نامه‌یه‌کی  کراوه‌ بۆ به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی و ڕه‌هبه‌رانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان!!

 

سه‌باره‌ت به‌ سزای له‌سێداره‌دانی کوێستان صدیق

 

ئێمه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ته‌له‌فزیونی ئێن ئاڕ تی  NRT ه‌وه‌ سه‌دای کوێستانمان گوێ لێ بوو ، که‌مپینێکمان ڕاگه‌یاند بۆ ڕزگار کردنی گیانی ئه‌م مرۆڤه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌، داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م سزا دڕندانه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست مان کرد و به‌ سێ زمانی عه‌ره‌بی وکوردی و فارسی بڵاو کرایه‌وه‌ و ده‌یان که‌س به‌ده‌نگی ئێمه‌وه‌ هاتن بۆ کۆمه‌ک کردن بۆ ڕاگرتنی تاوانی کوشتنی ئه‌م ژنه‌. به‌ڵام تا ئێستا له‌ هیج جێگایه‌ک نه‌ک هه‌ڵوێستان نه‌بووه‌ به‌ ڵکو باسێکتان له‌وه‌ نه‌کردوه‌ که‌ به‌ ته‌مان که‌سێک به‌شێوه‌کی خوێن ساردانه‌ دایکێکی خاوه‌ن چوار منداڵ‌ بکوژن.

کوێستان به‌ منداڵی دراوه‌ته‌ شو به‌ پێاوێک له‌ پرۆسه‌ی ئاڵ گۆڕ کرنێکدا که‌ له‌ کوردستان پێێ ده‌ڵین "گه‌وره‌و به‌ بچوک" له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا ئه‌م تاوانه‌ جێبه‌جێکراوه‌، دواتر که‌وتوه‌ته‌ داوی پێاوێک چه‌ندان جار ئه‌شکه‌نجه‌ی کردوه‌و ئه‌زیت و ئازاری داوه‌، له‌و وێنه‌یدا که‌ ته‌له‌فزیونی ناو براو بڵاویکرده‌وه‌ سه‌روچاوی ئاوه‌ساوه‌ سه‌رنجامی لێدان له‌لایه‌ن پیاوه‌که‌یه‌وه‌.

ئه‌م ژنه‌ چه‌ندان جار په‌نای بردوه‌ته‌ به‌ر دادگا بۆ ئه‌وه‌ی له‌و پیاوه‌ی جیا بێته‌وه‌ و خۆی و منداڵه‌کانی له‌ ئه‌شکه‌نجه‌ و ته‌وهین و بێحورمه‌تی ڕزگار بکات به‌لام دادگایه‌ک که‌ به‌رامبه‌ر به‌ژنان وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت زۆر زاڵمانه‌ بڕیارده‌ر ده‌کات ئه‌م ژنه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ژیر ڕکێفی لێدان و ته‌وهین کردن. به‌ڵام کاتێ کار ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ به‌ کوشتنی پیاوه‌که‌ی تاوانبار ده‌کرێت بێ هیج سڵ کردنه‌وه‌یه‌ک سزای کوشتنی به‌سه‌ردا ده‌دات، له‌ کاتێکدا له‌ کوردستان له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبه‌که‌ی ئێوه و‌ پارتی دیموکراتی کوردستانی  شه‌ریکه‌ ده‌سه‌ڵاتتاندا زیاتر له‌ 10 هه‌زار ژن کوژراون زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان بکوژه‌کانیان ئازادن و بێباکانه‌ له‌ نیو کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌.

ئه‌م ژنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاری ببێ په‌نای بردوه‌ته‌ به‌ر ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی ئێوه‌ ناوتان ناون ڕێکخراوه‌ی ژنان به‌تایبه‌تی ئه‌و ڕێکخراوه‌ی له‌ ژێر چه‌تری ئێوه‌دایه‌ له‌ چه‌مجه‌ماڵ کار ده‌کات کاتێ ئه‌م ژنه‌ ڕووی تێکردون داوای کۆمه‌کی کردوه‌ پشتیان تێکردوه‌ هیچ وه‌لامێکیان پێنه‌داوه‌ته‌وه‌. ده‌زگاکانی که‌ ئێوه‌ سازتان کردوه‌ بۆ وه‌ستانه‌وه‌ له‌ دژی توند وتیژی خێزانی هیچ کۆمه‌کێکیان پێ نه‌کردوه‌.

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ سه‌رۆکی عێراق و سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتنمانی کوردستان جه‌لال طاڵه‌بانی چه‌ندان جار ڕایگه‌یانوه‌ وتویه‌تی من ئیمزام کردوه‌ له‌ دژی ئیعدام و ئیمزای ‌ له‌سیداره‌دانی هیچ که‌س ناده‌م، چه‌ندان جار ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی له‌سه‌ر ئیعدام کردنی سه‌رکرده‌کانی حکومه‌تی به‌عس، به‌ڵام کاتیک کار ده‌گاته‌ سه‌ر له‌ سێداره‌ دانی ژنێکی بێده‌ره‌تان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژیرن، نه‌ک بێده‌نگی به‌ڵکو ئه‌م ژنه‌ له‌ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا له‌به‌رده‌م جێىه‌جێکردنی په‌تی سێداره‌دایه‌،ئه‌گه‌ر ئه‌م ژنه‌ له‌سێداره‌ بدرێت، تاوانی کوشتنی ئه‌م ژنه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌دایه‌.

ئێوه‌ ئه‌ندامن له‌ به‌ره‌ی حزبه‌ سۆشیالست_ دیموکراته‌کانی ئه‌وروپادا، ئه‌م حزبانه‌ هه‌موویان دژی سزای له‌سێداره‌ دانن ئێمه‌ ئه‌م کاره‌ دژی ئینسانیه‌ی ئێوه‌ به‌ هه‌موو جیهان و ئه‌وروپاو به‌ هه‌موو چه‌پ و سۆشیال-دیموکراته‌کانی جیهان ڕاده‌گه‌یه‌نین.

ئێمه‌ بێده‌نگ نابین هه‌موو جیهانی موته‌مه‌دین و ئینسان دۆست، هه‌موو ئه‌وانه‌ دژی سزای له‌سێداره‌دانن دێنینه‌ پشتی خۆمان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان و سزای له‌سێداره‌دانی کوێستان صدیق.

 

سمیر نوری \  قسه‌که‌ری کۆمیته‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان له‌ عێراق

Samir_noory@yahoo.com

9 شوبات 2013