نا بۆ پێشێل کردنی ئازادی دە بڕین و بیر وباوەڕ!
سەرکۆنەی بێ حورمەتی بە کەسایەتی فەرهاد پیرباڵ دەکین!!
ئەمڕۆ ڤیدیویەک لە میدیاکاندا بڵاوبوەتەوە کە دوو کەسی چەکدار کەوتونەتە لێدان و سوکایەتی کردن بە بەڕێز فەرهاد پیرباڵ لە ناوەڕاستی شاردا لە ناو ئاپۆڕەی خەڵکدا، زۆر بێ شەرمانە و بێ ئابڕوانە پەلاماری دەدەن بەبێ ئەوەی کەسێ نقەی لێەوە بێ و بە جواب بێت لەم دەستدرێژە بۆ سەر کەسایەتی فەرهاد پیرباڵ.
فەرهاد پیر باڵ هەرچیەکی ووتبێت و هەر ئاخاوتنێکی دابێ ئازادە و ڕەئی خۆی دەربڕیوە، ئەوانە بە قسەکانی و دەربڕێنەکەی ئەو ناڕازین دەتوانن لەو توندتر قسە بکەن و وەڵامی بدەنەوە. بەڵام کەس بۆی نیە حورمەتی کەسێکی تر بشکێنێت، کەڵگایەتی بەسەر کۆمەڵگەدا بکات، چاوی سور بەکۆمەڵگە پێشان بدات. ئازادی دەربڕین واتە ئازادی ڕەخنە گرتن و هیچ شتی وهیچ دام دەزگایەک و هیچ دین و بیرو باوەڕیک وهیچ کەسایەتیک مەقەدەس نیە، خەڵک ئازادن ڕەخنە لە جێ دەگرن لە چی ناگرن، ئازادی دەربڕین یانی ئازادی ئینسان، کەس بۆی نیە ئازادی لەکەس بسێنێتەوە.
ئەم هەڵمەتە بەربەری و هەمەجیە بەرامبەر فەرهاد پیرباڵ تەنها لە دام دەزگاکانی دەسەڵاتی ناسیونالستەکان و چەقۆ کێشە ئیسلامیەکان دەوەشێتەوە. ئێمە پارتی دیموکراتی کوردستان و شەریکەکانی بەرپرسیار دەکەین لەم کردەوەیە و داوا دەکەین ئەوانەی ئەو کارەیان کردوە دەبێ بگیرێن و دادگایی بکرێن و حورمەت و کەرامەتی فەرهاد پیرباڵ قەرە بوو بکرێتەوە. ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە هەر جارەی لەلایەکەوە تاوانکاری دەکات، خەڵکی کوردستان تا ڕۆژێ زووتر ئەم دەسەڵاتە بپێچنەوە درەنگە.
ئێمە بانگەوازی خەڵکی ئازادیخواز و شەرافەتمەندی کوردستان دەکەین لەسەر ئەم مەسەلەیە بێ دەنگ نەبن، ئەمڕۆ فەرهاد پیرباڵ بوو سبەی تۆی. ئەمە لەدژی ئازادی و ئازادی دەربڕینە، ڕیگە مەدەن زمانی خەڵک ببڕین، دەنگە ناڕازیەکان خەفە بکەن.
ڕسوای بۆ دەسەلاتداری ناسیونالیزمی کورد !!
بژی ئازادی دەربڕین!
بژی سۆشیالیزم !
حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق
١٢ نیسان ٢٠١٧