هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کوردستان!!

 

ئەوە ٣٠ ساڵە هێزەکانی بەرەی کوردستانی و حزبە ناسیونالست و ئیسلامیەکان بەناوی هەڵبژاردن و دەسەڵاتی پەرلەمانیەوە ڕسواترین هەڵبژاردن وگەمەی دەسەڵات و بەریوەبردنی کوردستانیان پیادە کردوە. هەر لەیەکەم هەڵبژاردندا گەورەترین جەنگیان لەنێوان دوو هێزە ناسیونالستیەکەی کوردستان بەرپا کرد لەپای پاوەن کردنی دەسەڵات لەناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا هەزاران لاوی کوردستانیان بەکوشت دا دەیان هەزار کەسیان ئاوارە کرد و ئەوەی لەدەستیان هات بەرامبەر یەکترو خەڵکی سڤیل ئەنجامیان دا، دەستی دەوڵەتە دڕندەکانی ناوچەکانیان ڕاکێشایە قوڵای کوردستانەوە ، ئەو پەرلەمانەی کە بە پیرۆزی دەزانن کردیانە شوێنی رەسەد گرتن جەنگی لەیەکتر.

ڕسوایەکانی پەرلەمانی کوردستان و لەرسوایی زیاترن و پەرلەمان تەنها تابلۆکەی پەرلەمانە، پەرلەمان شوێنێک نیە بۆ بڕیار دەرکرنی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەڵکو شوێنی گەندەڵی و ڕسواکردن و ئیسک و پروسک هاڕینی یەکتریە. میلیشیاکانیان نەیان هێشت لەدوری پەنجا کیلۆمەترەوە سەرۆکی پەرلەمان بچێتە ناو هەلێرەوە. ئەندام پەرلەمانیان بەڕۆژی نیوەڕۆ ئەتک کرد. هێزی چەکدار میلیشیا سەرچاوەی دەسەڵاتە نەک پەرلەمان، ڕابەرانی هەردوو حزبەکە ئەمە ئینکار ناکەن لە کێشمەکێشەکانیاندا ڕایەنگەیاندوە و ڕایدەگەیەنن. حکومەتی هەڵبژێراو بوونی نیە، سەرۆکی حزبەکان دەسەڵاتی یەکەمن وبکوژ وببڕ خۆیانن.

ىڕیار وایە دەنگی خەڵک بۆ دامەزراندنی پەرلەمان بێت بۆ چوار ساڵ جارێک، بەڵام نەک چوار ساڵ ئەمانە بە ئارزوی خۆیان پەنجە مۆری خەڵک بەکار دەهێنن بۆ درێژە دانی تەمەنی پەرلەمان و حوکم ڕانی کردن. شێوەی هەڵبژاردن و کاتی هەڵبژاردن و بەڕیوەبردنی هەڵبژاردن ...دەبی زامنی پاراستنی هاوهێزی بۆ ئەوان بکات دەنا هەڵبژاردن پوشێک نیە بەدەم باوە. ئەمە سەرەرای داسەپاندنی هەویە و دابەشکردنی نەتەوەیی و دینی بەشێکە لە رسوایەکانی ئەم هەڵبژاردنانە، نەک ئەوە بەڵکو بەکار هێنانی کورسیەکانی کۆتا کە بەمانای ئەم دابەش کردن و پێناسە کردنەیە یەکێتی و پارتی دەیانەوەی بۆ خۆیان برا بەش دابەشی بکەن.

لە سای ئەم دەسەڵاتە بە ناو پەرلەمانیەدا موچەی کرێکارو فەرمانبەر نادرێت، بیکاری و هەژاری بێداد دەکات، تیرۆر دەکرێت، بەند وبەست لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە بەدژی خەڵک جێ بەجێ دەکرێت، کوردستان کراوەتە شوێنی ساغکردنەوەی دەرمان و خوردنی ماوە بەسەر چوو و برەو دان بە دواکەوتوترین بزوتنەوەی کۆنەپەرستی و عەشایەری و تەکیە و شێخ و بازرگانانی دین، ژنان قەتڵ عام دەکرێن، دەستی ئسلامیەکان ئاوەڵە دەکرێت بۆ کۆنەپەرستی و دژایەتی ژنان.

بڕیار وایە لە حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژارنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت. ئەم هەڵبژاردنانە بە هیچ ستاندارییک هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵک نیە، ئەم هەڵبژاردنانە بەهیچ جۆرێک شوێنێک نیە بۆ یەکڵا کردنەوەی دەسەڵات و حوکم ڕانی، شوێنێک نیە هیچ هیوایەکی پێ ببەسترێت بۆ باش بوونی ژیانی خەڵک و چارەسەرکردنی پیویستی و خواستە سەرەتایەکانی خەڵکی کوردستان. ئەم هەڵبژاردنانە قەشمەرخانەن و لەگالتەجاری خراپترن، پێش ئەوەی ئێمە و خەڵک ئەم قسەیە بکەین، ئەوان خۆیان لە ناوەڕۆکەکەی کە هەڵبژاردنی بورژوازی ودیموکراسی بورژوازیە دایان تەکاندوە.

ئێمە خەڵکی کوردستان بانگەواز دەکەین ئەم گاڵتە جاڕیە ڕسوابکەن بەهیچ شێوەیەک نەبنە پردی پەڕینەوەی ئەوان بۆدرێژە دانی دەسەڵاتیان و بە بەشداری نەکردنتان پێیان ڕایبگەیەنن کە ئەوان حەقی دەسڵاتکردنیان لەکوردستان نیە. کاتێتی بە نەفیکردنەوەیەکی جەماوەری وەڵامیان بدرێتەوە.

نا بۆ گاڵتەجاری هەڵبژاردن لەکوردستان

بەڵی بۆ ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق

١٤\٣\٢٠٢٤