هێشتا دوعاکان و شلێر و پرشنگ و سنوورەکان لە کوردستاندا لەشوێنە گشتیەکاندا دەکوژرێن!!

بە داخەوە دوێنی ژنێکی لاو تەمەن ٢١ ساڵە لە سلێمانی لە پارکی دایک خەڵتانی خوێن کرا و بە گولەی دەمانچە کوژرا. ئەمە یەکێک لە هەواڵە دڵتەزێنەکانی دوێنیی کوردستان بوو . سنوور ناوی ئەو ژنەیە کە دوێنی کوژراو وێنەکەی لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو کرایەوە ، ویژدانی هەموو ئینسانە شەریف و ئازادیخوازەکانی کۆمەلگەی هەژاند. سنوور پێشتر لە خانەی داڵدەدانی ژناندا بووە لە سلێمانی وەک دەردەکەوێ هەڕەشە لەسەر ژیانی ئەم ژنە لاوە مۆتەکەیەک بووە بەسەریەوە تا کوژرانی و هیچ دەزگایەک حکومەتی ئەم شارە نەیتوانیوە بیپارێزێ لە کوژران.

کوژرانی ژنان و لەت و پەت کردنیان و ئەتک کردنی جەستەیان و بلۆک بارانکردنیان لەکوردستاندا لە ٢٤ ساڵی ڕابردودا یەک سونەتی باوی ئەم کۆمەڵگەیە بووە،  بەشێک بووە لە سیمای بە ناو کوردستانی ئازادەوە. هەزاران ژن کوژراون لە کوردستاندا لەم ماوەی حوکمی کوردیدا و لە ژێر دەیان بڕو بیانوی جیاجیادا. ئەم کوشتنانە هەندێ جار بە ئاشکرا لەنێو خەڵکدا و بەبرچاوی خەڵکەوە ئەنجام دراوە و هەندێ جار بەدزیەوە و بێ سەر وشوێن کردن ژنان و کچانەوە ئەنجام دراوە. هەندێ جار ژنان ناچار کراون بە خۆکوشتن و کەسیش تاونبار نەکراوە یان کوشتنی شارەوە بووە  بەناوی ئەوەی سوتانی غاز و ئاگر کەوتەنەوە  ولە سەربان کەوتەنە خوارەوە. ئەم جۆرە کوشتنانە زۆر کەمیان لە خانەی ژن کوشتن پۆلێن کراون.

لە کوردستان دواکەوتو ترین سونەت و تەقالید زیندوو کراوەنەتەوە ، ناچار کردنی ژنان بە پۆشینی حجاب بە هەڵخەڵەتاندن بووبێ یان بە تۆقاندن، لێکردنەوەی بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێ و سکسی ژن (خەتەنە) یەکێکە لە شەرم ئاوەرترین سونەت لەکوردستاندا پیادە کراوە. دواکەوتوو ترین یاساکانی چەند ژنە و بەکەم زانینی ژنان و لە وەرەسە و لە شایەتی دان، ئەمە بێجگە لەلاقە کردن و دەست درێژی سێکسی و پاڵ پێوە نانی ژانان بۆ کونجی ماڵەوە ، بەشێکی بەرچاوی سیمای کۆمەڵگەی کوردستان بووە لە سایەی دەسەڵدارێتی کوردیدا.

کوشتنی سنور ڕووداوێکی تاک وتەراو لە ڕێچکە دەرچوو نیە ئەمە خەسڵەتی پیاو سالاری و باڵا دەستی دینی ئیسلام و پیاوە ئاینیەکانی  کۆمەڵگەی کوردیە لە ژێر سایەی دەسەڵاتدارێتی حزبە خێڵەکیەکانی کوردستاندا ، ئەمە یەکێکە لە دیاردە قێزەونەکان لە پاڵ دەسەڵاتدارێتی حکومەتی بنکە فراوانی پێنج حزبە  ئیسلامی – قەومی- خێڵەکەیکەکانی کوردستان لەسەردەمی باڵا دەستی خوێنینی نەزمی  نوێ جیهان و کۆمەڵگەی موزایکیدا. ئەمە وەزعیەتی ژن پێشان دەدات لە کوردستاندا ئەمە پێوەری ئازادی پێشان دەدات لەم دەڤەرە. ئەمە شەرمازاریەکی ئاشکارایە بە نێو چاونی ئەم دەسەڵاتە بنکە فراوانەوە!!

بە پێچەوانەی ئەمەوە، بزووتنەوەی یەکسانی خواز وئازادی خوازی ژنان لە کوردستان خەباتێکی زۆر فراوانی ئەنجام داوە لە کوردستاندا میژووی خەباتی ئەم بزووتنەوەیە بە قەد دواکەوتویی دەسەڵاتی کوردی دەبێت و بەشێک بووە لە خەبای سۆشیالستی، هەمێشە لە مەیداندا بووە ، بەبێ ئەم بزووتنەوەیە بارودۆخی ژنانی کوردستان دەقاتی ئێستا خراپتر دەبوو.  بزوتنەوەی فیمنستی سۆشیالستی و ڕادیکاڵ ئەگەر بیەوەێ ئەم وەزعە لەبەرژەوەندی ژنان کۆتای پێ بێنێ ئەرکێتی ئەم مەیدانە فراوانتر بکاتەوە و لە هەوو بواراکاندا تەکانی زیاتر بدات ڕێگە نەدات بە رۆژی ڕووناک لە ناوەڕاستی شاری سلێمانیدا لە نێو پارکێکدا کە پێێ دەڵێێن پارکی دایك ژنێک خەلتانی خوێن بکات، دەبێ کوشتنی سنور شۆکێک بێت بۆ هەستانە سەرپێ لەبەرامبەر ئەم هەموو نایەکسانی و زوڵم وزۆرەی ڕووبەڕووی ڕەگەزی مێینە دەبێتەوە.

ڕسوایی بۆ بکوژی سنور !!

ڕسوایی بۆ حکومەتی بنکە فراون کە ناتوانی ژنان بپارێزی!!

بژی یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو !!

بژی سۆشیالیزم!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق

٣\١٠\٢٠١٥