بڕیارنامه‌ سه‌باره‌ت به‌ مالیه‌ی حیزب

 

 گه‌شه‌ دان به‌ کار و هه‌ڵسوڕانی جۆراوجۆری حیزب و گۆڕینی حیزب به‌ حیزبێکی به‌ هێز که‌ ئاڵوگۆڕ بکا له‌  ‌بارودۆخی ئێستادا  وکاریگه‌ر بێ له‌ سه‌ر هه‌لومه‌رجی سیاسی ، به‌ بێ توانایه‌کی مادی  ئه‌نجام نادرێ و  ناکرێ . چاره‌سه‌ری گرفتی مالی حیزب پێویستیه‌کی   بنه‌ڕه‌تیه‌ بۆ حیزبی ئێمه و توانای  مادی هۆیه‌کی سه‌ره‌کیه‌ بۆ گۆڕینی ئه‌م حیزبه‌ به‌ حیزبێکی گه‌وره‌و به‌ هێز . ئه‌م حیزبه‌ له‌ باری سیاسه‌ت و به‌رنامه‌و ستراتیجیه‌وه‌ هیچ گرفتێکی نیه‌ و ته‌نها حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری شۆڕشگێڕو رادیکاڵه‌ له‌ عێراقدا که‌ ئاڵای سۆشیالیزم هه‌ر ئێستای به‌رز راگرتووه‌ و خه‌بات ده‌کا له‌ پێناو رزگاری چینی کرێکار و سه‌رجه‌م ئینسانه‌ سته‌م دیده‌کان له‌ ژێر چنگی ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئه‌مرۆ و وه‌حشیگه‌ریه‌کانی . به‌ڵام ئه‌م حیزبه‌ توانایه‌کی مادیی گونجاوی نیه‌و توانای ماددی  زۆر که‌مه . بۆ دابین کردنی توانا ماددیه‌کان ، حیزب له‌ هیچ  که‌ناڵ و ده‌وڵه‌ت و دام وده‌زگا‌‌‌‌یه‌کی ده‌ره‌کی و ناوه‌کی کۆمه‌ک وه‌رناگرێ و بۆ دابین کردنی پێداویستیه‌ ماددیه‌کانی خۆی ته‌نهاپشتی به‌ستووه‌ به‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی  و به‌ کرێکاران و خه‌ڵکی ئازادیخواز . له‌م باره‌وه‌ پلینۆمی چواره‌می حیزب له‌ پێناو چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌داو له‌ پێناو ئه‌وه‌دا مالیه‌ی حیزب گه‌شه‌ی پێ بدرێ ؛ کار کردن له‌ سه‌ر ئه‌م خاڵانه به‌ پێویست ده‌زانێ و تاکیدیان لێ‌ ده‌کاته‌وه‌ :

1_مه‌کته‌بی سیاسی حیزب ده‌بێ  چاره‌سه‌ری گرفتی مالی  به‌ئه‌رکی  گرنگی خۆی بزانێ و ده‌بێ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابێ له‌ پێشنیاره‌کان وپرۆژه‌کان بکۆڵێته‌وه‌ و بڕیاری جێبه‌جێ کردنیان بدات .

2_ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ چاودێری مه‌کته‌بی سیاسی ده‌بێ به‌شیکی کاتیان دابنێن بۆ هه‌ڵسوران له‌ پێناو به‌ هێزکردنی مالیه‌ی حیزب .

3_ مه‌کته‌بی سیاسی ئه‌رکی ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌ که‌رێگاکانی کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌کی مالی به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویسته‌وه‌ بخاته‌ به‌ر ده‌ست کۆمیته‌کان و ریکخسته‌نه‌کانی حیزب وه‌ له‌م باره‌وه‌ ئاگاداریان بکاته‌وه .

4_ ئابونه‌ی ئه‌ندامه‌تی له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی حیزبه‌وه‌ ده‌بێ له‌ کاتی خۆی وبه‌رێکوپیكی بدرێ و نابێ پشت گوێ بخرێ ،چاودێری  ئه‌م کاره‌ش له‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسی کۆمیته‌ حیزبه‌کان ده‌بێ .

5_کاری ژمێریاری (محاسه‌به‌)ی حیزب ده‌بێ شێوازێکی مۆدێرن به‌ خۆیه‌وه‌ بگری . هه‌موو پاره‌یه‌ک که‌ پێ ی ده‌گات یا سه‌رف ده‌کری ده‌بێ بنووسرێته‌وه‌ . هه‌ر پاره‌یه‌ک که‌ وه‌رده‌گیرێ ده‌بێ به‌ ره‌سیده‌وه‌ بێ و هه‌ر پاره‌یک سه‌رف ده‌کرێ ده‌بێ راپۆرته‌که‌ی بدرێ.

پلینۆمی چواره‌می حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

20/4/