چارەسەری قەیرانی ئابوری ودەسەڵات لە کوردستان، لە دەستی خەڵکدایە !!
بەیاننامەی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق، سەبارەت بە قەیرانەکانی کوردستان!!
ئۆپۆزسیونی کورد لە کوردستانی عێراق (بزووتنەوەی گٶڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی) بە قەولدان بەوەی چوار ساڵی ئایندەی کوردستان "چوار ساڵی ئارامی دەبێت " حکومەتی شەراکەتیان لە گەڵ یەکێتی و پارتی پێک هێناو ناویان نا حکومەتی بنکە فراوان. هەرپێنج حزبی بۆرژوازی حکومەتێکی ناسیونالست _ ئیسلامیان پێک هێنا و جەژنی دابەش کردنی کێکی دەسەڵاتیان لە نیوان خۆیان دا دەگێڕا، زەردەخەنە و قاقایان بەڕووی خەڵکدا هەڵ ڕشت.
بەڵام ئەم مانگی هەنگوینیەیان هێشتا تەواو نەبوو بوو کە ڕوو بەڕووی قەیەرانی ئابوری و کێشمە کێش لە گەڵ بەغدا بونەوە و دواتر شەڕی داعش و ئەنجا بەدوای خۆێدا کێشەی دەستور و کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم یەخەی پیێان گرت، ئێستا حکومەتە بنکە فراوانەکەیان تا بینا قاقای نوقم بووە لە قەیراندا، هەر تەرفە پەلەقاژەی ڕزگارکردنی ئەم ئەزمونەیە و ئەم شەراکەتەیەتی، نەک نەیانتوانی ئارامی دابێن بکەن بەڵکو خۆیان بونەتە سەرچاوەی تێکدانی ئارمی کۆمەڵگە.
خەڵکی کوردستان کە ٢٤ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ناسیوناڵست_ ئیسلامەکاندا یە، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ نەهامەتیەکانی بە ئەندازەی سەروەت وسامانی بەرپرسەکانی کوردستان لە زیاد بوون دایە. دەیان و هەزاران کرێکار نێردراونەتەوە ماڵەوە و هەزاران کارگە و کارخانە و پرۆژە داخراون، بێکاری بێداد دەکات، بە چەند مانگ جارێک موچەیەک دەدەن، گرانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە بەرزبوونەوە دایە، دەیان و هەزاران لاو ڕوویان کردوەتە هەنداران و دەیا کەس لە ئاوی دەریادا خنکاون، خزمەتگوزاریەکان ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ لە خراپیدایە، تەنگەژە و شەڕی دەسەڵات و بەتایبەتی لەسەر پرسی سەرۆکی کوردستان ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەری نێوان حزبەکان، خەڵکی بەتەواوەتی نیگەران کردوە و ئەوەندەی تر قەیرانی ئابوری قوڵتر کردوەتەوە.
حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان کە ئەوە چەند ساڵە لاف و گەزافی دیموکراتیەت و تەعەدودی لێدەدەن و هەر خۆیان شکۆمەندی پەرلەمانە بێ شکۆکەی خۆیان خستوەتە ژێر پێوە و لە بازگەکانی هەولێر بێڕێزی بە ئەندامانی پەرلەمان دەکەن هەر لە ناو هۆڵی پەرلەماندا نەیارانی یەکتری کوتەک کاری دەکەن. ئەوەی هیچ حسابێکی بۆ ناکرێ پەرلەمان و ئەو دەزگا کارتۆنیەیە کە ئێمە هەر لە سەرتای دروست بوونیەوە ووتومانە شەکڵی و سوەریە، شوێنی گەندەڵی و شەرعیەت دانە بە حکومەتی گەندەڵ و دژی خەڵک.
چارەنووسی کوردستان کە چەندان جار فرسەتی لەبەردەمدا بۆ دروست بووە تا کێشەی کورد چارەسەر بکرێت و لە ڕفراندۆمێکی سەراسەریدا چارەنوسی بە دەنگدان و بە جیابوونەوە یەکلا بکرێتەوە، بۆ ناسێونالیزمی کورد ئەم مەسەلەیە تەنها یەک ڕیکلام و وەرقەیەکی فشارە بۆ سەندنی سەهمی زیاتر لە دەسەڵات لە بەغدا شتێکی تر نەبووە. چارەسەر نەکردنی ئەم کێشە سەرەکیە وای کردوە چارەنووسی کوردستان بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە، کوردستان ببێتە جیگایک بۆ پەیداکردنی سەروەت و سامان لەلایەن باندە مافیاکانی دەسەڵاتەوە. خەڵکی کوردستان نابێ چێتر چاوەڕێیی ئەم حزب و باندانە بکەن لە نیوان خۆیان دەسەڵات و سەروەت و سامانی کوردستان دابەش بکەن، ئەم قیرانە و سەرنجامەکەی لەسەر شانی خەڵکی زەحمەتکێش بشکێننەوە.
ئەمڕۆ ملیون ملیون خەڵکی عیراق مەیدانەکانی ئازادی و کوچە و کۆڵانەکان و شارو شارۆچکەکانیان کردوەتە سەکۆی یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی گەندەڵی حکومەتی قەومی تایەفی بەغدا. نابێ خەڵکی کوردستان لەم ڕەوەندە بەجێ بمێنن، دەبێ پێچانەوەی شەریکە بەشەکانی حکومەتی عێراق لە کوردستان لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ئەنجام بدرێت، بە شێعاری" سکۆلاریزم و نا شێعی و نا سونی و نا قەومی " و " بەڵی بۆ دەوڵەتی مەدەنی" ئەم گەندەڵانە لە دەسەڵات بهێننە خوارەوە لە جێگاکەیدا دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆی خەڵک دابمەزرێت، هاوپشتی و هاوخەباتی بۆ خەڵکی خۆپێشاندەری شارەکانی عێراق ڕابگەیەنرێ.
خەڵکی شارەکانی سلێمانی و چەمچەماڵ و ڕانیە قەڵادزێ و عەربەت و دەربەندیخان و گەرمیان تەکانێکیان برخۆیاندا، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە دەبێت جارێکی تر بێتەوە نا و جادە و سەرشەقامەکان . ئەوە خەڵکی کوردستانن کە ئەتوان کێشەی دەسەڵات لە کوردستان بە پێچانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی بنکە فروانەکەیان جارەسەر بکەن و کۆتایی بێنن بە هەموو ئەو نەهامەتی نەبوونی و بێ مافیانەی کە بەسەریاندا داسەپاوە مۆتەکەی شەڕی ناوخۆ بەیەکجاری لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە و بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سیکیولاری نا قەومی ونا دینی و خۆشگوزەران بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق
١٧ اب ٢٠١٥