کۆنفرانسی ڕۆژنامه‌نوسی له‌دژی کوشنی ژنان

 

 

پیویسته‌ ده‌ست به‌جێ ڕاده‌یه‌ک بۆ کوشتنی ژنان دابنرێ!

 

ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ کوشتنی ژنان و توندو تیژی دژی ژنان له‌ کوردستان و له‌عێراق به‌شێوه‌یه‌کی تۆقێنه‌ر ڕوو له‌ زیاد بوونه‌ و که‌رکوک به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت کوشتنی ژنان تێدا جێ به‌جی ده‌کرێت له‌ ژێر ناوی پاراستنی شه‌رف دا. له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا سی کچ کوژراون و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دڕندانه‌ لاشه‌کانیان فڕێدراوه‌، کچێکی ته‌مه‌ن 23 ساڵه‌ له‌ ناوچه‌ی له‌لان و له‌نزیک گوندی خاڵۆبازینیه‌وه‌، کچێکی تر له‌ ماڵه‌وه‌ خنکێنراوه‌ دواتر باوکی تاوانبار کراوه‌ به‌ کوشتنی، کچێکی تر له‌ گه‌ڕه‌کی عه‌مه‌لشه‌عبی کوژراوه‌. به‌پێ داتاکان له‌ ماوه‌ی نۆ مانگی‌ ساڵی پاردا 42 ژن کوژراون.

که‌رکوک بوه‌ته‌ شوێنێکی زۆر نائه‌من بۆ هه‌موو هاوڵایه‌ته‌کانی و به‌تایبه‌ت بۆ ژنان، یاسا کوشتنی ژنانی  ڕه‌سمیه‌ت پێداوه‌و  له‌ژێر ناوی پاراستنی شه‌رفدا به‌پێی‌ یاسای ژماره‌ 409ی یاسای تاوانه‌کانی عێراقی سه‌رده‌می حکومه‌تی به‌عسی ڕوخاو، بکوژانی ژنان ئازادانه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن و شانازای به‌کوشتنی ژنانه‌وه‌ ده‌که‌ن، هیچ دادگایه‌ک پیاوانی ژن کوژ دادگای ناکات و پۆلیس ودام ده‌زگا ئه‌منیه‌کان به‌شێکن له‌ پاڵپشت و پاساو دانی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌. له‌ کاتێکدا کوێستان صدیق تاوانبار ده‌کرێت به‌ کوشتنی پیاوه‌که‌ی سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌درێت به‌ڵام ده‌یان پیاوی ژن کوژ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵدا ناکرێت. ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نێرینه‌یه‌ ژنان تێدا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌چه‌وسێنه‌وه‌  یاسا و دام و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان به‌شێکن له‌ پاراستنی ئه‌م ژێرده‌سته‌یه‌ی ژنان، هیچ په‌ناگه‌یه‌ک له‌م شاره‌دا نیه‌ ژنانی زوڵم لێکراو په‌نای بۆ ببه‌ن کاتێک ڕووبه‌ڕووی توندو تیژی ده‌بنه‌وه‌.

ئێمه‌ کوشنی ژنان له‌ ژێر هه‌ربیانویه‌که‌وه‌ بێت به‌ توندی مه‌حکوم ده‌که‌ین داوا ده‌که‌ین بکوژانی ژنان بگیرێن دادگای بکرێن به‌ تاوانی کوشتن.

ئێمه‌ ئه‌م داواکریه‌ ده‌سته‌به‌جێیانه‌ ده‌خه‌یه‌نه‌ به‌ر ده‌ستی به‌رپرسانی شاری که‌رکوک:

 1- ده‌ست به‌جێ ڕاده‌یه‌ک بۆ کوشتنی ژنان دابنرێت و قتڵ و عامی ژنان کۆتایی پێ بهێنرێت.

2-  به‌شی پاراستنی خێزان و منداڵ له‌ پۆلیسخانه‌کان جیابکرێته‌وه‌ و به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌کی تایبه‌تی بۆ دابێن بکرێت که‌ ئستانداره‌ ئینسانیه‌کان له‌به‌رچاو بگرێت.

3-  هێڵی ته‌له‌فۆنی گه‌رم دابنرێت له‌به‌رده‌ستی هه‌موو ژن و کچ ومنداڵێک دا  بێت له‌هه‌موو جیگایه‌کی کۆمه‌ڵگادا ڕیکلامی بۆ بکرێت، تا له‌ کاتی پێویستدا په‌نای بۆ ببرێت.

 

ئێمه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین که‌ بێ ده‌نگ نابین و هه‌موو شێوه‌یه‌کی مۆدرێن و شارستانیانه‌ ده‌گریه‌نه‌ به‌ر بۆ گه‌یشتن به‌ داواکاریه‌کانمان و هه‌موو مرۆڤه‌ شه‌ریف و ئازادیخوازه‌کان بانگه‌واز ده‌که‌ین بۆ پشتیوانی داواکاریه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازانه‌ی ژنان.

 

گروپی نا بۆ توند وتیژی دژی ژنان له‌ که‌رکوک

6 شباط 2013