ڕاپەڕینی خەڵک و سەربەخۆی کوردستان لەیەک پاکێجدا!!

سەرنجامی دەسەلاتداری ناسیونالیزمی کورد کە ٢٤ ساڵە خۆی داسەپاندوە بە سەر خەڵکی کوردستاندا بەتەواوەتی بە بن بەست گەیشتوە. ئەمە تەنها قسەی من نیە بەڵکو خودی سەرانی ناسیونالیزمی کورد زۆر بە ڕاشکاوانە باسی ئەم بن بەستەی خۆیان دەکەن بە قەولی خۆیان ئەزمونەکەیاندا لەبەردەم شکستدایە، هەر یەکەیان کە دینە سەر سەکۆی قسەکردن یەکەم قسەیان ئەم هوشداریەیە. کە دیارە ئەوان زۆر دیماگۆجیانە دەیانەوی هۆکاری دروستکراوی بۆ داپتراشن و زهنیەتی خەڵک جارێکی تر بەم ولاو ئەولادا بەرن تا بتوانن لەم بن بەست و قەیەرانە بە کەوڵەکانیانەوە دەربچن و قورسای ئەو قەیارانانەی کە تێی کەوتون بخەنە ئەستۆی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. 

قەیرانی ئابوری و تاڵان و بڕۆی سەروەت وسامانی کوردستان!!

کوردستان و عیراق وەک یەکێک لە دەوڵەتە سەرمایەداریەکانی جیهان توشی قەیەران و بن بەستی ئابوری بووە، ئەم قەیرانە سەرەتا لە ٢٠٠٨ لە ئەمریکا سەری هەڵداو دواتر هەموو جیهانی گرتەوە. ئەم قەیرانە ئەوەی سەڵماند کە سەرمایداری بازاڕی ئازاد کە بۆرژوازی جیهانی بە بەهشت هێمای بۆ دەکرد توشی قەیرانێکی قوڵ بووە و ڕابەران و موفەکرینی بازاڕی ئازاد توشی شۆك بوون و ڕایان گەیاند کە مارکس ڕاست دەکات دەربارەی قەیران، تیوری قەیەرانی مارکس جارێکی تری ڕاست ودروستی خۆی سەڵماند.

لە عیراق و کوردستان ساڵی ڕابردوو بەتەواوەتی نیشانەکانی دەرکەوت بە تایبەت دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. سەرەتا بازاڕەکان فەلەج بوون و تونای کڕێنی هاوڵاتیان هاتە خوارەوە هەزاران کارگەو کارخانە لە کوردستان داخران دەیان هەزار کرێکار نێردرانە ماڵەوە. ئاستی بێکاری بەرە وسەرەوە هەڵکشاو و لاوان بە لێشاو ڕوویان کردوە هەندەران. مانگ دوای مانگ بورجوازی کوردستان خۆی دەدزیەوە لە دانی موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان، ئەمە قەیەرانەکەی بەتەواوەتی قوڵ کردەوە توانای کڕێاری خەڵک بەجاری هاتە خوارەوە، کارکردی ئەم قەیرانە ڕووی کردە هەموو توێژە هەژار و دواتریش مامناوەندیەکان.

دەسەڵاتدارانی کوردستان سەرەڕای ئەم قەیرانە جیهانیە لەماوەی حوکم ڕانی ٢٤ ساڵەیاندا هەرچی سەروەت سامانی کۆمەلگە هەیە بەتاڵان بردویانە هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بەرزانی و داردەسەی حزبەکانیان دواتریش پشکێکی کەمیان هەڵڕشت بۆ ئەحزابی ئۆپۆزسیون برا بەش ئەم تاڵان و برۆیەیان ئەنجام دا. ئێستا سەروەت و سامانی کۆمڵگە لە ژێر چنگی بەشێکی زۆر کەمی خەڵکی کوردستان لە ١% ڕەنگە کەمتر بێت کۆبوەتەوە، مەلا بەختیار دەڵی پارە لەژێر زەمینەکان هەیە، عەلی باپیر دەڵی پارەی ژیر زەمینەکان دەربێنن، مەسعود بەرزانی دەیەوی لە گەندەڵی دارودەستەکەی بکۆڵێتەوە لێژنە دروست دەکات، بەرهەم ساڵح دەڵی پارەی دەرەوە دەبێ بگەڕێتەوە و ئەو کۆمپانیایانەی پارەیان بردوە دەبێ بێگێرنەوە. باقی خەڵکی کوردستان بەشیان بوەتە بێکاری و هەژاری و هەڵهاتن بۆ هەندەران و خنکان لە دەریای ئیجەدا. یا ئەوەتا دەبێ ڕوو بەڕوو ببنەوە لە گەڵ ناسیونالیزمی کوردا، کە هەواڵەکان ئامژە بەمەدەکەن.

قەیرانی سیاسی یان قیەرانی حکومەتی!!

قسەکەرانی ناسیونالیزم دەیانەوی قەیرانی سیاسی خۆیان وەک قەیرانی حکومەت و لەوەش کەمتر وەک ڕێک نەکەوتنی حزبەکان هێما بکەن بۆ بەلارێدا بردنی خەڵک، وەک بڵیی حکومەتی بنکە فراوان زۆر توانیبێتی وەڵامی خەڵک بداتەوە تا خەڵک داوای گەڕانەوە بکات بۆ چوارگۆشەی یەکەم کە ئەو حکومەتە "بنکە فروان"ە گەندەڵەی لێهاتە دەرەوە.

ئێستا حکومەت و دەسەڵات لە کوردستان بەتەواوەتی فەلەج بووە هیچ شەرعیەتێک- هەتا شەرعیەتە گالتەجاریەکەی پێشوی- نەماوە، مەسعود بەرزانی بەقەولی خۆیان سەرۆکی کوردستانی ماوە بەسەرچوە، پەلەمانیان داخستوە سەرۆکی پەرلەمانیان وەدەرنا و بۆی نیە بچێتە هەلێر، بەشێک لە وەزیرەکان نێڕدراوەنەتە ماڵەوە، هەندێکیان ئیستقالەیان داوەو هەندێکیان هەر لە کارتۆنی زیاتر دەسەڵاتیان نیە. ئەمە ڕٶژ لە دوای ڕۆژ ئەم قەیرانە قوڵتر هەمەلایەنەتر دبێتەوە، بە قەولی عەلی باپیر هیچ چارەسەرێکیان لەبەردەمدا نەماوەتەوە. سەرانی ناسیونالیزمی کورد و حزبە ئیسلامیەکان خەریکە ئیسک وپروسکی یەکتر وردو خاش دەکەن، بەمانایەکی تر شتێک نەماوەتەوە ناوی دەسەڵات بێت، خەڵکی لە خوراەوە ئەم دەسەڵاتەی ناوێ و سەروەش بن بەستە و ئیدارەی کۆمەڵگەی بۆ ناکرێت.

ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و قەیران!!

خەڵکی کوردستان هەموو ڕۆژی خەریکی ناڕەزایەتی و ڕوو بەڕوو بونەوەن لەگەڵ ئەم دەسەڵاتدا، بۆ هەرجێگایەک دەچی هەرکەسی قسەدەکات بەناڕەزایەتی دژی ئەم دەسەڵاتە دەست پێدەکات، مانگرتن و خۆپیشاندن و بایکۆت کردن و کۆڕو کۆمەڵ دروست کردن وڕیکخراوابوون ، دروست کردنی دەیان گروپی ناڕەزایەتی لە سۆشیال میدیا ، دەیان جۆری تری ناڕەزایەتی هەتا هێزە چەکدارەکانیشی گرتوەتە. بەمانایەتی تر زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان لەم دەسەڵاتە ناڕازین و ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت و بەهیچ جۆرێک قبوڵیان ناکەن. نە دەسەڵات ئەتوانی وڵات ببات بەڕیوە نەخەڵک ئەم دەسەلاتەی دەوێت. ئەمە خۆی مەوزعیەتی شۆرش و ڕاپەڕێنی جەماوەی و مادی بونی ئەم قسەیە پێشان دەدات. بایکۆت کردنی مامۆستایان، بایکۆت کردنی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەو دایەرەکانی کارەبا و ئاو  وزەریبەو ڕاوەستانی دادگا و بیاکۆتی  دادوەرەکانی( کە ئەمان خۆیان بەشێکن لە دەسەڵاتی فیعلی)   گرتنی ڕیگا و بانەکانی بەتایبەتی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە گرتنی ڕیگای کەرکوک سلێمانی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، خۆپێشان دانی پێشمەرگە لە کەرکوک، مانگرتی فەرمانبەرانی هاتو چۆ، مانگرتنی پۆلیس و دەیان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی فراوانی کە نیشانەی شەڕی دەسەلات وەلانانی دەسەڵاتن لە کوردستاندا.

شکستی ئەزمونی کوردستان و یەک کێشمە کێشی کلاسیکی!!

خەڵکی کوردستان ئێستا کێشەیان لە گەڵ حکومەتی عێراقدا نیە، کێشەی خەڵکی کوردستان لە گەڵ دەسەڵاتی خۆجێیدایە ودەیانەوی ئەم دەسەڵاتە وەلا بنین. ئەم کێشمە کێشە لە شێوەی ئەوە کێشمە کێشە نیە لەگەڵ حکومەتی بەعس بۆ لابردنی زوڵمی قەومی، خەڵکی کوردستان ئێستا هیچ حکومەتێکی تر وبەزمانێکی تر دەسەڵاتیان بەسەردا ناکات لە دەرەوەی کوردستان واتە کێشەکە کێشەی نەتەوەی ژێردەست نیە بە ڕووی نەتەوەی سەردەستدا کەخەڵکی کوردستان دەیان ساڵ لەو مەیدانەدا تێکۆشاون. ئێستا خەڵکی کوردستان بە زمانی خۆیان قسەدەکەن و ئاڵای کوردستانیان هەیەو کەس ناتوانی ڕێگری بکات لە پۆشینی جل بەرگی خۆماڵی، کەس بەزمانێکی تر دەسەڵاتدراێتی ناکات لە کوردستان. کێشەی خەڵکی کوردستان لە ناو خۆی خۆیدایە لەگەڵ بۆرژوای ناوخۆی خۆی دایە. بۆرژوازی کورد نەوت دەفرۆشی و تاڵان بڕۆ دەکات و سەرکوت دەکات هاوزمانەکانی خۆی زیندانی دەکات، ئەو لە پشتی تیرۆرکردنی ڕۆژنامە نوسانی کورد زمانەوەیە، لاوانی کوردستان لەدەستی ئەم ڕابەرانەی " کوردایەتی" هەڵدێن.

ئەمە یەک کێشمە کێشی چێنایەتی کلاسیکە لە نێوان بورژوازی کورد و کرێکاران زۆربەی خەڵکی کوردستان، خەڵکی کوردستان زۆر باش لەوە حاڵی بوون کە کێشەی ئەوان و نەداری ئەوان هۆی بێکاریان ئەو دەسەڵاتەیە کە لە کوردستانە نەک ئەوەی کە لەبەغدایە یان تارانە یان ئەنقەرە.

شکستی ئەزمونی کوردستان، شکستی خەڵک نیە، ئەزمونی کوردستان ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردە بەسەر کوردستاندا، ئەزمونی دەسەلاتێکە یەک ڕۆژی لە ژیانی جێگای شانازی نیە بۆ خەڵکی کوردستان، دەساڵ لەشەڕی ناوخۆ تێابردنی سەدان لاوی کوردستان لە شەڕی یەکێتی و پارتی و ئاوارەکردنی هەزاران کەس و ڕاکێشانی دەستی حکومەتی بەعس و پاسداری جمهوری ئیسلامی بۆ کوردستان و دەرگا ئاواڵە کردن بۆ میتی تورکی و ئیتلاعاتی ئێرانی بۆ مەرکەزی شارەکانی کوردستان بەشێکی سەرەکی ئەم ئەزمونەیە کە ناسێونالیزمی کورد دەیەوی بەم شکستە بمان ترسێنێ. کوژرانی هەزاران ژن و ئازادکردنی بکوژانیان و سەرکوت کردنی ئازادیخوازانی کوردستان. گوێ نەدان بە ڕەئی خەڵکی کوردستان و بەستنەوەی چارە نووسی کوردستان بە عێراقەوە کە لە چەند فرسەتی زۆر گرنگدا دەکرا کوردستان سەربەخۆ بێت دوربکەوێتەوە لەشەڕی تایفی و شەڕی داعش و کێش کردنی بۆ ناو ئاگری داخی ئەم شەڕانە. ئەم ئەزمونە ئەزمونی چەند تاڵان چی و باندێکی مافیایە کە سەروەت و سامانی کوردستانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردوە، هەژاری و نەداری و بێکاریان کردوەتە نسیبی خەڵکی کوردستان. ئەمە ئەزمونی گێڕانەوەی ئەنفاڵچیەکانە بۆ دەسەڵات کە تا ئێستا وەک مۆتەکە لەسەر سنگی ئەوانەی ئەنفال کراون دێن و دەچن. ئەم ئەزمونە خاوەنی قەیرانی ئابوری و سیاسی کوردستانە بۆیە دەبێ ئەم ئەزمونە شکستی پی بهینری لە جێگاکەیدا ئەزمونی دەسەڵتدارێتی واقعی خەلك دەست پێبکات.

ڕاپەڕین ڕێگا چارەی خەڵک، برسی کردن ڕیگە چارە دەسەڵات!!

خەڵکی کوردستان ئێستا لە دوو ڕیانێکدان و سێەم لە ئارادا نیە. یان ئەوەتا ئەو ڕێگە چارەیەی دەسەڵاتداریتی کورد خستویانەتە ڕوو کە لە ڕاستیدا ئەمە ڕێگا چارە نیە بەڵکو برسی کردن و بێکار کرد و کاول کردنی کۆمەڵگەی کوردستانە و بەتەواوەتەی لێڵ و لێخن و نادیارە کە ئەیانەوێ کۆمەلگە بەرەو چی هەلدێرێ ببەن، کە پێم وانیە خەڵکی کوردستان ئەم ئینتحارە قبوڵ بکەن.

ڕێگا چارەی دووەم کە ڕاپەڕینی خەڵکە و پێچانەوەی دەسەڵادارێتی نەنگینی ناسێونالیزم و شەریکە بەشە ئیسلامیەکانیانە لە کوردستان. ئەم ڕێگە چارە هەر ئێستا سەرەتاکانی دەرکەوتوە و خەڵک بە شێوەی جوراو جۆر دەستیان بۆ ئەمە بردوە، ئەم ڕێگە چارەیە خۆی قبوڵ نەکردنی ڕێگا چارەی دەسەڵات و نەفی کردنەوەی ئەو ڕێگا چارەیە و ئەو ئەزمونەیە کە ئەوان شانازی پێوە دەکەن.

ڕاپەڕینی خەڵک و پێجانەوەی دەسەلاتی گەندەڵی ناسیونالستی کوردو ئەزمونە تاڵەکەیان بۆ خەڵکی کوردستان یەک مەسەلەی دەستە ویەخەیە و چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە پێجانەوە و وەلانانی ئەم دەسەڵاتەی ئێستاوە گرێی خواردوە، هەتا دانی موچە و هەر ئاستێک لە خۆشگوزەرانی لە ئێستادا بەتەواوەتی بە ڕوخانی ئەم دەسەڵاتەو دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی خەڵکەوە بەستراوەتەوە. خەڵکی کوردستان دەبێ ئەو پێشنایرە شەرمنانانەی ئۆپۆزسیونی بورژوازی کە دەڵێن "نابێ دەست بۆ توند و تیژی ببرێ" کە مەبەستیان ڕاپەڕین ڕوخانی دەسەلاتە، تێپەڕێنن. ئەمانە لە ڕاستیدا ئۆپۆزسین نین بەڵکو شەریکە دەسەڵاتن.

دەسەڵتدارێتی خەڵک!

ڕاپەڕینی خەڵک کە ڕوو بە ڕووی دەسەڵاتدارێتیە لە کوردستاندا بەڕێوەیە و هەر ڕۆژە بەشێوەیەک خۆێ پێشاندەدات خەریکی ڕاهێنانە لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشاندا، یەکەم کارێک کە دەبێ ئەنجامی بدات و بیخاتە بەرچاوی خۆێ ئایندەی خۆی و زامن کردنی دەسەڵاتدارێتی خەڵکە بە سەر خەڵک خۆیدا و ڕێگە گرتنە لە گێڕانەی دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیەک بە سەر زۆرایەتی کۆمەڵگەدا. ئەزمونی شوراکانی ١٩٩١ یەک ئەزمونی گرنگ بوو دەکری سودی لێببینرێ لەهەر ئاستێکدا و لە هەر کاگە وکارخانە و هەر گەرەکێک هەر سەنگەرێکی دژی داعشدا(شورای پێشمەرگە) شێوەیەکانی بەڕیوەبردنی جاماوەری دابمەزرێ و پایەکانی دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی خەڵک دابمەزرێ.

دەسەڵاتدارێتی خەڵک یان حکومەتی شۆڕشگێڕانەی خەڵک کە مەشروعیەتی لە ڕاپەرینەوە بەدەست دەهێنێ، دەبێ لەسەر زامن کردنی  پایەکانی ئازادیە سیاسیەکان و دابێن کردنی خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان دامەزرابێ.

ئەم دەسەڵاتە دەبێ دەست بگرێت بەسەر هەموو ئەو سەروەت سامانەی بە تاڵان براون و دەست بگرێت بەسەر هەموو جومگەکانی ئابوری کوردستندا و بۆ دابێن کردنی خۆشگوزەرانی و بەڕیوە بردنی ئابوری وڵات و بەگەڕی بخات و لە کورت ماوەدا ئەم کارە ئەنجام بدات.

ئەم دەسەڵاتە ڕوو بەڕووی ناکۆکیەکی جدی دەبێتەو لە چوارچیوەی عێراقدا  لەگەڵ سیستەمێکدا کە لەسەر بنەمای دابەش کردنی قەومی و دینی وتایەفی دامەزراوە، لە ڕاستیدا حکومەتێک بونی نیە لە عێراقدا هەر پەلێکی عێراق بەدەست دار و دەسەتیەکی میلیشیایەوەیە. ئەم ناکۆکیە یەکەم هەنگاوێکە دەسەڵاتدارێتی خەڵک چارەسەری بکات لە کوردستان و دەبێ چارەنوسی کوردستان لە گەڵ عێراق یەکلا بکاتەوە.

سەربەخۆی کوردستان!

ئەزمونی ناسێونالیزمی کورد لە کوردستان کە بە باڵا دەستی نەزمی نوێ جیهان و لە پاڵ ئەمدا دەستی پێکرد. بنەمای نەزمی نوێ جیهان خۆی لەسەر دابەشکردنی پێناسەی قەومی و تایەفی و دینی و عەشیرەتی بوو بەسەر خەڵک دا. ئەم ئەزمونە نەدەتوانی کێشەی میللی کوردستان چارەسەر بکات و نە وەڵامی خۆشگوزەرانی و کێشەی ئازادی بداتەوە لە کوردستاندا. بەڵکو لە ماوەی دەسڵاتدارێتیدا بێجگە لەڕاکێشانی کوردستان بۆ ناو قەیەران و ئەوزاعێکی نالەبار نەیتوانی هیج دەسکەوتێک بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنی.

ماوەی دوانزە ساڵ کوردستان نە وڵات بوو نە بەشێک بوو لە وڵاتێک بۆیە ئێمە هەر ئەوکات مەسەلەی سەربەخۆی کوردستانمان خستەڕوو لە ڕێگای ڕێفراندۆمەوە بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵواسراوی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد و دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ.

لە دوای ڕوخانی بەعس و دامەزارندن حکومەت لەسەر بنەمایەی موحاسەسەی قەومی وتایەفی و دینی جارێکی تر ناسێونالیزمی کورد چارەنوسی کوردستانیان بردەوە بۆ بەغدا و خەڵکی کوردستانیان ڕاکێشایە ناو سیناریوی ڕەشی شەری دینی و تایەفیەوە و خەڵکی کوردستانیان خستە بەردەم شەری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وە، بۆیە جیابونەوەی کوردستان باشترین ڕیگا چارەیەکە بۆ خەڵکی کوردستان.

ئێستا مەسەلەی جیابونەوەی کوردستان لە ڕێگا بانگەوازە بێ ناوەڕۆک و پوچەکانی مەسعود بەرزانیەوە چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ڕێک لە ڕیگای لابردنی دەسەڵاتدارێتی ئەوەوە ئیمکانی هەیە. ناوەڕۆکی جیابونەوەی کوردستان بەشێکە لە یەکلاکردنەوەی کێش مەکێشی کلاسیکیەوە لە گەڵ بۆرژوازی ناوخۆی کوردستان.  خەڵکی کوردستان زۆر بەڕاشکاوانە ڕایانگەیاندوە جیابوونەوە لە ژێر دەسەڵاتی ناسیونالیزم و مەسعود بەرزانیدا بێجگە لە برسی کردنی زیاتر و ڕۆژە ڕەشی هیچ تری لێ هەڵ ناهێنجرێ.

ئێستا جیابونەوەی کوردستان و ڕاگەیندنی سەربەخۆی گرێ خواردوە بە سەرکەوتنی خەڵکەوە لە ڕیگای ڕاپەرینێکی سەرتاسەریەوە بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی گەندەڵی ناسیونالیزمی کورد. لە دوای ڕۆخانی دەسەڵاتی کۆن خەڵک دەبێ دەست بدەنەوە دامەزاراندنی دەسەڵاتێکی نوی وڵاتێکی نوی و یەکەم هەنگاو لەم ڕێچکەیەدا سەربەخۆی کوردستانە لە عێراق لە رێگای ڕیفراندۆمیكی سەراسەریەوە. لە ئێستادا باشترین فرسەت هاتوەتە ئاراوە کوردستان سەربەخۆ بێت هەموو جیهان باس لە گۆڕینی جیوپۆلتیکی ناوجەکە دەکات و کوردستان یەکێکە لە گرنگترین گۆڕانەکان لە ناوچەکدا دروست ببێت و ببێتە ئەمری واقع.

بەبێ سەربەخۆی کوردستان دەسەڵاتدارێتی شۆڕشگێڕنەی خەڵک ناتوانێت لەسەر پیێ خۆی ڕابوەستی نە لە ڕووی سیایسەوە لە چوار چێوەی عێراقدا، نە لەڕووی ئابوریەوە ئەتوانی کوردستان ببات بەڕێوە و بنچینەیەکی مادی بەهێزی هەبێت بۆ بەردەوام بوون. بۆیە دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی خەڵک لە ڕیگای ڕاپەڕینیكی جەماوەریەوە و تێکشکاندنی ئەزمونی ناسیونالیزمی کورد و لەگەڵ سەربەخۆی کوردستان لێکهەڵپێچراون لە ئەمڕۆدا ولەیەک پاکێجدان.

سمیر نوری

٢٦\٢\٢٠١٦