و سووکایه‌تی پی کردنیان ده‌ست پێ ده‌که‌ن تا به کوشتنیان وه ده‌بێ بکوژرێن که ته‌نانه‌ت زۆریک له‌و تاوانبارانه‌ی کچان و ژنان ده‌کوژن پێشمه‌رگه وچه‌کداره‌کانی ئاسایش و ئامر لیواکانی له‌شکری کوردستانی سه‌ر به ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداریشن.
ئایا هاتنه جوابی ئێستای ده‌سه‌لاتداران سه‌باره‌ت به کوشتنی ناموسی ژنان راستگۆیانه‌یه؟. ئه‌گه‌ر وایه بۆچی له سه‌رتاسه‌ری دونیاوه ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خه‌لکی ئینسان دۆست به‌رز بوویه‌وه سه‌باره‌ت به تاوانه‌که‌ی "دوعا " که داوایان ئه‌وه بوو " ده‌ست به‌جێ ده‌بێ تاوانباران سزا بدرێن" که‌چی تا ئێستا هیچ دیار نیه ، نه ده‌نگی ئه‌وه هه‌یه بکوژان ده‌سگیر کرابن نه دادگایی هیچکه‌س کراوه له سه‌ر ئه‌م تاوانه.
یا ن ده‌لین که‌سێکی تاوانبار له بکووژانی " شه‌وبۆ علی" ده‌سگیر کراوه ئه‌وانی تر هه‌لهاتوون ، ئایا ئه‌و که‌سه به سۆلحی عه‌شایه‌ری یا به فه‌رمانی سه‌رۆک و فلان وه‌زیرو مه‌سول ئازاد ناکرێ ؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیارانه‌یه خه‌لک ده‌یکا ، تا ئێستا هه‌ر وا بووه تاوانبارانی ژن کوژ سزا نه‌دراون یا زۆر به که‌می ئه‌مه کراوه بۆیه ئه‌م دیارده‌یه هه‌ر رۆژه زیاتر ده‌بێ . كاتێک" به‌ناز مه‌حموود" له به‌ریتانیا ده‌کوژرێت له لایه‌ن باوک و مام و دووکه‌سی تره‌وه، له به‌ریتانیا له به‌ر ئه‌وه‌ی یاسا هه‌یه ئه‌و دوو تاوانباره له‌وێدا ماون ده‌گیرێن ده‌سگیر ده‌کرێن دادگا سزایان به سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ که چی دوانه‌که‌ی تر هه‌لدین بۆ کوردستان به بێ ده‌سگیر کردن و دادگایی و به بی سزا دان له‌وێدا ده‌ژین ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که له کورستان‌دا یاسا نیه ؟.
له کوردستاندا نه‌ک هه‌ر یاسا نیه که سه‌رجه‌م مافه‌کانی ژنان ده‌سته به‌ر بکا چونکه یاسای ئیسلام و شه‌ریعه‌ت حاکمه که به ته‌واوی دژه ژنه . ته‌نانه‌ت یاسای سزادانی بکوژانی ناموسی ژنانیش نیه یا ئه‌گه‌ریش هه‌بێ کاری پێ ناکرێ تاوانباران ده‌شارنه‌وه له ماله مه‌سوول بێ یا له ماڵی سه‌رۆکی فلان هۆز و خێڵ بێ یا به سۆلحی عه‌شایه‌ری و به به‌رتیل و پاره و واسیته‌ی سه‌رۆک و وه‌زیر و مه‌سول ، تاونباران ئازاد ده‌کرێن . ئه‌مه پێناسه‌ی نه‌بوونی یاسایه. بۆیه هه‌ر وه‌عده به‌ڵینێک ده‌یده‌ن له چوارچێوه‌ی ئه‌م پێناسه‌دا کاری پێ ده‌که‌ن .
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ژن کوشتن و بی مافیه‌ی ژنان به گشتی و له ناورۆکه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵگای بۆژوازی .له ته‌واوی کۆمه‌لگا بۆرژوازیه‌کاندا ژن ده‌چه‌و‌سێته‌وه ، ژنان ئازاد و یه‌کسان نین له گه‌ل پیاوانداوه ده‌ڵێن: ژنان هیزێکی باشی کار نین بۆ به‌رهه‌مهێنان و قازانج و که‌له‌که‌ی سه‌رمایه ،چونکه ژنان توانایان که‌مه ، ژنان عاده ده‌بن یا ژنان 9 مانگ مندال له سکیاندا هه‌لده‌گرن پاشان 1سال مۆله‌ت وه‌ردگرن زۆر شتی تر بووه‌ته به‌هانه‌ی بۆرزژوازی که ژن بۆ به‌رهه‌م و به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی سه‌رمایه ره‌گه‌زێکی گونجاو نیه ناتوانی به‌رهه‌مهێنه‌رێکی باش بێ. له کۆمه‌لگای رۆژئاواشدا هێشتا ژن بێ مافه ، مافی به‌رابه‌ری له گه‌ل پیاواندا نیه سه‌ره‌رای گه‌لیک ده‌سکه‌وت بۆ ژنان به ده‌ست هاتووه، وه تا ئێستاش ژنان و ئه‌حزاب و رێکخراوه‌کانی چه‌پ و فیمنیسته‌کان و خه‌لکی ئازادیخواز خه‌بات ده‌که‌ن بۆ به ده‌ست هێنانی مافه ئابوری و کۆمه‌لایه‌تیه‌کانی ژنان. له‌م کۆمه‌لگایانه‌دا ژن له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ناموس له‌لایه‌ن مێرد‌و باوک و برا و مام و خاڵ و ئامۆزاوه ناکوژرێن به‌لام به بیانووی درۆ کردن له‌گه‌ل مێرد یا ره‌فیقه کوره‌که‌ی ده‌کوژرێ یا توندوتیژی له گه‌لدا به کاردێ به‌لام تاوانباران له سزای دادگا ده‌رناچن . له کوردستان یا له‌و کۆمه‌لگایانه‌ی تووشی ده‌رده‌ئیسلام هاتوون کوشتنی ناموسی ژنان بووه‌ته شتێکی باو‌و شانازیشی پێوه ده‌کرێ و پێ یان وایه هه‌رکه‌س ئه‌و ژنانه بکوژێ که له شه‌ریعه‌ت و داب و که‌لتوری باب و باپیران ده‌ر ده‌چن ، شه‌ریفن و به به‌هه‌شت شاد ده‌بن و هه‌ر بنه‌ماله‌یه‌ک ئه‌وه قه‌بوول بکا ناشریفه ،سووک و ریسوایه. هۆی ئه‌مه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ یه‌که‌م : ئیسلام وه‌ک سه‌رچاوه‌ی بی مافی ژنان له ژێر ناوی لادان له ئه‌قوالی پیرۆزی قورئان و حه‌دیسه‌کان وه له ژێر ناوی ئه‌وه‌ی ژنان زینایان کردووه ، به بێ ماره برین سێکسیان هه‌بووه له گه‌ڵ پیاواندا ، هه‌ق ده‌دا به مافی کوشتنی ژنان به راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ ئه‌مه‌ی کردوه‌ته کولتوری باو وه‌ده‌یکاته عه‌قل و زیهنی پیاوان و ته‌نه‌نانه‌ت به‌شیک له ژنانیش ئه‌خاته ژێر ئه‌م کاریگه‌ریه‌وه . ئه‌نجا ئیسلامی سیاسی کار له سه‌ر ئه‌مه ده‌کات. دووه‌م ناسیونالیسم وه له کوردستانا ناسیونالیزمی کورد وه‌ک دیفاع له شه‌ره‌فی پیاوی کورد وه هه‌روه‌ها ژنی کورد ئه‌بێ به شه‌ره‌ف بێ ، کاریگه‌ری راسته‌وخویان له سه‌ر زال بوونی دیارده‌ی ژن کوشتن هه‌یه ئه‌مانه سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌لدانی کولتوری عه‌شایه‌ری و پاشماوه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تیه. ئه‌مه سه‌رچاوه‌و هۆیه‌کانی ژن کوشتنه له سه‌ر ناموس ، له یه‌ک قسه‌دا بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیزم هۆی سه‌ره‌کی ئه‌م دیارده دژی ئینسانیه‌و ئه‌م دیارده نامۆدێرنه یه له کوردستانا .
کاتێ ده‌توانرێ به کوردستان بووترێ ئازاد که ژنان له هه‌موو مافه‌کانیان به‌هره‌مه‌ند بن ، له باری سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی و ئابوری و فه‌رهه‌نگیه‌وه ئازاد بن ، ئازاد بن له خۆرافه‌ی مه‌زهه‌بی، ئازاد بن له هه‌لبژاردنی خۆشه‌ویستی خۆیان ، ئازاد بکرێن له کار وباری ناومال و منال به خێو کردن ، ئازاد بن له هه‌لبژاردنی کاردا وه هه‌روه‌ها له هه‌موو مه‌یدانه‌کاندا یه‌کسان بن له گه‌ل پیاوان. هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێک ناتوانێ ئه‌مانه فه‌راهه‌م بکا جگه له‌بزووتنه‌وه ی سۆشیالیزم و چینی کرێکار وه ته‌واوی ئه‌و مافانه که ژنان ئازاد و یه‌کسان ده‌کا له گه‌ل پیاوان فه‌راهه‌م کراوه له به‌رنامه‌ی دونیایه‌کی باشتری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراقدا. ئه‌م حیزبه خوازیاری به دی هاتنی به‌رنامه‌ی دونیایه‌کی باشتره له کوردستانێکی غه‌یره دینی و غه‌یره قه‌ومی و سکۆلاردا ، وه کوردستانێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێ که نه‌ک ژنان به ته‌واوی ئازاد و یه‌کسان ده‌بن له گه‌ڵ پیاوان به‌لکو کۆمه‌لگای کوردستان سه‌رجه‌م ئازاد ده‌بێ . تا ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسی حاکم بێ ژنان ئازاد نابن هه‌ر بۆیه کۆمه‌لگای کوردستانیش ئازاد نابێ مارکس ووته‌نی: پێوه‌ری ئازادی کۆمه‌لگا ئازادی ژنانه .