هستریای ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک!!

به‌پێی هه‌واڵه‌کان ئاسیشی پێنجوین ئه‌مڕۆ 20\9 پێنج که‌س له‌ چالاکه‌وانانی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکیان ده‌سگیر کردوه، هه‌ره‌وها چه‌ند که‌سێکی تر له‌ خۆپێشانده‌رانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان ده‌سگیر کراون، له‌ هه‌وڵێریش هه‌ڕه‌شه‌ وگوڕه‌شه‌ و چاوسورکردنه‌وه‌ له‌ ئاکتیڤسته‌کانی جه‌ماوه‌ر کراوه‌‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ناڕه‌زه‌یه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان شه‌پۆڵ ده‌دات و له‌ هه‌موو شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان ناڕه‌زایه‌تی به‌ر‌پاده‌کرێت و ڕابه‌ران و چالاکه‌وانان خه‌ریکی خۆ ڕێکخستن و خۆ ئاماده‌کردنن بۆ ڕووبه‌ ڕوو بونه‌وه‌یه‌کی نوێ له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناسێونالیزمی کورد دا. 
خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌ بیست وپێنج ساڵه‌ به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارێتی خێڵه‌کی و قه‌ومی و دوو حزبی خێڵه‌کیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و بێجگه‌ له‌ جه‌نگ و تیرۆر و تۆقاندن و ڕاوو ڕووت و به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م دوو لایه‌نه‌وه‌ به‌ شه‌ریکایه‌تی هێزه‌ ئیسلامیه‌کان هیچ شتێکی تریان به‌ نسیب نه‌بووه‌. سه‌روه‌ت و سامان له‌ده‌ستی چه‌ند ملیاردێرێکدا کۆبووه‌ته‌وه‌ و هه‌ژاریش هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ی داگرتوه‌. ئه‌م ئاڵ وگؤڕانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌رو له‌ چاوترۆکانێکدا له‌ کوردستاندا جێکه‌وت و قڵشتی چینایه‌تی زۆر به‌زه‌قی هاتوه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌. 
به‌ دوای قه‌یه‌رانی ئابوری و دابه‌زینی نرخی نه‌وت ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان یه‌کسه‌ر په‌لاماری کرێی کرێکاران و فه‌رمانبه‌رانی کوردستانیان داو چه‌ندان مانگ موچه‌ی خه‌ڵکیان ده‌ست به‌سه‌ردا گرت و ئێستا ئه‌م دزی و په‌لارمه‌ره‌یان به‌ یاسا ده‌ست پێکردوه‌ و کرێ و موچه‌یان که‌م کردوه‌ته‌وه‌ بۆ نیوه‌ و که‌متر له‌ نیوه‌. باجی قه‌یه‌‌رانی خۆیان به‌ ڕۆژی ڕووناک خستوه‌ته‌ ئه‌ستۆی جه‌ماوه‌ری به‌شمه‌نه‌ت و سته‌مدیده‌ی کوردستان.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هێڕشه‌ دڕندانه‌ی بورژوا ناسیونالستی کوردا خه‌ڵکی کوردستان بێده‌نگ نه‌بوون تا ئێشتا به‌ شێوازی جیاجیا ده‌ستیان داوه‌ته‌ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپێشاندان و مانگرتن تا ده‌گای به‌ په‌لاماردانی دام و ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ وا جارێکی تر خه‌ریه‌که‌ شکڵ ده‌گرنه‌وه‌ جارێکی تر و به‌ گوڕو تینێکی تره‌وه‌ ده‌ستیان پێکردوه‌، ده‌سه‌ڵاتداران به‌ته‌واوه‌تی هه‌راسان بوون و هه‌موو ئه‌و کارتانه‌ی که‌ به‌ده‌ستاینه‌وه‌ بوو بۆ پاساو دانی نه‌بوونی خزمه‌ت گوزاری و موچه‌ و کاره‌با و پێویستیه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی خه‌ڵک بێکه‌ڵک له‌کارکه‌وتون، هه‌ر بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌کی هستیریک په‌لاماری چالاکه‌ وانان ده‌ده‌ن و له‌لایه‌که‌وه‌ ده‌ستگیریان ده‌که‌ن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌که‌ن و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌‌دان ناڕه‌زایه‌تیه‌کان به‌لاڕیدا به‌رن و له‌ ڕێڕه‌وی خۆی لایبده‌ن. خه‌ڵک ده‌بێ ڕێگه‌ نه‌ده‌ن خه‌باتی به‌رحه‌قیان بکرێته‌ به‌شێک له‌ کێشمه‌ کێشه‌کانی ناو خێزانی ده‌سه‌ڵات.
ئێمه‌ به‌توندی سه‌رکۆنه‌ی هه‌ر کارێکی سه‌رکوتگه‌رانه‌ ده‌که‌ین له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و حزبه‌ مه‌شه‌خۆره‌کانه‌وه‌ و داوا ده‌که‌ین ده‌سبه‌جێ گیراوه‌کان ده‌بێ ئازاد بکرێن. ده‌بێ ئازادی خۆپێشاندان و مانگرتن و کۆبوونه‌وه‌ و خۆڕێکخستن بۆ جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌ڕه‌سمی بناسرێ و هیچ لایه‌نێک بۆی نیه‌ ده‌ست بۆ سه‌رکوت ببات له‌به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ردا. 
خه‌ڵکی کوردستان هیچ ڕێگایه‌کیان له‌به‌رده‌م نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان به‌ره‌و باش بوون ببه‌ن به‌غه‌یری خۆڕێکخستن له‌ شورا و ڕێکخراوه‌ی فراوان و ده‌یان و سه‌دان هه‌زارکه‌سیدا له‌گه‌ڕه‌ک وکارگه‌ وکارخانه‌ و زانکۆ و په‌یمانگه‌کاندا و به‌رپاکردنی ده‌سه‌ڵات له‌ خواره‌وه‌ له‌نێو جه‌ماوه‌ره‌وه‌ له‌لایه‌که‌وه‌ و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا ئیتر به‌ته‌واوه‌تی ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتداری خه‌لکی و له‌به‌رده‌م خۆشگوزه‌رانی وباش بوونی بژێوی خه‌لکدا. بۆیه‌ پێچانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بورژوا ناسیونالست- عه‌شایه‌ره‌کانی کوردستان بوه‌ته‌ یه‌ک مه‌سه‌له‌ی جه‌وهه‌ری ده‌بێ خه‌ڵکی له‌ خه‌باتیان ئه‌م ئامانجه‌ بکه‌نه‌ سه‌رقافڵه‌ی خه‌باتیا‌ن وئامانجی سه‌ره‌کیان، گیرانه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی دزراوی خه‌ڵک له‌لایه‌ن خه‌ڵک خۆیانه‌وه‌ ئیمکانی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پێچانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵادارێتی خه‌ڵک.


ئازادی بۆ گیروه‌کانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری کوردستان!!
بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و دامه‌زراندنی شوراو ئورگانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خه‌ڵک!!
بژی سۆشیالیزم!!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق !!

20\9\2016