لە بەرانبەر واژۆ كردنی یاسای خۆپیشانداندا وەرنە مەیدان
پاش ئەوەی یاسای خۆپیشاندان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا ، بۆ واژۆ كردنی بە سەرۆكی حكومەتی ھەرێم سپێردرا. لە بەرواری ١٢/١٢/٢٠١٠ مەسعود بارزانی واژۆی كردو بە نوسراوی ٦١٧ ناردیەوە بۆ پەرلەمان بۆ راگەیاندنی و كار پێكردنی . ئەم یاسایە ھەرچەندە رووبەرووی نارەزایەتیەكی بەرین بووەوە لە لایەن خەلكی ئازادیخوازی كوردستانەوە ، بەڵام بە بێ گوێدانە خەلك ئەم یاسایە سەپێنرا له كوردستاندا.
سەرتاپای ئەم یاسایە كۆنەپەرستانەیە و ھەنگاوێكی ترە بۆ بەربەست دانان لە بەر دەم كۆبوونەوەو خۆپیشاندانی سەرجەم چین و توێژە بەشخوراوەكانی كۆمەڵگای كوردستان . بە پێ ی ئەم یاسایە خەلك بۆی نیە ھەركات ویستی خواستەكانی خۆی لە رێگای كۆبوونەوە و خۆپیشاندانەوە دەربڕێ و بیدا بە گوێ ی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران ، بۆ ئەمە دەبێ مۆڵەت لە دەسەڵات وەرگرێ . دەسەڵاتیش دیارە كاتێ مۆڵەت دەدا كە ئامانجی خۆپیشاندان لە بەرژەوەندی خۆیدا بێ . ئەمە ھەمان یاسایە كە لە دەوڵەتە سەركوتگەرە بۆرژوایەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست دا دەیان ساڵە پیادە دەكرێ . دەسەڵاتی ناسیونالیستی كوردستان بە داسەپاندنی ھەمان شێوە لە یاسای دژی ئازادی خۆپیشاندان دەچێتە ڕیزی ئەم رژێمە سەركوتگەرانەوه .
ڕێگری و سەركوتی خۆپیشاندانەكانی خەڵك لە لایەن ئەحزابی قەومی و دینی كوردستانەوە ، نامۆ نیە ، ھەموو خەڵك ئەوە دەزانێ كە ئەم دەسەڵاتە میلیشیانە لە ماوەی ١٩ ساڵی دەسەڵاتیاندا چەندین خۆپیشاندانیان خەڵتانی خوێن كردووە و ھەڵسوراوەكانی بەرەو زیندان ڕاپێج كردووە ، ئەم ڕەفتارە بە ناوی ئەوەوە ئەنجام دراوە كە بێ مۆڵەت ئەم خۆپیشاندانانە ئەنجام دراون و تابوری پێنج و یا دەستێكیان لە پشتە . ئەمڕۆ ئەم سەركوتە یاسایی دەكرێتەوە بۆ ئەوەی باشتر بتوانن كۆنترۆلێ نارەزایەتیەكانی خەلكی كوردستان بكەن . ناسیونالیزم و بورژوازی كورد ئەمرۆ لە ھەموو كات زیاتر پێویستیان بەم یاسایە ھەیە ، چونكە ئاستی نارەزایەتیەكانی خەڵك لە پەرەسەندندایە و تا دێ ڕادیكالیزە دەبنەوە ، لەولاشەوە بورژوازی كوردو دەسەڵاتەكەیان سامانێكی بێشوماریان لە دەستدایە دەبێ بیپارێزن و زیاتر كەڵەكەی سەرمایە بكەن ، قهڵشتی چینایهتی به ڕادهیهکه که به هیچ شتێک بۆیان ناشارێتهوه ههموو ڕۆژی جادهو کوچهو کۆڵانهکانی کوردستان بوون به سهکۆی ڕوو به ڕوو بوونهوهی ناسیونالیزم و دهسهڵاتهکهیان. ئامانجی پەسەند كردن و واژۆ كردنی یاسای دژی ئازادی خۆپیشاندان لەم گۆشەوەیە. ئامانج لە واژۆ كردنی ئەم یاسایە بۆ بە فریاكەوتنی بورژوازی و دەسەڵاتە گەندەڵەیەكەتی لە دەست خەلک كە مەترسی ئەوەیان ھەیە لافاوی نارەزایەتیەكانی خەلك بگاتە ئاستێك ڕایانبماڵێ .
ئێمە زۆر جار تاكیدمان لەوە كردوەتەوە ھەرجۆرە خۆشباوەریەك بەوەی كە لە سەرەوە و لە ناو خودی دەسەڵاتدا گوڕانكاری وریفۆرم روو بدات ئەوە مەحاڵە. چونكە سەرجەم دەسەڵاتەكە چینایەتیە و لە بەرژوەندی سەرمایهداراندایە بە سەرۆك و وەزیرو ئەندام پەرلەمانیەوە و بە دەوڵەت و پۆلیس و ئاسایشیەوە، بۆیە پەسەند كردنی ئەم یاسایە لە لایەن پەرلەمانەوە و واژۆ كردنی لە لایەن مەسعود بارزانیەوە نابێ لە یەك جیا بكرێنەوە دوو پرۆسەی جیاواز نین نابێ باوەڕمان بەوە ھەبێ كە( پەرلەمان یاسای پەسەند كرد لەوانەیە سەرۆكی ھەرێم ئیمزای نەكا) . بەشێك له ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی قهومی_ ئیسلامی بە ناوی " گۆڕان " و " یەكگرتووی ئیسلامی" و كۆمەڵی ئیسلامی " و "چەند لایەنی تری دەرەوەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان" ماوەیەكە دەیانەوێ ئەم خۆشباوەریە زاڵ بكەن بە سەر ناڕەزایهتەكانی خەڵکدا.
تەنھا ڕێگا چارە پەرە دانە بە كۆبوونەوە و خۆپیشاندان ونارەزایەتیەكانمان له خوارهوه و له سهرجادهکانهوه . چینی كرێكار و خەڵكی زەحمتكێش زیاتر دەبێ بێنە مەیدان و جڵەوی ئەم نارەزایەتیانە بگرنە دەست ، چونكە ئەمان لە ھەموو چین و توێژەكانی تر زیانبارتر دەبن لە بوونی ئەو یاسایەدا. كرێكاران بە ھێزی یەكگرتوویان دەتوانن بێنە مەیدان بە شیعاری ئازادی بێ قەیدو شەرتی خۆپیشاندان ، مانگرتن ، كۆبونەوە برژێنە سەر جادەكان و پێكەوە لە گەڵ خەلكی ئازادیخوازو چەپ و كۆمۆنیستەكان لە پێناو ھەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە قۆڵی لێ ھەڵماڵن. حیزبی ئێمە لەم پێناوەدا خەباتی نەپساوە دەكا و له ڕیزی پێشهوهی ئهم خهباتهدایه بۆ ههڵوهشانهوهی ئهم یاسایهو به دهست هێنانی ئازادی خهڵکی کوردستان تێدهکۆشێ.
نا بۆ یاسای خۆپیشاندانی پەرلەمانی كوردستان
بژی ئازادی بێ قەیدو شەرتی خۆپیشاندان ، كۆبونەوە ، مانگرتن
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری چەپی عێراق
٢٠/١٢/٢٠١٠