دەبێ وەڵام بە خواستی دابین كردنی كارەبای خۆڕایی بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان دەست بەجێ بدرێتەوە
سەردار عەبدوڵا حەمە
سەڕەرای وەعدە و بەڵینی درۆی دەسەڵاتدارانی یەكێتی و پارتی لە كوردستاندا بۆ دابین كردنی كارەبا كەچی پاش ٢٠ساڵ لە دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە ، خەلكی كوردستان بە دەست بێ كارەباییەوە دەناڵێنن ھاواریان لێ ھەستاوە . ئەوە شەرم نیە لە سەدەی بیست ویەكدا ناتوانرێ كارەبا بۆ خەلك دابین بكرێ ھەرچەندە سامانێكی بێشوماریش لە بەردەستدایە . زۆرجاریش گوێمان لە سەرۆكی ھەرێم و دەسەڵاتدارانیش دەبێ دەڵین ئێمە زۆر كارمان بۆ خەڵكی كوردستان كردووە بەڵام كەم و كورتیمان ھەیە . ھیچ دەسەڵاتیكی كۆنەپەرست و ھار و درەندەش لە سەرتاسەری جیھاندا نیە كارەبای بۆ خەلك دابین نەكردبێ. ئەگەر دەسەڵاتێك نەیتوانی لە ماوەی بیست ساڵدا كارەبا بۆ خەلكی دابین بكا ئیتر ئەوە دەسەڵاتی خەلك نیە كاری بۆ خەلك نەكردوە ، ئەمە كەم و كورتی نیە ئەمە سەرەكی ترین مافیكە بۆ ھەر ئینسانیكی سەدەی بیست ویەك ، پێش ھاتنی ئەم دەسەڵاتەی یەكیتی و پارتی خەلك ئەم گرفتەی نەبوو ، ھەموو ماڵێك كارەبای ھەبوو ، ئەم دەسەڵاتە ھات ئەم دەسكەوتەی لە خەلك وەرگرتەوە و نایگەرێنێتەوە .
خەڵكی كوردستان ھەرگیز بێ دەنگ نەبوون لە بەرانبەر نەبوونی كارەبادا ، ھەمیشە نارەزایەتی و خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە بەڵام بە وەعدە و بەڵێنی درۆ پاشەكشەیان پێ كراوە لە لایەن بەرپرسانی ئیداری حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە .ھەربۆیە ھاتنە مەیدانی خەلك دەبێ بۆ ڕیشە كێش كردنی ئەم گرفتە ببوەتە پێویستیەك و شیعاری ( دابین كردنی كارەبای خۆڕایی بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان ) دەبێ بكرێتەوە بە شیعاری سەرتاسەری ئەمرۆی خەلكی كوردستان .
٣٠/١/٢٠١١