با خه‌باتمان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌سیداره‌دان له‌ کوردستانی عێراق توندتر بکه‌ینه‌وه‌!!

 

له‌سێداره‌دان کوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ستی ده‌وڵه‌تیه‌و به‌ و په‌ڕی خوێن ساردیه‌وه‌ له‌ کات وشوێن دیاریکراودا‌ به‌ ئاگاداری ئینسانه‌که‌ خۆی جێبه‌جێده‌کرێت. ئه‌م به‌ربه‌ریته‌ ئه‌م جه‌نگه‌ دڕندانه‌یه‌ ئه‌م وردو خاش کردنه‌ی ئینسان و که‌رامه‌ته‌ی ئینسان له‌ ژێر ناوی جۆراو جۆردا به‌ڕێ ده‌خرێت. ئامرێزێکی سه‌رکوت و تۆقاندنه‌ له‌ به‌رمبه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا بۆ داسه‌پاندنی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارێتی بانسه‌ری خه‌ڵک، هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی نیه‌ به‌ پاراستنی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ له‌ تاوانباران و ئینسانه‌ خه‌ته‌رناکه‌کان، وه‌یا گێڕانه‌وه‌ی هه‌ق بۆ خاوه‌نه‌کانیان. یاسای " السن بالسن و العین بالعین" یه‌ک یاسای سه‌رده‌می جاهلیه‌ت و به‌ربه‌ریه‌ته‌، ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناتوانێت قبوڵی بکات.

خه‌ڵکی کوردستان و عێراق و سه‌دان ڕۆڵه‌و جگه‌ر گۆشه‌یان بوه‌ته‌ قوربانی و له‌ سیاچاڵه‌کانی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌ دڕنده‌ ئینسان کوژه‌کانی عێراق و ڕۆژنیه‌ گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ هه‌ڵنه‌درێه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ بێویژدانه‌ترین شێوه‌ له‌سێداره‌ دراون له‌ناوبراون. ئه‌م یاسایه‌ تا ئێستا کاری پێده‌کرێت تا ئێستاکه‌ به‌م یاسایه‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌تۆقێنرێت ئازادیه‌کانی ئینسانی پێ پێ پێشێل ده‌کرێت.

له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا که‌ که‌متر له‌ دوو مانگه‌ حکومه‌تی عێراق 64 که‌سی له‌سێداره‌ داوه‌ و تا ئێستا سه‌دان که‌س چاوه‌ڕوانی مردنن و له‌ هه‌ر سات و کاتێکدا بێ په‌تی سێداره‌ ده‌کرێته‌ گه‌ردنیان. به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی عێراق بزانی ئه‌مانه‌ کێن له‌ کوێدا دادگایی کران و به‌ چی پرۆسه‌یه‌کدا ئه‌م دادگایانه‌ تێپه‌ڕیون، پارێزه‌ره‌کانان کێ بوون و تاوانه‌کانیان کامانه‌ بوون ، خێزانه‌کانیان کێن و چی ده‌ڵێن. ئه‌م دادگایانه‌ دادگای کارتۆنی و دورن له‌ هه‌ر ستانداردێکی جیاهانیه‌وه‌. هێزه‌ کۆنه‌په‌رستیه‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕۆژ دوای ڕۆژ فشاری زیاتر ده‌هێنن بۆ له‌ سێداره‌دانی ژماره‌ی زیاتر و خوێن ڕشتنی زیاتر. تا ئێستا عێراق به‌یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ داده‌نرێت که‌ له‌ سێداره‌دانی به‌ ڕاده‌یه‌کی به‌رز تێدا جێبه‌جێده‌کرێت و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ئه‌م تاوانیان مه‌حکوم کردوه‌.

ئێمه‌ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی دژی له‌سێداره‌دان ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ ڕابگرین و جارێکی تر هیچ که‌س نه‌توانی هیچ که‌سێکی تر بکوژێت بتۆقێنێت به‌ ناوی جێبه‌جێکردنی یاساوه‌، ئێمه‌ به‌شێکن له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی جیهانی که‌ تا ئێستا توانیوه‌یه‌تی قه‌ده‌غه‌کردنی له‌سێداره‌دان له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌کانی جیهان ڕابگرێ و ئه‌م یاسایه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

له‌ کوردستانی عێراق به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ سێداره‌ دان تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ و تا ئێستا 135 که‌س له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی په‌تی له‌سێداره‌دان دان، سه‌ره‌ڕای زیندانی کردنی هه‌تا هه‌تای که‌ که‌منین ئه‌وانه‌ی به‌م سزایه‌ سزا دراون. ئه‌گه‌رچی به‌پێێ هه‌واڵه‌کان له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ ئه‌م سزایه‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.

ئێستا لێژنه‌ی مافی مرۆڤی‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌یه‌وی یاسایه‌ک گه‌ڵاڵه‌ بکات بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان و جێگرتنه‌وه‌ی به‌ یاسای سزادانی هه‌تاهه‌تای سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه‌  دژی سزای هه‌تا‌ هه‌تاین و پێمان وایه‌ ده‌بێ فرسه‌ت له‌به‌رده‌م ئینساندا بهێڵرته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ نا کۆمه‌ڵگه‌ و وه‌ک که‌سێکی نۆرمال، به‌ڵام ئه‌م کاره‌ خۆی به‌رهه‌می خه‌باتی تێکۆشه‌رانی ئه‌م مه‌یدانه‌و چی له‌ ئاستی کوردستان و چی له‌ ئاستی جیهاندا.

خه‌ڵکی ئازادی و خواز و ئینسان دۆست !!

وه‌رنه‌ مه‌یدان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م سزا دڕندانه‌یه‌ و ئه‌م تاوانه‌ی کوشتنه که‌ ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ ده‌کات. ئه‌گه‌ر خه‌باتمان توندنه‌که‌ینه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ نایه‌ته‌ قبوڵ کردن و جێبه‌جێکردن و به‌ مه‌رکه‌بی له‌سه‌ر کاغه‌ز ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌وانه‌ی لانگری ئه‌م سزادانه‌ن خۆیان ده‌سڵاتدارن و ده‌یانه‌وی ئه‌م گۆپاڵه‌ی تۆقاندنه‌ له‌ ده‌ستیان نه‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌مان کاتدا بانگه‌وازی بزوتنه‌وه‌ی جیهانی دژی له‌سێداره‌دان ده‌که‌ین که‌ بێنه‌ ده‌نگ و پشتیوانی خۆیان هێزی خۆیان بۆ ئه‌م  تێکۆشانه‌ بخه‌نه‌ گه‌ڕ خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ئه‌نجام بده‌ین بۆ کۆتای هێنان به‌م تاوانه‌ یاسایه‌.

 

نا بۆ  سزای له‌ سێداره‌دان

به‌ڵی بۆ ژیان

 

سمیر نوری

به‌رپرسی که‌مپینی هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان له‌ عێراق

29\2\2012