ئاگاداری!! زەنگی خەتەر بۆ هەموو هاوڵاتیان!!
جێ بەجێکردنی سزای مەرگ گەرایەوە بە ئیمزای سەرۆك!!
بۆ ڕێکخراوەکانی دژی ئیعدام لە عێراق و کوردستان و جیهان!!
بۆ ئیتلافی جیهانی لەدژی سزای لەسێدارەدان !
هەفتەی ڕابردوو فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزای خستە سەر ئیعدام کردنی ٢١ کەس و بەپیێ قسەی وەزیری دادی عێراق بێت ٧٠٠٠ کەس حوکمی ئیعدامیان هەیە لە عێراقدا. ئەوە ئەمڕۆش خەبەری ئەوەمان پێ گەیشت کە سەرۆک( کە نازانین هێشتا بە سەرۆکی ماوەتەوە یان نا) مەسعود بەرزانی ئیمزای خستە سەر ئیعدام کردنی پیاوێک و دوو ژن و ئەو سێ کە سە لەشاری دهۆک ئیعدام کراون.
ئەمە زەنگێکی زۆر خەتەرناکەو پێش ئەوەی باس بێت لە گێڕانەوەی ماف بۆ ئەوانەی غەدریان لێکراوە ئەمە یەک هەنگاوی دژی خەڵک و تۆقاندنی خەڵکە. کوردستان بە قەیرانی ئابوری و سیاسیدا تێدەپەڕێ و دەسەڵات پێویستی بە سەرکوتکردن و تۆقاندن و چاوی سورە لە هاوڵاتیان. گێڕانەوەی سزای لە سێدارە دان خۆی یەک سزای سیاسیە و بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی ، سەرۆک هەست بە شل بوونی ژێر پێیان دەکات. بۆیە لەم ساتە وەختەدا دەکەونە جێبەجێ کردنی ئەم سزایە .
لە ساڵی ٢٠٠٦ وە هیچ ئیعدامێک جێ بەجێ نەکراوە لە کوردستان و بە پێێ بڕێارێک جێ بەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان ڕاگیراوە، دەیان کەس لە زیندانەکانی کوردستان کە سزای لە سێدارەدانیان هەیە ماونەتەوە، ئەگەر بۆ هەر ئینسانێکی تۆزێ ئاگا گوێی لێبێت دەڵێ چی ڕووی داوە وا دەست دەکەن بە جێ بەجێکردنی سزای لە سێدارەدان. لە کاتێکدا لە کوردستاندا باس لە جێگیرکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت ، کە مافی ژیان گرنگترین و سەرەتایی ترین مافی ئینسانە.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!!
سزای لە سێدارەدان خەتەرناکترین و خوێناوی ترین سزایە و بە درێژای مێژوو بە پێێ ئەم سزایە کوچە و کۆڵان و شوێنی ئەم کوردستانە نێە لاوان و ئازادیخوازانی تێدا لە سێدارە نەدرابێ، هەزاران دایک جەرگی نەبڕابێ، بە هۆێ جێ بەجێ کردنی ئەم سزایە و ئەم سزایە گۆپاڵی دەستی دەسەڵاتداران بووە و ئێستاش هەمان گۆپاڵە دەیانەوی بەسەر سەری ئازادیخوازنیدا بدەن، هیچ پەیوەندیەکی نیە بە بەرگری لە خەڵک و ئاسیش و ئارامی خەڵکەوە، ئەوە ئەم حزبانەی دەسەڵاتن کە ئاسایشیان لە خەڵک تێک داوە تارمای بەرپاکردنی جەنگی ناوخۆیان سازداوە، بۆیە ڕێگە مەدەن ئەم سزایە بکەنە مۆتەکە بۆ تۆقاندنی لاوەکان و ئازادیخوازان.
ئێمە بێدەنگ نابین هەموو خەڵکی جیهان و ڕێکخراوەکانی دژی ئیعدام وبزووتنەوەی جیهانی دژی ئیعدام لەسەراسەری جیهاندا ئاگادردەکەینەوە و دهێنینە دەنگ.
نا بۆ سزای مەرگ !!
بەڵی بۆ مافی ژیان!!
سمیر نوری
بەرپرسی کۆمیتەی هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان
ئەندامی ئیتلافی جیهانی لە دژی سزای لەسێدارەدان
٢٥\٨\٢٠١٥