بژی ٨ ی مارس ڕۆژی جیھانی ژنان بژی شۆڕش لە پێناو ئازادی و یەكسانی !
ژنان كە لە ژێر سایەی ئەم نیزامە گەندەڵەی سەرمایەداریدا ژیان بە سەر دەبەن بەشخوراو ترین بەشی كۆمەڵگان . جگە لەوەی ھاوشانی زۆربەی پیاوان چەوساوە و ستەملێكراون لە ھەمان كاتدا لە سەرجەم بوارەكانی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرھەنگیدا لەگەڵ پیاوان نابەرابەرن .توند و تیژی لە دژی ژنان لە سەرتاسەری گۆی زەویدا لە زیاد بووندایە. لە وڵاتانی ئەوروپایی ئەمەریكایدا ڕێژەی كوشتنی ژنان لە سەر مەسەلەی ناموس لەناو خێزانە ئیسلامیەكاندا زیاتری كردووە ھۆكاری ئەمەش بوونی یاسای رێز لە كەلچەرە جیاجیاكانە. لەئێرانی ژێر سایەی جمھوری ئیسلامیدا ژنان بەزیندووی بەرد باران دەكرێن و دەكوژڕێن،
لە عێراق و كوردستاندا جگە لەوەی لە رووی یاسایەوە ژنان بێ ماف كراون . وەزیری كاروباری ژنان لە حكومەتەكەی مالیكیدا بێحومەرتی بە ژنان دەكا دەڵێ نابێ ژنان مافی یەكسانیان ھەبێ لەگەڵ پیاوان . یاسای شەریعەی ئیسلامی كراوەتە مۆتەكەیەك بە سە ر ژنانەوە ، ژنانی نەك بە پلە دوو داناوە لە چاو پیاوان بەڵكو ڕۆژانە ژنان دەبنە قوربانی ئەم یاسا كۆنەپەرستانەیە .كەم رۆژ ھەیە ھەواڵی كوشتنی ژنان بە دەست مێردوباوك و برایانەوە نەبیسترێ، تەنھا لە ھەفتەی یەكەمی شوباتدا ٣ ژن لە ناوچەی ڕانیەی كوردستانی عێراقدا كوژراون .
ئەمانە نیشانەی بوونی دەسەڵات و یاساو كەڵچەرێكە كە بە تەواوی دژی ژنە لە ژێر دەسەڵاتە پەرلەمانی و بە ناو عەلمانیەكاندا بێ یا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئیسلامی و قەومی ودینی تایفیەكاندا بێ ،ئەم دەسەلاتانە نەك ڕێگا چارەیان نیە بەڵكو خۆیان سەرچاوەی ھەموو ئەم مەینەتی و كوێرەوەریانەیە كە بە سە ژناندا دێت .
٨ی مارسی ئەمساڵ لە كاتێكدایە نیزامی سەرمایەداری كە سەرچاوەی مەینەتی ژنانە كەوتووەتە بەر نەفرەت ونارەزایەتی بەرینی كۆمەڵانی خەڵكی جیھانەوە، .لە ماوەی نزیك بە یەك سەدەدا واتە لەو كاتەوەی شۆڕشی ئۆكتۆبەری روسیا بەرپا بووە تا ئێستا نارەزایەتی و ڕاپەڕین و شۆڕش بەم جۆرەی ئەمڕۆ سەری ھەڵنەداوەتەوە. بزووتنەوەی %٩٩ لە پێناو دەست كۆتا كردنی دەسەڵاتی سەرمایەداری جیھانی و كۆتایی ھێنان بەم نیزامە چینایەتیە لە ناو جەرگەی ھەرە زلھێزترین نیزامی سەرمایەداری جیھانی واتە لە ئەمەریكا وە دەستی پێكردوە وە ووڵاتانی بورژوایی ئەورپایی و ئەوانی تری گرتوەتەوە ، شۆڕش و راپەرین و كۆنترۆڵكردنی شەقامی شارەكان وبانكەكان و كەناڵی تەلەفزیۆنەكانی بۆرژوازی لە یۆنان و پورتوغال و ئیتالیا و روسیا و یابان و ئەمەریكاو كەنەدا...ھتد درێژەی ھەیە . شۆڕش لە تونس و میسرو لیبیا كۆتایی بە دیكتاتۆری ھێنا ، شۆڕش لەم ووڵاتانە و لە سوریا و ئێران و یەمەن و عێراق و كوردستان درێژەی ھەیە .ئاگری ئەم بزووتنەوە و شۆڕشانە كە لەناو ژنان و پیاوانی كرێكار و زەحمتكێش و خەڵكی بەشخوراوە وە كڵپەی كردووە لە پیناو گەڕانەوەی ئیرادەی ئینسان و لە پێناو ئازادی و یەكسانی و ژیانێكی شیاو بە ئینسانە .دەورو نەخشی ژنان لەم نێوەدا زۆر بە رۆشنی دیارە ، لە ووڵاتانی گەورەی سەرمایەداری لە بەشی پێشەوەی كۆبونەوە وخۆپێشاندانەكاندا ریزێکی بەرین لە ژنان دەبێنرێ . لە میسر ژنان شەقامی شار كۆنترۆل دەكەن.
تەنھا ڕێگایەك بۆ رزگار كردنی ژنان و تەنھا ڕیگا بۆ بۆ یەكسان بوونیان لە گەڵ پیاوان ،رووخان و ھەڵوەشاندنەوەی ئەم دەسەڵاتانەیە و بنیات نانی دەسەڵاتی عەلمانیەكە ئەمەش لە دەسەڵاتێكی سۆشیالیستیدا فەراھەم دەكرێ . درێژەدان بە شۆڕش وراپەرینی كرێكاران و زەحمەتكێشان بە ھاوبەشی ژنان نیوەی كۆمەڵگا زەمانەتی بە دی ھاتنی ئەم ئامانجە دەكا. ھەروھا ژنان بە خەبات و نارەزایەتی و بە رێكخرابوونیان دەكرێ ببنە ھێزو بەرەی شۆڕش و راپەرینەكان بە ھێز بكەن یا دەتوانن بە دی ھاتنی مافە دەست بەجێكانیان مسۆگەر بكەن.
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری چەپی عێراق وێڕای پیرۆبایی ٨ ی مارس لە سەرجەم ژنانی جیھان و بە تایبەت ژنانی عێراق و كوردستان بانگەوازی ژنان و مودافعانی بەرگری لە مافەكانی ژنان دەكاچالاكانە تر بێنە مەیدان بۆ دەستەبەر كردنی سەرجەم مافەكانی ژنان بۆ بە ئاكام گەیاندنی ئازادی وە ھەروەھا یەكسانی ھەمە لایەنەی ژنان لەگەل پیاوان ، وە دووپاتی دەكاتەوە ئەم حیزبە لە پێشەوەی ئەم خەباتەدا دەبێ .
سەركەوتوو بێ خەبات لە پێناو یەكسانی ھەمە لایەنەی ژنان لە گەڵ پیاوان
بژی ٨ مارس رۆژی جیھانی ژنان
بژی ئازادی یەكسانی حكومەتی كرێكاری
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری چەپی عێراق
١٧ی شوبات ٢٠١٢