گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم کێشه‌کان خه‌ڵک چاره‌سه‌ر ناکات!!

 

چه‌ند مانگێکی که‌می ماوه‌ بۆ به‌رپا‌کردنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌ پاوه‌ن خواز و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان بتوانن ته‌حه‌مولی یه‌کتر بکه‌ن و هه‌ڵبژاردن به‌رپا بکه‌ن. هێزه‌ ناسێوناڵ _ ئیسلامیه‌کانی کوردستان له‌ پێناو وه‌رگرتنی شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ری هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک پرسه‌ گورگانه‌یه‌ک به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن و خه‌ڵک ڕاکێش ده‌که‌نه‌ پای سه‌ندوقه‌کانی ده‌نگ دان بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌ ده‌سه‌ڵتدارێتی ئه‌وان، هه‌موو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتدارکان و ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌ڵێن ئۆپۆزسیون ده‌یانه‌وێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی چینی بورژوازی و باڵا ده‌ستی ئه‌م چینه‌ی‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان جارێکی تر له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات دابنێنه‌وه‌و بۆ چه‌ند ساڵێکی تریش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان له‌ چنگی مشتێک له‌ مشه‌خۆرو تاڵانچیدا بهێڵنه‌وه‌، بڵێن ئێمه‌ نوینه‌ری هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵکین.

ئه‌م هێزانه‌ی که‌ ئێستا به‌ ڕووکه‌ش خۆیان به‌ موخالیفی یه‌کتر پێشان ده‌ده‌ن دابه‌ش بوون به‌ سه‌ر چه‌ند باڵێکی جیاجیا دا، هیچ له‌مانه‌ خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌ک نین له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکدا بێت، له‌ ڕووی ئابوریه‌وه‌ شوێن پێی بازاری ئازاد هه‌ڵده‌گرن و ده‌یانه‌وی ده‌ستی سه‌رمایه‌داران و سه‌رمایه‌ی کوردستان ڕه‌ ها تر بکه‌ن له‌ پێناو به‌تاڵان بردنی قازانج و پول پاره‌ی زیاترو گه‌نده‌لێ زیاتر، له‌هیچ شوێنێکدا له‌به‌رنامه‌یاندا نیه‌ خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌لک بێننه‌ ئاراوه‌ به‌ڵکو تاڵان و بڕۆی سه‌روه‌ت وسامانی کۆمه‌ڵگه‌ و بێبه‌ش کردنی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکی کوردستانیان ئامانجه، بێکاری و نه‌داری و هه‌ژار‌ به‌شی خه‌ڵکی کوردستانه‌.

له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ سیاسه‌تی کۆنه‌په‌رستانه‌ی پێناسه‌کردنی ئینسان له‌سه‌ر بنچینه‌ی دین و نه‌ته‌وه‌و عه‌شیره‌ت  پیاده‌ده‌که‌ن و چی له‌ ئاستی کوردستان و چی له‌ ئاستی عێراقدا و هاوڵاتی بوونی یه‌کسان و جیاکرنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت خوێندان و فێرکردن و یه‌کسان ژن و پیاو له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌مانه‌دا نیه‌، دینی ئیسلامیان کردوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ده‌ستورو یاساکان و ده‌یانه‌وێ کۆمه‌ڵگه‌ به‌یاساکانی 1400 پێش ئێستا ببه‌ن به‌ڕێوه‌.

له‌سه‌ر ئاستی کێشه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا سیاسه‌تی شه‌ڕ وناشه‌ر پیاده‌ ده‌که‌ن، ڕه‌ئی خه‌ڵکی کوردستان که‌ ئه‌وان ده‌یانی له‌ ڕێگای گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیانی پێ قایم بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه‌‌ ته‌نها فشارێکه‌ له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌تی به‌غدا دا و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ‌ ده‌نگێ خه‌لك له‌ قاموسی ئه‌م هێزانه‌دا بوونی نیه‌.

ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ نه‌ بوارێکی تێدایه‌ هێزه‌ ئازادیخوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ بتوانین نمایه‌نده‌یی خه‌ڵکی تێدا بکه‌ن نه‌ چوارچیوه‌یه‌که‌  ئیمکانی ئه‌وه‌ی هه‌بێ خه‌ڵک بتوانین له‌ نزمترین ئاستدا ده‌ستیان به‌ لانی که‌می خواسته‌کانیان بگات. خه‌ڵکی کوردستان دوو ساڵ پێش ئێستا ڕژانه‌ شه‌قامه‌کان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ڕێگای شه‌قامه‌کان و مه‌یدانه‌کانی ئازادیه‌وه‌ جۆش داو ده‌سه‌ڵاتی ناسێونالستی کوردیان هێنایه‌ له‌رزه‌و ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنی و حکومه‌تی هه‌ڵبژێراوی!!! ئه‌و کاته‌ی کوردستان ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌یان به‌ زه‌بری چه‌ک و هێز سه‌ر کوت گه‌ر سه‌رکوت کرد  بڵاوه‌یان به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ کرد. بۆیه‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێ وشیار بن ده‌نگی خویان نه‌که‌نه‌ سه‌رچاوه‌ی هێز به‌خشین به‌ کۆمه‌ڵێک حزب و که‌سایه‌تی تاڵان چی و سه‌رکوت گه‌ر له‌ کوردستاندا.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

26\6\2013