تیرۆر کردنی کاوه‌ گه‌رمیان، ڕۆژنامه‌ نووس  به‌ توندی مه‌حکوم ده‌که‌ین!!

 

دوێن پێنج شه‌ممه‌ 5\12\2013 له‌ شاری که‌لار کاوه‌ گه‌رمیانی ڕۆژنامه‌نوس له‌به‌رده‌م ماڵه‌که‌ی خۆیان له‌ به‌رده‌م دایکی دا گوله‌ باران ده‌کرێ و تیرۆر ده‌کرێ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌کدارێکه‌وه‌. به‌پێ هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌ی بڵاو بونه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ کاوه‌ گه‌رمیانی هیچ تاوانێکی نه‌کردوه‌ ته‌نها قه‌ڵه‌مه‌که‌ی به‌کار هێناوه‌ بۆ ڕسواکردنی ده‌سه‌ڵاتداران و که‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار، وه‌ک ده‌رده‌که‌وی چه‌ندان جار توشی هه‌ڕه‌شه‌ بووه‌ته‌وه و‌ ژیانی له‌مه‌ترسیدا بووه‌.

کاوه‌ گه‌رمیانی یه‌که‌م که‌س نیه‌ له‌سه‌ر نوسین و کاری ڕۆژنامه‌ نووسی و ده‌ربڕێنی بیرو ڕا تیرۆر کرابێت و پێشتریش سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و عبدالستار تایر شه‌ریف و ده‌یان ئنیسانی ئازاد خوازتر تیرۆر کراون ده‌نگی ئازادی له‌م ده‌ڤه‌ردا خنکێنراوه‌، نه‌زیر عمر و ڕه‌وف کامیل و به‌کر عه‌لی و شاپور و قابیل و ده‌یان که‌سی تر له‌م هه‌رێمه‌دا یان  تیرۆر کراون یان ئه‌وه‌تا له‌ترسی تیرۆر کردن هه‌ڵاتون بۆ ده‌ره‌وی هه‌رێمی کوردستان.

کوردستان بوه‌ته‌ جیگایه‌کی خه‌ته‌رناک بۆ که‌سانێک له‌بواری ڕاگه‌ندندا کار ده‌که‌ن، چه‌ند ڕۆژێک پێش ئیستا خاوه‌نی کۆپانیاکانی نالیا درایه‌ به‌ر ده‌سڕێژی گوله‌ خۆشبه‌ختانه‌ نه‌ کوژراو تا ئێستا تیرۆرسته‌کان ئازادن و ده‌سگیر نه‌کراون، تا ئێستاش ده‌سه‌ڵدارانی كوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌ بایان بینیبێ نه‌باران له‌کاتێکدا چه‌ندان ده‌زگای جاسوسی و هه‌ڵگریان له‌ نێوشاره‌کاندا بڵاوکردوه‌ته‌وه‌.

تیرۆر کردنی ڕۆژنامه‌نوسان جارێکی تر ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵمێنی که‌ ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیزم و حزبه‌کانی، هه‌ڵبژاردنه‌ گاڵته‌جاریه‌که‌یان ناتونێت‌ ئازادی ده‌سته‌به‌ر بکات و ئه‌م هێزانه‌ هێزی کۆنه‌په‌رست و ده‌ژی خه‌ڵکین، حکومه‌ته‌کانیشیان حکومه‌تی بانسه‌ری خه‌لک له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی زۆرایه‌تی خه‌ڵکن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق به‌توندی تیرۆر کردنی کاوه‌ گه‌رمیانی مه‌حکوم ده‌کات و داوده‌کات ده‌سبه‌جێ تاونباران ده‌سگیر بکرێن و دادگایی بکرێن. خه‌لكی کوردستان بانگه‌وازده‌کات بۆ ده‌ربڕێنی ناڕه‌زایه‌تی و هه‌ڵمه‌تێکی فراوان له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتداران و له‌ دژی مافیاکانیان که‌ هه‌موو کونج که‌له‌به‌رێکی کوردستانیان ته‌نیوه‌.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

6\12\2013