ئازادی ڕادەربڕین لە جۆری دووەم!
مەنسوور حیکمەت
تارماییەک لە سەرتاسەری ئەوروپاوە تا ( سنورەکانی ئەمریکا وکەندا) لە هاتوچوندایە! پرسیارێکی مێژوویی ناوەندە سیاسیە تازە دیموکراتیکەکان ولەم دوایانەشدا "جیابوە وە " ئیرانیەکانی دەرەوەی وڵاتی پەشۆکاو وسەرگەردانکردوە. گرفتێکی قوڵ و فەلسەفی باسدەکرێت کە وەڵامێکی پڕاوپڕی دەوێت: ئازادی ڕادەربڕین.
بەڵام بە هەڵەدا نەچیت. قسە لەسەر ئازادی ڕادەربڕینی ئێمەی خەڵک، ئێمەی ژنان، ئێمەی کرێکاران، ئێمەی کۆمۆنیستەکان، ئێمەی بێخوداکان "ئاتەئیستەکان"، ئێمەی لایەنگرانی زانست وهۆنەر وجوانی ودادپەروەری وڕاستی وخۆشی لە ئێران نیە. نەخێر، باسی ئەم کۆڕوکۆمەڵانە لەسەر ئازادی ڕادەربڕینی ڕژیم وکەسایەتیەکانیەتی لە دەرەوەی وڵات! پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئێمە هێزوکەسایەتیە نەیارەکانی ڕژێم لە دەرەوەی وڵات لەم بیست ساڵەدا ئەوەندە فێربوین، ئایا ئەوەندە لەکانیاوی سازگاری هەڵبژاردنی ڕزگاریخوازانەی سەید محمەد خاتەمی بە سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕێوەبەردنی ڕژێمی ئیسلامی تێرئاو بوین، ئایا ئەوەندە "ڕاهێنانی دیموکراسی" مان کردوە کە بەیەکدەنگ لەگەڵ وڵترهاواربکەین کە ئامادەین گیانمان بەختکەین لە پێناو ئەوەی لاجوردییەکان ومهاجرانییەکان وسروشەکان بتوانن لە دەرەوەی وڵات ئازادانە قسەی خۆیان بکەن؟
ڕەنگە کەسانێک کە لە ئێران لە ژێر پێلەقەی ئیسلامدان وئەم ڕستانە ئەخوێننەوە توشی سەرسوڕمان بێن لەبەرامبەر ئەم کەشە غەمباراوییەدا. بەڵام باوەڕبکە ئەمە بونی هەیە. ئەم پرسیارە گاڵتەجاڕە، کاتێک هەربەئەم زبرییە، دەدرێت بە ڕوی نەیارانی سەرسەختی ڕژێم لە دەرەوەی وڵات. وە ئەگەر وابیر ئەکەیتەوە کە ئەم "ئازادیخوازیە"خواروخێچە بۆنمونە پەرچەمی نەوەیەکە کە وایدابنێین لە دەرەوە بە دنیا هاتون و لەوانەیە ئێران نەناسێت، بەهەڵەدا چویت. لەم ڕیزی پڕشانازیەدا، کەسانێک هەن کە ئێستاش ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی چریک و گەشەکردنی ڕێبازی چەکدارانەیان لە ٣٠ ساڵ لەمەو پێشدا ئاهەنگ ئەگێڕن، کەسانێک کە هێشتا یادەوەریەکانی ناوزیندانیان لە سەردەمی ڕژێمی شا و ڕژێمی ئیسلامیدا بابەتی سەرەکی گاڵتەو گەپی شەوانی جەژنیانە، کەسانێک کە هەتا ئیستاش ناتوانن ئاماری تەواوی ئەو هاوڕێ و ئازیزانەیان کە لە ڕژێمی ئیسلامیدا بە دەستەکانی لە سێدارەدان سپێردراون بژمێرن. خەماوییە، بەلام ئەم غەمگینییە لە یەک ڕاستی گرنگەوە سەرچاوە دەگرێت. بەقوڵی ژیرانەیە. ئاڵوگۆڕگەلێکی سیاسی گرنگ لە ئێران ولە ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانیدا بەڕێوەیە.
بەدوای ئاکسێۆنەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دژ بە ئامادەبون و دەرکەوتنی کاربەدەستان و کەسایەتیەکانی ڕژێمی ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات یەک جەمسەربەندی پڕدەسکەوت هاتۆتەئاراوە. هاواری ناڕەزایەتی ئەم ئازادیخوازە تازانە لە هەر دەریچەیەکەوە بەرزدەبێتەوە. واژو کۆدەکەنەوە، بەلاڕێدابردن ئەکەن، ساختەیی ئەکەن، ئاگادارکردنەوە ئەدەن، نیشانە دائەکوتن. ئێمە پێشوازی لەم کەشە ئەکەین. بەهۆی هەلومەرجی ناوخۆی ئێران، بەهۆی مانگرتنەکانی کرێکاران و شەپۆلی ناڕەزایەتی ڕوو لە گەشەی خەڵک، بەهۆی ڕابونی ژنان، کاتی جیاکردنەوەی بنەڕەتیانەی هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن هاتوە. ڕیزی نەیارانی ڕاستەقینەی ڕژێم دەبێ بەرجەستە وجیابکرێتەوە.خەڵک ئەبێت شۆڕشگێڕەکان وئازادیخوازان لە خاتەمیەکان و ئاڕاستەکراوەکانی ڕژێم جیابکەنەوە. کە بەهەر واژۆیەک وهەر ڕادیۆیەکی ناوخۆیی و هەر ڕاگەیاندنێکی سیاسی- هونەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی وئاکسیۆنەکانی دژبە بەرپرسانی ڕژێم لە دەرەوە بەناوی ئازادی ڕادەربڕین سەرکۆنە دەکەن، ڕیزی ڕاستەقینەی خەبات لەپێناو ئازادی ڕادەربڕین لە ئێراندا سەدبەرابەر زیاتر بەناوی کۆمۆنیزم و لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییدا قوڵپئەدات.
بەڵام لە کۆتاییدا ئازادی ڕادەربڕین ئەبێت بەچی؟ لەم بارەیەوە دواتر ئەبێت بنوسرێت. لەم بڕگەیەدا هەوڵبدە کە بۆ هەڵسوڕاوێکی کۆنی بزوتنەوەی دژی پێنوشە، بۆ یەک خەباتکاری بەتەمەنی دژی فاشیست، بۆ خەباتگێڕێکی بە ئەزمون لە دژی ئاپارتاید، بۆ یەک ژنی خەباتکاری نەیاری مافیاکانی تالیبان، بۆ یەک کریکاری کانەکانی شاری یۆرکشێری باس بکەیت کە لەساڵی ١٩٩٨دا ژمارەیەک بەناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە، ئاگادارکردنەوەیان دەدا بە قوربانیان ونەیارانی ڕژێمی ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات لە ئەنجامدانی گردبونەوە، وتنەوەی دروشم، بەستنی ڕێگای هاتوچۆ، خۆپیشاندان وداگیرکردنی هٶڵ و هتد لەپیناو ڕێگریکردن لە جێپێقایمکردن وپڕوپاگەندەکردنی ڕژێمی ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات. ئەوانە بە ئێوە ئەڵین کە ئەم ئازادیخوازیە درۆینە لە کوێوە سەرچاوە ئەگرێت وچەندە کۆن و شێلراو وئابڕوبەرە.
لەم نێوەدا شتێک هەیە کە زیاترلە هەرکاتێکی تر تۆماردەکرێت: هەرئازادیخوازێکی نەیاری ڕژیمی ئیسلامی، ئیتر ئەبێت بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە پەیوەست بێت.
وەرگێرانی لە فارسییەوە: کاوە عومەر
پێداچونەوەی: هیوا ئەحمەد
لە بڵاوکراوەی ئیسکرای ژمارە (٥) ١٥ئایاری١٩٩٨