ڕاگه‌یاندنی کۆتایی پلینۆمی چواره‌می حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

 

پلینۆمی چواره‌می حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق  سه‌رکه‌وتوانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی عێراق ئه‌نجام درا . کۆبونه‌وه‌ له‌ 19 نیسان (ئه‌پریل) ده‌ستی پێ کردو له‌ دوا سه‌عاته‌کانی رۆژی 20 نیسان 2009 کۆتایی به‌ کاره‌کانی هات .زۆربه‌ی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئاماده‌ی ئه‌م پلینۆمه‌ بوون . به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی ناوه‌ندی حیزب به‌ ته‌له‌فۆنی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته‌وه‌ به‌شداریان کرد. هاورێ حه‌میدی ته‌قوایی سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری  ئێرانیش یه‌کێ له‌ به‌شدارانی ئه‌م پلینۆمه‌ بوو.

پلینۆم به‌ سروودی ئه‌نته‌رناسیۆنال و ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ رێز گرتن له‌ هاورێ یانی گیان به‌خت کردووی رێگای سۆشیالیزم ده‌ستی پێ کردو پاشان له‌ رووی یاساییه‌وه‌ وه‌ به‌ هۆی ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ره‌سمیه‌ت به‌ پلینۆم درا وئه‌نجا لیژنه‌ی به‌رێوه‌بردنی پلینۆم دیاری کرا . پاش ئه‌وه‌ی ده‌نگ درا به‌ ده‌ستوری پلینۆم و ئاییننامه‌که‌ی ، هاورێ عصام شکری چه‌ند ووته‌یه‌کی بۆ رێزنان له‌ هاورێی گیان به‌خت کردوو حه‌کیم حه‌سه‌ن فنجان ( ئه‌بو ئه‌ثیر ) ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب و سکرتێری رێکخستنه‌کانی ناصریه‌ ، پێشکه‌ش کرد و ئه‌وه‌ی ده‌ست نیشان کرد که‌ له‌ ده‌ستدانی ئه‌م هاورێ یه‌ چه‌نده‌ کاریگه‌ری بووه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م حیزبه‌ وه‌ ئه‌م هاورێ یه‌  چه‌نده‌ هه‌ڵسوراو به‌ پره‌نسیب و چاونه‌ترس بووه‌ بۆ به‌رگری له‌ کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و چه‌نده‌ مروجی کۆمۆنیزمی کرێکاری بووه‌ . پاش ئه‌و ووته‌یه‌کی سیاسی له‌ لایه‌ن حه‌میدی ته‌قوایی ئاراسته‌ی پلینۆم کرا . که‌ تیایدا ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه‌ که‌ چۆن ئاڵوگۆرێکی نوێ به‌ سه‌ر جیهاندا هاتووه‌ و ئه‌و قۆناغه‌ ته‌واو بوو که‌ دوو قوتبی کۆنه‌په‌رست له‌ مه‌یداندا بوون واته‌ قوتبی ئه‌مه‌ریکاو هاوپه‌یمانانی له‌ لایه‌ک و قوتبی ئیسلامی سیاسی و ده‌وله‌ته‌کانی له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ، ئه‌وه‌شی به‌ روونی نیشاندا که‌ چۆن بوروژوازی جیهانی له‌ رووی سیاسی و ئایدیۆلوجی و ئابوریه‌وه‌ به‌گشتی تووشی بن به‌ستی هاتووه‌ که‌ ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو قووتبی ناکۆک ده‌ست بۆ سیاسه‌تی رێکه‌وتن ببه‌ن وه‌ چۆن ئه‌و بن به‌ستیه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو قوتبه‌ له‌ رووی توانای سیاسیه‌وه ‌بێ هێز ببن و شێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌کانیشیان بگۆرن و وه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که‌ هه‌ردوکیان ببنه‌ یه‌ک به‌ره‌ له‌ به‌رانبه‌ر به‌ره‌ی فراوانی خه‌ڵك دا ، وه‌ هاورێ حه‌مید ده‌ست نیشانی ئه‌وه‌ی کرد که‌ ئه‌م ئاڵوگۆڕه چه‌نده‌ کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر جێگاو رێگای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق وه‌ چه‌نده‌ ئه‌مه‌ بوار ئه‌کاته‌وه‌ له‌ به‌رده‌م حیزبدا بۆ رابه‌ری کردنی جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز و ئینساندۆست . هاورێ حه‌مید له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا هیوای سه‌رکه‌وتنی خواست بۆ پلینۆمی چواره‌م و کاره‌کانی . پاش پشوویه‌کی کورت راپۆرتی سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی  سه‌باره‌ت به‌ ده‌وره‌ی پێشوو پێشکه‌ش کرا و ئه‌نجا راگۆرێنه‌وه‌ وگفت و گۆی له‌ سه‌ر کرا  وه‌ له‌ باره‌ی هه‌ڵسوارن وچالاکیه‌کانی پێشووه‌وه‌ قسه‌وباس کرا .

له‌ رۆژی دووه‌مدا پرۆژه‌ی بڕیاڕنامه‌ سیاسیه‌کان خرانه‌ ڕوو له‌وانه‌ پرۆژه‌ی بریارنامه‌ی ( بارودۆخی سیاسی عێراق له‌ ژێر سایه‌ی ئاڵوگۆره‌ سیاسی و ئابوریه‌کانی جیهاندا ) . هاورێ سه‌میر نوری له‌ باره‌ی سه‌رخه‌ته‌کانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ دواو گرنگی سیاسی ئه‌م بریارنامه‌ی خسته‌ روو له‌ قۆناغی ئێستادا پاش ئه‌وه‌ی راگۆرینه‌وه‌و گفتوگۆی له‌سه‌رکرا پلینۆمیش به تێکڕای ده‌نگ  پاش هه‌ندێ ئالوگۆر به‌ سه‌ر هه‌ندێ له‌ به‌نده‌کانیدا په‌سه‌ندی کرا . کورته‌ی بریارنامه‌که‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ بارودۆخی سیاسی جیهان به‌وه‌ گه‌یشتوه‌ که‌ نه‌زمی نوێی جیهان به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌ بن به‌ست گه‌یشتووه‌و ئێستا خه‌ریکی ئاشت بوونه‌وه‌و سازشه‌ له‌ گه‌ڵ نه‌یاره‌کانی که‌ هێزه‌کانی ئیسلامی سیاسیه‌  ئه‌وانه‌ی‌ کاریگه‌ریان له‌ بارودۆخی عێراقدا هه‌یه‌ و  ئه‌و هێزانه‌ی جێگاو رێگای خۆیان له‌ سیناریۆی ره‌شدا هه‌یه‌ وه‌ ئه‌م بارودۆخه‌یان به‌ حاله‌تێکی ناسه‌قامگیر گه‌یاندووه‌ وه‌ ئێستا بارودۆخێک هه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌رئان و ساتێکدا له‌وانه‌یه‌ بته‌قێته‌وه‌و جه‌نگێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ رووبدات له‌ نێوان ئه‌و هێزه‌ قه‌ومی و دینی و تایفیانه‌ که‌ خودی ئه‌مه‌ریکا له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات دایناون . ئه‌م  پرۆژه‌یه‌ باس له‌ قه‌یرانی جیهانی سه‌رمایه‌داری کرد له‌ هه‌موو روویه‌که‌وه‌ ، به‌ جۆرێک که‌ بورژوازی بێ چاره‌ بووه‌ وه‌ هیچ توانای نیه‌ له‌ چاره‌سه‌رکردنیدا که‌ دیاره‌ ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر  ئابوریه‌ دارووخاوه‌که‌ی عێراق که‌ ئه‌مه‌ریکا پێشتر به‌ سه‌ر ئه‌م وولاته‌یدا هێناوه‌ . وه‌ بریارنامه‌که‌ باسی له‌وه‌ کرد ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا پاشه‌که‌شه‌ بکا بارودۆخه‌که‌ چی لێ دێت و به‌ کوێ ده‌گات که‌ ئیمکانی ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ببێته‌ هۆی هاتنه‌ مه‌یدانی قوتبێکی تر ئه‌ویش قوتبی جه‌ماوه‌ره‌ له‌ به‌رانبه‌ر قوتبی بورژوازیدا ، بریار نامه‌که‌ زۆرتر تاکیدی له‌ سه‌ر به‌ره‌نجامێک کرده‌وه‌ ئه‌ویش به‌ هێز کردنی به‌ره‌ی کرێکاران و جه‌ماوه‌ره‌ له‌ به‌رانبه‌ر به‌ره‌ی بۆرژوازیدا وه‌ ته‌کیدی کرده‌وه‌ له‌ سه‌ر جێگاو رێگای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق  له‌ چۆنیه‌تی‌ رابه‌ری کردنی خه‌باتی ئه‌م به‌ره‌ ئینسانیه‌دا‌ . پاش ئه‌وه‌ هاورێ سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌ له‌ سه‌ر گرنگی پرۆژه‌ی بریاری مالیه‌ی حیزب دواو باسی له‌ پێداویستی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ کرد بۆ حیزبی ئێمه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا وه‌ چۆن ده‌کرێ ئه‌م حیزبه‌ بگۆردرێ بۆ حیزبێکی به‌ تواناو به‌هێز وه‌ له‌م باره‌وه‌ چه‌ند خالێکی خسته‌ روو یه‌کێ له‌وانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێ مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێ له‌ کاره‌ گرنگه‌کانی ئه‌وه‌ بێ که‌ گرفتی مالی حیزب چاره‌سه‌ر بکا و ته‌کیدی کرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کۆمیته‌ مه‌حه‌لیه‌کان ده‌بێ له‌ هه‌وڵی به‌ ده‌ست هێنانی ئیمکاناتی مالیدا بن وه‌ ده‌بێ پره‌نسیبی ئابوونه‌ دان له‌ لایه‌ن ئه‌ندمانی حیزبه‌وه‌ پته‌وتر بکرێ ، جگه‌ له‌مانه‌ تاکیدی کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێ حیزب له‌ باری ژمێریاری ( محاسه‌به‌)وه‌ رێگایه‌کی مۆدێرن تر به‌ کار بهێنێ و رێک وپێک تر بکرێ . پلینۆم ئه‌م بریار نامه‌یه‌ی به‌ تێکڕای ده‌نگ په‌سه‌ند کرد دیاره‌ پاش ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێ چه‌ند گۆڕانێکی ووردی تێدا بکرێ که‌ پلینۆم دیاری کرد . پلینۆم هاته‌ سه‌ر بریاری زیاد کردنی چه‌ند مشاورێک بۆ کۆمیته‌ی ناوه‌ندی  که‌ هاورێ سه‌میر نوری به‌رگری له‌م بریاره‌ کرد و ئه‌وه‌ی روون کرده‌وه‌ که‌حیزب فراوان بوه‌ته‌وه وه‌ هه‌ندێ کادر ده‌رکه‌وتوون وه‌ چاکتره‌  ئه‌م کادرانه‌ بێنه‌ ناو رابه‌رایه‌تیه‌وه‌  وه‌ ده‌ور و نه‌خشی رابه‌ریان هه‌بێ ئه‌مه‌ ناوه‌رۆکی ئه‌م‌ بریاره‌ بوو‌  پلینۆمیش بریاره‌که‌ی په‌سه‌ند کرد 6 که‌س وه‌ک ئه‌ندامانی مشاوری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردران که‌ بریتین له‌م هاورێ یانه‌ : ستار حه‌مه‌ عه‌لی ( ستاری چیمه‌نتۆ) ، عه‌مار سه‌واس ،فه‌طومه‌ عه‌باس ،محه‌مه‌د شاکر ،مه‌عن شمالی ، وه‌ نوره‌دین عه‌بدولقادر . پێش کۆتایی هێنان به‌ پلینۆم پرۆژه‌ی حیزب و ته‌حزوب  هاته‌ باس کردن ،هاورێ عصام شکری ئه‌وه‌ی نیشاندا که‌ چه‌ند حیزب  و خه‌باتی حیزبی گرنگه‌ بۆ گۆڕانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و  سۆشیالیزم له‌ عێراقدا به‌ سه‌رکه‌وتن ناگات به‌ بێ بوونی حیزبی سیاسی به‌ هێزی چینی کرێکار .وه‌ باسی له‌ گرنگی ته‌حه‌زوب کرده‌وه‌ بۆ به‌رگری کردن له‌ کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق وه‌ باسی له‌پته‌و کردنی سوونه‌ته نه‌مره‌کان و پرشانازیه‌کان ئه‌ندامه‌تی و ئه‌ندام بوونی له‌م حیزبه‌دا کرد . وه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ باسی کادری کرد که‌ چه‌نده‌ گرنگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌‌حه‌زوبی کۆمۆنیستیدا وله‌ فراوان کردنی بنکه‌ی حیزبدا. له‌ کۆتایدا پلینۆم پێویست بوونی ئه‌م بریار نامه‌ی په‌سه‌ند کرد و ڕای سپارد به‌ مه‌کته‌بی سیاسی  داهاتوو  بریاری له‌ سه‌ر بدات .

پلینۆم به‌ دوا ووته‌ی سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆتایی به‌ کاره‌کانی خۆی هێنا که‌ له‌م ووته‌یه‌یداهاورێ ی سکرتێر  ووتی : پلینۆم سه‌رکه‌وتوو بوو وه‌ توانی بچێته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ میحوه‌ریه‌کان و ئه‌و رێگایانه‌ی که‌ ده‌کرێ خه‌باتی کۆمۆنیزمی پێ بچێته‌ پێشه‌وه‌ له‌ عێراقدا ئه‌مه‌ش له‌ بریار نامه‌و باساکانیدا ده‌بینرا . پلینۆم تاکیدی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق‌ حیزبی کۆمۆنیزمی کرێکاریه ‌و هه‌ڵگری ئاڵاکه‌ی مارکس و مه‌نسور حیکمه‌تی رادیکال و سۆشیالیسته‌ و سه‌رکه‌وتنی سۆشیالیزم و به‌ره‌ی کرێکاران و پره‌نسیبه‌کانی ئازادی و یه‌کسانی و مه‌ده‌نیه‌ت و خۆشگوزه‌رانی و ئینسانیه‌ت گرێ دراوه‌ به‌ توانایی و جێگاو رێگاو فراوان بوونه‌وه‌ی‌ به‌ده‌نه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراقه‌وه‌  وه‌ گرێ دراوه‌ به‌هاوکاری جیدی ومه‌سؤلانه‌ی هاورێیان له‌ سه‌ر خستنی پلینۆمدا.

به‌ سروودی ئه‌نته‌رناسیۆنال پلینۆمی چواره‌م کۆتایی هات .

یه‌کێ تر له‌ بڕگه‌کانی پلینۆم هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی هاوڕێ عصام شکری بوو بۆ سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ تێکڕای ده‌نگ و وه‌ هه‌ڵبژاردنی 7 که‌س بوو بۆ مه‌کته‌بی سیاسی که‌ ئه‌م هاوڕێانه‌ بوون : جه‌لیل شاهباز ، خه‌‌بات مه‌جید ، سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌ ، سه‌میر نوری ،صه‌باح ئیبراهیم ، فاتیح به‌هرامی ، وه‌ کاروان نه‌جمه‌دین .

 

کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

22_4_2009