له‌رزۆکی ده‌سه‌ڵادارێتی ناسێوناڵیزمی کورد له‌به‌رده‌م شه‌پۆڵی ناڕه‌زه‌یه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندایه‌، به‌ سه‌رکوت خه‌فه‌ ناکرێت!!

 

دوای یه‌کساڵ له‌‌ خه‌فه‌کردنی سه‌رای ئازادی و خۆپێشاندانه‌کانی کوردستان به‌زه‌بری چه‌ک و تۆقاندن و تیرۆر و کوشتن و سازشی هێزه‌ سیاسیه‌ بورژوازیه‌کاندا، ناڕه‌زه‌یه‌تیه‌کان تا دێ په‌ڕه‌ ده‌سێنی و فراوان ده‌بێته‌وه‌، زیاتر وزیاتر ئاگایی خه‌ڵک و ئاماده‌ییان بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌کی تر ده‌چێته‌ سه‌ره‌وه‌ و کۆتا نایه‌ت. قه‌ڵشتی ناسێوناڵزمی کوردی ده‌سه‌ڵاتدار چووه‌ته‌ ئاستێکی زۆر فاراوانه‌وه‌ و تا ده‌گات به‌ قسه‌کردن له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ستراتیژی نێوان و پارتی یه‌کێتی و بێ ئیعتبار بوونی زیاتری په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌ کانیان، زیادبوونی قه‌ڵشت نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ژاری و ڕوونبونه‌وه‌ی زیاتری ناکۆکی چینایه‌تی و به‌رزبونه‌وه‌ی بێکاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و ڕسوایی زیاتری شه‌خسیه‌ته‌کانی بۆرژوازی و گه‌نده‌ڵی و به‌ تاڵان بردنی سه‌روه‌ت سامانی کۆمه‌ڵگه‌ و که‌ڵه‌که‌ی خه‌یاڵی سه‌رمایه‌ی شه‌خسیان له‌به‌رامبه‌ر مه‌حروم کردنی کۆمه‌ڵگه‌دا.

ئه‌مه‌له‌کاتێکدایه‌  که‌ عێراق به‌ بارودۆخێکی پڕئاڵوگۆڕدا ده‌ڕوات، به‌تایبه‌ت به‌ کشانه‌وی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق و کۆتایی هاتنی داگیرکردنی عێراق، که‌ ئه‌مه‌ وایکردوه‌ ده‌سه‌لاتی حکومه‌تی عێراق هه‌رچی له‌رزۆکتر بووه‌ و هێزه‌ ناکۆکه کۆنه‌په‌رسته‌ تا‌یه‌فی و قه‌ومی و دینیه‌کان ده‌چن به‌گژ یه‌کداو مه‌سه‌له‌ی دسه‌ڵاتی سیاسی جارێکی تر ئاوه‌ڵا کردوه‌ته‌وه‌‌، و ناسێونالیزمی کوردیش له‌ هاوکێشه‌یه‌ به‌ده‌رنیه‌ ، ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ی ئه‌وان که‌ سه‌رنجامی پرۆسه‌ی سیاسی دوای داگیرکردنی عێراق و به‌رهه‌می دڵسۆزیان‌ بوو بۆ غه‌رب و ئه‌مریکا به‌ شکستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و ئه‌م پرۆسه‌یه‌، جیگاو مه‌کانه‌ی ئه‌وانیش ئه‌وه‌نده‌ی تر له‌قکردوه‌ له‌ کوردستان. نه‌ک له‌ کوردستان له‌سه‌راسه‌ری عێراقدا ئه‌م بارودۆخه‌ بواری کردوه‌ته‌  بۆ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی چینه‌ سه‌ره‌کی و هێزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ بۆ یه‌که‌ڵاکردنه‌وی ده‌سه‌لات.

ئه‌مه‌و تا ئێستا داواکاریه‌ به‌رحه‌قه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان مۆته‌که‌یه‌که‌ و گۆڕه‌وشاری ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌ده‌ات و ده‌سه‌ڵاتیا‌نی خسته‌وه‌ته‌ به‌رده‌م خه‌ته‌ری واقعیه‌وه، سه‌ره‌ڕای سازش و مامه‌ڵه‌ی حزبه‌ ئۆپۆزسیونه‌کانی بۆرژوازی و به‌تایبه‌ت گۆران و یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵ بۆ سه‌همی زیاتر له‌ده‌سه‌ڵتدا، گرتن و موحاکه‌مه‌ی بکوژانی خۆپێشاندانه‌کان و موحاکه‌مه‌ی به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵه‌یی و خزمه‌تگوزاری و یه‌کاسانی ژن و پیاو ئازادیه‌ سیاسیه‌کان وئازادی ده‌ربڕین و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و داواکاریه‌کانی لاوان و خوێندکاران وبیمه‌ کۆمه‌لآیه‌تیه‌کان و بیمه‌ی بێکاری و ده‌یان داواکاری تر بوون به‌سه‌رقافڵه‌ی ئه‌و داواکاریانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌یه‌وی و نه‌ ده‌توانێ جێبه‌جێیان بکات و جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌ستیان لێ هه‌ڵناگرێت.  

خه‌ڵکی کوردستان له‌سێبه‌ری به‌هاری عه‌ره‌بیدا و هاوشانی کرێکاران وخه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی ناوچه‌که‌ و عێراق و به‌هێز وه‌رگرتن له‌ شۆڕشه‌کانی ناوچه‌که‌ پایان ناوه‌ته‌ نێو کێشمه‌کێشی خه‌بات له‌پێناو یه‌کڵایکردنه‌وه‌ی  ده‌سه‌لات  کۆتای هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی بانسه‌ری خه‌ڵک و بۆ هێنانه‌ کایه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خه‌ڵک.

حزبی کۆمۆنیستای کرێکاری چه‌پی عێراق بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات شانبه‌شانی شۆڕشه‌کانی ناوچه‌که‌ و عێراق هێزی خۆیان بێننه‌ مه‌یدان و هه‌رچی زیاتر قه‌یه‌رانی ده‌سه‌لات قوڵتر بکه‌نه‌وه‌ و فرسه‌ت نه‌ده‌نه‌ بورجوازی جارێکی تر ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ریاندا داسه‌پێنی، هه‌ر‌وه‌ها بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات خۆیان رێک بخه‌ن بۆ ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵات و ئورگانه‌کانی به‌ڕیه‌وه‌ بردنی ده‌سه‌ڵات له‌ خواره‌وه‌ ئاریش بده‌ن کۆبوونه‌وه‌ی گشتی و شوراو کۆمۆنه‌کان له‌گه‌ره‌ک و شوێنه‌کانی ژیان و کارکردن له‌ زانکۆو په‌یمانگا وگشت شوێنه‌کانی خوێندا به‌رپا بکه‌ن.

کرێکاران ، خه‌لكی زه‌حمه‌ت کێش، ئازادیخوازان!!

داواکریه‌کانی ئێوه‌ ته‌نها به‌ تێکۆشانی ئێوه‌ و به‌ یه‌کگرتووی ئێوه‌ ئیماکنی هه‌یه‌ و یه‌کساڵی ڕابردوو سه‌ڵماندی ڕیفۆرم کردن بێجگه‌ له‌ بێده‌نگ کردن هیچ مه‌نایه‌کی نیه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵتدارانه‌وه‌ کاتێک ئێوه‌ دێنه‌ ناو شه‌قامه‌کانه‌وه‌، ته‌نها به‌هێزو ئیراده‌ی خۆتان ده‌توانن داواکریه‌کانتان به‌ده‌ست بێنن و  حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق خۆی له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی دیفاع له‌ خه‌ڵکی کوردستان و داواکریه‌کانی خه‌ڵک ده‌بێنێته‌وه‌ و ڕاده‌گه‌یه‌نێت شۆڕش و ڕاپه‌ڕین ته‌نها ڕێگایه‌که‌ خه‌ڵک ده‌توانی ئێراده‌ی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی دابمه‌زرێنێت و کۆتای به‌ گه‌نده‌ڵی و سه‌رکوت بهێنێت و دنیایه‌کی ئازاد و یه‌کسان و خۆشگوزه‌ران دابمه‌زرێةێت.

 

بژی ئازادی،  یه‌کسانی

بژی سۆشیالیزم

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

6 شوبات 2012