به‌یاننامه‌ سه‌باره‌ت به‌ خۆ سوتاندانی سید ستار له‌ زیندانی گه‌و‌ڕان له‌ سلێمانی!!!

 

ئه‌مڕۆ که‌ ڕۆژی سه‌ردانی که‌س وکاری زیندانه‌کان بوو‌ بۆ‌ زیندانی مه‌عسکه‌ر سه‌لام ناسراو به‌ گه‌وڕان له‌ شاری سلێمانی، که‌سێک به‌ ناوی سید ستار که‌ زیندانیکراوه‌ ‌ له‌م زیندانه‌  دوای ئه‌وه‌ی نه‌وت ده‌کا به‌ خۆیدا ئاگر له‌ خۆی به‌رده‌دات سه‌رنجام زۆر به‌ سه‌ختی ده‌سوتێت و دواتر ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمرجنسی له‌ سلێمانی و تا نوسینی ئه‌م به‌یانه‌ چاره‌نوسی دیار نیه‌.

به‌پێێ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی که‌ له‌ ناو زیندانه‌که‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ست ئێمه‌ سید ستار دوای ئه‌وه‌ی ڕوو به‌ ڕووی زیندانی ئینفرادی و ئیهانه‌کردن و لێدان ده‌بێته‌وه‌، بڕیار خۆسوتاندن ده‌دات. سید ستار 14 ساڵه‌ له‌م‌ زینداندایه‌ به‌ تۆمه‌تی هاوکاری حکومه‌تی به‌عس سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا ده‌درێ و دواتر سزاکه‌ی بۆ سوک ده‌کرێ. سید ستار دوکانێکی له‌ناو زیندانه‌که‌دا هه‌بووه‌  بۆ فرۆشتنی ئه‌و که‌ل و په‌لانه‌ی زیندانیکان دروستی ده‌که‌ن. به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ده‌ستی ئێمه‌ که‌وتوه‌ سید ستار وه‌سیتنامه‌یه‌کی نوسیوه‌ پێش ئه‌وه‌ی خۆی بسوتێنێت چه‌ند ئه‌فسه‌رێک تاوانبار ده‌کات به‌ ئه‌شکه‌نجه‌ کردنی و ئیهانه‌کردنی و هۆی خۆکوژیه‌که‌ی ڕوون ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا کۆپی ئه‌و وه‌سیتنامه‌یه‌مان ده‌ست نه‌که‌وتوه‌.

ئێستا زیندانیه‌کان زۆر توڕه‌و ناڕازین پێده‌چی له‌ نێو زیندانی گه‌وڕاندا ناره‌زایه‌تی به‌هێز تر ڕێک بخرێت.

ئێمه‌ به‌ توندی ئه‌شکه‌نجه‌ی به‌ده‌نی و ڕوحی زیندانیان سه‌رکۆنه‌ده‌که‌ین، له‌هه‌مان کاتدا داواده‌که‌ین سزای له‌سێداره‌دان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، و زیندانه‌کان ببێته‌ جیگای چاکسازی و دروستکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان نه‌ک وردو خاشکردنی که‌سایه‌تیان و بێئۆمیدی چاندن له‌ مه‌غزیاندا.

هه‌روه‌ها  داواده‌که‌ین ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ ئه‌شکه‌نجه‌و ئیهانه‌کردنی سید ستار ده‌ستیان هه‌یه‌ دادگایی بکرێن.

 

سمیر نوری

قسه‌که‌ری کۆمیته‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان

یه‌ک شه‌ممه‌ 6 \10 \2013