لە یادی ١٧ شوباتدا بڕوخی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد!!
١٧ شوبات کە خۆی بەشێکە لە مێژووی بەهاری عەرەبی و بۆ پشتیوانی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە هاتە مەیدان کە لە میسر و تونس سەریان هەڵدا، دواتر لەلایەن حزبە ناسیونالست_ ئیسلامیەکانەوە بەلاڕیدا براو وا پێشاندرا کە ئەم ڕاپەڕینەی خەڵک بۆ هەندێک چاک سازیە لە دەزگای دەسەڵاتداری و چەند چاکسازیەکی ئابوریە لە ساختاری دەوڵەتدا، کە بەتەواوەتی لەگەڵ تەوقعی خەڵک و ئاوات و ئارەزووکانیاندا پێچەوانە بوو.
ئەم دەسەڵاتە نەک هیچ چاکسازیەکی نەکرد بەڵکو بکوژەکانی منداڵان و نەوجەوانەکانی دەسگیر نەکرد و دەزگاکانی سەرکوتی قایمتر کرد و درێژەی بەملهوڕیەکانی خۆی داوە و نەک هیچ چاک سازیەکی ئابوری ئەنجام نەدا بەڵکو هەرچی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە هەیە بەتلان بردیان و ژمارەیە بەرپرسی گەندەڵ لەسەرووی هەمویانەوە هەردووبنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی گەورەترین تاڵانیان لە خەڵکی کوردستان ئەنجام داوە. ئەوە پێنج مانگە موچەی خەڵکیان دزیوە و ئێستاش بەناوی چاک سازیەوە دەیانەوەی ئەوەندەی تر خەڵک برسی و بێ دەرەتان بکەن.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ئەمڕۆژە دەکرێتەوە دەسەڵاتی ناسێونالیزم وشەریکە بەشە ئیسلامیەکانی بەتەواوەتی لە ژێر مەنگەنەی ناڕەزایەتی فراوانی کۆمەڵانی خەڵکدا توشی سەرگێژی و سەرلێشێواوی تەواو هاتون و لەو پەڕی قەیرانی سیاسیدا ڕۆژان بەسەر دەبەن، بە هەموو لایکدا هەولدەدەن سەرنجامی قەیرانی ئابوری و سیاسیان بکێشن بەکۆڵێ خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا و بە کمترین زەرەر لەم قەیرانە بێنە دەرەوە.
خەڵکی بەشەرف و ئازادیخوازی کوردستان!!
ئەم دەسەڵاتە نەئیمکانی چاکسازی هەیە لەبەرژەوەندی خەڵکدا و نەدەیەوێ ئەم چاک سازیە بکات، هەر پێشنیارو ڕتوشکردنێک لەم دەسەڵاتەدا درێژ کردنەوەی هەمان گەندەڵی و تاڵان و بڕۆی ئەم دەسەڵاتەیە وهەژاری وبیكاری و نەداری زیاتری ئێوە بەدوای خۆێدا دەهێنێ. تاکە ڕێگایەک لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا ماوەتەوە ١٧ شوبات ببرێتە سەر ڕێچکەی خۆێ و ئەم دەسەڵاتە عەشیرەتیە- ناسێونالستیە گەندەڵە بڕۆخێنرێت وهەرچی سەروەت و سامانیان دزیوە و بەتاڵان بردویانە دەستی بەسەردا بگیریت، لە ڕێگای خەباتی جەماوەری و ڕاپەڕێنی جەماوەریەوە، لە جیگاکەیدا دەسەڵاتداری جەماوەری فراوان دابمەزرێ، کە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بکاتە ئامانج.
سەرکەوتو بێت خەباتی جەماوەری کوردستان!!
بۆ پێشەوە بەرەو دامەزراندنی شوراکان و دەسەڵتدارێتی خەڵک!!
بەڵێ بۆ ئازادی ویەکسانی و خۆشگوزەرانی!!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق
١٧\٢\٢٠١٦