سیناروێی درێژکردنه‌وی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود به‌رزانی و هێڕشکردنه‌ سه‌ر که‌مالی سه‌ید قادر!!!!

 

ئێمه‌ هه‌ر له‌یه‌که‌م ڕۆژه‌وه‌ وتومانه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ کوردستان گاڵته‌جاڕیه‌و یاریکردنه‌ به‌ نیازی خه‌ڵک بۆ هێنانه‌ سه‌رکاری ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ئامانجه‌کانیان بهێنێته‌ دی، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن نه‌ بۆ ئه‌م کاره‌یه‌ و نه‌ ئه‌م بواره‌شی تێدایه‌ خه‌ڵک بتوانین پراکتیکی ئه‌م فرسه‌ته‌ بکه‌ن. مێژووی دوو ده‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵتدارێتی ناسێونالیزمی کورد له‌ کوردستانی عێراق ئه‌وه‌ی به‌ پراتیک پێشان داوه‌ ئه‌م هێزه‌ نه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵکه‌ نه‌ باکی به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه‌. ئه‌مانه‌ هێزی خێڵه‌کین و پابه‌ند نین به‌هێچ ستاندارێکی ئازادیخوازی ومه‌ده‌نیه‌وه‌ و ئاماده‌نین لانی که‌می ئاره‌زوو ئاواته‌کانی خه‌ڵک به‌دی بهێنن.

کوشتنی ژنان له‌ کوردستندا و سه‌رکوتی ئازادیه‌کان وئازادی سیاسی و ئازادی ڕێکخراوبوون و ئازادیخۆپێشاندان و ئازادی ده‌ربڕین، ئازادی ڕۆژنامه‌ نوسی هه‌موویان له‌ ژێر مه‌نگه‌ندان، هه‌ڵمه‌ت بردنه‌ سه‌ر خه‌ڵک و ته‌قه‌کردن و کوشتنی خۆپێشانده‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان و سه‌ر‌نگومکردن وڕفاندان تایتڵێ هه‌واڵه‌کانی ڕۆژانه‌ی ته‌له‌فزیون و ڕۆژنامه‌کانن. تاڵان و بڕۆی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگه‌، وته‌شه‌نه‌کردنی بێکاری وهه‌ژاری و بڵاوبه‌نه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌رکان و بانده‌کانی له‌شفرۆشی، قوڵ بونه‌وه‌ی قڵشتی نێوان چینه‌کان به‌شێوه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌ده‌رکه‌وتوه له‌ کوردستاندا‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و حزبه‌کانیان به‌ناوی هه‌لبژاردنه‌وه‌ هه‌ر وه‌ختێ بیانه‌وێ و له‌به‌رژه‌وندیاندا بێت بۆ شه‌رعێه‌ت دان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردن به‌رپاده‌که‌ن و یاری به‌چاره‌نوسی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌که‌ن، هه‌رکاتێکیش له‌به‌رژه‌وه‌ندیاندا نه‌بێت ئاره‌زومه‌ندانه‌ بێگوێدانه‌ هیچ پرانسپێك و ئیستانداردێکی هه‌لبژاردن شه‌ق له‌ سه‌ندوق و هه‌ڵبژاردن هه‌ڵده‌ده‌ن به‌روه‌ هه‌ڵدێری فڕه‌ ده‌ده‌ن. تازه‌کردنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود به‌رزانی بۆ دوو ساڵی تر به‌بێ ئه‌وه‌ی هێچ پشتیوانه‌کی یاسا پوچڵه‌کانی خۆشیانی هه‌بێت، لاسایی کردنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و مباره‌ک وبن عه‌لیه‌ و هێچ جیاواز نیه‌، له‌وباوه‌ڕه‌شدا نیین چاره‌نوسه‌که‌ی له‌ چاره‌نوسی ئه‌وان باشتر بێت.

دوێنی که‌سێک به‌ناوی که‌مال سه‌ید قادره‌وه‌ ویستبووی له‌یه‌کێک له‌پارکه‌کانی هه‌ولێردا میتینگێک سازبکات بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌دژی ئه‌م گاڵته‌جاڕییه‌ی پارتی ویه‌کێتی، بانده‌کانی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان زۆر دڕندانه‌ و نا ئینسانیانه‌ به‌ر هێلکه‌و ته‌ماته‌یان داوه‌ و برینداریان کردوه‌ ڕێگه‌یان گرتوه‌ له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن بۆ ڕوماڵکردنی ئه‌م ڕوداوه‌، ئه‌مه‌ مشتێکه‌ له‌ خروارێک، گه‌نده‌ڵی و له‌رزۆکی ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاته پێشانده‌دات‌، گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان، ڕسوایی ئیدعاکانیان سه‌باره‌ت به‌ ئازادی له‌ کوردستان پێشانده‌دات.

خه‌ڵکی میسر پێشانیان دا "هه‌ڵبژاردن" ناتوانێت زامنی ئازادیان بۆ بکات هه‌ر بۆیه‌ له‌ شۆڕشێکی بێ وێنه‌ی مێژووی و جیهانیدا حکومه‌تی ئسلامی ئیخوان موسلمینیان ڕوخاند و ده‌سه‌ڵاتی گۆڕه‌پانی ته‌حریر ئه‌مڕۆ شوێنی په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی گرتوه‌ته‌وه‌، خه‌ڵکی کوردستان هه‌قیانه‌ وه‌ک خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌ڕێگایه‌کی شۆڕشگێرانه‌ ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیزمی کورد بپێچنه‌وه‌ هه‌ر چۆن جه‌ماوه‌ری میسر به‌ پێکانیان ده‌نگیان بۆ ڕوخانی مه‌حه‌مه‌د مورسیدا ئه‌مانیش پێ بده‌ن به‌ زه‌ویدا بڵێن ئێوه‌مان ناوێ.

 

ڕسوایی بۆ ده‌سه‌ڵتدارێتی ناسێنالیزمی کوردو حزبه‌کانی

بژی ئازادی یه‌کسانی ، حکومه‌تی کرێکاری

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

20 ته‌موز 2013