مانگرتنەکان لەسەر نەدانی موچە بەردەوامن!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق پشتیوانی لە مانگرتوان دەکات، داوا دەکات دەست بەجێ موچە بدرێت!!

 

ئەمڕۆ کرێکاران و فەرمانبەرانی کارەبای سلێمانی مانیان گرت و نەچوونە سەرکار  لەپێنا و دانی موچەکانیاندا، خەڵکێکی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا کۆبوونەوەو بۆ بەڕی کردنی کاروبارەکانیان و کەس نەبوو کارەکانیان بۆ ئەنجام بدات.

شاری سلێمانی لە هەفتەی ڕابردوودا شایەدی بەرپا کردنی مانگرتنی جۆراو جۆر بوو لە پێناو موچەکانیان و نان بڕینیان، ئەمە شکڵێکی تازەیە لە خەباتی فەرمانبەران و کڕیکاران بۆ مووچە  وا پێدەچێ پەڕە بسێنی و لەگەڵ زیادبوونی قورسی سەرشانی خەڵک و بڵاو بوونەوەی هەژاری و نەداری و  مانگرتن و خەباتی بەرفراوان ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ فراوانتر دەبێتەوەوە و پەرە دەسێنێ.

قەیەرانی ئابوری سەرتاپای عێراق و کوردستانی گرتوەتەوە و سەدان کارگە و کارخانە و کۆمپانیا دەرگاکانیان داخستوە و دەیان هەزار کرێکار بێ کار بوون و دەرکراون لەسەر کارەکانیان. ڕێژەی بێکاری ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە زیادبوون دایە ، ئاستی هەژاری بەشیوەی خەتەرناک لە بەرزبوونەوە دایە ، سەرمایەداران و دەسەڵاتداران لەوپەری نازو نیعمەت دان بە هەموو شێوەک دەیانەوەی قورسای ئەم قەیرانە بدەن بە کۆڵی کرێکاران و زۆربەی کۆمەڵگەدا.

نەدانی موچە یەکێکە لە شێوەکانی هەژارکردن و برسی کردنی کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان و ئەوە بۆ سێ مانگ دەچێت موچەی زۆربەی شوێنەکان نەدراوە هەرجارەی لەژێر بیانویەکدا ئەم کارە دەکەن، جاری دەڵێن مالکی پارە نانێری بۆ کوردستان جارێ دەلین عەبادی و ئێستاش خەڵک بوونەتە نێوان بەداشی شەڕی  ئاشتی هەورامی وەزیری دارای کوردستانەوە. لە کوێێ دنیادا بووە خەڵک ڕەنج بدات و مشتێک سەرمایەدار و دەسەڵاتدار دەست بەسەر بەری ڕەنجی ملیونان کەسدا بگرن و قورگی خەڵک بگوشن. نەدانی موچە هیچ تەبریرێک هەلناگرێ.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق پشتیوانی خەباتی کرێکاران و فەرمانبەرانی دائیرەی کارەبای سلێمانی دەکات و داوای دەست بەجێێ دانی موچەکەیان دەکات. مانگرتن باشترین چەکی کرێکارە بۆ بەرگری لەخۆێ و مافێکی بێ ئەملاو ئەولای کرێکارانە. ئێمە بانگەوازی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی چینی کرێکاران و فەرمانبەران دەکەین بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت  ڕێگە نەدەن بورژوازی  و حزبە دەسەڵاتدارەکانی ژیانیان لێ بکەن بە دۆزەخ و بە هەموو شێوەیەک خەبات لە پێناو موجەکانیان گەشە پێ بدەن.

هەروەها بانگەوازی کرێکاران دەکەین لە شوێنی کارەکانیان و لە شوێنی نشتەجێ بوونیان کۆبونەوەی گشتی ساز بدەن و شوراو سەندیکا دروست بکەن و خۆیان ڕێک بخەن، نەبوونی ڕێکخراو بونی ئەوانە ڕێگا دەدات بورژوازی ئاوەها بە ئاسانی یاری بە چارەنوسی چەند ملیون ئینسانەوە بکات.

سەرکەوتو بێت مانگرتنی فەرمانبەرانی کارەبای سلێمانی !!

هێز لە یەکرتندایە !

بڕوخێ سەمایەداری! بژی سۆشیالیزم!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق

٢٥\٨\٢٠١٥