زیندانی کردنی رابه‌رانی کرێکاری له‌ ئێران مه‌حکوم ده‌که‌ین

  صالحی و ئۆسانلۆ و سه‌رجه‌م

زیندانیانی سیاسی بێ قه‌ید و شه‌رت ده‌بێ  ئازاد بکرێن  

 

له‌‌م ماوانه‌ی دواییدا هێزه‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێران ده‌ستیان داوه‌ته‌ په‌لامارێکی دڕندانه‌ له‌ دژی کرێکاران و لاوان و ژنان و خه‌ڵکی ناڕازی ئێران، وه‌ چه‌ندین که‌سیان ده‌سگیر و زیندانی کردووه‌ ئێستا له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌و مه‌ترسی مه‌رگ و له‌ سێداره‌داندان. یه‌کێ له‌وانه‌ مه‌حمود صالحیه‌ که‌ رابه‌رێکی کرێکاری یه‌ له‌ شاری سه‌قز وه‌ له‌ حاڵێکی زۆر خراپدایه‌ له‌ باری ته‌ندروستیه‌وه‌. هه‌روه‌هاهێزه‌کانی ئیتلاعات له‌ شاری تاران مه‌نصور ئۆسانلۆیان فڕاندووه‌ که‌ رابه‌رێکی کرێکارانی کومپانیای واحیدی گواستنه‌وه‌و هاتوچۆیه‌. ئه‌م ره‌فتارانه‌ هه‌وڵێکی تری حکومه‌تی ئیسلامیه‌ له‌ ئێران له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵکشانه‌ی به‌ سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌ شۆڕشگێرانه‌دا هات که‌ له‌م مانگانه‌ی  دواییدا شیعاری سۆشیالیستی و شۆڕشگێڕی به‌رز کرده‌وه‌، وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌شه‌به‌حی شۆڕش  هه‌ره‌شه‌ له‌و رژێمه‌ ده‌کاو پاشه‌کشه‌ی پێ ده‌کا له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ رژێمی ئیسلامی ده‌ستی دایه‌ ئه‌م ره‌فتاره‌ سه‌رکوتگه‌رانه‌و ره‌گه‌ز په‌رستانه‌ له‌ پێناو راگرتنی چه‌رخی شۆڕش.

له‌ پێناو دیفاع له‌ ئازادی سیاسی و ئازاد کردنی رابه‌رانی کرێکاری ، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران  له‌ گه‌ڵ دوو رێکخراوی کرێکاری جیهانی که‌ یه‌کیتی سه‌ندیکاکانی کرێکارانی جیهانه  وه‌ یه‌کیتی جیهانی کرێکارانی گواستنه‌وه‌ و هاتو چۆیه، رۆژی 9 ی ئه‌یلولیان داناوه‌ وه‌ک رۆژێکی جیهانی بۆ دیفاع له‌ صالحی و ئۆسانلۆ بۆ ئه‌وه‌ی  فشار بێنن بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران تا ده‌ست به‌ جێ ئازادیان بکات له‌ زینداندا .

حیزبی ئێمه‌ زیندانی کردنی رابه‌رانی کرێکاری وه‌ ره‌فتاره‌ سه‌رکوتگه‌ریه‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێران مه‌حکوم ده‌کات وه‌ ده‌نگمان ئه‌خه‌یه‌نه‌ پاڵ کرێکارانی جیهان بۆ دیفاع له‌کرێکاران وخه‌لکی ئێران تا ئازاد کردنی صالحی و ئۆسانلۆ و سه‌رجه‌م زیندانیانی سیاسی .

کرێکارانی عێراق و ئازادیخوازان بانگه‌واز ده‌که‌ین ده‌نگ هه‌ڵبڕن له‌ دژی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ دیفاع له‌ کرێکارانی ئێران وه‌ پشتیوانی و هاوپشتیان له‌ گه‌لدا بکه‌ن، ئه‌وه‌ تاکید ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ رووخانی جمهوری ئیسلامی ئێران سه‌رکه‌وتنی به‌شه‌ریه‌ته‌ به‌ سه‌ر یه‌کێ له‌ بزووتنه‌وه‌ به‌ربه‌ریه‌کان که‌ ئیسلامی سیایسیه‌، وه‌ ده‌بێته‌ هۆی کوێرکردنه‌وه‌ی یه‌کێ له‌ كوانوەكانى تیرۆر و سه‌رکوت و کوشت و بڕ وه ووشک کردنی سه‌رچاوه‌کانی له‌ جیهاندا . هه‌ر گۆڕانێکی شۆڕشگێرانه‌ له‌ ئێراندا کۆمه‌ک ده‌کا به‌ رزگار بوونی خه‌ڵکی عێراق له‌ ده‌ست هێزه‌کانی سیناریۆی ره‌ش وه‌ به‌ره‌ی کرێکاری و خه‌ڵک به‌ هێز ده‌کا به‌ره‌و دونیاکی باشتر .