چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی بۆپێشەوە لەگەڵ کاوە عومەر

 

 

 

 

 

 

 

کاوە عومەر، یەکێک لە زیندانە سیاسیە کۆمۆنیستەکانی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی شوورایی

ئێمە کە دەستماندایە کارو چالاکی سیاسی ئەمان زانی شاخەکان پشتوو پەنامان نین؛ بەڵکو شوێنی کارو ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، کارگە وکارخانە و زانکۆ و فەرمانگەکان مەیدانی هەڵسوڕانمان بوو

بۆپێشەوە: ئێوە یەکێک بوون لە زیندانیەکانی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی ڕژێمی بەعس. دەتوانیت وێنایەکی ناو زیندانمان بۆ بکەیت لە (جۆری زیندانیەکان، ئێوە سەر بە کام ڕەوتی سیاسی بوون) هەروەها ڕۆژانی نزیک بوونەوە لە ڕاپەڕین چۆن بوو.

کاوە عومەر: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ بۆپێشەوە کە ئەم دەرفەتەتان بۆ ڕەخساندم کە یادی ٢٧ساڵی ڕاپەڕین وئازادبونمان لە زیندانی ئەمنە سورەکە ی سلێمانی گفتوگۆیەک بکەین.

سەرەتا پێم خۆشە بەر لەوەی باسی دەستگیرکردنەکەمان بکەم، ئاماژەیەک بە باردۆخی سیاسی وئەمنی ئەو سەردەمەی کوردستان بکەم کە ئێمە هەڵسوڕان وچالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیمان دەکرد. ئەتوانم بڵێم لە سەرەتای ساڵی١٩٨٠دەیەی ڕابردوو بەدیاری کراویش پاش شۆڕشی ئێران ودەرکەوتنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران و دامەزراندی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، بزوتنەوەی چەپ وکۆمۆنیستی لە عێراق و کوردستانیش کەوتە قۆناغێکی نوێوە، هەرزوو چەپ وکۆمۆنیستەکانی کوردستانیش کە پێشتر لە ژێر کاریگەی کۆمۆنیزمی ڕوسی و ماویزمدا بوون کەوتنە ژێر کاریگەری باسەکانی مارکسیزمی شۆڕشگێڕو وردە وردە خۆیان لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیزم وبیری ماویزم وجۆرەکانی تری کۆمۆنیزمی باوی ئەو سەردەمە جیاکردەوە. وە بەپەرۆشەوە باس وبۆڵتنەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان دەخوێندەوە وگوێمان لە ڕادیۆی کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیست و دەرسەکانی مارکسیزم دەگرت، وکۆڕو حەلەقاتمان لەدەور دروست دەکرد ودواتر چەندین ڕێکخراو لەدەوری هەمان بیرکردنەوە و ڕەوتی فکری دامەزران. بەڵام زۆرترین هەڵسوڕانی جدی لەشێوەی ڕێکخراودا لە دوای ساڵی ( ١٩٨٧- ١٩٨٨) پەرەی سەند و فراوان بویەوە، هەروەک دەزانن ساڵی ٨٧ و ٨٨ ساڵی شکستی بزوتنەوەی چەکداری ئەحزابی ناسیۆنایستی کورد وساڵی ڕاگوێزانی دێهاتەکان و کیمیاباران و ئەنفال بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی فاشیست و دژی ئینسانی. بێنە پێش چاو لە بارودۆخێکدا کیماوی باران وئەنفال کراوە و دێهات و شارۆچکە بەپێوە نەماوە و بزوتنەوەیەکی گەورەی چەکداری کە تەمەنی ١٢ساڵی دوای هەرەسی ١٩٧٥ تێپەڕاند بوو، گیانی سەدان ئینسان لەڕیزی ئەو حزبانەدا بوبویە قوربانی هەموو خەڵکی کوردستان لە زمانی ناسیۆنالیستەکانەوە دەیان ساڵ و بوو شاخەکانیان بە پشتوو پەنای کورد ناو دەبرد، لەو بارودۆخەدا ئەو شارو شارۆچکانەش کە بەپێوە مابوون وەک زیندان چواردەوریان بەسوپا و تەلبەند گیرابوو، لەناو بازاڕو کوچەو کۆڵانەکاندا جۆرەها دەستە وگروپی بەکرێگیراوی بەعس وەک (هێزی فریاکەوتن << قوەت تەواری>> و مەفرەزەی تایبەت و جەیشی شەعبی و جاشی خەفیفە) گیرابوو. ئەوە جگە لە هێزەکانی هەواڵگری وئەمن وهێزی سەربازی جۆراوجۆری تر هەرچەندە ڕژێم لەلایەک شایی سەرکەوتنی دەگێڕا، بەڵام شکستی هێزی چەکدار نەیتوانی بوو خەیاڵی ڕژێم ڕاحەت بکات، هەرچەندە ئەو شکستە و ئەو بارودۆخە بێ ورەیی و بێ ئومێدیەکی زۆری لەناو خەڵکی کوردستان دروست کردبوو. ئاسان نەبوو لەبارودۆخێکی وەهادا باسی سیاسەت و ڕاوەستانەوە و هەستانەوەی جارکی تر بەدژی ڕژیمی بەعس بکرێت، چونکە سەرباری سیخوڕە نهێنی و ئاشکراکانی ڕژێم بەسەر خەڵکەوە شکست و بێ ئومێدی و بێ متمانەی ناوخەڵکیش بوبویە سیخوڕیکی تر، کە هەڵسوڕانی سیاسی جێگای باوەڕکردن نەبێت لەبارودۆخێکی وادا. ئێمە کۆمۆنیست و چەپەکان لەو بارودۆخەدا دەستمان دایە چالاکی و ئامادەکاری وخۆرێکخستن بەشێوەیەکی جیاوازو بەبیروباوەڕێک و سونەتێکی جیاوازی چینایەتی، ئێمە کە دەستماندایە کارو چالاکی سیاسی ئەمان زانی شاخەکان پشتوو پەنامان نین؛ بەڵکو شوێنی کارو ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، کارگە وکارخانە و زانکۆ و فەرمانگەکان مەیدانی هەڵسوڕانمان بوو، بەبێ ئەوەی زۆر ئاگاداری یەک ببین لە زۆربەی شارو شارۆچکەکاندا لەژێر چەندین ناوی ڕێکخراوەیی وحەلەقات و کۆڕوکۆبونەوەی جوراوجۆرمان پێک هێنابوو.

ببورن ئەگەر پێشەکیەکەم کەمێک دریژە پێدابێت بائێستاش دەست بەوەڵامی پرسیارەکانتان بکەم، زیندانی ئەمنە سورەکە لەبنەڕەتدا تایبەت بوو بە گیراوانی سیاسی، سەرەتای مانگی سێبتەمبەری ١٩٩١ مانگێک پاش داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سوپای عێراق و ڕژێمی بەعسەوە، بەهۆی زیاتر فروانبوونەوەی کارو چالاکی ڕێکخراوە چەپەکان لەو سەردەمەدا، دیارە ڕژێم لەڕێگەی بەکرێگیراوەکانیەوە هەستی بەجموجۆڵی ڕێکخراوەکان کردوە و پێشتر کەسی دزە پێکردبووە ناومانەوە هەتا زۆرترین کەس بناسن و زانیاری وەرگرن لەسەر ڕابەری و هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوە سیاسیە تازەیە و ئامانج و بەرنامەیان. دیارە لەوکاتەدا بەو ئەنجامە گەیشبوون کە هێرش بکەنە سەرمان و ئەگەر شکستیشمان پێ نەهینن ئەوە گورزێکی کاریگەرمان لێبدەن، کە لەواقیعدا ئەو هێرشەی بەعس بۆسەر ڕێکخراوەکان کاریگەری هەبوو، بەڵام نەیتوانی بیوەستێنێ یان کۆتایی پێ بهێنێت. سەبارەت بەوەی زیاتر لە ٥٠ کەس لەهەموو ڕێکخراو و حەلەقاتەکانی دەستگیرکردبوو، و چەندین کەسی تریش مەترسی گرتنیان لەسەر بوو. ئەو ڕێکخراوانەی کەلەوسەردەمەدا هەڵسوڕاوەکانیان دەستگیر کرابوون ئەمانەبوون (ڕەوتی کۆمۆنیست، دەستەی پێشڕەوانی پڕۆلیتاریا و پرۆلیتاریای کۆمۆنیست) پێش ئەوەی ئێمە دەستگیر بکرێین، کۆمەڵێکی زۆر لە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران گیرابوون کە دوو وەجبە بوون، ئەوانەی ڕێکخستنەکان بە جەماعەتی جەباری حاجی ڕەشی ناسرابوون، چەند کەسێکی تریش پێشمەرگەبوون لەکاتی خۆ حەشاردانیان لەناوشار دەستگیرکرابوون لەگەڵ چەند کەسێکی ئاڵای شۆڕش و یەک نەفەری پاسۆک لەگەڵ یەک دوو کەسی بەتۆمەتی پارتی. بەڵام دواتر بەهۆی فشاری هەموو ڕۆژەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا و بێزاری هەموو ڕۆژەی خەڵکی عێراق وکوردستان وهەڵاتنی دەیان کەس لە ریزەکانی سوپای عێراق، بەئاستێک گەیشبوو کەخەڵک ناچارببن سنورەکان ببەزێنن بەرەو ئێران و ئەو ناوچانەی کە ڕژێم ناوی نابوون (مناطق المحرمه) واتە ناوچە قەدەغەکراوەکان برۆن. خەڵکێکی زۆر دەستگیر دەکران و دەیانهێنان بۆ ئەمنەسورەکە بۆلای ئێمە، ئەمەش وای کردبوو کە پەستانێکی زۆر لەسەر زیندانیەکان وشوێنی ژیان وخەوتن وخواردنیان دروست ببێت، بینای ئەمنە سورەکە، بەڕێوەبەرایەتی ئەمنە سورەکەی لێ بوو بەهۆی ئەوەی بینایەکی زۆر گەورەبوو وە لە چەند نهۆمێک پێکهاتبوو ڕەنگە بۆ زیندانیش بەکار هاتبێت، بەڵام ئەوکاتەی ئێمە دەستگیر کراین زیندانەکە لەبینای ئەمنە سورەکە جیابوو کەوتبویە نێوان ئەمنە سورەکە و حامیەی سولەیمانی، زیندانەکەش دوو نهۆم بوو نهۆمی یەکەم دوو هۆڵی گەورەی کە بەموحاجەرەی ئاسن نێوانی بۆ کرابوو لەگەڵ چەند ژوورێکی تاکە کەسی و نهۆمی سەرەوەش دوو هۆڵی بەکۆمەڵ لەگەڵ ژورێکی دوو سێ نەفەری کە پەنجەرەیەکی تێدابوو بۆسەر یەکێک لەهۆڵەکان. بەشێکی تریشی تێدابوو کە چەند ژورێکی تاکە کەسی بوو. لەدەرەوەی ئەم بینایە هۆڵێکی مامناوەندی تێدابوو کە بۆ زیندانیکردنی ژنان بەکاریان دەهێناو لەوبەر زیندانەکانیشەوە جێگای پاسەوانەکان و دوو سێ ژووری ئەشکەنجەدان ولێکۆڵینەوە و ئەرشیفی دیکۆمێنتی لێکۆڵینەوە و بەڵگەو کەلوپەلی گیراوەکانی تیدابوو. ژووری ئەشکەنجە مێزی لێکۆڵەرەوەکە لەبەرامبەریدا بۆریەکی گەورەیان لەناودیوارەکەدا و بەبنی سەقفەکەوە دانرابوو، کۆمەڵێک قولاپی پێوە بوو بۆ هەڵواسین، و مێزێکی گەورە لە ژێریدا لەگەڵ دوو تەپڵەکی بچوک بۆ ئەوەی زیندانیەکان لەکاتی هەڵواسیندا بچنە سەری و دەستەکانیان لەدواوە کەلەپچە دەکراو قایشێکی کورتیان دەکردە نێوان زنجیرە کەلەپچەکە وەک بازنەیەک دەیانکرد بە قولاپەکەدا و کورسیەکەیان لەژێر قاچی زیندانیەکە دەرئەکێشایە دەرەوە، ئیتر هەموو قورسایی لەشی زیندانیەکە دەکەوتە سەر شانەکانی وکەلەبچەکانیش بەهۆی ئەوقورسایەوە فشاری زیاتریان دەخستە سەر ئێسکی دەستی زیندانیەکە، و زۆربەی زیندانیەکان جگە لەو ئازارەی کەبە ئێسکەکانی دەستیان دەگەیشت، شانەکانیشیان دەرئەچوو. پاشان ئەگەر زیندانیەکە هەر قسەی نەکردایە ئیتر تەزوی کارەبایان لێ ئەدا و ئەوکارەش جگە لەئازاری تەزوکە عارەقێکی زۆر بەزیندانە ئەشکەنجەدراوەکە دەکرد و زۆربەی کات زیندانەکان لەهۆش خۆیان دەچوون. دیوارەکانی ژووری ئەشکەنجە هەموو بە مەعاکس داپۆشرابوو کە دەیانوت دیوارەکان دفنکراون بۆ ئەوەی دەنگ وهاواری زیندانیەکان نەچێتە دەرەوە لەکاتی ئەشکەنجەداندا. لێکۆڵەرەوەکانی بەعس تەنها زمانی ئەشکەنجەیان دەزانی و یەک قسەشیان دەکرد ئەویش زوو زوو لەکاتی ئەشکەنجەداندا دەیانوت قسەبکە (احچی)، وە ئەگەر شتێکیان لەسەرت بزانیایە هەر ئەوەیان دوبارە دەکردوە و ئەشکەنجەیان ئەدای هەتا بەقسەت بهێنن. ئەڵبەتە ئەو ئەشکەنجەو ئازارە و ڕاوەستاوی لەبەرامبەریدا کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام بەپێی ئەزمونی ئەوانەی کەبەر لە ئێمە گیرابوون ئەوەیە کە هەتا دان بەشتەکاندا نەنێیت وئینکاری لەسەر بکەیت وەیا ناوی هاوڕێیان ودۆستانت بپارێزیت شانسی دەربازبوون و ڕزگاربونت زۆرترە، ئەگەرچی بەرگەگرتنی ئەشەکەنجەدانەکان زۆر سەختەو زۆرکەس لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە بەڵام سەرئەنجام زمانی خۆت چارەنوست دیاری دەکات نەک گومان و بەڵگەکانی ئەوان. چونکە هەتا شت بڵیت و ناوی کەسی تر بڵێیت بۆ ئەوەی ئازارەکانت کەمببنەوە، بەڵام سەرئەنجام ئەو قسانەی کەکردوتن و ئەو کەسانەی کەناوت داون هەموو دەبنە بەڵگە بۆ مەحکومکردن و لێسەندنەوەی مافی ژیان لێت. ئەڵبەت جگە لە ئەشکەنجەدان ڕێگایەکی تریان هەبوو بۆئەوەی کە بەقسەت بهێنن ئەویش ئەوەبوو لەناو زیندانیەکاندا کەسانێکی بێئیرادەو ورە ڕووخاویان بەکاردەهێنا وەک سیخوڕ بۆئەوەی زیندانیەکە بەقسە بهینن، بەتایبەت لە ژوورە تاکە کەسیەکاندا کە زیندانی تازە زۆر زوو و ئاسانتر باوەڕی بەسیخوڕەکە دەکرد بۆ ئەوەی قسەی دڵی لابکات، چونکە ئەویش وەک خۆی زیندان بوو، بەڵام ئەگەر زیندانیە تازەکە شانسی هەبوایە و زووتر زیندانیەکانی تری ببینیایە، ئەوە هەم لەو کارەی سیخوڕەکان ئاگاداریان دەکردەوە، وەهەم ڕێگای بەرگریکردنیان پیشان ئەدا. ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان کۆمەڵێک کارو سونەتی ئینسانیمان جێ خستبوو کە مایەی سەرنجی بەندکراوەکانی تریشبوون، کە بەهۆکاری سیاسی وئەمنی جیاواز دەسگیر کرابوون، لەوانە کۆمەککردنی زیندانە تازەگیراوەکان چ لە ڕوی جەستەییەوە شێلان و یارمەتیدانیان لەدوای ئەشکەنجە، وە چ لەڕووی دەرونیەوە کۆمەكمان دەکردن کە خۆڕاگربن و زیان بەخۆیان و کەسانی تریش نەگەیەنن. دروستکردنی جەوێکی هاوڕێیانە و ڕۆشنبیری وگفتوگۆکردنی بەردەوام لەسەر مەسائیلی ئەدەبی وسیاسی وگێڕانەوەی نوکتە و بەسەرهاتی خۆش بۆ تێپەڕاندنی کاتەکان. ئێمە لەوماوەیدا کە لەزیندان بووین چەندین داواکاریمان بەسەر بەڕێوەبەرایەتی زینداندا فەرزکرد وەک هێنانی ڕۆژنامەکانی بەعس بۆ ئاگاداربوون لەوەی کەلەدەرەوە چی دەگوزەرێت، جارێکیان موقەدەم خەڵەف بەڕێوەبەری ئەمنە سورەکە سەردانی زیندانیەکانی کرد ئێمەش داوای ڕۆژنامەکانمان کرد، هەرچەندە سەرەتا توڕەبوو، ئەیوت ئێوە نازانن لەکوێن؟ وتمان دەزانین لە کوێین، بەڵام مافی خۆمانە کە ڕۆژنامەکانی دەوڵەت بخوێنینەوە بزانین هەواڵ چیە؟ ڕاستە زیندانین بەڵام هاوڵاتین، ئەوەبوو رازیبوو کە ڕۆژنامەی سەورە و جمهورمان بۆ بهێنن. پاشان ڕۆژی ١٧\٢\١٩٩١لەسەر خواردن مانگرتنمان ڕاگەیاند کە ئەوکات لەبەر مەترسی لێدانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان زووربەمانیان لە هۆڵەکەی خوارەوە کۆکردبویەوە، ئێمە نزیکەی٦٦کەس لەو هۆڵەدابوین خواردنەکە کە خۆی نیسکاو بوو لە نێو سەتڵی ماستەکاندا هێنابویان کە بەشی١٥کەسیشی نەدەکرد، ئێمەش هەموو بەکۆی دەنگ بڕیارماندا کە نەیخۆین هەتا بەڕێوەبەری زیندان یان بەڕیوەبەری گشتی نەیەتە ناو زیندان قسەی لەگەڵ بکەین، سەرۆکی پاسەوانەکان هەرچەندە سەرەتا ملی نەداو ئەیویست بمانترسێنێت، بەڵام ئێمە هەر سووربووین لەسەر نەخواردنی ئەو ژەمە هەتا داواکەمان جێبەجێ نەکەن، ئەوەبوو لەماوەیەکی کورتدا بەڕێوەبەری زیندان بەخۆیی وکۆمەڵێک پاسەوانەوە هاتە ژورەوە خۆی توڕە کرد، سەرەتا ئەیوت ئێوە دەزانن ئێستا داوای چیدەکەن؟ لەکاتێکدا سەربازە عێراقیەکان لەکوێت نان نییە بیخۆن ئێوەش لێرە لەسەر دژایەتی دەوڵەت و شۆڕش گیراون کەچی داوای خواردن دەکەن، ئێمەش وتمان سەبازەکان ئازادن ودەتوانن هەرچۆن بێت شتێک بۆ خۆیان پەیدا بکەن کە بیخۆن، بەڵام ئێمە تەنها چاوەڕوانی ئێوەین لەکاتێکدا خواردنەکە بەڵێندەر ئەیهێنێت ڕێگەمان پێبدەن لەگەڵ ئەوان قسە بکەین یان ڕێگەمان پێبدەن کە کەسوکارەکانمان سەردانمان بکەن. بەکورتی سەرئەنجام دوای مشتومڕێکی زۆر داواکاریەکانیان جێبەجێ کردین، هەم ڕێژەی خواردنەکەیان زیاد کرد وەهەم ڕایانگەیاند کە کەسوکارمان سەردانمان بکەن، کە ئەوەش کارێک بوو پێشتر لە زیندانەکانی بەعس ڕوی نەدابوو بەوشێوە بەکۆمەڵ زیندانەکان مانبگرن! هەڵەیەکی گەورەی زۆرێک لە هاوڕێیانی دەستگیرکراومان ئەوەبوو، کە یان لەماڵی کەسە نزیکەکانیاندا خۆیان پەنادابوو وەیان خوشک و براو دایک و باوکی شوێنی خۆشاردنەوەکەیان دەزانی، کە زۆرێک لەوانەش لەژێر فشارو تۆقاندنی حزبی بەعسدا شوێنەکانیان ئاشکرا دەکرد. کە ئینسان بەو ئاکامە دەگات کە دروست وابوو کە کەسی گۆمانلێکراو شوێنی خۆی بەنزیکەکانی نەڵێت و ئەو هەرکاتێک ویستی خۆی ئەوان ببینێت هەوڵبدات بیان بینێت لە جێگایەک کە ئەو جێگایە نەبێت کە لێی دەمینێتەوە، بۆئەوەی کەس نەزانێت لە کوێیە. بەهەر حاڵ بارودۆخی ژوورەکانی بەو جۆرەبوو کە هۆڵەکانی سەرەوە کە یەکی نزیکەی ١٥تا ٢٠  نەفەریان بەبەردەوامی تیدابوو، ژوورە تاکە کەسیەکانیش هەمووی نەفەری تیدابوو. زۆربەی کات لەدەرەوەی ژوورەکانیش شیشی سەرقادرمە و ڕاڕەوی هاتوچۆکاندا خەڵکیان دەبەستەوە، وهۆڵ و ژوورەکانی خوارەوەش بە بەردەام  پڕبوون لە زیندانی. هەر سێ هۆڵەکە یەکی کەسێک سەرپەرشتی دەکردن ئەو کاتەی من لەوێ بووم هۆڵەکەی ئێمە لە قاتی سەرەوە حسینی مەساع کە ئەوکات مستەشاربوو دەستگیرکرابوو بەتۆهمەتی یارمەتیدانی پێشمەرگەوە ئەگەر بەهەڵەنەچوبم، هۆڵەکەی خوارەوەش کەسێک بوو بەناوی شێخ محەمەد، ئەو هۆڵەی کە بیرم نەماوە کەسێکیش کە پێشمەرگەی یەکێتی بوو دەستگیرکرابوو خواردنی بەسەر زیندانەکاندا دابەش دەکرد، کە دواتر بران بۆ دادگای شۆڕش (محکمە ثورة).

لەناوەڕاستی مانگی دووەوە ئێمە بەهۆی دەستگیکردنی بەردەوامی هاوڕێیانی خۆمان و لەلایەکی تریشەوە کەسانی تر وبەتایبەت کۆمەڵێک پێشمەرگە و لایەنگرو ڕێکخستنی یەکێتی کە نامەیان بۆ مستەشارو پیاوەکانی بەعس هێنابوو بۆ ئامادەکاری ڕاپەڕین دەستگیرکرابوون، دەمانزانی کە ڕاپەڕین وگۆڕانکاری بەڕێوەیە وهاوڕێیانی خۆمان کە دەستگیر کرابوون باسی ئامادەکاریەکانیان بۆ ڕاپەڕین ونووسین وبڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی شوراکانیان پێگەیاندین. مەبەستم ئەوەیە کە هەر زوو ئێمە ئاگاداری ئەو ڕووداوانە ئەبوین، بەڵام نەمان دەزانی چارەنوسی ئێمە چی بەسەردێ، ئەوەبوو کە لە ٧\٣\١٩٩١ڕاپەڕین لە سولەیمانی دەستی پێکرد، بەڵام لە شەودا دەنگی تەقەو شت نەما و کارەبای ناو زیندان ماوەیەک کوژایەوە، بەڕاستی بارودۆخێکی مەترسیدارو پڕ دڵە راوکێی بۆ دروست کردبوین،  نەماندەزانی خەمی خێزان وهاوڕێ وکەسەکانمان بخۆین لەدەرەوە یان خەمی چارەنوسی نادیاری خۆمان. هەندێک لەناوخۆمان قسەمان کردو و بڕیارماندا کە ڕێگری لە کوشتاری خۆمان بکەین وهەوڵبدەین بەرگری بکەین، ئەوەبوو لە بەیانی ٨\٣جارێکی تر ڕاپەڕین دەستی پێکردەوە وهەتا دەهات دەنگی تەقە و خۆپیشاندانەکان نزیک دەبونەوە، ئێمە لە پەنجەرەی ساحیبەی ناو تەوالیتەکانمانەوە سەیری دەرەوەمان دەکرد، نزیکی کاتژمێر١٠بۆ یانزەی بەیانی بووکە پاسەوانەکان زۆر شپرزەییان پێوە دیاربوو هاتنە سەرەوە و کەسێکی بەندکراوی ئیسلامی کە بە تۆمەتی کوشتنی فایەقی مۆتە کە بەختگرەوەیەک بوو لەسلێمانی دەسگیر کرابوو بردە خوارەوە ونەهاتەوە. دەوروبەری کاتژمێری ١٢نیوەڕۆ تەقەکردن زۆر لە بینای ئەمنە سورەکە و زیندان و دەوربەری نزیک بویەوە، بەشێوەیەک کە شتێک دیواری ژورەکەی ئێمەی کونکرد بەشێوەیەک کەناو ژورەکەمان پڕبوو لە تۆزو خۆڵ، ڕێک لە ژێر جێگەی ئەو شتەی کە لەژورەکەیدا من پێم وابوو ئاڕبیجی بوبێت لەوکاتەدا سێ چوارکەس لە هاوڕێکانمان پشتیان دابوو بەدیوارەکەوە ئەوەندەی بیرم بێت یەکێکیان هادی عەبدوڵا بوو یەکیان کاژاو بوو ئەویتر یوسف عیزەدینی نووسەر بوو، یەکێکیان پێموابێت ئەبوبەکری دارتاشبوو.

سەرئەنجام پاشنوەڕۆ خەڵکی ڕاپەڕیو توانیان دەست بەسەر زیندانی ئەمنە سورەکەدا بگرن و ئێمەش ئازاد بکرێین، کە ژمارەمان ١١٨کەس دەبوو وە تەنها ئەو محمەدە ئیسلامیەیان لەناو حەوشی ئەمنە سورەکەدا کوشبوو.

لەکۆتاییدا سەری ڕێزم دائەنەوێنم بۆ سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕاپەڕین و ڕێگای ئازادی بەتایبەت گیانبەختکردوانی دەست بەسەراگرتن و تێکشکاندنی ئەمنە سورەکە کە باستێلی حزبی بەعس بوو .

 

تیبینی ئەم بابەتەلە پاشکۆی ژمارە ٢٣ی ڕۆژنامەی بۆپێشەوە بڵاوکرەوەتەوە بەبۆنەی یادی ٢٧ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانکە لە ڕۆژی ٠٥\٠٣\٢٠١٨ بڵاو بوەتەوە.