حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان منداڵێکی پێ ناپارێزرێ!!!

ئێمه‌ ئه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ ساڵێکه‌ که‌مپینێکمان ڕاگه‌یاندوه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌ سێداره‌دانی کوێستان صدیق که‌ له‌ دادگایه‌کی شکڵی دا سزا درا که‌ له‌ نزمترین ئاستی ستانداردی دادگایی کرد‌ به‌هره‌مه‌ند نه‌بوو، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 10 ژنی تر که‌ به‌ ماده‌ی 406 به‌بی بوونی پارێزه‌ر و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا به‌ سزای له‌سێداره‌دان سزادراون. ک...وێستان چوارمنداڵی له‌دوای خۆێ به‌ جێ هێشتوه‌ که‌ دادگا داویانێتی به‌ ماڵی باوانی پیاوه‌ کوژراوه‌که‌ی، کوێستان له‌ نامه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ که‌ له‌ ته‌له‌فزیونی NRT بڵاوکرایه‌وه‌ مه‌ترسی خۆی له‌چاره‌نوسی منداڵه‌کانی به‌یان ده‌کات. ئه‌وه‌ بۆ دوو مانگ ده‌چێت یه‌کێک له‌ منداڵه‌کانی که‌ ناوی مه‌حه‌مه‌ده‌ له‌ده‌ست ماڵ باپیری هه‌ڵهاتوه‌ و نایه‌وی بچێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ماڵه‌.
که‌یسی مه‌حه‌مه‌د‌ و مه‌ترسیه‌ک که‌ له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و منداڵه‌ دروست بووه‌ خه‌ریکه‌ کێشه‌که‌ی کوێستانمان له‌بیر ده‌باته‌وه‌. کێشه‌ی مه‌حمه‌د گه‌یشته‌ دادگای سلێمانی به‌ڵام دادگا نه‌یتوانی ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکات ده‌زگای پۆلیسی سلێمانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌کان له‌جیاتی په‌یدا کردنی جێگا بۆ ئه‌م منداڵه‌و دروست کردنی فه‌زایه‌ک که‌ ئه‌م منداڵه‌ هه‌ست به‌ دڵنه‌وایی بکات ئه‌م منداڵه‌یان ترساندوه‌ به‌وه‌ی ته‌سلیمی ماڵی باپیری ده‌که‌نوه‌ و ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵ باپیری، بۆیه‌ مه‌حه‌مه‌د له‌ ده‌ستیان هه‌ڵدێت ڕوو ده‌کاته‌ چه‌مچه‌ماڵ دواتر له‌ڕیگا ڕێکخراوێکی لاوانه‌وه‌ به‌هانای مه‌حه‌مده‌وه‌ ده‌چن، تا ئێستا که‌ ئه‌م به‌یانه‌ ده‌نوسم ئه‌م منداڵه‌ له‌ که‌رکوکه‌ و له‌ ڕێگای پۆلیسی که‌رکوکه‌وه‌ ئاگادارکراینه‌وه‌ که‌ ئه‌و منداڵه‌ له‌لای ئه‌وانه‌ به‌ڵام ئه‌وان ناتوانن هیچ کارێکی بۆ بکه‌ن جێگایه‌کیان نیه‌ بۆ ئه‌م منداڵه‌.
دیاره‌ ئێمه‌ وه‌ک "گروپی نا بۆ توند تیژی له‌ دژی ژنان" هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ گه‌ڵ ئاسۆس نه‌جیب وه‌زیری کارو باری کۆمه‌ڵایتی کۆبووینه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی چه‌ند کێشه‌یه‌ک، من ئه‌م کێشه‌م باس کردو ئه‌و داوای زانیاری زیاتری کرد تا بتوانێت کێشه‌که‌ به‌لایه‌کدا چاره‌سه‌ر بکات، من به‌ دواتر به‌ته‌له‌فۆن زانیاریم دا به‌ سکرتاریه‌تی وه‌زیری نا براو و ئه‌مڕۆش له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فۆنیدا جارێکی تر کێشه‌که‌م خسته‌ ڕوو و پێیانم ڕاگه‌یاند که‌ ئه‌و منداڵه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ دایه‌ ژیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌.
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ سوک وئاسان پێمان ده‌ڵی ئه‌م حکومه‌تی هه‌رێمه‌ و دام ده‌زگاکانی و دادگاو پۆلیس و سه‌نتری پاراستنی خه‌ڵکی هه‌ڕه‌شه‌ لێکرا‌و ناتواننن منداڵێک بپارێزن، منداڵێکی وه‌ک مه‌حه‌مه‌د هیچ داڵده‌یه‌کی له‌م وڵاته‌دا نیه‌.
ئێمه‌ له‌ ڕێگای ئه‌م به‌ییانامه‌یه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی ژیانی مه‌حمه‌د کوڕی کوێستان صدیق ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانی ڕاده‌گه‌یه‌نین که‌ دام ده‌زگاکانی ئه‌م حکومه‌ته‌ زۆر نامه‌سئولانه‌ ما‌مه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ژیان و ئه‌منیه‌تی هاوڵتیاندا ده‌که‌ن به‌تایبه‌ت ئاسیشی منداڵان و ژنان. هه‌روه‌ها جارێکی تر داوا ده‌که‌ین سزای له‌سێداره‌دانی کوێستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ تا بتوانێت سه‌رپه‌رشتیاری منداڵه‌کانی بگرێته‌ ئه‌ستۆی.

سمیر نوری
قسه‌که‌ری کۆمیته‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان له‌ کوردستان
Samir_noory@yahoo.com