پیرۆز بێ!
نۆزدە ساڵ پێش ئێستالە ٢٩ی مانگی ١١ساڵی ١٩٩١ حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێران دامەزرا. ئەم حیزبە بە دەست پێشخەری "مەنسوری حیكمەت" و ھاورێیانی لە "فراكسیۆنی كۆمۆنیزمی" ی ناو حیزبی كۆمۆنیستی ئێران پێك ھات.
لەو كاتەدا جەنگی خەلیجی یەكەم بە ڕابەری ئەمەریكاو ھاوپەیمانەكانی لە عێراق ڕووی دا كوردستانی عێراق كەوتە ژێر ركێفی خەڵك پاشان ئەحزابی ناسیونالیستی كوردی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان داسەپاند ، لەم نێوەدا كێشمەكێشەكانی نێوان دوو باڵی كۆمۆنیستی كرێكاری و ناسیونالیستی ناو حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و كۆمەڵە بەو رادەیە گەیشت كە وابكات فراكسیۆنی كۆمۆنیزمی كرێكاری لە ناو ئەو حیزبەدا بێتە دەرەوە و حیزبی خۆی رابگەیەنێ . ئەم حیزبە كاتێك پێك ھات بورژوازی لە سەرتاسەری دنیادا بانگەوازی مەرگی كۆمۆنیزمی دەكرد و موژدەی ھاتنی دونیای بازاری ئازادی دەدا بە گوێی ھەمواندا. ئەوكاتە ھاودەم بوو لەگەڵ دارووخانی بلۆكی سەرمایەداری لە یەكێتی سۆڤیەت و ئەوروپای رۆژھەڵات و ڕووخانی دیواری بەرلین . نیوكونسەرڤاتیڤەكانی ولایەنگرانی بازاری ئازاد مژدەی دونیایەكی باشتری دوای شەڕی ساردیان چڕی . ئا لەوكاتەدا مەنسوری حیكمەت و رابەارانی فراكسیۆن ئاڵای سوری كۆمۆنیزمیان ھەڵدایەوە و ڕایان گەیاند پێك ھێنانی دونیایەكی باشتر لە رێگای بازاری ئازادەوە نیە بەڵكو لە رێگای كۆمۆنیزمی كرێکاری یا بە واتایەكی تر لە رێگای كۆمۆنیزمی ماركسەوەیە.
ئیدیعا پووچەكانی بورژوازی و نەزمە نوێیەكەیان زۆر زوو بۆ خەڵكی جیھان دەركەوت پاش ئەوەی دونیایان توشی جەنگ و ماڵوێرانی و برسیەتی و بێكاری و گرانی بێەش كردنی خەڵك لە ماف و ئازادیەكانی كرد. وە لە ھەمان كاتدا دروستی بۆچوون و تێروانینەكانی كۆمۆنیزمی كرێكاری لە بارەی جیھان و بورژوازی وچینی كرێكارەوە لە ھەموو لایەكەوە ھەستی پێ دەكرا. حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێران ھات و ڕای گەیاند ئەوەی لە سۆڤیەت و ئەورپای رۆژەھەڵاتدا بوو سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم نەبوو بەڵكو بەشێك بوو لە خانەوادەی بۆرژوازی كە نوێنەری سەرمایەداری دەوڵەتیان دەكرد وە رای گەیاند دونیا بە ھۆی نەزمی نوێ وە خوێناوی دەبێ.
عێراق و كوردستان جێگایەكی گرنگی كێشمەكێشەكان بوو بۆیە بۆ مەنسوری حكمەتیش گرنگ بوو كە چارەنوسی خەلكی ئەم وولاتە لە چنگ ھێزە رەشەكان دەربكێشی بۆیە ھەوڵی جیددی دا بۆ پێكھێنانی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری لەم چوارچێوە جوگرافیەدا . لە ھەولەكەی خۆیدا توانی خەونی حیزب لای گروپە چەپەكانی نزیك بە كۆمۆنیزمی كرێكاری بكاتە واقیع و لە ساڵی ١٩٩٣ حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق پێك ھات.
ئەمرۆ پاش نۆزدە ساڵ حیزبەكەی مەنسور حیكمەت توانیویەتی ببێتە حیزبێكی گەورە گەرچی زۆر كۆسپی ھاتە رێ و ھەوڵی بە لاریدا بردنی درا بەڵام ئەمرۆ لە ھەموو كات زیاتر حیزبێكی جێی متمانەی خەلكی ئێرانە و لە ھەموو مەیدانەكانی دیفاع لە كرێكاران و رابەرانی و لە ژنان و مندالان لاوان و دیفاع لە سكۆلاریزم و بە رێ خستنی شۆڕشی سۆشیالیستی بوونی عەمەلی ھەیە.
گەرچی لە دوای مەرگی مەنسور حیكمەت بەشێك لەم حیزبە بە ناوی "حیكمەتیست "ەوە لەو حیزبە جیا بوونەوە چونكە دەیانویست ئەم حیزبە بگۆرن بە حیزبێكی سازشكارو ئاشتبوونەوەی چینایەتی بەسەردا بسەپێنن بەلام ھۆشیاری وتیژبینی رابەری ئەم حیزبەو بە تایبەتی "حەمیدتەقوایی " لەوە زۆر زیاتر بوو كە ئەوان بتوانن ئەم كارە ئەنجام بدەن.
گەرچی ئەم باڵەی حیكمەتیست توانی بەشێكی گەورە لە ھێزی كۆمۆنیزمی كرێكاری لە عێراقدا ببا بە لارێكەی خۆیدا بەڵام خۆشبەختانە نەیتوانی كۆنترۆلی بكات بۆیە ھاوڕێبازەكانی مەنسور حیكمەت لە عێراقدا حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری چەپی عێراقیان پێكھێنا كە ئەمرۆ ھاوشانی حیزبە نۆزدە ساڵەكەی مەنسور حیكمەت ، حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێران لە مەیدانی خەباتدایە . یادی دامەزراندنی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێران پیرۆز بێ.