هۆشداری!!

هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و گاڵته‌جاڕی به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵک وخولقاندنی فه‌زای نائارام‌!!

 

له‌ 21 ئه‌یلولدا هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان ده‌ستی پێکردو ڕۆژێکی خایاند، له‌ماوه‌ی ڕیکلامکردن و که‌مپینه‌کانی هه‌ڵبژاردن دا چه‌ندان که‌س بوونه‌ قوربانی شه‌ڕه‌ گوله‌ و شه‌ڕه‌ چه‌قۆی هێزه‌ ناسێونالست وئیسلامیه‌کانی کوردستان و ژیانی خه‌ڵکیان توشی دڵه‌ڕاوکێ کرد هه‌رچی سونه‌ت و داب نه‌ریتی ناشرین وقێزه‌ونی پیاو سالاری عه‌شیره‌تیان  هەیە  له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا زیندوو یان کردوه‌. له‌پرۆسه‌ی ده‌نگدانیشدا چه‌ندان سه‌نته‌ری هه‌ڵبژاردنی هێڕشیان کرایه‌ سه‌ر و‌  ته‌زویر کردن و چه‌ندان شێوه‌یان گرته‌ به‌ر بۆ گۆڕینی سه‌رنجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌کۆتایشدا چه‌ند لاوی تر هێڕش کرایه‌ سه‌ریان و خه‌ڵتانی خوێن کران. به‌دوای کۆتای هاتنی ده‌نه‌گدانیشدا ئه‌وه‌ بۆ دوو ڕۆژ ده‌چێت خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تی شاری سلێمانیان خستوه‌ته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی جه‌نگ و فه‌زایه‌کی جه‌نگیان خولقاندوه‌ و شه‌وی ڕابردوو مه‌رکه‌زه‌کانی شاره‌کان باردۆخی جه‌نگیان به‌خۆیانه‌وه‌ بینی و تا ئێستا بارگرژیه‌که‌ هه‌ر ماوه‌و سه‌رنجامه‌که‌ی نازانرێ به‌ چی کۆتای دێت.

هه‌ر له‌سه‌رتای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستانه‌وه‌ ئێمه‌ ڕامانگه‌یاند ئه‌مه‌ گاڵته‌ جاڕیه‌و ڕێگایه‌ک نیه‌ بۆهێنانه‌ کایه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک و ئه‌مه‌ یاریکردنه‌ به‌ ئیراده‌و ئاره‌زوو ئاواته‌کانی خه‌ڵک. ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ سه‌رتاپای پرۆسه‌یه‌کی دژی جه‌ماوه‌ره‌، ئامانجه‌که‌ی ڕاکێشانی خه‌ڵکه‌ بۆ دانی شرعیه‌ت به‌و هێزانه‌ی که‌ زیاتر له‌ بیست ساڵه‌ ئه‌م وڵاته‌ تاڵان ده‌که‌ن و ئازادی سه‌رده‌بڕن و ڕۆژنامه‌ نووس تیرۆر ده‌که‌ن و ژنان قه‌تڵ و عام ده‌که‌ن. دانی شه‌رعیه‌ته‌ بهو‌ هێزانه‌ی‌ ڕۆژیك له‌ ڕۆژان نه‌یانتوانیوه‌ و نایانه‌وی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان له‌ ڕگه‌وه‌‌ چاره‌سه‌ر بکرێ.

خه‌ڵکی کوردستان دوو ساڵ پێش ئێستا ده‌ستیان برد بۆ ڕیاگه‌یه‌ک که‌ بۆ هێنانه‌ مه‌یدانی ئیراده‌ی خۆیان له‌ڕێگای به‌کار هێنای شه‌قامه‌کان و له‌ ڕێگای خۆپێشاندانه‌کانه‌وه‌ ویستیان ئیراده‌ی خۆیان پراتیک بکه‌ن، به‌ڵام له‌ڕێگای ئه‌و هێزانه‌ی به‌ ناو ئۆپزسیونه‌وه‌ هاتنه‌ ناو ئه‌م خۆپێشاندانه‌وه‌ جارێکی تر خه‌ڵکیان به‌لاڕیدا بردو ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌یان جڵه‌و کردو‌ کردیانه‌ دیاری ده‌س‌تیان بۆ سه‌ندنی ئیمتیازاتی زیاتر له‌ده‌سه‌ڵتدا، ئێستا خه‌ڵک باجی ئه‌م خۆشباوه‌ڕیانه‌ ده‌ده‌ن به‌ هێزه‌کانی ناسراو به‌ئۆپۆزسیون.

ڕووداوه‌کانی یه‌ک مانگی ڕابردوو ئه‌وه‌ پێشان ده‌ده‌ن که‌ سه‌تاپای ئه‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ دژی خه‌ڵک و له‌به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌ باڵا ده‌ست و هێزه‌ سیاسیه‌ ناسێونالست ئیسلامه‌یه‌کانه‌ که‌ ده‌ستیان به‌ خۆێنی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ سوره‌ و سه‌روه‌ت وسامانی خه‌ڵک به‌ تاڵان ده‌به‌ن و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵکی کوردستان له‌ نه‌بوونی و بێکاری و هژاریدا ڕاده‌گرن.

ئێمه‌ جارێکی تر ڕاده‌گه‌یه‌نین هه‌ڵبژارنی له‌و‌ چه‌شنه‌ ناتوانێت وه‌ڵام بێت به‌ ئاره‌زوو ئاواته‌کانی خه‌ڵک و ناتوانێت ڕێگایه‌ک بێت بۆ وه‌لا نانی هێزه‌ دژی خه‌ڵکی و گه‌نده‌ڵ و بورژوازیه‌کان و ڕێگایه‌ک بێت بۆ پراکتیک کردنی ئازادی و ده‌سه‌ڵتدارێتی خه‌ڵک.

هه‌روه‌ها ڕاده‌گه‌یه‌نین له‌م ڕۆژگاره‌دا دیموکراسی ودکتاتۆریه‌ت زۆر جیاوازیه‌کی زۆریان نیه‌، دیموکراسی له‌ عێراق وکوردستاندا توانیویه‌تی په‌رله‌مان وحکومه‌تی تایه‌فه‌و مه‌زهه‌ب و قه‌وم قه‌بیله‌ و میلیشیاکان بێنێته‌ سه‌رکار که‌ دکتاتۆریه‌تیش هه‌ر هه‌مان کاری ئه‌نجام داوه‌، هه‌ردوکاین خزماتی یه‌ک ئامانج ده‌که‌ن. شۆڕشی میسریش ئه‌و ڕاستیه‌ی سه‌ڵماندوو جه‌ماوه‌ری ئه‌و وڵایه‌ بۆیه‌ ئیخوان موسلمین و حکومه‌تی هه‌ڵبژێراوه‌که‌یان له‌ ڕێگای شۆڕش وشه‌قام و گۆڕه‌پانه‌کانی ئازادیه‌وه‌  پێچایه‌وه‌.

خه‌ڵکی ئازادی خوازانی کوردستان و ئازادیخوازان !!

ئێمه‌ بانگه‌وازتان ده‌که‌ین له‌م کێش مه‌کێش و ڕووبه‌ رووبونه‌وانه‌دا مه‌بنه‌ سوته‌مه‌نی هیچ لایه‌ک به‌ هێزی سه‌ربه‌خۆی خۆتانه‌وه‌ جیاواز له‌ حزبه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیون ڕیزی خۆتان ڕێک بخه‌ن له‌ هه‌ر پێکدادن و ڕوو به‌ڕوو بونه‌وه‌یه‌کدا به‌شدار مه‌که‌ن ڕۆڵه‌کانتان مه‌که‌نه‌ قوربانی به‌هێز کردنی هێزه‌ بوژوازی و تاڵانجیه‌کانی کوردستان، نه حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و نه‌ ئۆپۆزسیون نمایه‌نده‌ی ئێوه‌ ناکه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌مانه‌ ده‌کاته‌ بێکاری و بێبه‌شی و هه‌ژاری سه‌ره‌ڕای هه‌ر به‌ڵێن لایه‌حه‌یه‌کی که‌ بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌یان کردوه‌. ته‌نها ڕیگایه‌ک که‌ بتوانێ ئیراده‌ی خه‌ڵک ته‌ئمین بکات‌ هاتنه‌ سه‌رشه‌قام و پێچانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هێزانه‌ و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵادارێتی شوراکانی خه‌ڵکی کوردستانه‌، که‌ ده‌توانی خه‌ڵکی کوردستان له‌م وه‌زعیه‌ته‌ ده‌رکێشێته‌ ده‌ره‌وه‌، سه‌رنجامی ڕه‌نجی خۆتان بخانه‌ ئیختیاری خۆتانه‌وه‌.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

24 ئه‌یلول 2013