بۆ داسه‌پاندنی ئازادی بێ قه‌ید وشه‌رتی خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبونه‌وه‌،

خۆپیشاندانی بێ مۆڵه‌ت درێژه‌ پێ بده‌ن و به‌رفراوانی بکه‌نه‌وه‌!!

 

 

له‌به‌رامبه‌ر یاسای "ڕێکخستنی خۆپێشاندان " تا ئیستا له‌ زۆربه‌ی شارو شارۆچه‌که‌کانی کوردستان خۆپێشاندان ئه‌نجام دراوه‌ یان خه‌ریکی خۆڕێکخستن و خۆکۆکردنه‌وه‌ن بۆ خۆپێشاندان. ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر زیاتر له‌ 2000 که‌س ده‌ستیان دایه‌ خۆپێشاندان و خۆپێشانده‌ران له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستان کۆبوونه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌ دژی یاساغ کردنی خۆپێشاندان له‌ ژێر ناوی ڕێکخستنی خۆپێشانداندا. خۆپێشانده‌ران له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌کان ڕایه‌نگه‌یاندوه‌ که‌ ئه‌وان ئه‌و یاسایه‌ به‌ڕه‌سمی ناناسن به‌ ئاشکرا ڕایانگه‌یاندوه‌" ئێمه‌ له‌ به‌عس نه‌‌ترساین،ئێوه‌ کێن" هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاند "سه‌ر جاده‌ هی ئێمه‌یه‌ ، کورسی په‌رله‌مان بۆ ئێوه‌" وه‌ به‌ده‌نگی دلێر شه‌قامه‌کانی کوردستانیان هێنایه‌ هه‌ژاندن، ته‌نگیان به‌ ناسێونالیزمی کورد و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ڵچنیوه‌.

دیاره‌ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵک و یاساغ کردنی خۆپێشاندان و مانگرتن و کۆبوونه‌وه‌ و ده‌ربڕین ده‌مێکه‌ له‌لایه‌ن ناسێونالیزمی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌درێ، ناڕه‌زایه‌تی و خۆپێشاندان ومانگرتن نیه‌ له‌ کوردستاندا هه‌ڵمه‌تی نه‌برابێته‌ سه‌ر و سه‌رکوت نه‌کرابێ نمونه‌کانی تا ئێستا له‌ ویژدانی خه‌لکدا دێن وده‌ڕۆن، سه‌رکوتی کرێکارانی کارگه‌ی چه‌منتۆی تاسلوجه‌ و بریندارکردنی ژماره‌یه‌کی زۆر لێیان، ته‌قه‌کردنی له‌ خۆپێشاندانی خانوه‌ بێ تاپۆکانی سلێمانی و تیرۆر کردنی به‌کر عه‌لی، ته‌قه‌کردن له‌ خه‌ڵکی گه‌رمیان و تیرۆر کردنی لاوێک، ته‌قه‌کردن له‌ خۆپێشاندانی خه‌لكی هه‌ولێر که‌ به‌ده‌نگ هاتبوون له‌دژی جه‌نگی یه‌کێتی و پارتی.. ده‌یان نمونه‌ی تر، کارنامه‌ی ناسێونالیزمی کورد پیشان ده‌ده‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئازادیه‌کانی خه‌لک و نیگه‌ران بوونی ئه‌وان له‌م ئازادیانه‌، ئه‌م ڕۆ ده‌یانه‌وی ئه‌م ئازادیانه‌ له‌ ده‌ستی خه‌ڵک ده‌ربهێنن و به‌ یاسا یاساغی بکه‌ن.

ئه‌مڕۆ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ژاری و بێ خانه‌و لانه‌یی و بێکاری ، زوڵم له‌سه‌ر ژنان و داسه‌پاندنی یاسای کۆنه‌په‌رستانه‌ به‌سه‌ریاندا، له‌به‌رمبه‌ر سه‌رکووتی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و تیرۆر و تۆقاندانی ڕۆژنامه‌نوساندا، له‌به‌رامبه‌ر کۆنه‌په‌رستی ئیسلام و ئیسلامیه‌کاندا که‌ هاوپه‌یمانی ناسێونالیزمی کوردن و دوژمنایه‌تی سه‌رسه‌ختیان له‌گه‌ل سکۆلاریزم و کۆمه‌ڵگه‌ی سڤیلدا ڕاگه‌یاندووه‌، ناڕه‌زایه‌تی و خۆپێشاندان له‌جاده‌کانی کوردستاندا شه‌پۆڵ ده‌دا، تا دێ په‌ڕه‌ ده‌سێنی،  تا دێ دوژمنه‌ واقعیه‌کانی خۆیان زیاترو زیاتر ده‌ناسنه‌وه‌ ، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ته‌نگیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی ناسێوناڵ_ عه‌شیره‌تی کوردستان هه‌ڵچنیوه‌ ، بۆیه‌ ناسێونالیزمی کورد ده‌یه‌وێ به‌ یاسا ئه‌م مافه‌ی خه‌ڵک زه‌وت بکات ڕێگه‌ی پێبگرێ.

خۆپێشاندان و مانگرتن و کۆبوونه‌وه‌ ده‌بی بێقه‌ید شه‌رت ئازاد بێت، هه‌ر مه‌رج و به‌ند وبه‌ستێک له‌به‌رده‌م ئه‌م ئازادیانه‌دا پوکانه‌وه‌یه‌تی و له‌با‌ربردنی و یه‌خسیرکردنێتی، به‌ هێج جۆری نابێ ڕیگه‌ی پێبدری. له‌هه‌ر کونجێکی ئه‌م جیهانه‌ که‌ یه‌ک نوزه‌ ئازادی تێدا بێت ئه‌م ئازادیه‌ سه‌ڵمێنراو ومافی خه‌ڵکی ئه‌و شوێنه‌ن و‌ که‌س بۆی نیه‌ به‌هه‌ر بیانویه‌که‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی بکات. ده‌سه‌ڵات یه‌که‌م لایه‌نه‌ که‌ خه‌ڵک خۆپێشاندانی له‌ دژ ڕێکده‌خات به‌ تا‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی کوردی که‌ هه‌موو سه‌ر‌وه‌ت وسامانی کۆمه‌ڵگه‌ی بۆخۆێ قۆڕخ کردوه‌ بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات هیچ مافێکی نیه‌ یاساغی بکات.

له‌هه‌ر  شوێنێکی دنیا ئه‌م ئازادیه‌ زه‌وت کرابێ ده‌سه‌ڵات ڕوو به‌ڕووی توند وتیژی وهێڕشی خه‌ڵک بووه‌ته‌وه‌ دام وده‌زگاکانی پێچراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی سوور بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێ کردنی ئه‌م یاسایه‌، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی هێڕشی خه‌ڵک بن، بۆ هه‌ر هێڕشێک بۆ سه‌ر خه‌لك که‌ ئه‌وان ئه‌نجامی بده‌ن چاوه‌ڕوانی کاردانه‌وه‌یه‌کی چه‌ندان به‌هێزتر بکه‌ن‌.

خه‌ڵکی ئازادی خواز وتێکۆشه‌ری کوردستان:

ئیمه‌ له‌به‌عس نه‌ترساین، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ناتوانێت ڕێگه‌ له‌ ئازادیه‌کانمان بگرێت به‌ شه‌رتی یه‌کگرتووی به‌ره‌ی جه‌ماوه‌رو درێژه‌ دان به‌ خۆپێشاندانه‌کان ، ده‌بی شیعاری ئازادی بێقه‌ید شه‌رتی خۆپێشاندان و مانگرتن و کۆبوونه‌وه‌ له‌هه‌موو شوێنێک له‌ سه‌ر هه‌موو کۆچه‌ کۆڵانێک بنوسرێت و ده‌بێ ناسێونالیزم و په‌رله‌مان و سه‌رۆکه‌که‌ی په‌شیمانی خۆیان ڕابگه‌ینن، ئه‌م یاسایه‌ بخه‌نه‌ ته‌نه‌که‌ی زبڵه‌وه‌ و به‌ ڕه‌سمی ئازادیه‌کانی خه‌لك بسه‌ڵمێنن.

خه‌ڵکی ئازادی خوازی عێراق و ناوچه‌که‌ و جیهان!

داواتان لێده‌که‌ین له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان پشتیوانی بکه‌ن  به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک که‌ بۆتان ده‌کرێت ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی و هه‌ڵپێچانی ئازادیه‌کاندا، له‌به‌رده‌م قونسوڵگه‌ری و نوسینگه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم ناڕه‌زایه‌تی ڕێکبخه‌ن  بۆ پشتیوانی له‌ خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان.

 

نا بۆ یاسای یاساغ کردنی خۆپیشاندان

به‌ڵێ بۆ ئازادی بێ قه‌یدو شه‌رتی خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبوونه‌وه‌

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق

4ی کانونی دووه‌م 2011