پشتیوانی له‌ مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری له‌ کوردستاندا!

 

ئەمرۆ  به‌دوای ڕاگه‌یاندانی مانگرتنی گشتی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی کاتی مه‌یدانی ئازادی له‌ شاری سلێمانیدا لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو، خۆپێشاندان پینجوێن و رانیه‌ و کۆیه‌و سه‌ید سادق و دوکانی گرته‌وه‌ ، خوێندکارانی زانکۆی سلێمانیش به‌ وێنه‌ی پشتیوانی بۆ مانگرتنی گشتی له‌به‌رده‌م زانکۆدا کۆبوونه‌وه‌  مانیان گرت، زۆربەی خەڵك نەچوونە سەر كار  و كۆبوونەوەو خۆپیشاندانیان ئەنجامدا ، وە مانگرتن و خۆپیشاندانەكان تا دێت بەرەو فروان بوونەوە دەچن. بەڵام بە ھۆی بە سەربازی كردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ئەمرۆ مانگرتن لە ناوچەكانی ھەولێر و دھۆك  بەڕێوە نەچوو.

ئەم مانگرتنە بە دوای 17 ڕۆژ له‌ خۆپێشاندان و مانگرتن له‌ مه‌یدانی ئازادی له‌ ئه‌مڕۆدا 5\3  ئەنجام درا، كە بڕیار بوو حیزبه‌ دەسەڵاتداره‌کانی کوردستان و په‌رله‌مانه‌که‌یان وەڵام بە داخوازیەكانی خەڵك بدەنەوە بەڵام  ھیچ وەڵامیان نەدایەوە بۆیە خەلك بریاریاندا مانگرتن گشتی ئه‌نجام بده‌ن. له‌ شاری دوکان خۆپێشانده‌ران ڕوو به‌ ڕووی هێڕش و ته‌قه‌کردنی هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کان بوونه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یان توانی خۆپێشانده‌نی خه‌ڵک سه‌رکوت بکه‌ن و تا ئێواره‌ درێژه‌یان به‌ خۆپێشانداندا.

 ئه‌نجومه‌نی کاتی مه‌یدانی ئازادی بۆ یه‌که‌م جار چه‌ند خێمه‌کیان له‌ مه‌یدانی ئازادی هه‌ڵدا بۆ مانه‌وه‌ی شه‌و له‌مه‌یداندا، به‌ڵام  جاریكی تر چەند چەكدارێكی   مافیایی  لە كاتژمێر2:30  شه‌و پەلاماریان بردە سەر ئەو خەیمانەی كە لە بەردەركی سەرای سلێمانی (مەیدانی ئازادی )لە لایەن مانگرتووەكانەوە دانرابوون، بێجگه‌ له‌ سوتاندنی خێمه‌کان و په‌لاماری مانگرتوان، چەندین كەسیان دەسگیر كردووە و بردوویانن لەگەڵ خۆیان وەك پیشەی چەندین رۆژی پێشووە تر كە بە دەیان كەسیان فڕاندو ئەشكەنجەیان كردن.

ئەم کاره‌ی ده‌زگا سه‌رکوتگه‌ره‌کانی ئاسایش و دەزگای زانیاری و پاراستن  لە رۆژەكانی پێشوودا چەندین جار ئەم كارەیان  ئەنجامدا به‌ڵام بێجگه‌ له‌ ڕسوایی هیچیان بۆ نه‌مایه‌وه‌. ئەم حیزبانەی دەسەڵات ئەمرۆ شوێن پێی هێزه‌کانی حسنی موباره‌ک هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌ بێجگە لە وەڵامی چەك و گوللە و كوشتن و فڕاندن دەسگیر كردنی ھەڵسواران و ڕابەرانی خۆپیشاندەران ھیچ وەڵامێكی مەنتیقیان پێ نەماوە بە تەواوی لە حالەتی بنبەستدان و لە رووی سیاسیەوە شكستیان پێ ھێنراوە ئەوەی بە دەستیانەوە ماوە چەك و گوللە و خوین ڕشتنه‌ .

ئێمە وەك حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری چەپی عێراق ھاوپشتی خۆمان بۆ مانگرتنی سه‌راسه‌ری وخۆپێشاندانەكانی خەلکی كوردستان رادەگەیه‌نین، بانگه‌وازی خه‌ڵک ده‌که‌ین به‌ فراوانی په‌یوست بن به‌ مانگرتنی سه‌راسه‌ریه‌وه‌، لە ھەمان كاتدا داوای ئازادی بێ قەید وشەرتی ھەموو گیراوەكان دەكەین ، وە دەبێ دەسەلاتداران مافی كۆبوونەوە و مانگرتن و خۆپیشاندان بەرەسمی بناسن ،وە ڕای دەگەینین سەلامەتی گیانی ئەو كەسانەی كە لە مەیدانی ئازادیدا فڕێندراون لە ئەستۆی حیزبی دەسەڵاتداره‌کاندایه‌.

  ئەم حیزبانەی دەسەڵاتدارانی ئەمرۆی كوردستان  ناتوانن چاكسازی بكەن، دسەڵاتەكەیان لە سەر گەندەڵی و بە تالان بردنی سامانی كۆمەڵگاو سەركوتی ئازادی بنیات نراوە بەبێ ئەو شیوازە ناتوانن درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن ، ھەر بۆیە ڕامالیننی ئە دەسەلاتە بوه‌ته‌ ئامانجی هه‌رئێستای خەلك،  شیعاری نا بۆ دەسەلاتی قه‌ومی_ دینی له‌سه‌راسه‌ری عێراقدا به‌ کوردستانیشه‌وه‌ بووه‌ به‌ خواستێکی خۆبه‌خۆێی جه‌ماوه‌ری ناڕازی. کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ كارگا و ئیدارەو گەرەك وشارو شارۆچکه‌کان و  گوندەكان بۆ هێنانه‌ مه‌یدانی ئیراده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان لە خوارەوە و پێك هێنانی  شوراکان وه‌ک به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئیراده‌یه‌ و دامه‌زراندنی دەسەڵاتی شورایی تەنھا دەسەلاتیكی راستەقینەی خەلكە نەك پەرلەمان و حکومه‌تی گه‌نده‌ڵ و سه‌رکوتگه‌ر .

 

سەركەوتوو بێ خەباتی خەلكی كوردستان لە پێناو ئازادی و یەكسانی

بژی دسەڵاتدارێتی شورایی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

5 \3 2011