دیمانە ڕادیۆ ئەنتەرناسونال لەگەڵ مەنسور حیکمەت سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان

وەرگێرانی لەفارسییەوە: کاوە عومەر

دەقی نوسراوەی گفتوگۆیەکە لەگەڵ ڕادیۆی ئینتەرناسیۆناڵ

ئازەر ماجیدی: بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی ئێران دنیایەکی باشتر، تەئکیدی لەسەر گرنگی هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان کردوەتەوە.ئەمەوێت لێتان بپرسم بۆچی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران تەئکید لەسەر ئەمە دەکاتەوە کەسزای لەسێدارەدان ئەبێت بەتەواوەتی  هەڵوەشێتەوە؟

مەنسور حیکمەت: زۆر ئاشکرایە. سزای لە سێدارەدان کوشتنی ئەنقەستە. سەرەتا نەخشە دادەڕێژن کە کەسێک بکوژن وە دەڕۆن لە ڕۆژێکی دیاریکراودا لە ڕێو ڕەسمێکدا دەیکوژن. ئەمە بۆ کەسێک کە دژی کوشتنی گیان لەبەرێکە باوەڕێکی سروشتی و ئەنجامێکی مەنتیقیە کە بڵێت سزای لە سێدارەدان ئەبێت هەڵوەشێتەوە، چونکە ئەمەش هەر کوشتنی گیان لەبەرێکە بە ئاگایی و لەگەڵ نەخشەی لەپێشدا داڕێژراو.

ئازەر ماجیدی: بەڵام لە سزای لەسێدارەداندا بۆنمونە قسەلەسەر سزای بکوژان دەکرێت وە سزای لەسێدارەدان وەک لەمپەرێک دەزانن لەبەردەم چونەسەرەوەی تاوان لەکۆمەڵگەدا.بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

مەنسور حیکمەت: بەبڕوای من ئەمە قسەیەکی پوچە. یەکەم بەشێوەی بەرچاو پەیوەندی نێوان لەسێدارەدان و ڕووداوی کوشتن لە کۆمەڵگەدا بەوشێوەیە نییە.ئەگەر ئێوە بێن و کوشتارێک کە بەدەستی دەوڵەتان بووە،کەسانێک کەدەوڵەتەکان دەستگیری کردون وە لەبەردەم دیوارەکاندا دایان ناون و گوللەبارانیان کردون وە لەداریان داون،لەستونێکدا بینووسیت وە دەبینیت کەچەند کەس لەوانە بەتاوانی کوشتن دەستگیر کرابوون، ئەبینیت کە پەیوەندیەکی ڕاستەقینە لەنیوانیاندا نییە. ئینسانەکانیان بە تاوانی جۆراوجۆر دەستگیر کردووە،بە بیانوی جیاواز دەستگیریان کردون وکوشتویانن.ئەمە کاری حکومەتەکانە کە بەدرێژای مێژو و هاوڵاتیان و دانیشتوان لەسەر جێگای خۆیان دانیشێنن و ملکەچیان بکەن، بیانخەنە خزمەتی دەوڵەتەوە وە پێش بە ناڕازەیەتیەکان بگرن.لە هەندێک شوێندا لەبنەڕەتدا بە تاوانی هاوشێوەی ئەوەی کە سەر بە ئاینێکی جیاوازیت،سەربە نەتەوەیەکی تری، خوێنەکەت خوێنێکی ترە، شێوە ژیانێکی جیاوازتر دەژیت…ئینسانەکانیان گرتوەو کوشتویانن. کاتێک ئەڵمانیای نازی ملیۆنان کەس دەباتە ژورەکانی کورەکانی غاز، وە هەموویان بە پیرو مناڵ ولاوەوە بەغاز دەکوشت، ئەوانە تاوانێکیان نەکردبوو. ئەگەر ئێوە ستونی دەستەواژەی قوربانیەکانی حکومەتەکان بەراورد بکەن لەگەڵ لیستی کەسانێک کە بەتاوانی کوشتن گرتویانن دەبینیت کە پەیوەندیەک لەنیوانیاندا نییە.

لە سێدارەدان وەسیلەیەکە بەدەستی حکومەتەکانەوە بۆ ترساندنی خەڵک، بۆ لەشوێن خۆدانانی خەڵک…بەشێکیشی لەلایەن سیستەمی دادوەریەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان بەکار دەبرێت. تەنها تاوانی کوشتن نییە کە بە لەسێدارەدان وەڵام وەردەگرێتەوە.لەزۆرێک لەوڵاتاندا بەدەستبردن بۆ ئاسایشی دەوڵەت،سوکایەتی بە پێگەی فڵان پەیامبەرو ئیمام وئاخوند، بوونی فڵان شێوازی ژیان. بۆ نمونە خواردنەوەی خواردنەوە کحولیەکان بەلەسێدارەدان وەڵام وەردەگرێتەوە. لەزۆر جێگا پەیوەندی سێکسی ئینسانەکان بە لەسێدارەدان، وەڵام وەردەگرێتەوە.پاوانکردنی خواردن لەکاتی کەمبونی خۆراکدا بە لەسێدارەدان وەڵام وەردەگرێت. لەسێدارەدان شتێک نییە تەنها لەبەرامبەر کوشتندا وتبێتیان. تەنها گۆشەیەکی بچوکی، بڕیاری لەسێدارەدانە کەلەبەرامبەر تاوانی کوشتندا و بەهۆیەوە سزای بکوژەکان دەدرێت کە هەرئەمەش بۆخۆی شتێکی تێدایە. یانی تۆ ناتوانی بڵێت کە وەڵامی کوشتن بەکوشتن ئەدەمەوە. ئەگەر کوشتن خراپە ئەی بۆچی ئێوە وەڵامی کوشتن بەکوشتن ئەدەنەوە. ئەگەر کوشتن یاساییە وە ئەکرێ بە بریاری یاسا کەسێک بکوژرێت، بۆچی کەسێکی تر ناتوانێت بڕیار بدات کە ئەویش دەتوانێت لەسەر ئەو بنەمایە کەسێکی تر بەبیانوی شتێکی ترەوە بکوژێت؟ پیرۆزکردنی ئەوەی کە ژمارەیەک دەوڵەتیان پێکهێناوە چییە کە ڕێگەیان پێدەدات بەشێوەیەکی مۆڵەت پێدراو مرۆڤ بکوژن، بۆنمونە ڕێگە بەخێڵ نادەن مرۆڤ بکوژێت، ڕێگانادەن بەخێزانەکان ئینسان بکوژن، رێگە بە توێژو کەسەکان نادەن ئینسان بکوژن. دەوڵەت بەهۆکاریک ئینسانکوژی خۆی پاساو ئەدات وە بکوژیش بە پاساوێکی تر… ئەوانە هەردووکیان بێزراون وە ئەبێت بەبۆچونی من هەردووکیان هەڵوەشێتەوە. هەر بەوشێوەیەی کەلەبەرامبەر کوشتنی خەڵک لەلایەن کەسەکانەوە ئەوەستینەوەو ئەبێت بەر بەکوشتنیشیان لەلایەن فەرمانگەکانەوە بگرین. دەوڵەت لە ئیدارەیەک، دامەزراوەیەکی دڵخوازی ئینسانەکان نییە. هیچ شتێک مافی ئەوە بەدەوڵەت نادات کە کەسێک وشیارانە و بەنەخشەی پێش وەختەو داڕێژراو بکوژێت.

ئازەر ماجیدی: ئێوە لە وەڵامەکانتاندا زۆرتر ئاماژەتان بەلایەنی سیاسی و کەڵک وەرگرتنی سیاسی لە سزای لەسیدارەداندا کە دەوڵەتەکان بۆ ترساندنی خەڵک دەکوژن وە جاروباریش بۆ مەسەلەی سود وەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان بۆ سزای بکوژەکان. لەکۆتایدا ئایا بەو شێوەیەیە کە مادام دەوڵەتەکان دەیانەوێت سود لە سزای لە سێدارەدان وەرگرن بۆ سەرکوتی کۆمەڵگە،کەواتە هەردوو سزای لەسێدارەدانەکە ئەبێت بخرێنە لاوە؟

مەنسور حیکمەت: نا نا! کوشتنی ئینسان ڕێپێدرواو نییە. ئەمەش ئەبێت ئینسان بەکورتی لە کۆتایی سەدەی ٢٠ وسەرەتای سەدەی ٢١دا تێبگات کە کوشتنی ئینسانێک ڕێگە پێدراو نییە، ڕاست نییە،پەسەند کراو نییە. نابێت ئەو کارە بکەی. ناوی خۆشت بنێت دەوڵەت هەر ناتوانیت ئەو کارە بکەیت، ناوی خۆت بکەیت بە ئیمامیش هەر ناتوانیت ئەو کارە بکەیت. ناوی خۆشت بنێت ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هەر ناتوانیت ئەو کارە بکەیت. ناوی خۆت بنێت هەرچی مافی ئەوەت نییە ئینسانێک بکوژیت. ئەگەر ئەم بڕیارە جێ بکەویت، ئیتر باسەکە لێرەوە دەست پێدەکات بۆچی دەوڵەتەکان دەکوژن، بۆچی خێڵ دەکوژێت، بۆچی باوکەکان دەکوژن، بۆچی هاوسەرەکان دەکوژن، بۆچی ئاڵودەبووەکان و بازرگانەکانی مادەهۆشبەرەکان و باندەکانی قاچاخچیەتی ئەکوژن، بۆچی سوپاکان دەکوژن…ئەو کاتە باسێکی ترە، بەڵام بنەمای سەرەکی ئەوە دەبێت کە نابێت مرۆڤێک بکوژرێت. هیچ کەس مافی ئەوەی نییە ژیان لە کەسێک بسەنێت. چ دەوڵەت بێت، چ تاکەکەس بێت، چ خانەدان بێت، چ خێڵ بێت. ئەم ڕاستییە ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوکاتە لەپەیوەند بەلایەنە جیاوازەکانی وەک دەوڵەتەکان بۆچی دەکوژن، کەسەکان بۆچی ئەکوژن، تاوانە ڕۆژانەکانی کۆمەڵگە چین، تاوانەکانی ڕەوشت کامانەن، تاوانە سیاسیەکان چین، ئەبێت قسەبکەین، بەڵام بڕیارێک کە بەبۆچوونی من کە لەپشت هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانەوەیە ئەوەیە کەهیچ کەسێک لەژێر هیچ بیانویەکدا مافی ئەوەی نییە کە کەسێک بێگیان بکات. بەنەخشەی لەپێشدا داڕێژراو و پلانی پێشوەخت. کوشتنی بەئەنقەست پەسەندکراو نییە، کوشتنی بەئەنقەست ڕێگەپێدراو نییە. من کوشتنی بەئەنقەست دەڵێم لەبەر ئەوەی ڕەنگە کەسێک بەبێ ئەوەی ئامانجی بێت کەسێک لە ڕوداوی ئۆتۆمۆبێلدا وەیان لە ڕوداوێکی تردا ببێتە هۆکاری مەرگی کەسێکی تر، بەڵام ئەوە باسێکی ترە کەسێک کە بەنەخشە کەسێک دەکوژێت ئەوە بکوژی ئەنقەستە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتە یان دەوڵەت نییە. کاتێک بەشێک دەڵێن سزای لە سێدارەدان ئەوکاتە دەیانەوێت پەردەپۆشی بکەن کە زۆر ئاسانی کوشتن ڕووئەدات. بەیانیەک زوو کەسێک وەسیلەی کوشتنەکەی هەڵدەگرێت و ئەوەی دەیەوێت بیکوژێت دەیبات بۆ شوێنێک و دای دەنێت ودەیکوژێت. هەر بەو ئاسانییە! بەنەخشەی پێش وەخت. ئەمە ئیتر پەسەندنییە، ئێستا ئەو کەسە هەر کارێکی کردوە، ئێوە کە ئیتر ئەوتان دەستگیر کردوەو دەتوانن هەزارو یەک کاری لەگەڵدا بکەن جگەلە کوشتنی، وە سەرباری ئەوانەش بڕیار ئەدەن کە بیکوژن، خۆتان بکوژن، هیچ جیاوازی نییە.

ئازەری ماجیدی: سەیرکە کێشەکە لێرەدا ئەبێتە ئەمە، کەسانێک ئازیزێکیان لەدەستداوە، واتە ئازیزێکیان کوشتون، کاتێک ئێمە بیر لەمناڵەکان دەکەینەوە، دایک وباوکێک کە منداڵەکانیان کەسێک کوشتویەتی، دەستدرێژیان کردوەتە سەرو کوشتویانە…کەسانێک هەن وەک دەڵێن بە “زنجیرە” دەکوژن، دەستدرێژی دەکەنە سەر چەندین ژن ومناڵ، لەگەڵ ئەوانەدا ئەبێت چی بکرێت؟

مەنسور حیکمەت: بەبۆچونی من نەفرەتی ڕەوای هەموو ئێمە لەکەسانی لەم شێوەیە لە شوێنی خۆیدا پارێزراوە. توڕەبوونێک کە ئینسانەکان هەستی پێدەکەن بەتەواوەتی جێگای هەست پێکردنە. بەدڵنیاییەوە خەمی کەسێک کەمنداڵێکی لەڕوداوێکی لەو شێوانەدا لەدەست ئەدات وەیان خۆشەویستیكی هەرچۆن بێت لەدەست ئەدات شیاوی بەرگەگرتن نییە. هیچ گومانێک لەمەدا نییە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تۆڵەسەندنەوە وەڵامەکەیەتی؟ وە ئایا سیستەمی دادوەری وڵات ئەبێت لەسەر بنەمای توڕەییەک بێت کە ئێمە وەک قوربانیەکان هەستی پێدەکەین وەیان لەسەر بنەمای عەقڵمان وەئەوەی کە چ شتێک بۆ درێژماوە و لە کۆتایدا لەڕوی ئوسوڵیەوە بۆ کۆمەڵگە باشترە؟ ئەگەر ئێوە بتانەوێت یاسادانان بسپێرن بە قوربانیەکان، هەموشتێک لە کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی جیاواز ڕوئەدات. توڕەیی ئەبێتە بنەمای پەیوەندی ئینسانەکان وتۆڵەسەندنەوەش ئەبێتە بنەمای پەیوەندیەکان یان هەروەک چۆن قوربانی مافی خۆیەتی کە توڕە ببێت وە هەمووان دەزانن ڕوداوێک کە بەسەرئەودا هاتوە چەندە تاقەت پڕوکێنە… لەهەمان کاتدا ئەبێت بلێین هەر بەوهۆیەوە کە کێشەیەکی گرنگی وەکو پەیوەندی ئینسان وکۆمەڵگەی ئینسانی لەگەڵ خۆی، کێشەی مافی ژیان نابێت بدرێتە دەست کەسانێک کە بەڕاستی خۆشەویستێکیان لەدەستداوە… ئەبێت کۆمەڵگە بتوانێت لەگەڵ خۆیدا مەودایەک وەربگرێت وبڵێت لەگەڵ ئەمەشدا، سەرباری ئەو هەموو فشارە، ئایا ئێمە دەتوانین ڕێگا بەخۆمان بدەین وکەسێکی تر بکوژین؟ بەبۆچونی من باسی خەمی قوربانی لەجێگەی خۆیدا پارێزراوە، بنەمای دادوەری لە کۆمەڵگەدا ناتوانێت تۆڵە یان دامرکاندن…

ئازەر ماجیدی: ئەبێت بنەما چی بێت؟

مەنسور حیکمەت: بنەما ئەبێت ڕێگریکردن بێت لە دوبارەنەبوونەوەی ئەو ڕوداوە…. بنەما ئەبێت ڕێگری بێت لەوەی کە ئەو کەسە جارێکی تر ئەو کارە دوبارە بکاتەوە. بنەما ئەبێت ئەوە بێت کە ئەم ڕوداوە بەشێوەیەکی گشتی کەمتر ڕوبدات. کۆمەڵگەیەک کە لەسێدارە ئەدات پڕە لە کوشتن، ئەبێت ئەمە لەبەرچاوبگرین، ئەمریکا نمونەکەیەتی، دەکوژن ولەولاشەوە لایەنی بەرامبەر دەکوژنەوە. کەسێک کە ئەیەوێت ئینسانێک بکوژێت لەو ساتەی ئەیەوێت ئەو کارەبکات، بیرلە سزاکەی ناکاتەوە. یان دەستی لەخۆی شتوە یان وابیردەکاتەوە کە دەستگیر ناکرێت. بەکورتی کەسێک کە ئەیەوێت کەسێک بکوژێت یان ڕق وتوڕەیی کوێری کردوە، یان بەنەخشەو پلانی لەپێشدا داڕێژراو ئەیەوێت کەسێک بکوژێت. ئەشێ وابیر بکاتەوە کە دەستگیر ناکرێت. لەسێدارەدان وەڵامی چونەسەری تاوان نییە لە کۆمەڵگەدا. ئەبێت زەمینەکانی لەناوببرێت وبەری پێبگیرێت. کارێک کە دەبێت بکرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگە لەوەها ڕوداوێک بپارێزێت، ڕودانی کەم بکرێتەوەو کارێک بکرێت ئەوکەسەی کە ئەو کارەی کردوە هەست بە قێزەونی کارەکەی بکات وە چاک ببێت وە داوای لێخۆش بوونی خۆی لە کۆمەڵگە بکات. کاتێک لە درێژ ماوەدا سەیری کێشەکە دەکەی، ئەگەر کەسێک نیگەرانی ئەوەیە کە چەندێک منداڵەکان، ژنان وخەڵکی بێ دەسەڵاتر دەبنە قوربانی ئەم جۆرە تاوانە، ئەبێت لەبیری کۆمەڵگەدابێت کە ئەمجۆرە ڕووداوانەی تێدا ڕوونەدات وە سێدارە هەرگیز لە ڕێیدا نییە. لەسێدارەدان دەقێکە بۆ درێژەدانی ئەم کوشتارە، ئەم دەستدرێژی و ستەمە درێژەی هەبێت. ئەگەر کۆمەڵگەیەکت ئەوێت کە تێدا کوشتن ولە سێدارەدانیشی تێدا نەبێت ئەوە ئەبێت یاساکانی خۆی ئینسانی بێت. وە بەلەبەرچاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ بێت، وە ئەزمونیش نیشانی داوە لەو وڵاتانەی کە سزای لە سێدارەدانیان هەڵوەشاندوەتەوەو تەنانەت لەسەر کوشتنیش کەس لە سێدارە نادەن ڕووداوی کوشتن کەمترە لە وڵاتانێکی وەک ئەمریکا کە ناوەندی سزای لەسێدارەدانە تاوان وچەک بەڕوویەکدا ڕاکێشان هەموو ڕۆژێک ڕووئەدەن.


ئازەر ماجیدی: ئێوە ئاماژەتان بەمەدا کە تۆڵەسەندنەوە یان وەڵامدانەوە بەتوڕەی قوربانییەکان نابێت بکرێتە بنەما ڕێکخستنی سیستەمی دادوەری وڵاتێک. وە سزا لەسەر ئەو بنەمایە دابڕێژرێت، بەڵام ئایا وەڵامی هەستی ئەم قوربانیانە ناکرێت بەجۆرێک لە کۆتایدا دەورێکی هەبێت لە سیستەمی دادوەریدا؟
مەنسور حیکمەت: بەبۆچونی من ئەوەی کە قوربانی پێوستی پێیەتی، خۆشەویستی قوڵی کۆمەڵگەیە بۆیان، وە ئەوەی کە بارودۆخەکەی تێدەگات، وە ئەوەی کە پارێزگاری لێدەکات، وە ئەوەی کەلە باوەشی دەگرێت وئارامی دەکاتەوە. ئەمە کە لەگەڵ ئەم بکوژە چۆن مامەڵە دەکات پەیوەندی بەئەوەوە نییە. کەسێک کە ئەیەوێت لە ڕێگەی کوشتنی بکوژەکەوە نیشانی بدات کە گیانی خۆشەویستەکەی بۆ کۆمەڵگە گرنگ بووە. ئەیەوێت بڵێت سەیرکەن فڵان کەسی لە ئێمە کوشتووە، یان ئازیزێکی ئێمەی کوشتووە، کۆمەڵگە بەکوشتنەوەی بکوژەکە پیشانمان بدات کەگرنگی بەم کێشەیە ئەدات. پیشانی بدات کە ڕیزێکی زۆری بۆ قوربانیەکان داناوە، پیشانی بدات کە ئەو ئازیزەی ئێمە بۆ کۆمەڵگەش ئازیز بووە. ئەڵبەت ئەمە درێژکراوەی خاوەنی خوێن و سکاڵای خوێنی نێوان خێزانەکان وخێڵەکان وقەبیلەکانە، بەڵام لەکۆتایدا کە کەسێک کەسێک لەدەست دەدات ئەیەوێت کۆمەڵگە بەقوڵی هەست بەم کارەساتەی بکات. وە پیشانی بدات کە هەستی پێکردوە، وەڕیزی بۆداناوە، کۆمەڵگە دەتوانێت بەڕیگەیەکی تر ئەوە نیشان بدات. بەبۆچونی من ئەگەر بەرگری لە قوربانی بەرگری ڕاستەقینە بێت لە قوربانی. ئەگەر دڵدانەوەی واقیعی بێت، وە ئەگەر یادگێڕانێکی ڕاستی کەسانێک بێت کە لەم ڕوداوانەدا لەدەست ئەچن... ئەگەر کەس و کارەکانیان لەژێر چاودێری وپاریزگاری مادی ومەعنەوی کۆمەڵگەدابن، ئەو توڕەییە کاناڵیزە ئەبێت بۆ لایەکی تر، بۆلای ڕیشەی ئەم تاوانانە، بۆلای....بۆلای هۆکاریک کە دەبنە هۆی ڕودانی ئەم دیاردانە. ئەوەی کە کەسیکیان بوێت وەک نەریتی قوربانی وە بڵێن، چونکە تۆ ئەو کوژراوەت لەدەستداوە ئێمەش ئەم ئینسانە لەبەر چاوی تۆ پارچەپارچە دەکەین تا ئارامی بەتۆ ببەخشێت. ئەمە ئارامی بە مرۆڤ نابەخشێت. زۆرێک بەو شێوەیە ئاسودە نابن. ناتوانیت بەکوشتنەوەی بکوژی کوژراوەکە زیندوبکەیتەوەو بیگەڕێنیتەوە. لەوانەیە لایان وا هەست بکات کە تۆڵەی سەندوەتەوە، بەڵام تۆڵەسەندنەوە وەڵامی ئەو کارەساتە ناداتەوە. ڕێگای تر هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە کەسێکیان لەدەستداوە هەتا هەست بکەن کە کۆمەڵگە خوشی دەوێن. لەگەڵیاندایە، لەکەناریاندایە، هەست بە خەمەکانیان دەکات. کۆمەکیان دەکات هەتا لە کارەساتێکی لەو شێوەیە سەخت وتاقەت پڕوکێنە تێپەڕێنن ودرێژە بەژیان بدەن. ڕیگاکەی کوشتنی لایەنی بەرامبەر نییە. ئەم کارە تەنها بەبازنەی بکوژ بکوژ درێژ دەبێتەوە کە هەر ئێستا لە کۆمەڵگەدا باوە. ڕێگەم پێبدە ئەمە بڵێم ئێستا سزای لەسێدارەدان لە زۆر وڵاتاندا هەیە. بەڕاستی کێشەی کوشتنی چارەسەرکردوە؟ بەڕاستی خێزانی کوژراوەکانی ئاسودەکردوە؟ بەڕاستی باری کەسێکی سوک کردوە؟ جگە لەوەی ڕۆژێک لە مەیداندا کەسێک کەرکوژ دەکەن دەیدەن لە سێدارە یان لەکورسیەکی دەبەستن و بەئاهایانەو بەنەخشەی لەپێشدا داڕێژراو لە ڕێگەی کارمەندێکی دەوڵەتەوە دەیکوژن، شتێکی بەدەست نەهێناوە. ئەگەر ئەمریکا لە سێدارەدانەکانی بووبێتە هۆکاری ئەوەی کەمەملەکەتەکەی ببێتە شوێنی ئاشتی وخۆشی ئەوکاتە لەوانە بوو بتوانی بڵێی کە ئەم کارە کاریگەرە. لەوڵاتێکی وەک جمهوری ئیسلامی گەورەترین بکوژ دەوڵەت خۆیەتی وە سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە داوای دادوەری لەگەورەترین بکوژی کۆمەڵگەخۆی بکەیت. دەوڵەت مۆڵەتی نییە کە کەسێک دەستگیر بکات وبکوژێت. تابگات بەوەی کە ئەو دەوڵەتە خۆی لەسەر کورسی تاوان دابنیشێت بەتاوانی کوشتنی چەندین نەوە کە ئەنجامی داوە.
ئازەر ماجیدی: ئەڵبەتە حسابی دەوڵەتانی وەک کۆماری ئیسلامی بەشێوەی ئاسایی لەم باسانەدا جیاوازە لە هەندێک جێگای مۆدێرن وە قسە لەسەر بابەتی سزای لەسێدارەدانی بکوژان دەکەم. بەداخەوە کاتمان کەمە، بەدڵنیایی من ئەمەوێت پرسیارێکی ترت ئاراستە بکەم. باسەکە سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لەبەر سیاسەت کردوەتە جێی باس وە ئێوە بەتەواوەتی ئەوەتان ڕەتکردەوە. ئێستا ئەگەر لەو لایەنەی هاوکێشەکەوە سەیرکەین، ئێستا خەڵکێکی زۆر قوربانیان بە کۆماری ئیسلامی داوە. کۆماری ئیسلامی خەڵکێکی زۆری لە سێدارە داوەو ئەو خەڵکەش چاوەڕوانی ڕۆژێکن کە بتوانن وەڵامی عادیلانەی خۆیان وەرگرن، سەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر کورسی دادگایی ببینن وسزای تاوانەکانیان کە شایەنیانە وەرگرن. ئێستا بەهەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان واتە بەکردەوە ئەم سزایەمان بۆ هەموو بکوژان وئەشکەنجەدەرانی کۆماری ئیسلامی دەنێینە لاوە. ئایا بەبۆچونی ئیوە ئەمە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە جێگای پەسەند ئەبێت؟
مەنسور حیکمەت: بەبۆچونی من خەڵکی ئێران ئەگەر شۆڕش بکەن کە خەریکن دەیکەن. وە سەرانی کۆماری ئیسلامی دەستگیر بکەن، کە دەستگیریان دەکەن وە دواتر نیشانیان بدەن کەئەوان ناکوژن، بەڵکو سوکێتیان نمایش دەکەن. کاریگەری گەورە لەسەر جیهان دادەنێت هەتا ئەوەی کە ڕەفسنجانی وخامنەیی کەرکوژ بکەن و لەسێدارەیان بدەن. ئەمە ئەکرێت بۆ کەسێک و بۆساتێک مایەی ئاسودەیی بێت کە ئەم تاوانبارانەیان بەم ڕۆژە گەیاندووە، بەڵام بەشێوەیەکی واقعی ئەگەر سەرانی کۆماری ئیسلامی دەستگیر بکرێن، دادگاییان بکەن وە لەگەڵ تاوانەکانیاندا بەرەوڕوویان بکەنەوە وە ڕێگا بدەن مرۆڤایەتی تاوانەکانیان ببینێت وە دواتر ئەم ئینسانانە بخەنە ئەو جێگایەی کە بەڕاستی شایانیانە واتە بابەتی وەرگرتنی سزای تاوانەکانیان، بەشێوەی خزمەت بەکۆمەڵگە. کارکردن بۆ کۆمەڵگەو بێبەش بوون لە خۆشەوستی کۆمەڵگە دایان نێن، بەبۆچونی من کارێکی گەورەتریان کردوە. بە بۆچوونی من ئاخوند وپاسدارو کەسانێک کە ئەو حکومەتەیان لەسەر پێ ڕاگرت و بەکوشت وکوشتار تا ئێرەیان هێنا، ئەبێت خۆیان ڕادەستی خەڵک بکەن وە ئومێدەواربن کە خەڵک بەو دادوەریەی بەوشێوەیەی کە ئێمە باسی دەکەین جێبەجێ دەکەن. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران ئەگەر لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕشێکی وابێت، کە ئەیەوێت ببێت کە ئەبێت. وە ئەڕوات بۆ ئەوەی ببێت. ئەگەر کاریگەریمان هەبێت بۆ ئەم نەبەردە کە بەهیوام هەی بێت، بەدڵنیایی داوا لەخەڵک دەکەین کە لە سێدارەیان نەدەن. وە نەیان کوژن، وەک کۆمەڵگەیەکی سەدەی بیست ویەکەمی موتەمەدین دادگاییان بکەن. بەڵگەی تاوانەکانیان نیشانی دونیا بدرێت هەتا جارێکیتر لە هیچ جیگایەکی جیهان کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک سەرنەگرێت. بەنیشاندانی چەپەڵییەک کردویانە. ئەوەی کە ئەم ئینسانە بێ نرخانە چ ڕۆژێک چاوەڕوانیانە، بەبۆچوونی من ئێمە دەتوانین بیان خەینە پەنایەکەوە بۆخۆیان بژین. بەکورتی ئەبێت سزای وەرگرن، بەڵام لەسێدارەدان و کوشتن وەڵامیان نییە، کۆمەڵگە دەتوانێت ماهیەتیان ئاشکرا بکات وە ئەمە لەهەموو شتێک گرنگترە.
ئازەر ماجیدی: لەوانەیە ئەم پرسیارەی کە دەیکەم جیاواز بێت لە هەموو باسەکە، بەڵام لەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر دادگایی سەرانی کۆماری ئیسلامی، ئایا بە نوسخەیەکی وا بەسازشکار تۆمەتبار ناکرێن لەبەرامبەر تاوانبارانی خەڵکدا. یا ئەوەی وەک ئەرجەنتین نابێت کە لە ڕاستیدا هەموو کوشت و کوشتارێکیان پشت سەرناو دەوڵەتێکی ئاشتی بەناو میللی هاتە سەر کار.
مەنسور حیکمەت: هەرگیز! لەبنەڕەتدا ئێمە لایەنگری لێبوردن لە سەرانی کۆماری ئیسلامی نین، ئێمە لایەنگری دادگای کردنیانین. شتێک کە ئێمە ئەڵێین ئەوەیە کە خەڵکی ئێران دەتوانن هەنگاوێکی بنچینەیی لە ڕاستای پەرەدان بەکۆمەڵگەی مەدەنی هەڵگرێت. ئەگەر سزای لەسێدارەدان بەشێک نییە لە لیستی سزاکانی ئیمەدا، ئەوکۆمەڵگەیانەی کە لەسێدارە ئەدەن ناتوانن لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی ئینسانی سەرکەتوبێت. ئاشکرایە کەسێک کە ئەمانەوێت سزای بدەین تاوانبارێکی گەورەیە وهەر لەئیستاوە دەزانین وزۆریک لەبەڵگەکانیشی ئاشکران. ئەوانە خەریکن بەئەنقەست و بەزانایانە ئینسان دەکوژن. بیست سی ساڵە ژن و پیاوی کۆمەڵگەیان لەمافە ئینسانیەکانیان بێ بەشکردووە. کەسانی سەر بەئاینی تریان، هەر بەو تاوانە کوشتوە. لەئەنجامدا گومانێک لەوەدا نییە کە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک لە تاوانباراندا ڕووبەڕووین کە لەڕیزی تاوانبارانی دادگایەکدا دایان ئەنێن لەبەرامبەر تەلەفزیۆنە جیهانیەکاندا نیشانیان ئەدەن، کۆمەڵێک ئینسانن گومانێک لەوەدا نییە هەتا توانای ئەوەیان نییە لەناو خەڵکی ئێراندا بژین، بەڵام بەنیشاندانی ئەوەی کە سزای لەسێدارەدان بەشێک لەلیستی ئەوسزایانە نییە کە ئێمە کاری پێدەکەین، بەبڕوای من کۆمەڵگەی ئێران یەک هەنگاوی گەورە، یەکجار گەورە، بەرەو پێش ئەنێت. یەک هەنگاوی زۆر ئەنێت بۆ سەردەمی پاش ئەم دواکەوتوییە بەرەو مەملەکەتێکی زۆر موتەمەدین و ئازادو باش ئەبێت بۆ ژیان. بیردەکەمەوە کە خەڵک دەتوانێت ئەوانە دادگایی بکات، بەڵام لەسێدارەیان نەدات، ئەبێت بەو شێوەیە بێت، ئەگەر بەڕاستی بیانەوێت لە سێدارە بدەن ئەبێت دەیەها هەزار کەس دەستگیر بکەن ولەسێدارەی بدەن. ئەو خوێنەی کەدەڕژێت هەتا بۆ ڕەوتی سەرکەوتنی خەڵک زیانی هەیە. ئەبێت دەستگیریان بکەی، وە دادگاییان بکەیت، بچوکترین سات و سەودا لەسەر مافەکانیان نەکەی، بەڵام لەسێدارەیان نەدەیت. لەسێدارەدان کارێک نییە کەئینسانێکی موتەمەدن لە سیستەمە دادوەریەکەی بیکات وە خەڵک خەڵکی موتەمەدینە.
ئازەر ماجیدی: ئایا سیاسەتێک کەلە ئەفریقای باشور شوینی کەوتن ئیوەش لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئیراندا ڕاسپاردە دەکەیت.
مەنسور حیکمەت: هەگیز! هەرگیز! ئەفریقای باشور یەک سازشی سیاسی بوو هیچکام لە دوو لایەنەکە هێزیان بەسەر ئەویتردا نەبوو. ئەو کارەیان کرد بۆ ئەوەی بەئیسلاح ئەولایەنە دان بەگوناحەکانی خویدا بنێت وەلەپێشەوە دەیانزانی کە ئەم لایەنەش ئەبێت لەو ببورێت، قسەی من لەسەر لێبوردن نییە. کاتێک خەڵک ئەوانە دەستگیر دەکات ئەوان بچوکترین هێزی بەرەنگاربوونەوەیان نییە. ئەبێت بێن دان بەتاوانەکانیاندا بنێن، بارودۆخ و هۆکاری کارەکانیان ڕۆشن بکەنەوە، وە داوای لێ خۆش بوون لەخەڵک بکەن، خەڵک بەدڵنیایی زیندانیان دەکات، بەڵام لەسێدارەیان نادات، ئەگەر ئێمە کاریگەریمان لەسەر ئەو ڕەوەندە هەبێت وە خەڵکی خەتی ئێمەیان قبوڵ کردبێت، ئێمە لەسێدارەدان لەدەستورماندا دانانین، هەرگیز قسە لەسەر لێبوردنیش لێیان نییە. ئەوانە قابیلی لێبوردن نین، ئەبێت لەگەڵ دادپەروەری خەڵکدا ڕووبەڕووببنەوە، بەڵام ئەوە دادپەروەری خەڵکە کە ئەبێت کوشتنی ئاگایانەو بەئەنقەست هەتا بۆ تاوانبارترین کەس لە دەستوریاندا بکەنە دەرەوە.

ئەم نوسینە لەلایەن خەسرەو داوەرەوە نوسراوەتەوە کەلە شریتی قسەکردن وەرگیراوە ٢٨\١١\٢٠٠٤
سەرنجی ئەوەبدە کە وتە ڕاستەوخۆکانی ئەم نووسینە، هێشتا وتەی ناڕاستەوخۆن لەمەنسور حیکمەت وەرگیراون

تێبینی ئەم بابەتە بۆیەکەم جار بەزمانی کوردی لە بڵاوکراوەو ماڵپەڕی بۆپێشەوە بڵاوکراوەتەوە...