به‌توندی مه‌حکومی بوردومانی هاوڵاتیانی کوردستان ده‌که‌ین له‌لایه‌ن تورکیاوه‌!

 

ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ له‌ سه‌ر ڕێگای کورته‌ک له‌ ناوچه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر فرۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی تورکیا بوردومانی ناوچه‌ی پشده‌ریان کروه‌ سه‌رنجام ماشینێکی هاوڵاتیه‌ک به‌ر بوردومانه‌که‌ که‌وتووه‌ سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌کانی کوژراون که‌ ژماره‌یان 7 که‌س بووه‌ و دوکه‌س له‌کوژراوه‌کان منداڵ بوون، تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ پێشانه‌دراوه‌.

ئه‌مه‌له‌کاتێکدایه‌ جمهوری ئیسلامی ئێران ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌کی دوورو درێژه‌ له‌ ژێر ناوی جه‌نگ له‌ دژی پژاک ( حزبی ژیانه‌وه‌ی کوردستان ) ناڕه‌واترین جه‌نگی ئه‌نجام داوه‌ و ناوچه‌سنووریه‌کانی کوردستانی کردوه‌ته‌ به‌ره‌ی جه‌نگ و ئاوه‌ره‌کردن و کاول کردنی ماڵ و حاڵی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌و  ئاوه‌ره‌بوونی خه‌لکه‌که‌ و زه‌ره‌رو زیانی زۆر له‌سه‌روه‌ت و سامانیان که‌وتوه‌ و ناچاربوون به‌ جێ هێشتنی شوێنی نیشته‌جێ بوونیان.

ئه‌م باردۆخه‌ی که‌ کوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕی سه‌رنجامی سینارویه‌که‌ که‌ ئه‌وه‌ بۆ دوو ده‌یه‌ ده‌چیت سیاسه‌ته‌ کۆنه‌په‌رست و دژی ئینسانیه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌دا خولقاندویانه‌ و ناسێونالیزمی کورد و حزبه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی به‌تایبه‌ت یه‌کێتی و پارتی که‌ به‌شێک بون له‌م ستراتیژه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌که‌، ئێستاش که‌ ئه‌مریکا خه‌ریکه‌ بار و بارخانه‌ی له‌ عێراق ده‌پێچێته‌وه‌‌ هه‌رده‌وڵه‌ته‌ هه‌ڵده‌ستی به‌ ده‌ست تێوه‌ردانی کوردستان له‌ قۆڵێکه‌وه‌ ده‌یه‌وی سه‌همی خۆی بچڕی. حکومه‌تی عێراق له‌ قۆڵی جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌وه‌ و ئێران و تورکیا له‌ سنووره‌کانی خۆیانه‌وه‌ ، خه‌ڵکی کوردستان تووشی دڵه‌ ڕاوکێ و بێ ئاسۆ بوون و چاره‌نووسی سیاسیان به‌ته‌واوه‌تی لێڵ بووه‌.

ناسێونالیزمی کورد که‌ بۆ دوو ده‌یه‌ چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستانی بۆ گرنگ نه‌بووه‌ ئێستاش ناتوانێت پارێزه‌ری ئه‌م خه‌ڵکه بێت،‌ له‌به‌رابه‌ر ده‌ست درێژی و کوشت وکوشتاری خه‌ڵکی کوردستاندا بێده‌نگ و ملکه‌چ و بێده‌ربه‌سته‌و خه‌ڵکی کوردستانی داوه‌ته‌ ده‌ست گه‌رده‌لولی ئاڵ وگۆڕه‌کانی ناوچه‌که‌وه‌ و به‌ نرخی ڕۆژ سیاسه‌ت ده‌کات.

ئێمه‌  وێڕای مه‌حکوم کردنی توندی بوردومان کردنی ناوچه‌کان له‌لایه‌ن ئێران و تورکیاوه‌ و به‌توندی مه‌حکومی ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌که‌ین سه‌باره‌ت به‌ کوشتنی ئه‌و حه‌وت هاوڵاتیه‌ سره‌خۆشی له‌که‌س وکار وخه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ده‌که‌ین و داوا له‌حکومه‌تی هه‌رێم ده‌که‌ین قه‌ره‌بووی زیانه‌ ما‌دی ومه‌عنه‌ویه‌کانی خه‌ڵکه‌که‌ بکاته‌وه‌.

هه‌روها‌ بێ هه‌ڵوێستی حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی عێراق ڕسوا ده‌که‌ی‌ن سه‌باره‌ت به‌ بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ئه‌م بووردومانه‌ به‌رده‌وامه‌ ونه‌پساوه‌یه‌، داواده‌که‌ین سه‌جه‌م سه‌فاره‌ت و نووسنگه‌کان  و باره‌گاکانی جمهوری ئیسلامی ئێران و تورکیا له‌ عێراق و کوردستان دابخرێن تا ده‌ست له‌ ده‌ست درێژی و بووردومانی کوردستان هه‌ڵده‌گرن.

خه‌ڵکی ئازدایخواز و ناڕازی کوردستان!

نه‌ حکومه‌تی کوردستان و نه‌حکومه‌تی عێراق هێچیان نوینه‌ری ئێوه‌ نین و پارێزه‌ری ئێوه‌ نین ئه‌مانه‌ مشتێکن له‌ مشه‌خۆر وگه‌نده‌ڵ، بۆیه‌ ته‌نها ڕێگایه‌ک بۆ دیفاع له‌ خۆ هێنانه‌ مه‌یدانی هێزی جه‌ماوه‌ری ملیونی و جه‌ماوه‌ری خۆتانه‌ چی له‌ ناوه‌وی کوردستان چی له‌ ده‌روه‌ یدا و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق خۆی به‌بشێک له‌ ئێوه‌ ده‌زانی له‌ ڕیزی ئێوه‌دا بۆ دیفاع له‌ ژیان و گوزه‌ران و ئازیدیه‌کانی ئێوه‌ له‌ مه‌یداندایه تێده‌کۆشێ‌.

 

ڕسوایی بۆ حکومه‌ته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی تورکیاو ئێران !

بژی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان له‌ پێناو ژیانێکی ئازاد ویه‌کسان و خۆشگوزه‌راندا

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

21 ئه‌یلول 2011