با ساڵی ٢٠١١ بكەینە ساڵی بە دیھێنانی ھیوا و ئاوات و ئارەزووەكانمان و ساڵی بە دیھێنانی دونیایەكی باشتر !
سەردار عەبدوڵا حەمە
ساڵی تازە پیرۆزبێ لە گەڵ ھیوای تەمەنێكی پڕ لە خۆشی و شادی بۆ ھەمووان . ھەرچەندە بەدی ھاتنی ئاوات و ئارەزوەكانی خەڵك لە چوارچێوەی نیزامی چینایەتی و بە تایبەتی نیزامی سەرمایەداری ھەرگیز بە تەواوی مەیسەر نابێ ، چونكە ھۆی مانەوەی ئەم سیستەمە لە سەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی و چەوساندنەوەی زۆربەی زۆری كۆمەڵگا یە . تا ئاوات و ئارەزوكانی خەلکی لە ناو نەبات ناتوانێ تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بە نارەزایەتی و فشارەكان دەكرێ ھەندی پاشەكشەی پێ بكرێ و لانی كەمی ئاوات و ئارەزووەكان بە دی بھێنرێن . سیستەمی قازانج پەرستی و ڕاكردن بە دوای سوود و قازانج و كەڵەكەی سەرمایە پێوستی بە كوشتن و بێ بەش كردن و ھەژار كردنی زۆربەی كۆمەڵگا ی بەشەری ھەیە . بۆ ئەم مەبەستەش جەنگ و داگیر كاری و تیرۆر و كوشت و كوشتار پێویستە ، بێكاری و دەركردن لە سەر كار و كڕینی ھێزی كار بە ھەرزان و دەست بە سەرا گرتنی كەرەسەتەی خاو و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ فرۆشتنی كاڵا وشومەك پێویستە. دانی كرێ ی كەم بە كرێكاران و بڕینی بەنەفێتەكان پێویستە ، چەوساندنەوەی كرێكاران و ژنان و لاوان و منداڵان ، برسی كردن و ھەژار كردنی خەڵك پێویستە . زیندوو راگرتنی دواكەوتوویی و مەزھەب و دین وقەوم پەرستی و تایفە گەری و عەشیرەت پەرستی پێوستە ، لێ سەندنەوەی دەسكەوتە مرۆیەكان وەك ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەكان پێویستە .
ساڵی ٢٠١٠ ئەم راستیەمان زیاتر لە ساڵەكانی پێشوو تر نیشان درا چ لە ئاستی دونیا و چ لە ئاستی عێراق و كوردستان . مردنی ملیۆنەھا كەس لە سەرتاسەری جیھاندا لە بەر برسیەتی و ھەژاری و بی دەرمانی دیاردەی ئەمساڵیش بوو . جەنگ و تیرۆرو تەقینەوەو كوشتن و ئاوارە بوونی سەدان ملیۆنەھا كەس دیاردەی ئەمساڵیش بوو.
.ئەو بەڵایەی بەسەر خەڵكی عێراق كوردستانەوەیە ئەمساڵ فشارەكەی زیاتر بوو ، قازانج پەرستانی سەرمایە لەم ووڵاتەدا ئەوەی بۆیان گرنگ نەبووە ، ژیان و گوزەرانی خەڵك بووە . ھەر لە داسەپاندنی فەزای جەنگ و تیرۆرو تەقینەوەوە بگرە تا داسەپاندنی یاسای كۆنەپەسەرستانە و دژ بە مافەكانی ئینسان . ئەمەریكا و غەرب و نۆكەرانی مەحەللی لە لایەكەوە و رژێمی ئێران و كۆنەپەرستانی ناوچەكەو نۆكەرانیان لە لایەكی ترەوە ،كاراكتۆرو فاكتەری ئەسڵین لە داسەپاندنی یەك سینارۆی رەش لە عێراق و كوردستاندا وە تا ئێستا درێژەی ھەیە . ھێزە قەومی دینی و تایفیەكان بە زەبری میلیشیاكانیان لە پێناو ئامانجەكانیان سڵیان لە وەحشی ترین تاوان نە كردوەتەوە لە بەرانبەر خەلكیدا ، ئەمانە وەك مافیای سیاسی دەركەووتون و ھیچكات بەرژوەندی خەلكیان بۆ گرنگ نەبووە وە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و سەرمایەداراندا پیسترین و نا ئینسانی ترین كردەوەیان ئەنجام داوە . لە م چێورچێوە جوگرافیەدا دەیان ھەزا كەس لە ساڵی پاردا گیانیان لە دەست داوە بە ھۆی جەنگ و تیرۆرو تەقینەوە و لەم عێراقە پر لە سامانەدا بە ھۆی برسیەتی و ھەژاری و بێ دەرمانیەوە دەیان ھەزار گیانیان لە دەست داوە .دەیان ھەزار كەس ئاوارە بوون .
لە ساڵی ٢٠١٠دا ئەحزابی قەومی كوردی و عەرەبی و ئەوانی تر لەگەڵ ئەحزابی ئیسلامی و دینی و تایفی زیاتر ئەوەیان سەلماند كە ھیچ پەیوەندیەكیان نیە بە بەرژوەندی خەلكەوە و ھەر بە دووی بەرژەوندی خۆیانەوە بوون . عێراقیان كردە گەندەڵترین ووڵاتی جیھان بە پێ ی ئاماری نەتەوە یەككرتوەكان . عێراق چووە رێزی پێشەوە لەووڵاتانی جیھان لە ئیعدامی خەلك و لە تیرۆری رۆژنامە نوساندا.
كوردستان ھێشتا سەرگەردانە و نە ووڵاتێكی سەربەخۆیە و نە خەلكەكەی ھاووڵاتیەكی یەكسانە لە عێراقدا و شوێنە دابراوەكانیش وەك كەركوك و خانەقین و شەنگار نەك ھەر وەك خۆیانن بەلکو بارودۆخی خەلكەكانیان زۆر لە ساڵان خراپتر بووە . لە كوردستاندا كۆنەپەرسترین یاسای رۆژنامەگەری و یاسای خۆپیشاندان و وە یاسای فرە ژنی داسەپێنرا لە لایەن بە ناو پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە. كرێكاران مەحروم تر دەكرێن ژمارەی ھەژارەكان لە زیاد بووندایە و ژن كوشتن و دیاردەی ژن كوژی كەمتر نەبوەتەوە لە ساڵان . گەنجانی كوردستان ھەروەك ساڵانی پێشوو تر بە لێشاو دەچنە درەوەوە وە زۆرێكیشیان لە ئاوودەریاكاندا دەخەنكێن . خویندكاران لە دەست نەبوونی خزمەتگوزاریەكان دەناڵێنن دەرچوانیش بێ كار دەكرێن و كاریان پێ نادرێ ، رێژەی كاری مندالان زۆر لە ساڵان زیاتری كردووە .
بۆ ئەوەی كوردستان لە سەرگەردانی ڕزگاری بێت دەبێ جیا بێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ھەبێ بۆ ئەمەش ھاتنە مەیدانی خەلكی ئازدیخوازی كوردستانی پێویستە ،بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە و ئەم مەینەت و ئازارانە ریشە كێش كرێن ھێزی یەكگرتووی خەلكی مافخوراو و بەشخوراو پێویستە وە زیاتر بێنە مەیدان و نارەزایەتیەكان بەرینتر بكەنەوە بە رووی دەسەڵاتداراندا. ئەگەر ئەم ھێزە لە مەیداندا بێ دەسەڵاتداران گەرچی میلیشیاو دەزگا سەركوتگەریان ھەیە و گەرچی سامانێكی بە تاڵان براوی خەڵكیان لە بن دەستدایە ، لە ترس و لە بەر ئیرادەی خەلك یھیچیان پێ ناكرێ ناتوانن خۆیان ڕابگرن درێژە بەم بارودۆخە بدەن دەكرێ پاشەكشەیان پێ بكرێ . كرێكاران و چین و توێژە مافخوراوو بەشخوراوەكان دەبێ رێكخراو بن و خاوەنی رێكخراوی سەربەخۆی خۆیان بن .
بۆ ئەوەی ئەم بارو دۆخە ریشە كێش بكرێ سۆشیالیزم ھەر ئێستا پێویستە ، بەبێ دامەزراندنی سۆشیالیزم عەدالەت و ئازادی و یەكسانی مەحاڵە ، بۆ ئەمەش ھێزی لە بن نەھاتووی چینی كرێكاری پێویستە ، حیزبی چینی كرێكار وسۆسیالیست خوازی پێویستە و ئەو حیزبەش ئێستا لە ئارادایە كە حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری چەپی عێراقە بە بەرنامەی دونیایەكی باشترەوە و بە ستراتیج و سیاسەتی رۆشنەوە ، ھەر ئەوەندەی ماوە بە ھێزی بكەین لە دەوری كۆبینەوە بۆ ئەوەی بە ھێزێكی مەزنەوە ملی رێگا بگرین و تا بە دیھێنانی ئاوات و ئارەزووەكانمان تابەدیھێنانی دونیایەكی باشتر ،من دڵنیام گەر وەھا بكەین دەتوانین ساڵی ٢٠١١ بكەین بە ساڵی بە دیھاتنی ھیواو ئاوات ئارەزوكانمان وە ھەروەھا ساڵی بە دیھاتنی دونیایەكی باشتر .
٣٠/١٢/٢٠١٠