داخستنى بارەگاكانى پارتي چارەسەر پێشێل كردنى ئازادى سياسىيە، بەتوندى مەحكومى دەكەين!

 

ئەمڕۆ شەممە 3\10\2007 هێزەكانى ئاسيش لە سلێمانى و هەولێر هەڵيان كوتايە سەر بارەگاكانى پارتى چارەسەر لەم دوو شارەو دواى كردنە دەرەوەى كارمەندەكان، بارەگاكانيان داخست.

ئەم كارەى حزبە دەسەڵاتدارەكانى كوردستان بەدواى لەشكر كێشى حكومەتى ئيسلامى_ قەومى فاشستى توركيا بۆ سەر كوردستان و بەبيانووى هێڕش كردنە سەر پە كە كە ئەنجام دەدرێت، و دڵ رازى كردن و دەستەمۆيى خۆيان بۆ حكومەتى توركيا پێشان دەدەن .

حكومەتى توركيا كە دەوڵەتێكى فاشيست و دڕندەيە و بۆ زياتر لەيەك سەدەيە خەڵكى كورد زمانى توركيا سەركوت دەكاو هيچ ئازاديەكى سياسي بۆ خەڵكەكەى بەڕەسمى ناناسێ، دەستى لە هيچ ئامرازێكى سەركوت نەپاراستووە و بە دڕاندەنترين شێوە ڕووبەڕووى هەر ناڕەزايەتى و ئيعترازێك بووەتەوە كە لە كوردستانى توركيا شەكڵى گرتبێت لە دژى زوڵم زۆرى دەوڵەتى توركيا.

حزبە  دەسەڵاتدارەكانى كوردستان وەك كارى هەميشەييان بۆ پاراستنى كورسي و بەرژەونديە بەرتەسەكەكانى خۆيان پشتيان كردوەتە خەڵكى كوردستان و چوونەتە باوەشى ئەو دەوڵەتانەى كە بۆ يەك چركەش لە سەركوت و داپڵۆسينى خەڵكى كوردستان دەستيان نەپارستووە و باشترين ڕۆڵەكانيان بە كۆمەڵ و بە تاك لەناو بردوە.

 سەرانى ناسێوێناڵزمى كورد هەميشە لەبەرامبەر خەڵكى كوردستان چاوى سوور و تۆڵە و ترساندنيان ئامادە بەكارو لەبەرامبەر زاڵمان و سەركوتگەرانى خەڵكى كوردستان ماستاو چى و ئاڵا سوورى بەرلەشكرى "داگيركەران " بوون .

داخستنى بارەگاكانى پارتى چارەسەر بێجگە لەوەى كە سەرقفڵانەى تەسليم بوونە بە حكومەتى ئيسلامي _ قەومى فاشستى توركيا،و ملدانيانە بە داواكارى و خواستەكانى دەوڵەتى توركيا " دۆستەكانى يەكێتى و پاتى "، سەركوتى ئاشكرا و بێ پەردەى ئازادى سياسى و ئازادى هەڵسوڕانى سياسى و حزبيە.

 ئێمە لە  حزبى كۆمۆنيستى كرێكارى چەپى عێراق بەتوندى ئەم كارەى ئاسيش و هێزە سەركوتگەرەكانى ناسێوناڵزم مەحكوم دەكەين، داوا دەكەين دەست بەجێ هەرچى بارەگاو نوسينگەى پارتى چارەسەر هەيە بيگەرێننەوە و رێگرى دروست نەكەن لەبەردەم هەڵسوڕانى سياسياندا.

ئێمە بانگەوازى جەماوەرى كوردستان دەكەين بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم هەنگاوە ئيستبداديەى دەسەڵاتداران رێگە نەدەن ئازادى قۆرخ بكەن، و رێگە نەدەن فەزاى جەنگ و لەشكركێشى  ئازاديەكانيان لێ بسەنێتەوە، ئەم هەنگاوەى ناسێوناڵيزم دەبێ وەڵامى جەماوەرى وەربگرێتەوە.

 

بژێ ئازادي بێ قەيد شەرتى سياسى

رسوايى بۆ ناسێوناڵزم

بژى ئازادى، يەكسانى، حكومەتى كرێكارى

 

حزبى كۆمۆنيستى كرێكارى چەپى عێراق

3\11\2007