قەیرانەکانی کوردستانی عێراق بە ڕوخانی دەسەڵات چارەسەر دەبێ!!

 

کوردستان ئەوە بۆ سێ  ساڵ دەچێت بە قەیرانێکی قوڵ و هەمەلایەنەدا تێدەپەڕی و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بارودۆخی کوردستان بەرەو خراپی دەڕوات. دروست کردنی حکومەتی بنکە فراوان کە هەرپێنج حزبەکە دروستیان کرد بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک و خەفە کردنی ١٧ شوبات و ڕێگرتن لە دووبارە نەبوونەوەی، نەک نەیتوانی چەند ساڵێکی ئارام و بەدەست بێنێ بۆ بورژوازی کرد، بەڵکو ناسیونالیزمی کورد و حزبە ئیسلامیەکانی نوقمی ئەوپەڕی قەیرانی سیاسی و ئابوری کردەوە. ناسیونالیزمی کورد پەرلەمانە کارتۆنیەکەی خۆیان داخست و حکومەتەکەیان فەلەج کردو هەریەکە لە ناوچەی نفوزی خۆی خەریکی دەسەڵاتدارێتیە، ئێسک و پروسکی یەکتر دەهاڕن و ئابڕووی یەکتری دەبن.

ئەم قەیرانەی ناسێونالیزمی کورد لەبەرامبەر زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستاندا هاتوەتە ئاراوەو ئەمانە ئیتر ناتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵکدا داسەپێنن و خەڵکی چیتر ئامادەنیە بەناوی کورد و کوردایتەیەوە تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و هەژار کردن و مەحرم کردنیان قبوڵ بکەن، زانکۆ و قوتابخانە و گەرەک و شەقام بووەتە سەکۆی تێکۆشانی خەڵک بە دژی زوڵم و زۆری فیرعەونەکانی کوردستان.

ماموستایان و فەرمانبەران و کرێکارانی کوردستان بە چەند مانگ جارێک موچە وەردەگرن و ئەوەش کراوە بە نیوە موچە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاڵاکان گرانتر دەکرێن و باجی زیاتریان لەسەر دادەنرێ و خوێندن و تەندروستی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەکرێن بە تایبەت وخوێندن و تەندروستی خۆڕای کە دەسکەوتی خەڵک بوون لێیان دەسەنرێتەوە و سیستەمی بازاڕی ئازاد دادەسەپێنرێ بەسەر کۆمەلگەی کوردستاندا بە بێ بوونی هیچ بیمەیەکی بێکاری یان کۆمەڵاەیەتی، هەژاری و بێکاری ونەداری و کۆجکردن بووە بە سیمای کوردستان. لەولاشەوە بیرە نەوەتەکان بوون بە مولك و مالێ بەرپرسەکان و ڤیلاو خانوو کۆمپانیاکانیان لە زیاد بوونێکی خەیاڵیدایە.

ئەمە زۆربەی خەڵکی کوردستانی ناچار بە خەباتێکی دەستەو یەخەکردوە و ئەوە چەند مانگە خەباتێکی دەستەو یەخە لە نێوان خەڵک ودەسەڵاتدارانی کوردستان لە ئارادیە ئەم خەباتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەسێنی. خەڵکی کوردستان بە خواستی دانی موجە هەرئێستا و هەڵوەشانەوەی پاشەکەوتی  موچە و دانی موچەی ئەو چەند مانگەی ڕابڕدوەوە کە نەدراوە، هاتونەتە مەیدان، کە ئەم داواکاریانە داواکاری حەق و ڕەوای خەڵکی کوردستانن هێج پاساوێک هەڵناگرن. بەڵام دەسەڵاتداران لە کوردستان بە پارتی ویەکێتی و گٶران و یەکگرتوو و کۆمەڵەوە و چەند حزبێکی تری پاشکۆیانەوە، وەڵامی ئەم داواکاریەی خەڵکیان نەداوەتەوە نایانەوی وەڵامی بدەنەوە و دەسی دەسی بەخەڵک دەکەن و خەریکی تاڵان و بڕۆی خۆیانن، بۆیە ئیتر خەڵک بەو ڕاستیە گەیشتوون ئەم قەیرانە داوکاری مەچەی تێپەڕاندوە و دەبێ بە ڕوخانی دەسەڵات چارەسەر بکرێ.

 لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەم خەباتە پێ ناوەتە نێو خەباتێکی سیاسیەوە بویە بەتەواوەتی ڕۆخانی دەسەڵاتی ئەم حزب و دارو دەستانە و شیعاری " بڕوخی دز" " بڕوخی شەریکی دز" بوەتە شیعاری سەرەکی، ئەم شیعارە واتە شیعاری بڕوخی دەسەڵات کە دیارە  "بڕوخی" تەنها بەدەسەڵات دەوترێت، بۆیە ناسێونالزمی کوردی و حزبە دەسەڵاتدارەکان ئەوەندەی تر توشی شۆک وهستریا کردوە هات و هاوارەکانی مەسعود بەرزانی کە دەڵی" هەڵدەپەڕن، خەبەردەکەن، چی دەکەن بیکەن" ئەوە پێشان دەدات ئەم دەسەڵاتە تەواو تەنگەتاو بووە و کەوتوەتە لەرزە.

هەوڵەکانی بزووتنەوەی گۆران بۆ بەستنەوەی پارێزگاکان بە بەغداوە، سەرەڕای ئەوەی کۆنەپەرست و دژی خەڵکیە بۆ ڕازی کردنی جمهوری ئیسلامی ئیران و حکومەتە ئیسلامیەکەی بەغدایە و لە هەمان کاتدا دەیەوی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بە لاڕیدا بەرێت دوری بخاتەوە لە ئامانجی ڕوخانی دەسەڵاتی بورژوازی کورد وبە خەیاڵی خۆیان بیخەنە قاڵبی کێشەی نێوان خۆیان و پارتیەوە. بە ناوی هەوڵێک بۆ چارەسەری موچەوە ئەم کارە دەکات لە کاتێکدا بەغدا خۆی خەریکی بڕینی موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانە. حکومەتێکی تایفی و قەومی ئیسلامی کۆنەپەرستە و خەڵکی عێراق بە هەموو شێوەیەک تێدەکۆشن بیڕوخێنن و شیعاری" نە شیعە ، نە سنە ، حکومەتی سیکیولاری مەدەنی" سەرلەوحەی داواکریەکانیانە. بۆیە بەستانەوەی خەڵکی کوردستان و ڕاکێشانی بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامی سیاسی شیعە نەک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دا نیە بەڵكو بردنە دواوەی داواکاری و ئامانجەکانی خەڵكی کوردستانە بۆ  دامەزارندنی حکومەتێکی سکیولاری غەیرە قەومی و غەیرە دینی و خۆشگوزەران.

لە وەلامی مەسعود بەرزانی و گۆڕاندا ڕۆژی شەممە و ڕۆژانی دواتر خەلكی کوردستان بە تایبەتی خەڵکی سلێمانی جارێکی تر بە شیعاری " بڕوخی دز ، شەریکی دز" و " یەکێتی نیشتمانی کوا داهاتی سلێمانی" گەورەترین خۆپێشاندنیان ئەنجام داو نەیانهێشت قسەکەرانی پێنج حزبەکەو و ئەندام پەرلەمانەکان خۆیان بکەن بەدەم ڕاستی خەڵک، ڕق و بێزاری خەڵک و بێ بڕوا بون بە هێزە گەندەڵانە زیاتر بەرجەستەتر خۆێ پێشان دا.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق ڕایدەگەیەنت" حکومەتی دز" هەمان حکومەتە بنکە فراوانە پێنج قۆڵیەکەی حزبە ناسێونالست و ئیسلامیەکانە و " بڕوخی دز" یەک شیعاری سیاسی ونایەکی گەورەیە بە بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا بە هەموو ڕەنگ و دەستەجاتەکانیانەوە. حزب بە هەموو شیوەیەک تێدەکۆشی بۆ ڕوخان و پێجانەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دزە لە ڕێگای "توند وتیژی" شۆڕشگێڕانەی جەماوەرەوە و لە ڕیزی پێشەوەی ئەم ناڕازەیەتیاندا خۆی دەبیةیتەوە، بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری خەڵک و بەکارهێنانی ئیرادەی ملێونی خەڵک لە چارەنوسی سیاسی و ئابوری خۆیاندا. هەروەها بانگەوازی سەرجەم جەماوەری بەش مەینەت دەکات لەسەراسەری کوردستاندا بێنە مەیدان ئەم خەباتە فراوان بکەنەوە، لە هەموو گەڕەک و کارگەو کارخانە و زانکۆ و قوتابخانەکاندا ئورگانەکانی خۆبەڕیوەبردن و دەسەڵادارێتی خۆ جێیی دروست بکەن لە شێوەی شورا و ئورگانە جەماوەریە فاراوانەکەندا و نوێنەرایەتی ئورگانەکانی بەڕێوە بردن پێک بهێنن. لە هامان کاتد حزب تێدەکۆشی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بگەینێتە جیهانی موتەمەدین و ئەو بێدەنگیەی ڕاگەیاندنی درۆزنی بۆرژوازی بشکێنی کە دەیەوی دەنگی ئەم ناڕەزایەتیانە خەفە بکات و مەحرومی بکات لە پشتیوانەی جیهانی.

هەروەها حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق بانگەوازی کۆمۆنستەکان و چەپ و ئازادیخوازان دەکات لە یەک بەرەی فراواندا دەورێ ڕابەرایەتی و ڕیپێشاندەری ببینن لە خەباتەدا و بۆشای نەبوونی هێزی ڕابەری لەم خەباتەدا بە زووترین کات پڕ بکەنەوەو رابەرایەتیەکی کارا بهێننە ئاراوە بۆ بەسەرکەوتنی ئەم خەباتە.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عیراق

٢٠ تشرینی دووەم ٢٠١٦