تاوانه‌کانی داعش، بێ باکی ده‌و‌ڵه‌تانی جیهان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی!!

به‌رپرسیارێتی پارتی!

 

ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند ڕۆژ ده‌چێت به‌ پێێ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن زیاتر له‌ 60 هه‌زار که‌س له‌ شاخی شه‌نگاڵ گیریان خواردوه‌و تا ئێستا ده‌یان منداڵ وپیر وژن و پیاو له‌ بێ ئاوی و بێ خۆراکیدا گیانیان له‌دست داوه‌و و نه‌توانراوه‌ ڕزگار بکرێن ، کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌ته جیهانیه‌کان تا ئێستا نه‌هاتون به‌ هانای خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه‌‌.

هێزه‌کانی داعش و داروده‌سته‌ ئینسان کوژه‌ ئیسلامیه‌کان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا تا ئێستا سه‌دان که‌سیان کوشتوه‌ سه‌دان کچ و ژنیان لاقه‌کردوه‌ یان وه‌ک غه‌نیمه‌ بردویانه‌ له‌ بازه‌ڕه‌کاندا ده‌یانفرۆشن.‌  هێزه‌کانی داعش دوای ئه‌وه‌ی سه‌دان که‌سیان له‌ شیعه‌ و مه‌سیحیه‌کانی و موصلیان کوشت و ده‌یان ژنیان لێیان به‌ غه‌نیمه‌ برد له‌هه‌موو ئه‌و ناچانه‌ وه‌ده‌ریان نان، ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند ڕۆژیش ده‌چێت هێڕشێکی دڕندانه‌یان کردوه‌ته‌‌ سه‌ر ناوچه‌کانی شه‌نگال و ناوچه‌ یه‌زیدی نشینه‌کان و گه‌وره‌ترین تاوانیان له‌به‌رامبه‌ریاندا ئه‌نجام داوه‌و سه‌دان پیاویان به‌ ده‌ستبه‌سکراوی کوشت و ژن و کچه‌کانیشیان بۆ شوێنێکی نادر بردوه‌، ده‌یان هه‌زارکه‌س ئاوه‌ره‌ی چیاکانی شه‌نگال و ناوچه‌کانی زاخۆ و دهۆک بوون.

چۆڵکردنی شاره‌کانی ڕه‌بیعه‌و زومار وشه‌نگاڵ به‌شێوه‌یه‌ک له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌وه‌ ئه‌نجام درا که‌ تا ئێستا ڕۆشن نیه‌ کێ به‌رپرسیارێتی ئه‌م پاشه‌کشه‌یه‌ هه‌ڵده‌گرێت تا ئێستا تاوانباری ئه‌م کاره‌ساته‌ دیار نیه‌ که‌ هه‌زاران که‌سی توشی ڕۆژه ‌ڕه‌شی گه‌وره‌ کردوه‌. تا ئێستا پارتی ئه‌وه‌ی ڕۆشن نه‌کردوه‌ته‌وه‌ بۆچی ئه‌م ناوچانه‌ی چۆڵ کردوه‌ خه‌ڵکه‌که‌ی جێهێشت له‌به‌ر‌ده‌ست ئه‌م بانده‌ تیرۆرست وئینسان کوژانه‌ دا.

ئێمه‌ وه‌ک حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چه‌پی عێراق بانگه‌وازی سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌که‌ین به‌ هانای ئه‌م خه‌ڵکانه‌وه‌ بچن فشار بخنه‌ سه‌ر ده‌وله‌تانی جیهان بۆ به‌هاناوه‌ چونی ئه‌م ئاوارانه‌ که‌ وه‌ک گه‌ڵای داری پایز له‌ بێ ئاوی بێ خۆراکیدا هه‌ڵده‌وه‌رێن ئه‌وانه‌شیان که‌ ماون له‌ لێواری مه‌رگدان وهه‌روه‌ها ده‌بێ کارێک بکرێت ئه‌و ژن و کچانه‌ی که‌ وه‌ک غه‌نیمه‌ ڕفێنراون له‌ده‌ستی ئه‌م جرو جانه‌وه‌ره‌یان ده‌ربهێرێت، له‌ زووترین کاتدا ڕزگار بکرێن ڕێگه‌ نه‌درێت کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ وه‌ک هه‌ڵبجه‌  ڕوو بدات.

ئێمه‌ ئه‌م تاوانه‌ی گه‌وره‌یه‌ی داعش مه‌حکوم ڕسوا ده‌که‌ین به‌ هه‌موو توانامانه‌وه‌ له‌ دژیان ڕاده‌وه‌ستین، له‌ هه‌مان کاتدا حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان به‌تایبه‌ت پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رۆکی کوردستان به‌ به‌رپرسیاری یه‌که‌م ده‌زانین له‌وه‌ی که‌ له‌م ناوچه‌یه‌ ڕوویدا، به‌ جێ هێشتنی خه‌ڵکی سڤیلی ناوچه‌که‌و نه‌پاراستنیان خۆی ڕێگا خۆش کردن بوو بۆ ڕوودانی ئه‌م کاره‌ساته‌ مرۆییه‌ و سه‌رتاپای ئه‌و به‌رپرسانه‌ ده‌بێ دادگایی بکرێن، ڕێگه‌ نه‌درێت کاره‌سات و جینوسایدی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌و یه‌زیدیه‌کان بکرێته‌ ده‌سمایه‌ بۆ سیاسه‌ته‌ دیماگۆجیه‌کا‌نیان و نانی له‌پاڵدا بخۆن ئه‌م کاره‌ساته‌ش وه‌ک کاره‌ساته‌کانی تری کوردستان وه‌ک ده‌ستکه‌وت بۆ خۆیان ئه‌ژماری بکه‌ن.

 

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چه‌پی عێراق

9\8\2014